٢\١١\٢٠١٤ شانە نوستووەکانی کوردستان.
پراکتیزەکردنی شەڕی نەتەوایەتی لە لایەن حکومەتەکانی زۆرینەی عەرەب و تورک و فارس لەسەر ئەرزی واقیع دژ بە کورد نە سڵی لێکراوەتەوە و نەخۆشیان لێپاراستوە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بە دڕێژایی مێژو سەرباری ئەوەی مەخابن زۆرجار دەستیان سوربوی خوێنی یەکتر کردوە، بەڵام هەرگیز لە بەرامبەر نەتەوە سەردەستەکان کە هەمیشە بنکۆڵی پەیوەندی دۆستانەیان کردوە و بەردەوام ئەم جۆرە شەڕەیان بەسەردا سەپاندوین و بەو نەفەسە شۆفێنیزمیەوە دەرگای شەڕیان بەسەردا کردوینەتەوە کەچی ئێمەی کورد و بزاڤی کوردایەتی نەک هەر بە هەمان ئاراستەوە بەرخوردمان لە تەک ئەو گەلانەدا نەکردوە کە قەدەر کردونی بە کەڵەگا، بەڵکو هەمیشە لە ترسنۆکیدا وەها پەرچەکردارێک بە هێڵی سوور زانیوە و کەس نەیتانیوە توخنی بکەوێ.
بە کورتی و کرمانجی ئەوە بڵێم ئەوەی کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕودەدات هیچ کات و ڕۆژگارێک بەقەد ئەم یەک دوو ساڵەی دوایی جەستەی کوردستانی باشووریان نەخستۆتە بەر ڕەحمەتی تەعریب لایەنی سەرەکی و بەرپرسی یەکەم لە سەرهەڵدانی ئەم بارودۆخ و قەیرانانە ، لە کورتبینی سیاسەتی حکومەتی هەرێم لە شێوازی پێشوازیکردن و داڵدەدان و دابینکردنی جێگا و دابەشکردن و نیشەتەجێکردنیان و هەروەها ئیدارەدانی ئەو شەپۆلە زۆرەی عەرەبە کە هەڕەمەکی ڕویان لە کوردستان کردوە (گلەیم لە وەرگرتنی ئاوارەکان نیە کە ئەوە لایەنێکی مرۆڤایەتیە)؟ هەروەها وەک پێویست حیساب بۆ نەکردنی دەزگا ئەمنی و پەیوەندارەکانیتری هەرێمە بۆ ئەم دۆخە سیاسیە سەربازیە وەک ئەوەی کە هەیە لە بەرچاوڕونیان لە بوونی بێچوە داعش و بەعسی عایار ٢٤ کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دزەیان کردوە و لە ئێستادا چ وەک شانەی چەکداری سڕ یانیش گەرای نوستوو کە لە چاوەڕونی لێدانی زەنگی کاتژمێری سفری نزیکبوونەوەی زیاتری داعش یان هێزە سەرکوتکەرەکانی عێراق دان بۆ ئەوەی لە هەموو لایەکەوە سەر قیت بکەنەوە یان دەست بە ئاژاوەگێڕی بکەن ، ئەو کات کار لەکار دەترازێت، نە هێزەکانی پۆلیس و نە ئاسایش و نە دژەتیرۆر کە ئەرکی پاراستن سەلامەتی و ئاسایشی هاوڵاتیانیان لە ئەستۆیە فریای ئەو هەموو کولەیە دەکەون کە دەکەونە وێزەی مەزرای تەڕ و سەوزی کوردستان!!؟ ئومێد دەکەم هەڵەبم.
|