٢٦\٦\٢٠١٦
شاعیرانی کورد.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
''ھیچ شتێک لە دەرەوەی شیعر بوونی نییە''.
(ھایدگەر).
نوسین ژەھر و تریاکە، ئەو قسەیەی دریدا پێمان دەڵێت نوسین نە تەنھا
کۆمەڵێک دالە، دەبێ تەئویل بکرێت! نە کارە، کە شیاوی بەشداریکردن و
گۆڕین و گواستنەوە بێت! بەڵکو فەزای ھەر یەک لە خوێنەر و نوسەرە، چونکە
ھیچ دەقێک بێ بوونی (نوسەر) و بەشداریکردنی (خوێنەر) بوونی نییە، ھەموو
ئەوانەش پەیوەندییان بە چەمکی (جیاوازی)یەوە ھەیە. نوسەر پێش ئەوەی
خودی خۆی بدۆزێتەوە، دەکەوێتە نێو بوونی زمانەوە، زمانیش جیاوازییە،
واتە نیازی دانەر ئاسۆی تێگەیشتن دیاری ناکات، بەڵکو بەشێکی زۆری
تێگەیشتن دەکەوێتە دەرەوەی ھۆشیاری دانەر و زمانی دەقەوە و پەیوەندی بە
کلتور و راڤەکردنی قۆناغە جیاوازەکانی کلتورەوە ھەیە! خوێنەر شوێنی
ناوەندی زمانەوانی پڕ ناکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ فۆڕمەکانی زمانەوانی و
خەیاڵکراوی کۆمەڵایەتی و جیھانبینی مامەڵە دەکات، ئەوەش بەرەو تێگەیشتن
و راڤەکردن و بەرھەمھێنانەوەی تایبەتمان دەکاتەوە... ئەگەر ئەوە خاڵی
بەشداریکردنی خوێنەر بێت، ئەوە نوسین لەسەر زنجیرەیەکی بێکۆتایی لە
بەرھەمھێنانەوەی دال دەژیت، بە دیوەکەی دیکە خاڵی گۆڕین و گواستنەوەی
گۆشەنیگای دەق لەسەر توانای وڕوژاندنی پرسیار و وەڵامی پرسیارە
جیاوازەکان راست دەبێتەوە... کەواتە ئەوە جیاوازییە فیکرەی یەکگرتووی
کۆتائامێزی نێوان دەق و دانەر، بابەت و خود.. رەتدەکاتەوە، وەک چۆن بە
تووندی یەکگرتنی نێوان دەق و خوێنەر بەجێدەھێلێت، ھەموو ئەوانەش لەسەر
ئیشکالیی بێکۆتایی زمان درێژ دەبنەوە! مرۆڤ دەکەوێتە نێو بوونی زمانەوە،
زمان گوتن و نەگوتنە، دەرکەوتن و شاردنەوەیە، دیار و نادیارە... بەو
مانایە ئەوە تێگەیشتنی زمانە کە داوای کرانەوەی بواری ئاگامەندی دەکات،
ئەوە کرانەوەی بواری ھۆشیارییە کە کەشفکردن و شاردنەوەی تێدا روودەدات،
ئەوە شاردنەوە و چەپێنراوەکانە کە بەرھەمھێنانەوەی جیاواز و چێژی
جیاواز دەخاتەوە.
(١)
ئەگەر بشێ سەرەتای زمانی شیعری کوردی لە رێگای زمانی (ئایینی)یەوە
دیاری بکەین، ئەوە ئایینی کوردی ھەر تەنھا مەعریفەیەکی گشتگیر نیشان
نادات، بەڵکو ئەو فۆرمە شیعرییەش نیشان دەدات، کە زمانی ئایینی
رەھەندەکانی دیاری دەکات، ئەو دنیایە نیشان دەدات کە سنورەکانی زمانی
کوردی دادەڕێژێت، بەو مانایە ئاگامەندی زمانی ئایینی لە ھەمان کاتدا
ئاگامەندییەک پەردەپۆش دەکات، کە خۆی لە نەگوتنی شیعرییدا دەبینێتەوە،
دەمەوێت بڵێم شیعر لە پشت پەردەی ئاییندا بە وسبەلێکراوی دەمێنێتەوە،
چونکە شیعر گوتنە بە دژی گوتن، سەرەتایەکە بە دژی سەرەتا... چونکە شیعر
داھێنانە، شیعر بۆ ئەوەی بتوانێ ناوی نوێ و مانای نوێ لە دنیا و شتەکان
بنێت، دنیایەکی دیکەی نوێ لە پەیوەندی نێوان وشەکان و شتەکان دروست
دەکات، نەک بۆ (پەرستگا) بگەڕێتەوە.. چونکە شیعر کەشفکردن و دنیابینییە،
لەسەر بنەمای لەیەکنزیکردنەوەی ئیرۆسیەتی (زمان و رووداو)، نەک (زمان و
پەیام).... کەواتە جیاوازی سەرەکی نێوان زمانی (ئایینی) و زمانی (شیعریی)
ھەر تەنھا ئەوە نییە، کە شیعر ھەمیشە لەسەر کرانەوەی زمان بە رووی
دنیادا گەشە دەکات و ئایین یەقین و راستییەکان لە خۆیدا کورت دەکاتەوە،
بەڵکو ئەوەیە کە شیعر لە خۆیەوە دەستپێدەکات، نەک لە نموونەکانی پێش
خۆی، شیعر لە ئەگەرەکانەوە دەستپێدەکات، نەک لە بڕواوە؟!
(٢)
شیعری کوردی نە لە رەسەنایەتی ئایینی کوردی و نە لە لادانەکانی نالی و
قوتابخانەی نالی نەوەستاوە، نە لە ئاگامەندی گۆران و ھاوڕێکانی و نە لە
شەپۆل و دژە شەپۆلەکانی روانگە و نە لە مەعریفەی شیعریی ھەشتاکان و
شیعرییەتی بەتاڵی نەوەدەکان نەوەستاوە... شیعری کوردی ھەنگاو بەرەو
سەرەتا و پانتایی نادیار دەنێت، بەرەو پڕشنگی جوانی، بەرەو ئازادی،
بەرەو دنیابینی... قسەی من لە وەستان نییە، قسەی من لە مەعریفەی شیعریی
و دنیابینی و شیعرییەت خۆی واز دەکات... دەتوانم بڵێم پانتایی شیعریی (باشوری
کوردستان) لە رێگای (ھەستی شیعریی) و (ئاگامەندیی شیعریی)یەوە جوانی
میسالیانەی گۆران و ھاوڕێکانی بونیادنا و جوانی میسالیانەی گۆران و
ھاوڕێکانی بوو، شێوازی زاڵی کۆنی عەروزییان تێکشکاند و جارێکی دیکە
شیعری کوردییان بۆ کێشی خۆماڵی (ھیجا- پەنجە)، یان بۆ پەرستگای زمانی
کوردی گەڕاندەوە! بەڵام ھەست و مەعریفەی گۆران و ھاوڕێکانی بڕی ئەوەی
نەکرد، ئیرۆسیەتی (زمان و رووداو)، لە (زمان و بڕوا) جیا بکەنەوە؟!
دەتوانم بڵێم (شەپۆلی روانگە) لە بری گوتاری شیعریی و پرسی شیعریی، (گوتاری
ئایدیۆلۆجی) و ماناکانی گەڵاڵە کرد. دەتوانم بڵێم (مەعریفەی شیعریی
ھەشتاکانی شیعریی کوردی) دنیابینی شیعرییان بە شێوەیەکی جیاواز ھەڵنا،
بەڵام نەیانتوانی پرسی منی کوردی و جیاوازییە شیعرییەکانی بەرجەستە
بکەن؟! من قسە لە گوتاری نەتەوەیی و جورئەتی خۆ رووتکردنەوەی شیعریی و
مەعریفەی شیعریی ناکەم، بەڵام جوانی میسالیانەی گۆران ھەر تەنھا
دەلالەت لە کوشتنی پرسیاری تاکی کوردی ناکات، بەڵکو کۆی ئەو کێشە و
قەیرانانەش دەشارێتەوە کە واقیعی کوردی لە دووتوێی خۆیدا ھەڵیگرتووە.
جورئەتی خۆ رووتکردنەوەی گوتاری ئایدیۆلۆجی روانگە ھەر تەنھا ئیرۆسیەتی
ژیان و زمانی بەرەو تووندوتیژی نەکردەوە، بەڵکو غەریزەی مەرگدۆستی لە
ناخی کوردیدا چاند! مەعریفەی شیعریی ھەشتاکان ھەر تەنھا پشتگوێخستنی
رووداو و گێڕانەوە نەبوو، بەشێکی زۆری شیعریی ھەشتاکان ھەر تەنھا
بەرزکردنەوەی رەگەزی شیعریی بەسەر رەگەزەکانی دیکەدا نەبوو، بەڵکو
زمانی شیعریی ھەشتاکان لە بری ئەوە زمانێکی جیاوازی شیعریی ھەڵبنێ،
بەلای زمانی فیکری بوونگەراییدا کەوتەوە! شیعری کوردی لە نێوان ھەستی
شیعرییانەی گۆران و گوتاری ئایدیۆلۆجیانەی روانگە و زمانی بوونگەرایی
ھەشتاکان نەوەستاوە... بەرەو درککردنی جوانی و شیعرییەت ھەنگاوی نا.
(٣)
لە نەوەی نەوەدەکانی شیعریی کوردی، بەشێکی زۆری وەسفکردنی وشە و
بەکارھێنانی وشە و مەجاز... دەلالەت لە فیکر و دنیابینی و ھەستی جوانی
و مەعریفەی شیعری ناکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە زۆرترین (دەستەواژەی شیعریی)
بە نەگوتن سەر ببڕێت! ئەوەش رەنگدانەوەی تێنەگەیشتن و زاڵبوونی
شیعرییەتی دەستکردە بەسەر شیعرییەتی خۆکرد... ئەو زاڵبوونە لە دنیای
شیعری نەوەدەکان دیاردەیەکی کوشندەیە، ئەو چۆلاییە، ئەو تاریک کردنە
وەھمییە بەشێکی زۆری داھێنانی شیعری کوردی و رەھەندەکانی مانای وشک
ھەڵێنا. شیعرییەت ئەو فەزا خۆکردەیە کە لە ساتەوەختی نوسینی شیعر دروست
دەبێت، نەک ھەڵاتن لە مانا، شیعرییەت لە ئاستە بەرزەکانی خوێندنەوەوە
دێتە بەرھەم، نەک ھەڵاتن لە بیرکردنەوەی بەرھەمھێن... شیعرییەتی
دەستکرد ھەستی شیعری و دنیابینی و مەعریفەی شیعریی ناس ناکات، ھێرشی
شیعرییەتی دەستکرد جگە لە بونیادنانی تووندوتیژی شیعریی و پووچکردنەوەی
رەھەندەکانی مانا، بەرەو جۆرێک لە چۆلایی و ھیچ نەگوتن دەبێتەوە!
شیعرییەتی دەستکرد نە پرسی شیعریی بەرجەستە دەکات، نە نیگەرانییەکانی
شاعیربوون، نە ھەستی جوانی دەخاتەوە، نە ھێزی خەون و خەیاڵ تەرجەمەی
نیگەرانییەکان دەکاتەوە... لە پشت شیعرییەتی دەستکرد دنیا دنیای ئامادە
و بیابانێکی بینراوە، نەک فەزای نەبینراو، لە شیعرییەتی دەستکرددا زمان
قسان ناکات، زمان قسەی پێدەکرێت! شیعرییەتی دەستکرد کار لەسەر نێودژی
بەتاڵ و زمانی ئامادە و تووندوتیژی مەجازی بێ بنەما دەکات! بۆ نموونە (ھەور
بە پلایس بگرین، یان بە ددان... باینجان لە قسەی سپی وەستایە... ئەو
چۆلایی و ھیچنەگوتنە، ئەو نێودژییە بەتاڵ و پارادۆکسانە چ ئاوێتەبوونێک
لە کیمیایی وشە و ھەستی شیعری و فەزای گوتن و رەھەندەکانی مانا و
دنیابینی شیعری... پێشان دەدات؟!).
شیعرییەتی دەستکرد پابەندی نەگێڕانەوە و دەستەواژەی شیعریی ئامادە و
نێودژی بەتاڵە، نەک ھێزی خەون و خەیاڵ و پرسی سەردەم و دۆزینەوە و
رووداوی زمانی شیعریی! خوێنەر لە خوێندنەوەی شیعرییەتی دەستکرددا
دووچاری تووندوتیژی شیعریی و ھەراسانی و بەدوادانەچوون و بیابان
دەبیتەوە، نەک راڤەکردنی رەھەندەکانی مانا و دەلالەتی جیاوازی... بەڵام
لە شیعرییەتی خۆکرد، خوێنەر دەکەوێتە رووە جیاوازەکانی مانا و دەلالەتی
چێژ و خەیاڵەوە... خوێنەر لە میانی ھێرش و ئامادەباشییەکانی شیعرییەتی
دەستکرد ھەستی شیعری لە دەست دەدات، لە ھێرش و ئامادەباشییەکانی
شیعرییەتی دەستکرد چییەتی زمان و خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوە... بەتاڵ
دەبێتەوە، جگە لەوەش فەزای شیعرییەتی دەستکرد نیگەرانی و گومانی شیعریی
بە تووندوتیژی و ھەراسانی دەسپێرێ... بەڵام لە شیعرییەتی خۆکرد خەون و
خەیاڵ... دەرگاکانی بۆ بەدواداچوونی جیاواز دەکاتەوە و بە دنیابینی
دەسپێرێ! کێشەی نوسەری شیعرییەتی دەستکرد زیندانکردنی وشە و
دەرکنەکردنی مانای وشە و پرسی شیعرییە... کێشەی ناس نەکردنی رەگەزە
شیعرییەکان و ھاوگونجانی فەزاکانە، کێشەی ھەستی شیعریی و دۆزینەوەی
رێڕەوەکانی خەیاڵی وشەیە... ھەمیشە فەزای شیعرییەتی دەستکرد بەرەو
بیابان و ھیچ نەگوتن دەڕوات، فەزای شیعرییەتی خۆکرد بەرەو گوتنی
جیاوازی شیعریی دەبێتەوە...
(٤)
شیعر لە کۆمەڵێک رەگەز پێکھاتووە نەک بەو مانایەی کە سیستمێکی رێک و
چنراو و مەحکەمە و ھەمیشە مانا و وەزیفەیەکی دیاریکراو بە رەگەزەکانی
دەبەخشێ ((قسە لە بەسەرچوونی ھیچ رەگەزێک ناکەم، قسە لە ناڕێکی جوانی و
ھاڕمۆنیەتی رەگەزەکان دەکەم)) لە شیعری داھێنەرانەدا رەگەزەکان تۆڕێکی
بەرفرەوان لە پەیوەندی ئیستیًتیکی پێکەوەیان دەبەستێتەوە و ھەر یەکەیان
بە کاری جوانکردنی خۆی ھەڵدەستێ و لە ناوکۆییەکی شیعرییدا جوانیەکانی
یەکتر تەواو دەکەن و شیعرییەت بە جێدەھێنن، نھێنی شیعر ئەوەیە شیعرییەت
ھەڵدەنرێت، نانوسرێتەوە! بە دیوەکەی دیکەش شیعرییەت دەرئەنجام نییە،
بەڵکو وەک رەگەزێک لە رەگەزەکانی پرۆسەی ساتەوەختی نوسینی شیعریی و
خوێندنەوە دێتە بەرھەم. وەک نھێنی ناوەوەی شاعیر و خوێنەریش دەمێنێتەوە،
بە کورتی دەمەوێ بڵێم شیعریی ئیبداعی لەسەر پێکەوەگونجان و تۆکمەیی
رەگەزە شیعرییەکان دێتەوە، شیعریی ئیبداعی لەسەر توانای چەسپاندن و
کردە و ئاوێتە بوون و بەرجەستەبوونی بوێری و ئازادی زمان خۆی دەنوێنێ...
شیعریی ئیبداعی جوانی و جیاوازی و چێژە.
ئایا لە نێوان فەزای بێ مرۆڤ و مرۆڤی بێ واقیع و مانای بەتاڵ و
بیرکردنەوەی باو و گوتاری ئایدیۆلۆجی و سۆزی ئایینی و خەیاڵی سنوردار و
ھیچنەگوتنی شیعرییانەی دەستکرد... شیعرییەت ھەڵدەنرێت، شیعرییەت لە
دایک دەبێت؟! (ئەرستۆ) ئەو زاراوەیەی بەکار ھێناوە بۆ ئەوەی تەعبیر لە
ھەموو جۆرەکانی خەڵقکردن بکات. جوانی شیعر لە خەلقکردندایە، جوانی شیعر
ھەمیشە لە خۆیەوە لە پرسی سەردەمەوە دەستپێدەکات، چێژی شیعریی شوێنپێی
نموونەکانی پێش خۆی ھەڵناگرێتەوە، داھێنان کەشفکردن و دنیابینییە!
شیعرییەت لە ھارمۆنیەتی ھەست و سۆزی مرۆیی و مانا و بیرکردنەوەی
داھێنەرانە و خەیاڵ و گێڕانەوە و زمانی شیعریی... فەزا جیاوازەکانی خۆی
دەکاتەوە. خوێنەر لە رێگای ھاڕمۆنیەتی رەگەزە جیاوازەکانەوە راڤەکردنی
جیاواز بونیاد دەنێت. خوێنەر لە نێوان فەزای جیاواز و بەرزکردنەوەی
ئاستی رەگەزە شیعرییەکانەوە بەرەو رووداوی شیعریی و زمانی خەیاڵ و چێژ
و رەھەندەکانی جوانی دەبێتەوە.
کەواتە داھێنان نە رەسەنایەتی بەرێوەی دەبات، نە لاسایکردنەوە، بەڵکو
پرسی سەردەم و ھێزی خەیاڵ و ھەستی مرۆیانە دەخوێنێتەوە. داھێنان نە
نەتەوەگەریی دەناسێ، نە دنیاگەریی... بەڵکو ئازادی و کرانەوەی ئاستە
بەرزەکانی زمان و جوانی دەنوسێتەوە. داھێنان فرە رەگە. شیعری ھونەری
کوردی گەڕانەوە نییە، بۆ ئایینی کوردی و سێکوچەکەی بابان و گۆران و
روانگە و ھەشتاکان و نەوەدەکان و... بەڵکو کەشفکردن و دنیابینییە، ژەھر
و تریاکە، ئازادی و بوێرییە، جوانی و چێژە، فەزای ھەر یەک لە خوێنەر و
نوسەرە! داھێنان فیکرەی یەکگرتووی کۆتائامێز و پەڕگیر رەتدەکاتەوە،
یەکگرتنی نێوان دەق و خوێنەر بەجێدەھێلێت، شیعریی ھونەری کوردی لەسەر
ئیشکالیی بێکۆتایی زمان درێژ دەبێتەوە...
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|