٢١\٩\٢٠١٨
شاکارەکانی دوێنی
و روانینە کورتەکانی ئەمڕۆ!

سەدیق سەعید
ھەموو دەقێکی ئەدەبی،زادەی زەمەن و شوێنێکی دیاریکراوە.ئەگەر دەق
بەرھەمی بیرکردنەوەو دنیابینی نووسەربێت لە ھەڵومەرجێکی دیاریکراودا،
ئەوانووسەریش وەک مرۆڤێک لەزەمەن و شوێنێک دەژیت و
لەبەریەککەوتندایەلەگەڵ واقیع و دەوروبەر.لەم ڕوانگەیەشەوە، دیاردەکانی
دەوروبەری دەبنە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە کەدواجار ئەمەش لەدنیابینی
نووسەردا ڕەنگدەداتەوە. لەبەشێکی زۆری دەقی ئەدەبیدا، دیاردە
کۆمەڵایەتییەکان و سروشتی ژینگەیی و پەروەردەیی کۆمەلگای کوردی،
بەتایبەتیش لەڕابردوودا دەبینرێت. کەتیایدا نووسەرانی ئێمە، وەک
پەیامێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دەقی ئەدەبییان بینیوەو لەوێوەش
ڕەخنەی ھەموو ئەودیاردانەیان کردووە کەئەو کات بوونیان ھەبووە.
ناتوانین دەقێکی ئەدەبی لەچوارچێوەی ئەو زەمەن و شوێنە داببڕین
کەتیایدا نووسراوە.چونکە ئەودەقە بەرھەمی ئەو زەمەن و ژینگە کۆمەڵایەتی
و پەروەردەیەیە. بۆ نموونە: ھیچ شاعیرێکی قۆناغی بیستەکان، باسی
فەیسبووکی کردووە؟ بێگومان نەخێرچونکە بوونی نەبووە. بەڵام ھەمان ئەو
شاعیرانە، سەدان جارباسی نەخوێندەواریی و جیاوازی چینایەتی و ستەمی
ئاغالەجوتیارو پەچەی ئافرەتیان کردووە.کەواتە لەبونیادی ھەردەقێکدا،
واقیعێک بوونی ھەیە کەدەلالەتە لەوکات. بەھەمان شێوە ئێستا ھیچ
لەشاعیرانی ئێمە باسی نەخوێندەواری ناکەن.بۆیە ناکرێت دەقێکی چیڕۆک
یاخود ڕۆمان، بەمیتۆدو دنیابینی ئەمڕۆ بخوێنینەوە. بەدەربڕینێکی
تر،ناکرێ ڕەخنەی چیڕۆکنووسێک بکەین کەبۆچی لە پەنجاکاندا لەچیڕۆکەکانی
باسی ھەژاری دەکات، باسی چەوسانەوەی چینایەتی دەکات، باسی ئاغاو جوتیار
دەکات. چونکە ئەوکات ئەمە تیمەی چیڕۆکەکان بووە. یاخود ئەو چیڕۆکانە
ڕەتبکەینەوە لەبەرئەوەی بەتەکنیکێکی سادە نووسراون و وەک چیڕۆکەکانی
ئەمڕۆنین. کەھەرکەسێک وەھا بیربکاتەوە، بەبڕوای من لە ئەرک و پەیامی
قۆناغەکانی ئەدەب نەگەیشتووە. ئەمە بەومانایە نیییە کەڕەخنەی ئەو
دەقانە نەکەین، بەڵام بێ ئاگایەکی گەورەیە دەقێکی چیڕۆکی پەنجاکان
بەراورد بەچیڕۆکێکی ئێستابکەین و لەپەراوێزیشیەوە ئەوانەی ڕابردوو
بەچیڕۆکی ناھونەری ببینین.بۆنموونەئەگەرچیڕۆکی(چای شیرین)و(پەنجا
فلس)بەنموونە وەربگرین، ئەوچیڕۆکانە بۆکات و سەردەمی خۆیان چیڕۆکی
ھونەری بوونە. بەڵام ھەمان ئەوچیڕۆکانە ئەگەربەپێی میتۆدی ڕەخنەی ئەمڕۆ
بخوێنینەوە،ڕەنگەلەڕووی بونیادی ھونەرییەوە بەراورد نەکرێن بەچیڕۆکی
ئەمڕۆ. بەڵام نابێ ھەمان ئەوچیڕۆکانە لەچوارچێوەی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی
و پەروەردەیی ئەمڕۆببینین. چای شیرین باس لەخۆشەویستی دەکات. ئەم
چیڕۆکە لە ساڵی ١٩٥٧ئەگەر ھەڵە نەبم نووسراوە. ئایا بابەتێکی وەک
خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕ بۆ ئەوکات تیمەیەکی نوێ نەبووە؟ ئەو کات
خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕ لەقەدەغەکراوەکان نەبوو؟بۆیە ناکرێت
ئەوچیڕۆکە بەدنیابینی ئەمڕۆ بخوێنینەوە. یاخود بڕوامان وابێت ئەم
چیڕۆکە ھیچ بنەمایەکی ھونەری چیڕۆکی تێدا نییە. بۆیە زۆر بەلامەوە
سەمەرەیە، کاتێ نووسەرێکی گەنج دەبینم کەڕەنگە ھەرسێ چوار کتێبی
خوێنبێتەوە، یاخود کەسێک کەبڕوانامەیەکی زانستی بەھەر شێوەیەکەوە بێت
لەزانکۆ وەرگرتووە( لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەی بەمانای وشە ئەکادیمین) دێت
بەڕەھایانە چیڕۆکەکانی( حسین عارف و مارف خەنەدارو عەلائەدین سجادی و
مەم) و چەندین چیڕۆکنووسی داھێنەری دوێنێی ئەدەبی کوردی ڕەتدەکاتەوەو
پێی وایە ئەمانە چیڕۆکی ناھونەرین و بابەتەکانیان بابەتی سادەو ساکارن.
یاخودباس لەئاغاو جوتیارو ململانێی چینایەتی ونەخوێندەواری و دیاردە
کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. مەگەر ئەو دیاردانە لەسەردەمی ئەوچیڕۆکنووسانە
بوونیان نەبووە؟ ئەمانە بەشێکی سەرەکی پێکھاتی کۆمەڵایەتی کۆمەلگای
کوردی نەبوونە لەوکاتدا؟ ئایاچیڕۆکنووسی کوردلەوقۆناغەدا باسی چی کردبا؟
باسی تەکنەلۆژیای زانیاری، یان پێشکەوتنەکانی ناسا؟ یان چەکی ئەتۆمی
کۆریای باکوور؟ھەڵەیەکی گەورەیە کەسانێک بێن لەبێ ئاگایەوە لەمێژوو
وھونەری چیڕۆکی کوردی، بەپێوەرە ئەدەبییەکانی ئەمڕۆ و بەدنیابینی و
پێشکەوتنەکانی ئێستا، چیڕۆکی ساڵانی پەنجاو شەستەکانی سەدەی ڕابردوو
بخوێننەوە. دواجاریش بەڕەھایی ئەوبۆچوونە دەرببڕن کەئەمانە چیڕۆکی
سادەو لاوازو ناھونەرین. گریمان ئەگەر ئەو کەسانەی بەو شێوەیە بیر
دەکەنەوە لەسەردەمی ئەو چیڕۆکنووسانە بوونایە چیڕۆکی لەوان ھونەریترو
جوانتریان دەنووسی؟ بێگومان نەخێر. وێرای ھەموو ئەمانەش کورتبینییە
دەقی چیڕۆک یاخود ڕۆمان، تەنھا لەیەک توخم کورتبکەینەوە.چونکە دەقی
چیرۆِک بونیادێکی ھونەرییە کەلەچەندین توخم وڕەگەز پێکھاتووە
کەھەموویان بەسەریەکەوە بینای ھونەری چیڕۆکەکە پێکدەھێنن.دەشێ دەقێک
لەڕووی یەکێک لەوڕەگەزانە ناھونەری بێت، بەڵام نابێ ئەوە بکرێتە
پاساوبۆ ئەوەی ھێلێکی ڕاست و چەپ بەسەر کۆی ئەزموونی چیڕۆکنووسێک
دابێنین.چیڕۆکی چای شیرین بۆ سەردەمی خۆی، شاکارێک و داھێنانێک بووە.
پەنجا فلس بەھەمان شێوە. ژانی گەلی مامۆستا برایم ئەحمەد، ھیچ سەردەم و
قۆناغێک ناتوانێت بیسڕێتەوە.دوای ژانی گەل بە دەیان ڕۆمانی کوردی
نووسراون، بەڵام چەند ژانی گەل لەئەدەبی کوردی ھەن؟ ئەودەقانە بەرھەمی
قۆناغ و سەردەمێکن. دەبێ بەپێوەری نوێگەریانەی ئەو قۆناغ و سەردەمیش
ھەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت و بخوێنرێنەوە. دەنا کەسێکی ئاساییش نەک
نووسەرو ئەکادیمییەک، ئەوە دەزانێت کەچیڕۆکەکانی پەنجاو شەستەکان
بەراورد بەقۆناغی ئێستای چیڕۆکی کوردی، پێشکەوتوونین. ئەمە نەداھێنانە،
نەبۆچوونێکی نوێ، نە توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی زانستی و ماندووبوونی
دەوێت تا بیسەلمێنین. بەڵام ئەوچیڕۆکانە دەبێ لەچوارچێوەی زەمەنی
نووسینیانەوە بخوێنرێنەوەو ھەڵبسەنگێنرێن نەک ئێستا. ئەگەرچیڕۆکی
ناھونەری و لاوازن، ئەوا دەبێ بەپێی دیدگا ڕەخنەییەکانی ئەوزەمەنەی
دەقەکەی تیادا نووسراوە ئەوە ساغ بکرێتەوە. نەک بەراوردیان بکەین
بەچیڕۆکێک کەلەزەمەنی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای زانیاریی و نەمانی
چەوسانەوەی چینایەتی و ململانێی ئاغاو جوتیار نووسراون.بەھەمان شێوە
ئەگەر لەسەرئاستی زمان و نووسینیش بڕوانینە چیڕۆکی ساڵانی پەنجاکان،
ئەوا وەک چیڕۆکەکانی ئێستا نین. چونکە زمان وەک ڕەگەزێکی فەرھەنگی
لەنوێبوونەوەو پێشکەوتن دایە. ناوەڕۆک و فۆڕمی زمان بەپێی قۆناغە
کلتووری و فەرھەنگییەکە دەگۆڕێت. بۆیە زۆرئاسایە زمان لەچیڕۆکی ساڵانی
پەنجاکاندا، زمانێکی تەواو واقعیانە بێت، یاخود وەسفیانە بێت.ئەگەر
ڕەگەزی فەنتازیا لەچیڕۆکەکانی ئەوقۆناغەدا نەبوو، ئەوا مانای وانییە
چیڕۆکنووسانی ئەوکات داھێنانیان نەکردووە. یاخودچیڕۆکەکانیان چیڕۆکی
سادەن.بەپیچەوانەوە، ھەموودەقێک زادەی سەردەم و قۆناغێکە.پێشکەوتنی
مرۆڤایەتیش لەھەموو قۆناغەکاندا، بەسیماوگوتاری
جیادەردەکەوێت.زۆرئاسایە زمانی چیڕۆکی ئەو ساڵانە زمانێک بێت
ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا، واقیعی ساسی کۆمەڵگە. ھەموومان دەزانین
دیارترین خەسڵەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوای جەنگی جیھانی دووەم،
پرسی نەتەوە ئازادی نەتەوەکان بووە. ئەگەر چیڕۆکنووسێکی ساڵانی
پەنجاکان باس لە ململانێی سیاسی و چەوسانەوەی سیاسی کورد بکات، ھیچ
لەوە کەمناکاتەوە کەبابەتێکی سیاسی لەچیڕۆکەکانیدا بەرجەستە کردووە.
دەبێ دەقی ئەدەبی، بەبەرھەمی ئەو زەمەن و شوێنە ببینین کەتیایدا
نووسراوە. ئاساییە لەقۆناغێکی دیکەدا بگەڕێینەوە سەرئەو دەقانەوە
ڕەخنەیان بکەین. بەڵام نابێ بەپاساوی دیدگای ڕەخنەیی(کەلەڕاستیداڕەخنە
نییە) ڕەتبکرێنەوە. یاخود لە بەھای ئەدەبییان کەمبکرێتەوە بەپاساوی
ئەوەی ئەو چیڕۆکنووسە باسی ستەمی ئاغا لەجوتیار دەکات. ئەی لەساڵانی
پەنجاکان باسی چی بکات.ئاغاکان ئێستاش دەستیان بڕوا، ھەزارەھا جوتیار
دەچەوسێننەوە. ئەم ڕوانیننە کورتەی بەشێکی یەکجار کەم لەنووسەرانی ئێمە،
ھیچ نییە جگە لەگرێی خۆبەکەمزانین لە ئاست ئەوانی تری دەرەوەی دنیای
ئەدەبی کوردی. گرێیەک کەبەردەوام دوژمنان ھەوڵی دروست کردنیان داوە
لەھزرو سایکۆلۆژیای مرۆڤی کوردو بەداخەوە لەبەشێکی زۆریشیاندا
سەرکەوتووبوونە لەم ئامانجەیان.
sadiqrwandze@yahoo.com
|