٣٠\٧\٢٠٢٥
شانامەی ڕوخسارە ونبووەکان.
هێڵ وەک یادەوەریی، یادەوەریی وەک هەناسە.
"تراژیدیای بوون لە سەردەمی پۆست-مۆدێرندا".

ئەرسەلان مەحمود
سەرهەڵدانی ڕووخسار لە نێوان هێڵ و هیچدا.
لەگەڵ سەیرکردنی هونەری دوا ڕووخسارە ونبووەکانی هونەرمەند "پێشەوا
مەحمود"، لە خۆم دەپرسم: چۆن و کەی ڕووخسارێک دەبێتە ڕووخسار؟ ئەو
سنوورانەی کە نێوان "من" و "ئەوی تر" جیا دەکەنەوە، لە کوێوە بۆ کوێ
دەستپێدەکەن؟ بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕۆن و چ مەبەستێک لە پشتیانەوە هەیە؟
دەیەوێ بە چی و بە کوێ بگات و لەکام وێستگەدا وەک باڵندەی کەسیرەبوو،
کام سێبەری چ یادەوەرییەک بتەکێنێت؟!
پێشەوا، لەم کارە نوێیەیدا، گەمەیەکی جادویی لەگەڵ بنەما سەرەتاییەکانی
بووندا دەکات. ئەو ڕووخسارەکان ناکێشێت، بەڵکو ڕێگەیان پێدەدات خۆیان
دەربخەن و خۆیان نمایش بکەن. سەیری ئەو خەتانە بکە، نابینا - هیچیان
تەواو نین، هیچیان دڵنیا نین لە خۆیان. هەر خەتێکیان گومانێکە و هەر
هێڵێکیان گەڕانێکە لە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە، هەر کەوانەیەکیان پرسیارێکە
لە چییەتی و چۆنیەتی بوون!
لە فەلسەفەی چینیدا، باس لە"وو-وێی" دەکرێ - کردەی بێ-کردە، ئەو
حاڵەتەی تێیدا هونەرمەند نابێتە کۆنترۆڵکاری کارەکەی، بەڵکو ڕێگە بە
کارەکەی دەدات هەر خۆی ڕێگەکانی خۆی بدۆزێتەوە. ئەم ڕووخسارانە، وەک
ئەوە وان خۆیان لە ڕێگەی پەنجەکانی "پێشەوا"وە خۆیان کێشابێت، نەک ئەو
کێشابێتنی!
هێڵکاری وەک زمانێکی سەربەخۆ.
با قووڵتر بچینە ناو تەکنیکی کارەکەی. ئەم شێوازە - کە ناوم ناوە "ئێستاتیکای
هەڵەی مەبەستدار" - دژبەری هەموو ئەو ڕێگە و شتانەیە لەسەر چۆنیەتی
هێڵکارییەکان و وێناکێشانی ڕووخسار فێری بووین. لە هونەری کلاسیکدا
ڕووخسار دەبێ ڕێک و پێک بێ، پڕۆپۆرشنەکان دروست بن، چاوەکان لە شوێنی
خۆیاندا بن. بەڵام لێرە، لەم کارەی پێشەوا؟ چاوێک لەسەرەوەیە، یەکێکی
تر لە خوارەوە. دەمێک کراوەیە بۆ قسەیەک کە بیکات بەڵام هەرگیز نایکات.
لووتێک ونە بۆنێک غائیبە، گوێیەک زیادە بۆ بیستن، کە هەرگیز نابیستێ،
کەچی کۆی پرۆسەکە لێوڕێژە لە پەیام - ئەو پەیامانەی دەگەن و ناگەن،
بەڵام هەرگیز لە وێنا، واتا، درەوشانەوە و دەنگدانەوەی خۆشیان ناکەون!
ئەمە ئەو شتەیە کە فرانسیس بێکن لە تابلۆکانیدا پێڕۆی دەیکرد - تێکدانی
فۆرم بۆ گەیشتن بە حەقیقەتێکی قووڵتر. ڕووخساری "دروست" درۆیە، چونکە
هیچ کەسێک لە ناخەوە "دروست" نییە. هەموومان شێواو و شپرزەین لە ناوەوە،
لە ناخدا، هەمووان پارچە پارچەی لێکدابڕاوین کە هەوڵدەدەین خۆمان
کۆبکەینەوە لە خۆدا، لەوی تردا یان لە هیچدا!
بە کۆمەڵایەتی کردنی ڕووخسارەکان - میتافۆری کۆمەڵگە.
ئەگەر بە وردی سەیری کارەکان بکەین، دەبینین، کە ڕووخسارەکان هەرگیز
تەنها نین. هەمیشە لە کۆمەڵدان، ئەمە لە "کام"ـەوە تا "ناکام"، نە هەر
لە جیهانی خەیاڵی و فانتازیدا، لەواقیعیشدا هەر ئەمەیە حەقیقەتەکە، هەر
دڵێک بۆ خۆی، بۆئەوی تر، بۆ شتانێک لێدەدات. ڕووخسارەکان هەمیشە لە
پەیوەندیدان. ئەمە وێنەیەکە بۆ حاڵەتی مرۆڤ - مرۆڤەکان هەرگیز تەنها
نین، تەنانەت کاتێک بە تەنهاییش دەمرن.
سارتەر دەیگوت "دۆزەخ ئەوانی ترە"، بەڵام پێشەوا وەک ئەوەیە بڵێت "بەهەشتیش
هەر ئەوانی ترە، دۆزەخیش هەر ئەوانی ترە - ئێمە محکومین بە یەکتر". ئەم
ڕووخسارانە ناتوانن لە یەکتر ڕاکەن، ناتوانن خۆیان لە یەکتر جیابکەنەوە.
ئەوان لە پەیوەندیدا بە یەکەوە نووساون - نووسانێک نادیار، نە لەمس
دەکرێ و نە بە چاویش دەبیندرێ. لێرەدا دەگەینە پرسیارێکی گرنگ ئایا
ڕووخسارە وەنبووەکانی پێشەوا، تەنها ڕووخساری خێزانێکن، یان ڕووخساری
مرۆڤایەتیین بە گشتی؟ دەشێ هەردووکیان بن، خێزان وەک مایکرۆکۆزمی
کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، کۆمەڵگە وەک خێزانێکی گەورە تر و ناتەواوی پڕ لە
کێشە و ئاریشە.
ڕەهەندی کاتی - ئایا ئەمانە مردوون یان زیندوون؟
یەکێک لە سەیرترین لایەنەکانی ئەم مانیفێستۆ هونەرییەی پێشەوا مەحمود
ئەوەیە، کە ناتوانیت بڵێیت ئەم ڕووخسارانە زیندوو یان مردوون. ئەوان لە
شوێنێکدان – شوێنێک کە دەکەوێتە نێوان ژیان و مەرگ، بوون لە حاڵەتێکی
بەرزەخیدا - بەرزەخ بە مانا کلاسیکییەکەی. ببینە چاوەکانیان کراوەن،
بەڵام نابینن. دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، کەچی پەیامیان هەیە –
پەیامی جیاواز، بۆ هەر کەسێ، لە هەر گۆشەنیگایەکەوە لێیبڕوانێت دەتوانێ
پەیامی نوێ ببینێت. ئەمە وادەکات بیر لە مومیاکاری میسری کۆن بکەینەوە
- ئەو نیگارانەی کە لەسەر تابووتەکان دەکێشران. ئەوانیش هەمان حاڵەتی
نێوان ژیان و مەرگیان هەبوو. بەڵام کاری میسرییەکان پاراستنی
مردووەکانیان بوو بۆ ژیانی دوای مەرگ، پێشەوا وەک ئەوە وایە بیەوێت
زیندووەکان بکوژێت بۆ ئەوەی لە هونەردا نەمر بیانهێڵێتەوە و نەمرییان
لە شوێن و کات و زەمەنێکی تردا بپارێزێت.
دیالێکتیکی تاک و کۆ.
ڕووخسارەکان هەم تاکن، هەم کۆن. هەر یەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە -
شێوەی چاو، فۆرمی دەم، قژی جیاواز. بەڵام لە هەمانکاتدا، هەموویان هەر
یەک ڕووخسارن - ڕووخساری مرۆڤ، ڕووخساری ترس، ڕووخساری تەنهایی،
ڕووخساری تەبا و نا تەبایی. تاریک و ڕوون. ئەمە یەکێکە لە پارادۆکسە
گەورەکانی بوونی مرۆڤ. ئێمە هەموومان جیاوازین، بەڵام هەموومان هەر
هەمان چەشن و هەر هەمان شتین. هەمووان تایبەتین، بەڵام هەمووان
ئاساییین. پێشەوا ئەم پارادۆکسە بە شێوەیەکی هوونەری بینراو دەخاتە ڕوو
- تەماشا بکە چۆن ڕووخسارەکان لە یەکتر دەچن بەڵام جیاوازن، جیاوازن
بەڵام هەر یەک شتن.
سیمبۆلیزمی ڕەنگ و بۆشایی.
با لە ڕەنگەکان ورد ببینەوە. ڕەش - ڕەنگی هەموو ڕەنگەکان و نەبووی
هەموو ڕەنگەکان. سپی - ڕووناکی تەواو و تاریکی تەواو. لەم نێوەندەدا،
خاڵی خەڵۆزی دەردەکەون، تۆنە جیاوازەکانی ڕەش و خۆڵەمێشی. بەڵام ئەوەی
سەرنجڕاکێشە بۆشاییەکانە. ئەو شوێنانەی کە هیچ نییە. ئەم بۆشاییانە
بەشێکن لە کارەکە، هەر ئەوەندەی ڕەشەکان. ئەوان ئەو شتانەن کە نەوتراون،
ئەو کەسانەن، کە لەوێ نین، ئەو یادەوەرییانەن، کە ئەسبەر نەکراون و
لەبیرچوونەتەوە.
لە فەلسەفەی ژاپۆنیدا "ما" واتە بۆشایی یان ئینتێرڤاڵ کە بە بەشێکی
گرنگی هونەر و ژیان دادەنرێ. لێرەدا بۆشایی تەنها نەبوون نییە، بەڵکو
پۆتانسیەڵە، ئیمکانە، شوێنە بۆ ئەوەی شتێک ڕووبدات. لەم ڕووخسارە
مەبەستدارانەی پێشەوا مەحمود دا، بۆشایی قسە دەکات - ڕێک بە هێندەی
خەتەکان، ئەوەندەی هێڵکارییەکان و پڕییەکان.
پەیوەندی نێوان کێشەر و کێشراو.
کاتێک پێشەوا ئەم وێنانە دەکێشێت، چ ڕوودەدات؟ ئایا ئەو کۆنترۆڵی
تەواوی هەیە، یان کارەکان کۆنترۆڵی ئەو دەکەن؟ پێموایە لێرەدا شاهیدی
دیالۆگێکین - دیالۆگێک لە نێوان دەستی هونەرمەند و ماددەی هونەری، لە
نێوان ویستی کێشان و خود ویستی وێنەکان. ئەمە ئەو شتەیە کە پۆڵۆک کاتی
دروستکردنی "دریپ پانیتینگ"ـەکانی ئەزموونی دەکرد - ئەو ساتەی کە
هونەرمەند دەبێتە ئامێرێک بۆ دەرکەوتنی شتێک کە لە خۆی گەورەترە.
پێشەوا لێرەدا بووەتە "میدیۆم" - ناوەندێک کە لە ڕێگەیەوە ئەم
ڕووخسارانە خۆیان دەردەبڕن.
هەناسەی قەڵەم و گریانی کاغەز.
لە چاتینگێکماندا پێشەوا نووسیبووی"بناغەی ئەو هێڵانە، بابمە، دایکمە،
ئەتۆی، ئەوی دیکەیە هەتا کۆتایی..."، ئەو لە ڕاستیدا مانیفێستۆیەکی
هونەری-فەلسەفی ڕادەگەیەنێت: هونەر بریتییە لە کۆی ئەو پەیوەندییانەی
مرۆڤ پێکدەهێنن، ئەو تۆڕە نادیارەی کە هەموومان تێیدا گیرۆدەین.لە
چاتێکی تردا، نووسیبووی: "کاتێک دەکێشم، هەست دەکەم ڕووخسارەکان لە
پەنجەکانمەوە، دەردەچن، نەک لە مێشکمەوە." ئەمە وا دەکات بیر لە
قسەیەکی سۆفیستەکان بکەینەوە کە دەڵێن "قەڵەم دەکەوێتە نێوان دوو
پەنجەوە، بەڵام لە دڵەوە دەنووسێت." ئەگەر وردتر لە خەتەکان بڕوانین،
دەبینین هەندێکیان وەک هەناسەیەکی قووڵن – هەندێکیان درێژ و خاو،
هەندێکی تریان وەک هەناسەیەکی بەپەلە - کورت و تیژڕۆ. لێرەدا قەڵەمەکەی
پێشەوا هەناسە دەدات و کاغەزەکە ئەو هەناسانە وەردەگرێتەوە و
دەیانپارێزێت. هەر خەتێک ڕیتمێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک ئەوەی دڵی
هونەرمەند لە کاتی وینەکێشاندا لێبدا و ئەو لێدانانە بگوازێتەوە سەر
کاغەز. لەمەدا دەگەینە پرسیارێکی میتافیزیکی: ئایا هونەر دەتوانێ
هەناسە بپارێزێ؟ ئایا دەتوانێ ئەو ساتە ونبووانە ڕاگرێت، کە تێیاندا
مرۆڤ هەست بە بوونی خۆی دەکات؟ وڵامەکە لەم کارەدا دیارە - بەڵێ، بەڵام
بە شێوەیەکی ناتەواو، بە شێوەیەکی پارچە پارچە، هەر وەک چۆن یادەوەری
خۆی پارچە پارچەیە.
سێبەر و ڕووناکی لە نەبووندا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەیرەکانی ئەم کارانە، نەبوونی سێبەرە. لە
جیهانێکی تەنها ڕەش و سپیدا، سێبەر بوونی نییە. بەڵام پێشەوا بە
شێوەیەکی نایاب توانیویەتی قووڵایی بێ سێبەر دروست بکات. ئەمە
میتافۆرێکە بۆ ژیان لە تاراوگە - ژیانێک بێ تۆناڵیتە، بێ ئەو
وردەکارییانەی کە ژیانی ڕۆژانە پڕ دەکەنەوە. لە تاراوگەدا، هەموو شتێک
دەبێتە ڕەش یان سپی - یان لەگەڵتدایە یان دژتە، یان لە ماڵەوەی یان نا.
ناکرێ لە نێوەڕاستدا بیت، ناکرێ سێبەری خۆڵەمێشی بیت. پێشەوا ئەم دۆخە
دەخاتە ڕوو بە ڕاستگۆیی و ڕاستەوخۆیی لە ڕێگەی تاڵە ڕەش و سپییەکانەوە.
بێدەنگی و هاوار.
ڕووخسارەکان دەمیان کراوەیە، بەڵام دەنگیان نییە. لە حاڵەتێکی سەیردان
- نە تەواو بێدەنگن، نە تەواو هاوار دەکەن. دەمە کراوەکان وەک کونێکن
بەرەو هیچ، بەرەو بۆشایی، بەرەو عەدەم. دێریدا باسی "سکووتی دەق" دەکات،
ماڵارمێ باسی "بێدەنگی ڕەها" دەکات. لێرەدا پێشەوا هەردووکیان پێکەوە
دەخاتە کار - دەقێکی بینراو کە سکووت دەکات، بێدەنگییەک کە هاوار دەکات.
ئەم دەمە کراوانە پڕن لە قسەی نەکراو، نەوتراو، پڕن لەو شتانەی کە
ناتوانرێ بوترێن – یان لانیکەم ناتوانرێ بەو زمانەی کە هەمووان دەتوانن
قسە و وێنای پێبکەن بوترێن. لە تاراوگەدا دەشێ زۆر شت هەبن کە ناتوانرێ
بوترێن. ناتوانیت بڵێیت دڵم تەنگە بۆ بۆنی خاک، ناتوانیت بڵێیت دەتەوێت
دەستت لە دیوارە کۆنەکانی ماڵەوە، لە ڕوومەتی برا، لە پەنجەی خوشک
بدەیت. ئەم شتانە دەبنە هاوارێکی بێدەنگ، دەبنە دەمێکی کراوە کە هیچ
دەنگێکیان لێوە نایەت.
جەستە و ڕۆح - ڕووخساری بێ جەستە.
ئەم ڕووخسارانە جەستەیان نییە. تەنها سەر و ڕووخسارن، پێکڤە هەڵواسراو
لە بۆشاییدا. ئەمە نیشانەیەکە بۆ دۆخی مۆدێرن - ئێمە لەم ڕۆژگارەدا
تەنها بووینەتە ڕووخسار، پرۆفایل، ئەکاونت. جەستەمان لە پشتی
شاشەکانەوە ونبووە، تەنها بووینەتە وێنەیەکی ئەبستراک و نوێنەرایەتییەک
بۆ خۆمان. بەڵام هێشتا دەتوانین بڵێین ئەمە نیشانەیەکە بۆ حاڵەتی ڕۆحی
لە تاراوگە. کاتێک دوور دەکەویتەوە لە خاکەکەت، جەستەت لەوێ دەمێنێت.
تەنها ڕۆحت دەڕوات، تەنها ڕووخسارت دەمێنێت لە یادەوەریدا. پێشەوا ئەم
دابڕانە دەکێشێت - دابڕانی ڕۆح لە جەستە، دابڕانی ڕووخسار لە بوون.
دووبارەبوونەوە و جیاوازی - ڕیتمە بێکۆتاییەکان.
دێلۆز باسی "دووبارە جیاواز" دەکات - ئەو دووبارەیەی کە هەرگیز وەک خۆی
نییە. لەم کارانەدا، هەر ڕووخسارێک دووبارەیە، بەڵام جیاوازە. هەمان
چاو، بەڵام لە شوێنێکی جیاواز. هەمان دەم، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز،
هەمان خەت و هەمان هێڵکاری، بەڵام لە دیمەنێکی تەواو جیاوازتردا. ئەمە
ڕیتمی ژیانە لە تاراوگە. هەموو ڕۆژێک وەک ڕۆژی پێشووە - هەمان خەم،
هەمان دڵتەنگی، هەمان پرسیارەکان. بەڵام هەر ڕۆژێک جیاوازە - تەمەنت
گەورەتر دەبێت، یادەوەرییەکانت کاڵتر دەبنەوە، دوورییەکان قاڵ و قووڵتر
دەبنەوە. "پێشەوا مەحمود" ئەم ڕیتمی دووبارەبوونەوەیە زۆر جیاواز
دەگوازێتەوە سەر کاغەز – کاغەزی جیاواز لە پێکهاتە و قەبارە و قیاساتی
گەورە و گچکەدا.
نێوان دوو جیهان - بەرزەخی هونەری.
پێشەوا لە پاریسە، بەڵام بۆ کوردستان دەکێشێت. من لە رانیەم، بەڵام بۆ
ئەو لە پاریس دەنووسم. ئەم نێوانبوونە، بەرزەخی خۆی لە کارەکاندا
دەردەخات. ڕووخسارەکان نە تەواو لێرەن، نە تەواو لەوێن. ئەوان لە
شوێنێکی نێواندان، لە فەزایەکدا نادیار، بەرزەخ لێرە مانا کلاسیکییەکەی
خۆی تێدەپەڕێنێت، دەچێتە قۆناغی نێکست-پۆست-مۆدێرن، ئەوەی کە ناوم ناوە
"دینامیزمی بەرزەخی" و تێزەکەی هێشتا بڵاونەکراوەتەوە. بۆچی؟ چونکە
کارەکە نێوانەکە دەبڕێت، تەنها لە تێکشکاندن و بیناکردنەوەی
پەیوەندییەکە لەسەر ئێسک و پروسکی هێڵ و وشەکاندا نامێنێتەوە، نا.......
ئەو مەودایە دەبڕێ، شتێکی نوێ خەڵقدەبێ و لە نوێ لە دایکدەبێت. ئەم
بەرزەخە تەنها جوگرافی نییە، بەڵکو کاتییە، فەرهەنگییە، ڕۆحییە،
فەلسەفییە. کاتێک لە تاراوگە دەژیت، هەمیشە لە دوو کاتدا دەژیەیت -
کاتی ئێستا - شوێنی نوێ، کاتی ڕابردوو - شوێنی کۆن. هەمیشە لە دوو
فەرهەنگدای، لە دوو زمان، لە دوو دنیادایت. پێشەوا ئەم دووانەییبوونە
ورد تێدەپەڕێنێ، ئەم شیزۆفرینیای ناچاریە لە ڕەگە فکرییەکانەوە دەبڕێت،
پێکەوە جیهانێکی تر، دونیابینییەکی تر، لە تێگە و فۆڕمێکی نوێتردا
داهێنەرانە دەخەنە ڕوو.
مەسەلەی ناسنامە و بێ-ناسنامەیی.
ئەم ڕووخسارانە کێن؟ ناویان چییە؟ تەمەنیان چەندە؟ نێرن یا مێر، لە کوێ
دەژین؟ هیچ وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە نییە، ئەمە بەشێکە لە هێزی کارەکە.
ئەوان هەم هەمووکەسن، هەم هیچکەس نین، هەم نێرن و هەم مێر. لە سەردەمی
پۆست-مۆدێرندا، مەسەلەی ناسنامە بووەتە یەکێک لە پرسیارە ناوەندییەکان.
ئێمە کێین؟ ئەرێ ئەوە چی ئێمە دەکاتە ئێمە؟ پێشەوا لێرەدا وەک ئەوە
وایە بڵێت: هیچ. ئێمە تەنها کۆمەڵە خەتێکین لەسەر ڕووپەڕێکی سپی،
کۆمەڵێک ئیحتیمالین کە خۆمان هەڵدەبژێرین. ئەم بێ-ناسنامەییە
ئازادییەکی سەیر دەبەخشێ. کاتێک ناوت نییە، دەتوانیت هەموو ناوێکت
هەبێت. کاتێک ڕووخسارت دیار نییە، دەتوانیت هەموو ڕووخسارێکت هەبێت.
بەڵام لە یەککاتدا ئەم ئازادییە بارێکی قورسە - بارگرانی نەبوون،
بارگرانی نەناسراوبوون، بارگرانی خەڵقبوونەوە لە خۆدا.
کۆتایی وەک دەستپێکێکی نوێ.
کاتێک سەیری ئەم کارانەی دەکەم، هەست دەکەم پێشەوا شتێکی زۆر گرنگ
دەڵێت دەربارەی سروشتی بوون و خودی مرۆڤبوون لە سەردەمی ئێستادا. ئێمە
هەمووان پارچە پارچە و هەموومان ناتەواو و هەمووان لە هەوڵی دۆزینەوەی
خۆماندا ون دەبین و ئەوەی ڕێ لەم خودونکردنە دەگرێ، تەنها و تەنها
خەڵقبوونەوەیە لەنوێ نەک خۆ بیناکردنەوە و خۆ بونیادنانەوە لەسەر دارو
پەردوی تێکشکاو. هەرچەندە لەم ونبوونەدا، جۆرە جوانییەک هەیە. لەم
ناتەواوییەدا تەواوییەک هەیە. ڕووخسارە شێواوەکان ڕاستگۆترن لە
ڕووخسارە جوان و جوانکراوەکان، چونکە ئەوان باس لە حەقیقەتی ناوەوەمان
دەکەن، نەک ڕووکەشەکان.
پێشەوای برام لە تاراوگەوە ئەم دیارییە دەنێرێت - دیارییەکی تاڵ و
شیرین لە یەککاتدا. تاڵە چونکە باس لە دۆخی مرۆڤایەتی ئەمڕۆ دەکات،
شیرینە چونکە دەریدەخات کە تەنانەت لەم دۆخەشدا، هونەر دەتوانێت
جوانییە بێ هاوتاکان بخوڵقێنێت. ئەم شانامەیە تەواو نابێ، چونکە خودی
کارەکانیش تەواو نین. ئەوان کراوەن بۆ هەموو تەفسیرێک، ئامادەن بۆ
هەموو خوێندنەوەیەک. گەورەیی هونەری ڕاستەقینەش دەی هەر ئەمەیە - ئەوەی
کە هەمیشە زیاتر دەڵێت لەوەی کە دەیڵێت، هەمیشە قووڵترە لەوەی کە
دەردەکەوێت.
ئیتر ئەمە پێشەوا'یە، ئەو هونەرمەندەی لە پاریسەوە بە قەڵەمی ڕەش، ئێمە
و هەمووان دەکێشێ، هەرگیز بۆ ئەوەی نییە بگاتەوە هیچ کوێ، بەڵکوو بۆ
پەڕینەوەیەتی لە هەر کوێ، بێگومان تەنها لە ڕێگەی "هێڵ"ـەکانەوە، ئەو
هێڵانەی خۆی دەیانکێشێت، نەک ئەوانەی کێشراون، ڕووخسارە ونبووەکانی "پێشەوا"
هەمیشە لێرەن، هەمیشە لەوێن، هەرگیز لێرەنین، هەرگیز لەوێ و هیچ کوێ
نین!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|