٧\٩\٢٠١٣
شاندێکی هاوبەش
سەردانی کۆچبەرانی رۆژئاوایان کرد لە کەمپی باسترمە.
پێنچشەمە
٧\٩\٢٠١٣
ڕێکخراوی نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان (ئۆڕتە)ی سەر بە فیدراسیۆنی
زیندانیانی سیاسی کوردستان لە بەردەوامی بەدواداچوونەکانیدا لەسەر
بارودۆخی کۆچبەرانی ڕۆژئاوای کوردستان لەھەرێمی کوردستان ، ئەمڕۆ
سەردانی کەمپی کۆچبەرانی ڕۆژئاوای کوردستانی نیشتەجێی شارۆچکەی
باسترمەی سەر بە پارێزگای ھەولێری کرد.
شاندێک کە پێکھاتبوو لە فوئاد زیندانی سەرۆکی ئۆرتە و ڕۆژنامەنووس و
فۆتۆگرافی ئەڵمانی ب.ھیلە و فۆگراف ف. سمیت کە خەڵکی ووڵاتی ئۆستریشە
سەردانی کامپی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستانیان لە شارۆچکەی باسترمە
کرد ، دوای کاتژمێر نۆی پیشنیوەڕۆ گەیشتنە کامپەکە کە ٧ ھەزار کۆچبەری
تێدا نیشتەجێیە.
لەسەرەتادا ھاووڵاتیەک ناوی (ع. ع. م) کەخەڵکی قامیشلۆ بوو بۆ شاندەکە
لێدوانیدا ، گووتی ١٧ ڕۆژە خۆم نەشوشتووە ، لەبەر ئەوەی شوێنی خۆشتن
نیە، تەنانەت توالێتیش نیە ئەگەر ھەبێت ژمارەی توالێتەکان کەمن ،
منداڵە بجووکەکەم نەخۆشە لێرە چارەسەری پزیشکی نیە ، ھیچ پارەمان نیە
بیبەین بۆ دکتۆری تایبەت ، وەرن منداڵەکەم بەچاویخۆتان ببینن ، ئاوی
پاک بۆ خواردنەوە نیە بەمھۆیەوە منداڵان زۆربەیان نەخۆشن ، ڕۆژانە
خواردن بەپیکەب لەکەمپەکە دابەش دەکرێت ، بەڵام خواردنەکە ھەموو ڕۆژ
دووبارەیە ، چێشتەکە لێندراوە نیوەڕۆ لەنێوان کاتژمێر ١٢ تا یەکی
نیوەڕۆ دابەشدەکرێ ، ناوبراو بەخۆی و ھاوژینەکەی زمانی ئینگلیزیان
بەباشی دەزانی خاوەن چوار منداڵبوون سێ کوڕ و یەک کچ ، منداڵە
بچووکەکەی ناوی ئیبراھیم بوو ، گووتی ناوم ناوە ئیبراھیم چونکە لەشاری
لە ٣٠.٠٩.٢٠١٢ تەقینەوەیەک ڕوویدا من و ئەو منداڵە پێکەوەبووین ،
واھەستمکرد منداڵەکەم لەو تەقینەوەیە گیانی لەدەستداوە ، بەڵام دواتر
سەلامەتبوو بەمھۆیەوە ناومنا ئیبراھیم ، لەبەرئەوەی ئیبراھیم پێغەمبەر
کاتێک خرایە ناو ئاگر وویستیان بیسوتێنن دواتر بەسەلامەتی ھاتەدەرەوە ،
ئەو منداڵەش وابوو لەناو ئاگر بەسەلامەتی دەرچوو.
دواتر چەند ھاووڵاتیەکی کۆجبەری کەمپەکە قسەیانکرد ، ڕەخنەیان ھەبوو لە
کارەکانی یوئێن لەناو کەمپەکە وە ڕەخنەیان ھەبوو لەسیستەمی بەڕێوەبردنی
کەمپەکە کە بۆیان نیە بچنە شارەکانی تر ڕێگەیان پێنادرێ ، بێکاری و
بێپارەیی بێزاریکردوون . ھاووڵاتیەکی ڕۆژئاوا ناوی مەحمود حەمۆ ڕەمۆ
بوو خەڵکی گووندی مەعشوق نزیک تربەسپی بوو گووتی من ١٧ ڕۆژە لێرەم لەم
کەمپە خاوەن ١٠ سەر خێزانم ھیچ کارم نیە خۆم شوفێرم ، ئەگەر بتوانن
کارم بۆ بدۆزنەوە ، ناوبراو گووتی تائێستا ٣ مارم کوشتوە لەم کەمپە.
دواتر فوئاد زیندانی سەبارەت بەھۆکاری کۆچبەربوونی کوردانی ڕۆژئاوا
پرسیاری لەو کۆچبەرانە کرد ، ژمارەیەک لەو کەسانەی کەلەوێ بوون
بەپەرۆشەوە وەڵامیان دەداوە تەنانەت جاری واھەبوو چەندکەسێک پێکەوە
قسەیاندەکرد ، فوئاد زیندانی گووتی بۆ ئەوەی لەیەکتری تێبگەین ئێوە
بڕۆن ئێمە دێین لەشوێنی نیشتەجێبوونتان یەک یەک سەردانتان دەکەین و
گوێتان لێڕادەگرین ، ئەوەبوو سەردانی ھاووڵاتیەکی ڕۆژئاوای کرد کەناوی
( م. س ق) بوو گووتی من خەڵکی گوندی کەفرسەغیرم کە نزیکە لەتەلعەران و
تەلحاسڵ ، لە ڕۆژی ٢٠١٣/٨/١٤ کاتژمێر ٥ ی بەیانی بوو ھێزێک کەژمارەیان
دوو ھەزار چەکدار بوو پێکھاتبوون لە بەرەی نوسرە ، لیوای سەلاحەددین،
لیوای تەوحید و لیوای غورەباء ئەلشامی سەربە سوپای ئازاد بەبێ ھیچ
ھۆکارێک ھێرشیانکردە سەر گوندەکەمان بەئامانجی کوشتنی ھەرھەموومان
تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین ، ئێمەش کەوتینە بەرگری لەخۆکردن بەتایبەتی
گوندەکەمان ھەموومان چەکدارین شەڕێکی گەورە کرا تا دواتر ھێزەکانی
یەپەگە ھاتنە یارمەتیمان ، شەڕەکە تا کاتژمێر ٩ ی شەو درێژەیدا ،
ھێزەکانی ئەوان سەرباری ئەوەی شکستی گەورەیان خواردبوو بەڵام چونکە
ژمارەیان زۆربوو چواردەورەی گوندەکەیان گرتبوو نەدەرۆیشتن ، بۆیە بۆ
ئەوەی وەکو ناوچەی تەلعەران و تەلحاسل کۆمەڵکوژمان نەکەن شەو
لەگوندەکەمان کشاینەوە ، لەئەنجامدا ئامۆزایەکم واتە کوڕی مامم ناوی (
کامل حەمدی قلیشارو) بوو شەھید لەو شەڕەدا شەھید بوو ، وە ئامۆزایەکی
ترم ناوی (ئەحمەد شەعبان قلیشارو) بوو لەلایەن بەرەی نوسرە لەو شەڕە
بەدیل گیرا ، دوای ئەوەی لەلایەن بەرەی نوسرە بەسەختی ئەشکەنجەدرا
شەھید بوو ، لەبەرامبەردا ٢٤ تیرۆریستی ئیسلامیش لەو شەڕەدا کوژران ،
بۆمان دەرکەوت لەنێو کوژراوەکاندا مەغریبی و جەزائیری و سلێمانیەکی
باشوری کوردستان و کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستان ھەبوون. (م. س . ق) کچێکی
ھەیە ناوی (س)ە تەمەنی ١٧ ساڵە نەخۆشی ئیفلیجبوونی مێشکی ھەیە بەم
ھۆیەوە ناتوانێ بەدەستی خۆی نان و ئاو بخوا کەمئەندامە ، داوای
یارمەتیکرد بۆ کچەکەی .
دواتر فوئاد زیندانی سەبارەت بە
کۆمەڵکوژیەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ پرسیاریکرد ئایا کەس ھەیە خەڵکی ئەو
ناوچانە بناسێ ؟ محەمەد گووتی بەڵێ خزم و کەسمان لەوێ ھەیە ئەگەر
دەتەوێ دەتوانی بەتەلەفۆن پەیوەندیان لەگەڵبکەی ، بۆ ئەم مەبەستە فوئاد
زیندانی لەڕێگەی تەلەفۆن پەیوەندی کرد بەو ھاووڵاتیەکی خەڵکی تەلحاسڵ
کە بەووردی ئاگای لەڕووداوەکانبووە ناوی (ع .ص) بوو ، لەناوبراوی
پرسیارکرد دەتوانی بۆم باس بکەی ئەوەی لەتەلعەران و تەلحاسڵ ڕوویدا چۆن
بوو؟( ع . ص)لەوەڵامدا گووتی پێشتر ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕۆژانە بۆمبارانی
ناوچەکانی تەلعەران و تەلحاسڵی دەکرد ، بەڵام ڕۆژێک ھێزەکانی ڕژێم
بۆمبارانیان ڕاگرت نەمانزانی ھۆکاری ڕاگرتنەکە چیبوو ، ھەر ئەو ڕۆژە
گوێمان لەدەنگی تەقەکردن بوو ، دەرکەوت ھێزەکانی بەرەی نوسرە و دەولەتی
شام و عیڕاق بەھەمئاھەنگی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد کەئەو رۆژە
بۆمبارانی ڕاگرتبوو ھێرشیان ھێناوە بۆ سەر تەلعەران و تەلحاسڵ بەبێ
ئەوەی ھیچ ھێزێکی چەکداری کوردی لەوێ ھەبێت یا بوونی ھەبووبێت ، ھۆکاری
ھێرشەکەیان بۆ سەر ئێمەی سڤیل تەنیا لەبەر ئەوەبوو چونکە ئێمە کوردین ،
لەو ڕۆژەدا چەکدارە ئیسلامیەکانی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام
بەنیشانەی چەکی قەناس خەڵکێکی زۆریان کوشت ، تەنانەت وای لێھات ھەرکێ
جولەی بکردبایە دەیانکردە ئامانج و دەیانکوشت ، بۆ تۆقاندنی خەڵکەکە
دوو کوردیان بەناوەکانی( ئیبراھیم و حەمار) سەربڕی ، شەو لەڕێگەی
بڵندگۆی مزگەوت بانگەوازیانکرد ھەموو کوردەکان لەماڵەوە وەرنە دەرەوە ،
ھەرکەسێک دەرنەچێتە دەرەوە ئەوا ژنەکانیان دەبەین ، ئەو کەسەی ئەو شەوە
ئەو بانگەوازەی دەکرد ناوی ( ئەبو عوبێدە ) بوو خەڵکی ووڵاتی تونس بوو
، بەھەمان شێوە کوردێکیش ھەبوو لەگەڵ بەرەی نوسرەبوو ناوی ئەبو ئەنەس
بوو ، وە ئەفسەرێکی پلەداری سوپای ئازاد کەناوی عەبدئەلجەبار بوو ھێرشی
تەلعەرانی کرد ھەر کوردێک لە دەرەوە بوایە دەیکوشت ، کێشەکە لەوەدابوو
کەس نەبوو بەرگری لەئێمەی کورد بکات لەو ناوچەیەدا ، ھێزەکانی یەپەگەش
لەوێ نەبوون ، جەبھەت ئەلئەکراد ھەبوو بەس لاواز بوون توانای پاراستنی
کوردانیان نەبوو ، بەگشتی ٥٠٠ کوردیان ڕفاند و ٢٢ کوردیان کوشت و
ژنێکیان برد بۆ حەلەب تائێستاش نەھاتەوە ، ئەوەی جێگەی داخە پارتێکی
کوردی (پارتی ئازادی) کە مستەفا جومعە سەرۆکایەتی دەکا لەگەڵ ئەو
ئیسلامیە تیرۆرستانە بوو ھاوکاری بەرەی نوسرەی دەکرد کەدژی میللەتی
کورد تاوانی ئەنجامدەدا.
دواتر ھاووڵاتیەکی کۆچبەری ڕۆژئاوا ناوی ( ع . م. ع) بوو خەڵکی شام -
دیمەشقە گەڕەکی عێن تەرما ، گووتی سوپای ئازادی سوری ساڵیک و نیو
لەمەوبەر ئۆتۆمۆبیل و خانووەکەمیان تەقاندەوە ، من خاوەن دارێکی زۆر
بووم لەبەر ئەوەی کاری بەستنی بان - سەقفی خانووم دەکرد سوپای ئازاد
ھەموو دارەکانی منی سوتاند چونکە کوردم ، دواتر چووم لەشاری ئەلڕەقا
نیشتەجێبووم لەوێش سوپای ئازاد جارێکی تر دارەکانی منیان سوتاند ،
ژیانم نەما تا لە ٢٠١٣/٨/٢٠ کۆچبەربووم و ھاتمە ھەرێمی کوردستان ،
ئێستاش ئەو ٥ منداڵەی دەیبینن بێ دایک و باوکن من و دایکم لێرە
بەخێویان دەکەین ، باوکم لەسوریا بەھۆی نەخۆشی نەیتوانی بۆ ئێرە بێت ،
داوا لەھەموو کوردێک دەکەم یارمەتیمان بدەن.
ھەر لەو کەمپەدا ژنێکی کۆچبەری ڕۆژئاوا ھات گووتی تکایا وەرن سەردانی
ئێمەش بکەن پیاوەکەم ناوی (حەسەن محەمەد عەبدولکەریم) ە زۆر نەخۆشە
پێویستی بەچارەسەری پزیشکی ھەیە ، کە لەلایەن شاندەکە سەردانیانکرا ،
دیاربوو لای ڕاستی لەشی ئاوسابوو ، پێشتر لەسوریا بەھۆی ڕووداوی
ئۆتۆمۆبیل دووجار ئۆپەراسیۆنی بۆ کرابوو ، بەڵام ئێستا زۆر ئاوساوە و
نەخۆشخانە و پزیشک لەکەمپەکەش بوونی نیە.
دواتر شاندەکە سەردانی ھاووڵاتیەکی کۆچبەری تری کەمپەکەی کرد کەناوی (محەمەد
جەمال عەمۆ) بوو ، خەڵکی سەری کانیێ بوو ، ئەویش بەدووروودرێژی باسی
بارودۆخو شەڕەکانی سەری کانیێی کرد ، گووتی من زۆر سوپاسگوزاری خەڵکی
ھەرێمی کوردستانم بەتایبەتی خەڵکی باسترمە چوونکە ماوەی ھەشت ڕۆژ تا
یارمەتیەکانی یوئێن ھات ئەوانە خواردنیان بۆ ھەرھەموومان دەھێنا ،
دەرگای ماڵەکانیان بۆ ئێمەی کۆچبەری ڕوژئاوا کردبۆوە ھیچ نەما بۆ ئیمەی
نەکەن ، تەنانەت ئەگەر ئەوان کۆچبەرببان بۆ ڕۆژئاوا ئێمەوە ئاوامان بۆ
نەدەکردن.
لەکۆتاییدا لەگەرانەوەی شاندەکە بەرەو ھەولێر کوڕێکی گەنج ناوی( ئازاد)
بوو کە خەڵکی دەڤەرەکە بوو بە ئۆتۆمۆبێلەکەی شاندەکەی ھێنایەوە بۆ
ھەولێر ، لەڕیگا گووتی لە ٢٩ ی ئاب دوو خێزانی کۆچبەری ڕۆژئاوایی
دانیشتووی ئەو کەمپەم بردە سەر سنور گەڕانەوە ڕۆژئاوای کوردستان ،
بەھەمانشێوە مامم شوفێرە ئەویش خێزانێکی بردبوو بۆ سەر سنور ئەوانیش
گەڕانەوە ، تائێستا ئەوەی من ئاگاداربم ٥ خێزان ئەم کەمپەیان جێھێشتووە
بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان گەڕانەوە،
رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە
و لەسێدارەدان
zindani@fppk.net
|