په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٩

شاعیری لیریکی، شیعر چەشنی میلۆدراما.
- ژیلا حوسێنی وەک نموونە -

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


شیعری لیریکی تەعبیر لە بیرکردنەوەی کەسی و سۆزەکانی دەکات، لە زمانی ستانداردی خەڵکییەوە نزیکە... دەتوانم بڵێم شیعری (ژیلا حوسێنی ١٩٦٤-١٩٩٦) دەکەوێتە نێوان سۆزگەرایی و ئاوازگەراییەوە و ھەموو ئەوانەش کاریگەری دەروونی شاعیر بەڕێوەیان دەبات! بە دیوەکەی دیکە جیاکاری شیعری ژیلا حوسێنی لە پلە بەرزەکانی (دراماییبوون) و بەرجەستەکردنی (دەنگی کەسی)یدا دەبینرێت! ئەگەرچی ئەوەی دووەمیان خەسڵەتێکە لە خەسڵەتەکانی شیعری لیریکی، بەڵام ھەندێکجار لە شیعری ژیلا حوسێنی ئەو (دەنگە) پێناسەی (منی شیعری) دەکات و لە (منی دانەر) جیا دەبێتەوە، وەک چۆن دەشێ (دراماییبوون) بکەوێتە دەرەوەی (جەستەی شیعر)ەوە و شێوەی جیاواز بنوێنێ...


 

 

(١)


بە گشتی شاعیرانی لیریکی لەسەر ئەو ھێلە رێچکەیان گرتووە، کە مێژووی وشە بە پتەوی ماناوە بلکێنن، وەک چۆن گوتن و ریتم موتوربەی رووداوی مێژوویی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، سیاسی... دەکەن، ھەروەھا شاعیرانی لیریکی بیر لە بەدوایەکداھاتنی وشە و کۆتایی دالە گشتییەکان دەکەنەوە... بە کورتی قەسیدەی لیریکی وەک ئامرازی گوزارشتکردن دەلالەت لە پاڵنەری ھەستی دەروونی شاعیر و رەنگدانەوەی ژیانی مرۆڤ دەکات و دەکەوێتە نێوان پەرچەکرداری دەروونی ھێمنی ئومێدبەخش و حاڵەتی خەونبینی وەک لە شیعرەکانی لانگستۆن ھیوز... دەبینرێت، یان دەلالەت لە ستایلێکی وڕوژێنەر دەکات، وەک لە شیعرەکانی والت ویتمان... دیارە...


(٢)


دەنگی ژیلا حوسێنی دەنگی مێژووی وشە و دەنگی (منی شیعری)یە و لە زۆربەی باردا بە پتەوی ماناوە دەلکێت و ستایلێکی وڕوژێنەری ھەیە، وێڕای ئەوەش درامابوونی گوتن و ریتم بە یەکەوە کۆ دەکاتەوە و بە رووداوەکانی دەبەستێتەوە... بۆ نموونە:
ئەمشەو یاد و تاسەی دووریت
لە خەوێکی ئەفسووناوی رایچەنیوم
لێوەکانم بە وشەی خەم پشکوتووە و
ھەتا دێ ھەر پەرە ئەگرێت
چەن بە قوفڵی ساردی دڵمەوەی ئەنێم
چاری ناکات.

(سەمایەک لە نێوان ئاو و ئاگر، ل٤).


لەو کۆپلە شیعرەدا ئەگەرچی دەنگی (منی شیعری) دەکەوێتە ژێر دەنگی (منی دانەر)ەوە، وەک دەستەواژەی (راچەنین) دەیسەپێنێ، واتە دەنگی راچەنینی دیار (وەک دەنگی منی دانەر) بە خەمگینییەوە تێکەڵ بە ھێمنی و ئومێدی دەنگی پشکوتنی نادیار (وەک دەنگی منی شیعری) دەبێت، یان بە مانایەکی دیکە لە دووتوێی گوتراوی دەنگی (راچەنین)ی منی دانەر، منی شیعری کۆمەڵێک نەگوتراوی پێکەوەنراو لە رێگای دەنگی (پشکوتن)ەوە بە گوێی خوێنەردا دەچرپێنێ، ئەو چرپاندە ھونەرییە و چێژە ھونەرییە نادیارە و نوێیەی (منی شیعری) پەیوەندی بە ئاگایی جیاواز و چێژی جیاواز و دیدی جیاوازی (منی دانەر)ەوە نییە: لەوێوە کە منی دانەر منی مەعریفەی شیعری دەگەیەنێت، لەوێوە کە (منی دانەر) جیاوازی دید ناس دەکات، لەوێوە کە منی دانەر چێژی ئاسۆیی دەنوێنێ... بەڵام (منی شیعر) رۆڵی نەگوتراوی مەعریفی و نھێنی زمان و چێژی ستوونی دەگێڕێ...


دەمەوێ بڵێم جیاوازییەک لە نێوان (منی دانەر)ی دیار و (منی شیعری) نادیار ھەیە، ئەو جیاوازییەش پەیوەندی بە ھەستی تێگەیشتنی گوتراو و نھێنی نەگوتراوە جیاوازەکانەوە دەکات! بە مانایەکی دیکە ھەستی دانەر پەیوەندی بە دەنگی راچەنینی دیارەوە دەکات، ھەستی نادیاری شیعری پەیوەندی بە دەنگی پشکوتنی نادیارەوە ھەیە!


دواجار (منی شیعری) ئەفراندنی دنیایەکی نوێ و دیتنی شتە نادیار و ئومێدبەخش و دۆزینەوەی خەمەکانی منی شیعرییە، لە بەرانبەر مێژووی رووداوی چەمکی راچەنینی دیار، کە دەلالەت لە نائومێدی (منی دانەر) دەکات... بەمجۆرە گوتن و ریتمی دەنگی پشکوتن لە ناوەوەدا بەسەر مێژوویی گوتنی دەنگی راچەنیندا زاڵ دەبێت.


(٣)


قسەکردنی من لە بارەی زمان وەک قەرارەیەکی مەتریال دەستلێدراو و زمان وەک شتێکی رووت (ئەبستراک) ھەر ئەوەمان پێناڵێن کە دەنگەکان رۆڵێکی باڵا دەگێڕن، وەک ئەوەی بابەتی یەکەم بن لە بیرکردنەوەی دانەر و فۆڕمەکانی موزیکای نوسیندا، ھەموو دەنگێکیش تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بەڵکو ئەوەش دەڵێن کە لە حاڵەتی نوسیندا زمان قسان دەکات نەک من، زمان لەمیانی مندا قسان دەکات! وشەکان دەبنە خاوەنم، دەمکەن بەھی خۆیان: راستە من خاوەنی دەنگەکانم (دەنگەکان لە دەمی من دەردەچن) بەڵام یەکێکی دیکە لە نوسیندا قسان دەکات، ئەویش منی نوسەر، منی شیعرییە! بۆیە دەشێ کاریگەری دەنگی وشە وەک لە سەرەوە قسەم لێکردووە بە ھەند ھەڵبگرم؟! بەو مانایەش ھەوڵدەدەم ھەژموونی ریتم لە کاریگەری زمان کورت بکەمەوە، نەک ھەر ھێندەش بەڵکو دەتوانم کاریگەری ھونەریشی بخەمە پاڵ! کەواتە زمان بوونێکی ماددی ھەیە، وشەکان لە جەستەی (دانەری شیعری) ھەڵقوڵاون، بەڵام زمان رێگا بە گوزارشتکردنی تاکخوازانە دەدات، لێرەوەیە ھەستی (منی شیعری) دەیانبڕێ و ناشێ خوێنەرانی جیدی درک بەو نھێنییە نەکەن! زمان قەوارەیەکی ماددی ھەیە، نەک لەبەر ئەوەی یاسا و رێسایەکی مەتریالی بۆ قسان ھەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی وشەکان ھەمیشە ھەڵگری ھەڕەشەن بەوەی کە دەگۆڕێن بۆ دەنگ... بڕوانە دەنگی: (راچەنین) و (پشکوتن) لەو کۆپلە شیعرەی سەرەوەدا!


وشەکان لە کۆمەڵێک گروپی دەنگی پێکھاتوون و بنەمایەکی دووانەیی و ھەندێجار دژ بە یەک پێکدەھێنن، واتە رەمزی مانان و لە ھەمانکاتدا فۆڕمی خۆیان ھەیە، بەمجۆرەش دەنگی وشەکان بە شێوەیەکی زیندوو تێکەڵ بە یەکتر دەبن و ھەر دەنگێکیش لە خودی خۆیدا بۆ ئاکامی تایبەتی خۆی دەگەڕێ و دەیەوێت خۆی بسەلمێنێ! بەمجۆرە ئەگەرچی منی دانەر ھەوڵی بە ئاکام گەیشتنی خۆی دەدات، بەڵام بەو مانایە نییە، کە منی زمان ھەوڵی بە ئاکام گەیشتنی خۆی لە بیر کرد بێت، بەو مانایەش ئەو دەنگانەی کە لە وشەکانەوە دێن، چ وەک دەنگی دانەر و چ وەک دەنگی زمان، لە جولەی خۆیان ناکەون و ھەموو دیاردەیەکی دەنگیش دەلالەتی خۆی بەسەر چنینی دەنگی و کارای دەنگیدا ھەیە.


(٤)


لە بەشێک لە کارەکانی ژیلا حوسێنی گوزارشتکردنێکی ئەدەبی درامی و ھونەری نواندن و ھەست جولاندن دەبینرێت، ئەو تەعبیرکردنەش تێکەڵ بە وێناکردنی خەمە مرۆییەکان و کەسایەتی و گێڕانەوە دەبێت و لەوێشەوە ھەوڵدەدات رووداو و سێنتیمنتاڵییەت لە ریتمێکی موزیکی تایبەت رەنگڕێژ بکات! بە گشتی کارەکانی ژیلا حوسێنی میلۆدرامییە و (Melodrama) پڕە لە ھەست و نەستی مرۆڤایەتی و بە ئاسانی خوێنەر بۆ خۆی کێش دەکات.


دەتوانم بڵێم ھەمیشە سروشتی جوانی لە شیعرەکانیدا لەژێر ھەڕەشەی دیاریکردنی وەسفدایە، چونکە باری وەسف لای ژیلا حوسێنی جارێک جوانە و جارێک وەسفە، جارێک دووچاری سەرسامیمان دەکات و جارێکی دیکە وەسفە... ئەوەش پەیوەندی بە خەیاڵکردنی منی شاعیرەوە ھەیە، چونکە ھەرگیز ناشێ مانای (منی دانەر) ھەتا ھەتایە کاریگەری جوانی ھەبێ، وەک چۆن ھیچ مانایەکیش نییە تەنھا لەسەر (منی شیعری) بژی...


دەمەوێ بڵێم دەقی داھێنەرانە لەوێدا خۆی دەبینێتەوە، کە پێوەرە ھونەرییە باوەکان تێدەپەڕێنێ و ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەر و پانتایی رۆشنبیری باو دەگۆڕێت! ھەموو ئەوانەش جیاوازی چێژ و خۆشی رابەرایەتیان دەکات... جگە لەوەش ھەموو ئەوانەی قسەمان لێکردن لە داھێناندا قابیلی رەتکردنەوەی بێ سنوورە، ئەگەر رەتکردنەوە توانای نوێکردنەوەی ھەبێت و نەکەوێتە شێوازگیرییەوە، نەکەوێتە چوارچێوەی ئامادەوە، چونکە ھەرگیز ناتوانین سەرچاوەکانی داھێنان دەستنیشان بکەین...


دوا جار نوێ نایەوێت وەک کۆن بێت، نایەوێت بە ھێلێکی ئاسۆیی ھاوگونجاو و ئامانجداردا ھەنگاو بنێت، بەڵکو پەسنی ئەو رۆشنبیرییە دەکات، کە ئەمڕۆی کۆمەڵگای پێدا تێدەپەڕێت، وێنەی ئەو ماوەیە دەگرێت، کە لە نێوان (خود) و (دنیای دەرەوە) دایە، وێنەی سەردەمێکی دوولەتبوو، سەردەمێک کە جەستە و رۆح دەکەوێتە ژێر رۆشنایی بیستراو و بینراوەوە.


(٥)


بەسیە ئیتر بزەو کەنین... تیلەی نیگا
سەد ئەوەندە نازداریت و
رێکوپێکی بەژن و باڵا
دڵم دەبا

(قەڵای راز، ل٩).

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک