په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٢\٢٠١٩

شاعیری نەفرەتلێکراو

ئەنسی ئەلحاج و قەسیدەی پەخشان.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

(١)


شاعیر ئەنسی ئەلحاج لە پێشەکی کۆمەڵە شیعری (لن) ھەر تەنھا شاعیرێکی یاخی نییە، بەڵکو شاعیرێکی نەفرەتلێکراویشە... ھەر تەنھا ھاوارێکی جیاوازی شیعری نەبوو، بەڵکو ھێرشێکی دۆزەخی بوو، بۆ سەر چوارچێوەی شیعری و کلتوری سونەتگەرایی... ئەنسی ئەلحاج لە نێوان ھۆشیاری رەخنەیی و قەسیدەی شیعری ئازاد و قەسیدەی پەخشاندا ئاگاییەکی نوێی لە قەسیدەی پەخشاندا ھێنا ناوەوە، دەمەوێ بڵێم ئاگایی ئەنسی ئەلحاج پەیوەندی بە رۆشنبیریی شیعری جیھانییەوە ھەبوو، بۆیە وەک رووداوێکی ئەدەبی لە بەرجەستەکردنی قەسیدەی پەخشان و چۆنێتی گەیاندنی بە خوێنەران زۆر بە جوانی رەنگی دایەوە.

قەسیدە دنیایەکی داخراوە بەسەرخۆیدا، ھیچ ئامانجێکی زەمەنی نییە. شیعر دڵ لە دڵدانە. پەخشان گێڕانەوەیە... قەسیدە کورتبڕی لە ھەموو ھۆیەکانی دەربڕین دەکات. رەگەزی یەکەمی شیعر موزیکایە. شیعر ئەوە دەڵێ کە گوتراوە و پەخشان روو لە شتێ دەکات و دەیدوێنێ، ھەموو چرکەکانی گوتار بە ھی خۆی دەزانێت، موزیکا لە پێکھاتەی پەخشاندا بوونی دەکەوێتە لەرزەوە. لە شیعردا شاعیر پێش خوێنەر دەکەوێت، چونکە ئەو ئامرازانە ناس دەکات، کە شیعری پێدروست دەکرێت، ھەمیشە شیعر لە رێگای لەرەی موزیکاوە دەچێتە دڵی خوێنەرەوە، ئەوەی شاعیرێکی کۆنەپەرست و خوێنەرێکی کۆنەپەرست بەیەکەوە دەبەستێتەوە چارەنووسە!

ئەگەرچی لە نێوان داڕشتنی شیعر و پەخشاندا جیاوازییەکی بەرچاو ھەیە، بەڵام ئەوەی جێی گومان نییە ئەوەیە، کە ھەموو کەلەپورە زیندووەکانی دنیا شیعری مەزنیان لە پەخشان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، ھەر لەبەر ھەندێ ئەمڕۆ شیعر بە کێش و سەروا ناناسرێتەوە. ئەوەی بەردەوام رێگا لە شیعری پەخشان و قەسیدەی پەخشان دەگرێ کێش و سەروایە. لێرەدا شیعری بە پەخشانکراو، پەخشان نییە، وەک چۆن قەسیدەی بە پەخشانکراو، پەخشان نییە.

شیعری لیریکی ھەیە، بەڵام پەخشانی لیریکی نییە، قەسیدەی پەخشانی نزیکە لە گێڕانەوە، قەسیدەی پەخشانی بێ ریتمە وەک ئەوەی (سان جۆن پێرس) دەینوسی... قەسیدەی پەخشان خاوەنی جیھانبینییە، ئەزموونێکی قووڵ و بەھێزە، بەو پڕشنگانە دەناسرێتەوە کە بڵاوی دەکاتەوە وەک قەسیدەکانی ھینری میشۆ و ئاڕتۆ...!

ھەموو قەسیدەیەک وەک پێویست کورتە، بەڵام کورتبڕی زێتر لەسەر پەخشان جێبەجێ دەبێت، نەک قەسیدە... قەسیدەی کێشدار زێتر پێویستی بە یەکگرتنە، نەک گەڕانەوە بۆ سەرچاوە... قەسیدەی پەخشان پێویستی بە ئامرازی گێڕانەوە، وەسف، ئەزموون، جیھانبینی... ھەیە.

سوزان بیرنار دەڵێت پێویستە قەسیدەی پەخشان لە پێناو درەوشانەوە، کورتبڕی بکات! ھەموو قەسیدەیەکی پەخشان پاڵنەرێکی ئاژاوەیی لە پشتە، رووخێنەرە، وزەیەکی ئەندازەیی تێدایە، راپەڕینە بە دژی کۆتوبەند... رامبۆ دەیویست بەسەر زماندا زاڵ بێت و کورتبڕی لە (بۆن، دەنگ، رەنگ...) بکات... قەسیدەی پەخشان لەسەر درەوشانەوە، نەفرەت، شێتایەتی... وەستاوە، ھەمیشە ھەڕەمەکی خۆی نیشان دەدات! قەسیدەی پەخشان کاری شاعیری نەفرەتلێکراو و بەرھەمی نەفرەتلێکردنە... لە قەسیدەی پەخشاندا شتێک نییە پێی بڵێن کۆتایی.


(٢)


ئەنسی ئەلحاج پەیامبەری دۆزەخی زمان، بەردەوام بە دوای ئامانجە مرۆییەکانەوەیە، بە دوای خۆشەویستی، بە دوای مرۆڤدۆستی... شیعر لای ئەو خۆراکی خودە، ئافرەت لای ئەو ئەلتەرناتیفی ژیانە، منداڵی لای ئەو پشتگوێخستنێکی فریشتەییانەیە لە رەشەبا دەمانپارێزێ، لە نێوان ناپاکیکردن لە زمان و پووچگەرایی ژیان و وێرانکردنی شتەکان ھەمیشە وەک بیابان تینووە.

ئەنسی ئەلحاج شاعیری رچەشکێن و ھەرێمە دەست بۆ نەبراوەکان، شاعیری نەست و ناخ و زمان... قەدەغەکراوەکانی لە نێو زماندا چەسپاند، دەست بۆ نەبراوەکانی لە زمان و لە سەر ئاستی بیرکردنەوە بەرجەستە کرد...

بەڵام شیعر ھەر تەنھا بە مەسەلە قەدەغەکراو و دەست بۆ نەبراوەکانەوە پەیوەست نییە، شیعر بە حەقیقەت و ژیان و خەونەوە بەندە، شیعر ھەر تەنھا راستگۆیی و بوێری نییە، شیعر چۆنێتی تەعبیرکردنە لە ژیاندۆستی، لە مرۆڤدۆستی، گەڕانی بەردەوام و بەجێھێنانی زێتری خۆشەویستی و چێژ و خۆشییە...

مەرج نییە قەدەغەکراوەکان ھەمیشە قەیران بنێنەوە، بەڵام ھەموو رچەشکێنییەک ئامانجی رچەشکاندنە، ئەوە بەو مانایە دێت، کە ھەمیشە وزەی ژیان بە ھێزترە لە مردن، ئەوە بەو مانایە دێت، کە یاخیبوون کۆتایی نییە.


(٣)


تێگەیشتنی باو ئەوەیە کە پەخشان پەخشانە و شیعر شیعرە، کەواتە ئەو میکانیزمانە چین کە قەسیدەی پەخشان بەرەو شیعر دەبات، یان شیعر لە قەسیدەی پەخشان خەلق دەکات، بێ ئەوەی وەک پرنسیبێکی بنەڕەتی بە سەرچاوەی پەخشانەوە گرێ بدرێت! ئەنسی ئەلحاج لە پێشەکی کۆمەڵەی (لن) بەرانبەر ئەو دیدە باوەی کە شیعر و پەخشان لێکجیا دەکاتەوە پێیوایە لە نێوان شیعر و پەخشاندا پردی بەیەکگەیشتن ھەیە! ئەگەرچی پێیوایە پەخشان و شیعر نکۆڵی لە یەکتر دەکەن، چونکە شیعر دەبێ ئەوە بێت، کە لە دەرەوەی پەخشاندا دەنوسرێت، بەڵام پەخشان نەرم و کراوەیە، شیعر رێکخراو و مەبەستدارە، پەخشان ھێمن و جێگیرە، شیعر گرژە، شیعر نە زەمەنییە و نە پەیوەندی بە بارودۆخەوە ھەیە، ئەوەش پێچەوانەی پەخشانە. پەخشان بەرھەمی عەقل و ئاگاییە، بەڵام شیعر بەرھەمی دەروونە، پەخشان گەیەنەر و رازیکەرە و شتەکانمان بۆ دەسەلمێنێ، بەڵام شیعر درەوشاوە و ئاماژەخوازە...

کەواتە ئایا دەکرێ لە قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ ئەو پرسیارە ئیشکالئامێزە یەکێکە لە پرسیارە ئاڵۆزەکانی پێشەکی کۆمەڵە شیعری (لن). بە بڕوای من ئەو پرسیارە تەمومژاوییە! دەمەوێ بڵێم دەکرێ لە بری (ئایا) بە (چۆن) پرسیارەکە راست کەینەوە: چۆن لە قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ ئەگەرچی پرسیاری دووەمیش مەرج نییە راست بێت، بەڵام لەگەڵ پەیبردن بە قەسیدەی پەخشان زێتر دەگونجێ... پرسیاری دووەم پرسی تایبەتمەندی و تاکگەرایی لەخۆدا ھەڵگرتووە... ئەنسی ئەلحاج پرسیاری یەکەم بە (نەرێ) وەڵام دەداتەوە: نەخێر ناتوانین لە قەسیدەی پەخشان دەربچین. لە پشت ئەو وەڵامەشدا پرنسیبێکی چەسپاو ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە بنەمای شیعر پەخشانە! پرسیاری یەکەم پێمان دەڵێت قەسیدەی پەخشان بە پەخشانەوە بەندە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری جۆرەکانی وەسف و ناونانەوە، بەڵام پرسیاری دووەم ئەو پرسیارەی ھەوڵی فۆرمەلەکردنمان داوە پێمان دەڵێت قەسیدەی پەخشان بنەماکەی لە سەر پەخشان نەچەسپاوە، بەڵکو قەسیدەی پەخشان بنەماکەی شیعرە، دواجاریش دەمەوێ تۆختری بکەمەوە و بڵێم پەخشان رەگەزێکە لە رەگەزەکانی شیعر... شیعری داھێنەرانە ھەموو رەگەزەکانی قەسیدە و پەخشان لە ئاستێکی باڵادا خەلق دەکات، داھێنانیش لە ئاستە باڵاکانی زماندا دەدۆزێتەوە.

کەواتە لە نێوان شیعر و پەخشان مەسافەیەکی ئیستێتیکی و دەربڕینێکی بەرفرەوان ھەیە، وەک چۆن مەسافەیەکی جوانی لە وەرگری جۆراوجۆردا دروست دەکات. بەو مانایەش دەشێ پرسیاری ئەنسی ئەلحاج: ئایا دەکرێ لە قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ مەبەستی لە پەخشانێک بێت، کە مەسافەیەک لە شیعر نزیک دەبێتەوە...


(٤)


شیعری ئەنسی ئەلحاج رووتە وەک ئادەم و حەوا بەر لەوەی لە بەھەشت دەربکرێن، وشە رووتەکانی بێ ئەوەی ھەست بە شەرم بکەن، روو بە رووی دنیا دەبنەوە، ھەموو وشە رووتەکانی لە قەسیدەکانیدا سەر بەرزانە دەوەستن، بێ ئەوەی خۆیان بە جوانکاری خەریک بکەن، بێ ئەوەی خۆیان دەمامک بدەن، ھەر تەنھا بە رووتی سەما دەکەن، بێ ئەوەی کراسی خوازە و چوارشێوی رەوانبێژی بپۆشن! وشەکان لەو مانایانە دەردەچن، کە ئێمە دەیانزانین، ئەنسی ئەلحاج لە نێوان شیعر و خۆشەویستی، یەکەمیان بە گوتنی بێدەنگ دادەنێ و دووەمیان بە کردار... ئەو چەند شیعرەی ئەنسی ئەلحاج بە بێدەنگی بخوێننەوە:

پلان.

لە نێوان سنۆبەرەکاندا ھاوارت دەکرد، بای دەنگت بەرەو ناوەوەم دەھات، بێدەنگیت ھەڵگرتبوو
خۆت لە پەنا سنۆبەرەکاندا حەشاردابوو، دەگەمە ھاوارت، دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی نەمبینیت
لە نێوان سنۆبەرەکاندا ھاوارت دەکرد، ئازیزەکەم وەرە
من لە پەنا سنۆبەرەکانم، بۆ ئەوەی نەمبینی، لە ھیکەوە بەرەو رووت دەبمەوە، تۆ رادەکەی
سەرچاوە:
* (انسی الحاج دیوان (لن) - المقدمە.ط٣. دار الجدید. بیروت ١٩٩٤ ص٢٧).

بەیانی و نیو.


(١)
ھەر لە بەیانییەوە دەرگا لە بەر دەمت کراوەیە تا بەیانی و نیو.
(٢)
بە کراسەکەتەوە وەکو گردۆڵە دانیشتوویت. باران ھەڵدەکا و دەپاڕێیتەوە، مارێ دەخزێ وەک شیر لە گردۆڵەکە قیت دەبێتەوە، بە تووندی ھەناسە دەدەی.
(٣)
رەنگی دەمت، بۆنی دەڵێی سێوە.
(٤)
کاتژمێر شەوە دوای شەو و نیو، خۆشەویستەکەم لە بان ئەو شەوە ماڵێکی ھەیە، لەو ماڵەکەدا ژوورێکی لە نیوە شەو دروست کردووە، لەوێ سەیرم دەکا و نامبینێ، کاتێ دەڕۆم دەڕوا و نامبینێ، چرا ھەڵدەکا و نامبینێ.
لە کاتی خۆی دەخەوێ، خەون بە پەنجەرەوە دەبینێ، دەترسێ لەوەی شەماڵ داگیریکا.
(٥)
لە تاریکی چاوم لێبکە، دەنگت کزکە و بڕۆ.
دەنگت لە گەرووم وەک مێووژ دیارە.
سەرچاوە:
* (انسی الحاج دیوان (ماژا ێنعت بالژھب ماژا فعلت بالوردە) ط٢ دار الجدید. بیروت ١٩٩٤، ص٥١).

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک