١٩\٨\٢٠١١
شانۆنامەى
کڵاوى سەخرەجن.

رێبین ئەحمەد خدر
- شانۆنامەیەکى یەک
پەردەییە -
کەسەکان :
نەخۆشى یەکەم
نەخۆشى دووەم
قەڕەویڵەیەک لەناوەڕاستى شانۆ دەبینرێ، سەرچەفێکى گوڵ گوڵى جوان،
پیاوێکى کەمێ قەڵەو و ڕەنگ زەرد لەسەر قەڕەوێڵەکە دانیشتووە، بەتەواوى
دیارنییە تەمەنى چەند دەبێت، بەڵام لە چل بەرەو سەرەوە
ڕۆیشتووە،پەنجەکانى ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن شتێک بژمێرێ.لاى چەپى شانۆ بە
دیوارەکەوە: ژمارەیەک کاغەز و وێنەى جۆراو جۆر تەنانەت ڕەش و سپیش
هەڵواسراون، هەموویان بە دەورى وێنەیەکى زۆر گەورەوەن کە دوورنییە
تابلۆیەکى کۆپیکراوبێت.دەستەراستى شانۆ ئاڵۆز تەنانەت پیسیش دەردەکەوێت
کانتۆرێکى جل و دوو بوخچە لەسەرى...تەشتێک ئاو و زۆپایەکى عەلایەدینیش
لەنزیک پانکەیەکى ئەرزى داننراوە، ڕادیۆیەکى گەورە، لەملاو ئەملاش شتى
تر هەیە، بۆ نموونە لەپشت قەڕەوێڵەکە تاقێکى بچکۆلە هەیە و چەندان
کتێبى کۆنى تۆز لێنیشتووى گرتوونەتە خۆى.لە دەستە ڕاستەوە دەرگایەک
هەیە و لە دەستە چەپیش هەر نزیک بە وێنە و کاغەزەکان پەنجەرەیەک هەیە،
شووشەى پەنجەرەکە بە ڕەش ڕەنگ کراوە.
پیاوێکى پیرى سیس و باریک هاوشێوەى ئەوکەسانەى جارێکى تر مەرگ
دەرفەتیان پێدەدا-دەرفەتى چى..وەک ئێسکە پەیکەرێکى ترسناک لە دەرگاکەوە
دێتە ژوورەوە.ئەوەندە بەزەحمەت ڕێگا دەبرێ قاچەکانى چەماونەتەوە و
هەنسک دەدا،کاغەزێکیشى بەدەستەوەیە .پیاوە کەمێ قەڵەو و ڕەنگ زەردەکەى
سەر قەڕەوێڵە هەر خەریکى یارى کردنە بە پەنجەکانى.بەرەو ڕووى پیاوە
شێوە ئیسکە پەیکەرەکە دەیەوێت قسەبکات.
نەخۆشى یەکەم: ( لەکاتێکدا سەیرى پیاوە پیرەپەیکەرەکە دەکات) ئەم
کاغەزەش هەڵدەواسى؟
نەخۆشى دووەم: هەڵیدەواسم..هەڵیدەواسم..(هەڵدەلەرزێ).
نەخۆشى یەکەم: دووبارە خەریکى ژماردن بووم، بەڵام هەر
نەمزانى..نەمزانى..بۆچى..؟(پاڵدەداتەوە) بۆ ناتوانم چیتر شتەکان بژمێرم
( سەرى بۆ لاى پیاوە هێسکییەکە لاردەکاتەوە-کە خەریکە بە بزمار
کاغەزەکە لەدیواردەدا) من دەمویست بزانم چەند ڕۆژە هاتووم بۆ
ئێرە..نەمزانى...(تەقە تەقى چەکوچەکە دێت) دووبارەى دەست بە ژماردن
دەکەمەوە..دووبارە...
نەخۆشى دووەم: چ گرنگییەکى هەیە پاڵەوان..؟ (ئێستا هەوڵدەدات ئەو
کاغەزەى هەڵیواسیوە بیخوێنێتەوە) هیچ گرنگى نییە.
نەخۆشى یەکەم: گرنگى ...گرنگى بۆ نییە؟ ( دەستەکانى دەکا بەمست) چ شتێ
گرینگى هەیە؟ وەڵامبدەوە..بۆ نابێ بزانم چەندەبێت لەنەخۆشخانەوە
هەڵاتووین... نابێ؟
نەخۆشى دووەم:( لەژێر کاغەز و وێنەکان دادەنیشێ) گریمان ئەویشت زانى...باواى
دابنێین یەک رۆژە لە نەخۆشخانە هەڵاتووین..دواتر دەزانم..شتى تریشت
دەوێ..ژماردنى تر...ئەوەى کە چەندە ژنەکەت مردووە-چەند دەبێت باوکت
خۆیکوشتووە و لەکەیەوە براکەت کوژراوەو دایکت...ئیتر هەموو شتێکت
دەوێ..وازبێنە..ژمارەکان هیچ نین..
نەخۆشى یەکەم : بەڵام باوکە نوێیەکەم لەگەڵ تۆمە (دووبارە هەڵدەستێتەوە
و لەسەر قەڕەوێڵەکە دادەنیشێ-بەخەمبارییەوە) باوکەکەم پێموایە مردن
ئەوەیە کە چیتر نەتوانین بژمێرین.
نەخۆشى دووەم: دەى باشە باسى مەرگ مەکە-باسى شتێک بکە کە لێمانەوە
دووربێ (ڕادەکشێت و سەر دەنێت بە دیوارەکەوە) بمبوورە من کەمێک دەخەوم..
نەخۆشى یەکەم: چۆن باسى نەکەم..ناتوانم ناتوانم...سەیرمکە..خەوى چى
هەمیشە تارمایى ئەو پیاوەم لەبەرچاوە کە لەنەخۆشخانەکە پێموت من ئاگام
لێت دەبێ و دکتۆرەکانت بۆ بانگ دەکەم..ئەو زۆر حاڵى خراپ بوو..دەستى
خستە ناو دەستمەوە و وتى کچەکەم لەکوێ یە؟ چیم وت..گریام.. وتم خەریکى
یاریکردنە، هەمیشە دێتە بەرچاوم دڵنیام ئێستا مردووە. ئێمە جێمان هێشت...مەخەوە..مەخەوە...تۆ
وتت دەڕۆین و دەڕۆین...نەخۆشى دووەم: من دەخەوم.
نەخۆشى یەکەم: تۆ وتت لەم نەخۆشخانە بۆگەنە ڕادەکەین و دەچینە ماڵە
کۆنەکەى من..وتت ماڵێکى کۆنم هەیە و جارووبار بنیادەمێکى خێرۆمەند
ڕادەسپێرم..سەرێک لەباخچەى ماڵەکەمبدا و چاوێک لەشتوومەکەکانم بکات...وتت...ئەى
نەتوت.؟
نەخۆشى دووەم: من دەخەوم.
نەخۆشى یەکەم: وتت من بەدرێژایى تەمەنم نەخۆشبووم و دکتۆرەکان ڕێم پێ
نادەن نەخۆشخانە جێ بهێڵم..پێمدەڵێن دەمریت..گەر بڕۆیت دەمرى..وتت من
بیرى ماڵەکەمم کردووە بیرى دەرەوەى نەخۆشخانەم کردووە-دەمەوێ بۆ
تاهەتایە لە دکتۆر و چارەسەرەکان هەڵبێم...منیشت هاندا لەگەڵت بێم..پێت
وتم تۆش دەمرى...تۆش..زۆر باسى ئەم ماڵە و پیسى نەخۆشەکانت بۆ
کردم-باوکەکەم ئەمانەت هەموو وتن...مەخەوە..مە..
نەخۆشى دووەم: (کەمێک دەجووڵێ و خۆى دەخاتە سەر تەنیشت-دەست دەخاتە ژێر
سەرییەوە) تۆش بخەوە.
نەخۆشى یەکەم: ( خۆى بەرزدەکاتەوە و دەست بەپشتیەوە دەگرێ، بەشێوەیەک
وەک ئەوەى بیەوێ شتێک هەڵبگرێ، هەڵدەستێ و لەسەر قەرەوێڵەکە
ڕادەوەستێ-توڕە و ڕەنگ پەڕیو..دەست بەرز دەکاتەوە) تۆ پلانەکەت دانا
پیرەمێرد..بەمنت وت کوڕى خۆم..(لاسایى دەنگى پیرەمێردەکە دەکاتەوە و
خۆى دەلەرزێنێت) کوڕى خۆم بەیەکەوە دەڕۆین و هەواى پاک هەڵدەمژین..تۆ
بۆ ئەمکارە باشیت..وەک من تەنها و نەخۆش..هەردووکمان..لەم بۆنى خوێن
وهێڵنج و... ڕشانەوە ڕزگاردەبین و گەر چرکەیەکیشبێ..بەئارامى دەژین...ئەمانەت
کرد...منت...منت ( گریان گەرووى گرتووە) منت ئاوا لێرە دیلکرد ئێستا
تەنانەت ناتوانم ئەوەندەش بڕۆم بگەمە بەردەرگا..دکتۆرەکە..پێى وتم..ئا...بەر
لەوەى هەڵبێین و پلانە نەفرەتیەکەى تۆ جێ بەجێ بکەین..پێى وتم پێویستت
بەخوێنە...وتى..(خۆى پێ ناگیرێ و بەدەم گریانەوە دەکەوێتە سەر
قەرەوێڵەکە و تەقەى قەڕەویڵەکە دەنگێکى گەورە پەیدا دەکات..پیاوە
پیرەکە ڕادەپەڕێ)..من ئێستا برسیم...بۆگەنم..نەخۆشم...کوا هەواى
پاک؟کوا؟ من خوێنم نەماوە و دەمرم...من ناتوانم بژمێرم...
نەخۆشى دووەم: نان دەخۆى...؟ خواردنت بۆ بێنم..؟(دەیەوێ
هەڵسێت..ناتوانێت..دووبارە هەوڵدەدات..پشتى بەرزدەکاتەوە و ئەژنۆکانى
چەماوە..بەردەبێتەوە..) ئاى..ئاى..دەستم شکا..ئەم دەستەم ..ئەم
دەستەم..(خۆى دەخاتە سەر سک..) ئاى...ى...
نەخۆشى یەکەم: (خەمبارە و..چاوى بڕیوەتە سەرەوە) دەستت شکا..ناتوانى
خواردن بێنى ...ناتوانى..هەمیشە دەڵێى با شتەکان هەمووى لە ئێمە نزیک
بن..با خواردن لە ئێمەوە نزیک بێ، ئەو خواردنەى جاروبار هاوسێیەکان
دەیهێنن و ئێمەش وەک سەگ گلى دەدەینەوە و کەم کەم دەیخۆین..جارى وایە
ئەوەندە کۆن دەبێ بۆنى مردووى لێ دێت، ئێمەش بەهەمانشێوە ..خواردنەکەش
قێز لەئێمە دەکاتەوە و دەیەوێت فڕێمانبدات، ئێمە تیاچووین
باوکە..تیاچووین..تازە هەموو شتەکانیش لە ئێمە نزیک بن، تەنانەت هەموو
شتەکانیش بهێنینە ناوخۆمان هەر لێمانەوە دوورن ..زۆر دوور..خواردنیش
بخۆین هەر برسین..باوکە..گوێبگرە و مەگرى.. دەترسم..زۆر دەترسم چاکیش
ببینەوە...نەزانین و ئاگامان لێ نەبێ...
نەخۆشى دووەم: براگیان..باوکم..( لەسەر قوون خۆى دەخشێنێ بۆ ئەوەى بگات
بە خواردنەکە) باشترین چارەسەر ئەوەیە چیتر ساغەکان نەبینین..ئەى
وانییە؟ وایە..وا...ساغەکان دەردێکى کوشندەن بۆ ئێمە..وتم من و تۆش
لێرە خەڵوەتێک بۆ نەخۆشى خۆمان دروست دەکەین..(ماندووە-ئێستا گەیشتۆتە
بەرانبەر قەڕەوێڵەکە-ڕوى کردۆتە هاوڕێکەیى و هەوڵدەدات بڕوات) تاوەکو
ساغێکمان لێ دیاربێ نازانین چەند نەخۆشین..تەنانەت نازانین کام شوێنمان
ئازارى هەیە..تۆ دەزانى چیتە..؟ دەزانى...؟..دڵنیام نازانى نەخۆشییەکەت
چییە وەکو من..نەخۆشى من ئەوەیە نازانم چیمە...پزیشکەکان باسى خوێن
دەکەن..باسى جگەرە و گەدە دەکەن..ئەوان باسى ئەو کچە ناکەن کە زۆر
بەڕێزانە و عاشقانە (لێرەدا دەنگى خۆى بەرز و شاعیرانە ڕادەگرێت..) زۆر
جوان نامەم بۆى نارد و وتم خۆشمدەوێى...(خۆى بەرزدەکاتەوە و دەکەوێتەوە)
نامەکەى دڕاند..تف و نەعلەتى لێکردم..پزیشکەکان باسى دڵ دەکەن، بەڵام
باسى دڵى ئەو خوشکە بەستەزمانەى من ناکەن کە لەتاو خۆشەویستى ..من لام
شەرم نییە...باسى دەکەم لەتاو خۆشەویستى کوڕێک فێى لێهات و کەوتە سەر
سفرەکە..سەرى دەکێشا بە پەنجەرەکاندا..دواتر سووتا...پزیشک کەى باسى
سووتانى ئەم دڵە دەکات...کەى..؟( خۆى درێژ دەکات..لەکاتێکدا دەست بۆ
خواردنەکە دەبات لەپڕمەى گریان دەدات)..ئاى..
(ساتێک بێ دەنگى)
نەخۆشى یەکەم: ( فرمێسکەکانى دەسڕێ –بە نائومێدییەوە) ئێمە
نەخۆشین..ئێمە ناتوانین بژمێرین... نەخۆشى دووەم: مرۆڤ لێرە ناتوانێ
نەخۆشبێ..ناتوانێ..ئیتر دەچیتە کوێ ڕۆڵەم..هاوڕێم..مرۆڤى بەختەوەر لێرە
ئەوەیە خەڵوەتێکى هەبێ و دەرگا لە کەس نەکاتەوە...ژوورێکى تاریک (
ڕاکشاوە و دەستى چەپى بەرزکردۆتەوە) بێ ئەوەى کەس لێى
بپرسێ..فەرامۆشى..فەرامۆشى...چونکە گەر وا نەکەیت گەر خۆت خەڵوەتێکى وا
دروست نەکەیت دەکەویە پیسترین خەڵوەتەوە ..گەر خۆت تەنهایى هەڵنەبژێرى،
تەنهاییەک بەرۆکت دەگرێ بۆگەنت دەکا.. مرۆڤ هەیە لەمنداڵییەوە بە تاسەى
ماچێکەوە گەورە دەبێ و حەزى ئەو ماچە نەخۆشى دەکات و
دەیکوژێ..ئاه..کەچى پزیشکەکان...پزیشکە بەدبەختەکان دەڵێن بەشێرپەنجە
مردووە...بەدبەخت...بەد..
نەخۆشى یەکەم: ئا وادەڵێن..ڕێک وایە..وادەڵێن..(دووبارە دادەنیشێتەوە و
–خۆى ڕێک دەخات) من گلەیى لەتۆ ناکەم، لەتۆ تێدەگەم..(وەک کەسێکى ساغ
خۆى نیشان دەدا و کەمێک پێدەکەنێ) بەڵام ئێمە کە هەمیشە نەخۆشین و
نەخۆشین خواش لێمان بێ ئومێدبووە، دەتبینى هەموو نەخۆشەکان هاوارى
خوایان دەکرد..یەکێک لە نەخۆشەکان لەنزیک من بوو..دەزانى کامە
دەڵێم..ئەوەى کە نەیدەتوانى قسەبکات و زمانى نەدەگەڕا..ئا..ئەو بە
ئاماژە بە منى دەوت..تۆ لەبرى من هاوارى خوا بکا...هاها..ئەمە سەیرە
هاوڕێم وانییە..؟ وایە...پێموایە و ..دەشترسم..بیڵێم...نا بۆ
بترسم..نا..ب..
نەخۆشى دووەم: لەچى دەترسى..؟ بیڵێ..بیڵێ..
نەخۆشى یەکەم: پێموایە..(دەکێشێ بە
قەڕوێڵەکەدا) ئەم هاوارکردنە...
نەخۆشى دووەم: (دەستى گەیشتووە بە
خواردنەکەو سەرپۆشى مەنجەڵەکە لادەدا-هەوڵدەدا دابنیشێ) کامە هاوارکردن؟
نەخۆشى یەکەم: (بەپەلە قسەکان دەکات) ئەوەى
کە هاوارى خوا دەکەین..و سەر بەرزدەکەینەوە...ئەوە...ئەوە..وەک ئەو
کەسە واین..کە کەوتۆتە چاڵێکى قووڵەوە... نەخۆشى دووەم: ئێ..(
خواردنەکە دەجوێ..) دەى...ئەم چاڵە چییە؟
نەخۆشى یەکەم: کە کەوتۆتە چاڵێکى قووڵەوە و هەر لە سەرەوە
دەڕوانێت..بەڵکو هیوایەک..کەسێک...
نەخۆشى دووەم: ئەها..یان وەک کەسێک لە دەمى
چاڵەکەوە سەیرى خوارەوە بکا...ئاواش دەبێ..(دەست لەخواردنەکە هەڵدەگرێ)
دۆڵمەیە..بیخۆ..(خۆى درێژدەکاو دەستێ لەمەنجەڵکە دەدا و فڕێدەداتە
بەردەمى-ئەویش خۆى شۆڕ دەکاتەوە و مەنجەڵەکە لەتەنیشت خۆى دادەنێ)...ئیتر
ئەوە کارى ئێمەیە..بۆتە کارمان..باس لە بۆشایى و تەنهایى و ئاسمان
بکەین...هەموو ڕۆژێک ..هەموو ڕۆژێک..
نەخۆشى یەکەم: باوکەکەم ئەمەش کارە-کارى تەواو ( خواردنەکە
دەخواو..باشتر دەردەکەوێت..شێوەى کەسێکى ڕێک و ڕەسمى وەردەگرێت..دەنگى
خۆى بەرزدەکاتەوە..) بۆ ئەوانیتر چ کارێک دەکەن..؟ئەوانەى شەو و ڕۆژ
بەدواى پارەوەن..ئەوانەى نقومى بازاڕى گەورەو...چى و چى بوون...ئەمانە
کوا کارن..بەڵام ئەوان دەتوانن بژمێرن..ئەمانە ئامانجییان کوا..؟..قازانج
و سوود ..تەنها ئامانجییان ئەوەیە بمێننەوە..بمێننەوە..و ..خۆیان و کوڕ
و کچ و نەوە نازدارەکانییان..لەوە بێکارتر پەیدا نابێت کە تەنها
ئامانجى ئەوەیە بژى ...بێ ئەوەى بزانێ بۆ..لەپێناو خێزانێکى
بەختەوەر..هاهاها..( لەگەڵ پێکەنینەکە دەستى بەر مەنجەڵەکە دەکەوێت و
دۆڵمەکان دەڕژێن...دادەنەوێتەوە ..کۆیان بکاتەوە...)..خێزانێکى
نەخۆش..نەخۆش..وەک ئێمە..بێ مانا..
نەخۆشى دووەم: بەختەوەر...بەختەوەر...( پالڕدەداتەوە و دەست دەخاتە ژێر
سەرى-ڕوو لەبینەران) کاتێ دەرگاکە دادەخرێت ئیتر تەواو..هەموو ئەم
باخچە و کۆڵانانە زیادەن...هەموویان...ئێمە تەنها...یەک شەقاممان
پێویستە..شەقامێکى باریک کە هەموومان بەیەکەوە پێیدابڕۆین...هەموو
هەموو ژوورەکان زیادەن...هەموو..،یەک ژوور بۆ ئێمە بەسە...یەک گۆڕیش..،
ڕۆڵە ئێمە بەهەر کوێدا بڕۆین هەر دێینەوە بەردەمى یەک..هەموومان
بەمنداڵى بەدواى یەک پەپوولەدا ڕادەکەین..هەمان گوڵ دەدەین لە
بەرۆکمان..هەمووشمان لە قەڵایەکى سەختدا مەحکومکراو...یەک یەک (دەست
دەکێشێ بە ئەرزەکەدا) دوو دوو پۆل پۆل لەدیوارى قەڵاکەوە دەکەوینە خوار...دوو...دوو...یەک...(دەست
لە دەمووچاوى خۆیدەدا..ئینجا لە کراسەکەى...هەڵدەستێتەوە..و پەشۆکاوە...)...من
گەرمامە...من ...زۆر گەرمامە...زۆر..
(ساتێک بێ دەنگى)
نەخۆشى یەکەم: ( ڕووى وەرگێڕاوە بۆ تاقى کتێبەکان-لاسایى پیرە پیاو
دەکاتەوە..ئەمە دەڵێتەوە –یەک یەک..دوو ..دوو..یەک..-پیرەپیاو پانکەکەى
داگیرساندووە و لەنزیکییەوە دانیشتووە...وەک ئەوەى باوەش لە پانکەکە
بدات...)..بەڵام من ناتوانم..ناتوانم...یەک....دوو...یە..
نەخۆشى دووەم: (قۆپچەکانى کراسەکەى دەکاتەوە..سینگى ڕووەو پانکە) وازى
لێبینە.
نەخۆشى یەکەم: بۆ..بۆ وازى لێبێنم؟
نەخۆشى دووەم: (بەبێزارییەوە) چونکە ئازارى زیاترە.
نەخۆشى یەکەم: (کەمێک هەڵدەستێتەوە و دەستى چەپى بە قەڕەوێڵەکەوە
دەگرێ-دەست دەبا بۆ کتێبەکان..کتێبێک ڕادەکێشێ و سێ دانە
بەردەبنەوە..دووبارە دەکەوێتەوە سەر قەڕەوێڵەکە ..کتێبەکان
هەڵدەگرێتەوە) شیرین و فەرهاد..(سەرى دەخورێنێت)..ئەننا کارنینا..(کەمێک
دەوەستێت) لە چاوەڕوانى گۆدۆدا....، ئەمانە کتێبەکانن..شتێک بخوێنمەوە
باوکە؟ من خوێندنەوەم باشە..پیمبڵێ بزانم چۆن دەیخوێنمەوە..
نەخۆشى دووەم: (هەر لەنزیک پانکەوە دانیشتووە و بێتاقەتە..دەستى بۆ
دەمى دەبا و حەبێک ئاودیو دەکات) هیچ مەخوێنەوە.
نەخۆشى یەکەم: (دەنگى بەرزدەکاتەوە و وەک ئەوەى خۆى بسەپێنێ..یەکێک لە
کتێبەکان دەکاتەوە) ئاننا دەنگى خۆى بەرز کردەوە ..ئەوە لاى من گرینگ
نییە، بۆ هەردووکمان تەنها یەک شت گرینگە..ئەویش ئەو خۆشەویستییەیە..کە
لەنێوانماندایە..پێویستە گوێ بە خەڵک نەدەین.....،( کتێبەکە دادەنێت و
ڕووى خۆى وەردەگێڕێت –سەیرى هاوڕێکەى دەکات) چۆن بوو پیرەپیاو ؟ دەنگم
چۆنە...؟ باشە..باشە..
نەخۆشى دووەم: دەنگت باشە..ئەم کتێبە شتێکى هێنامەوە یاد..
نەخۆشى یەکەم: ( پێدەکەنێت) چیت دێنێتەوە یاد پیرە پیاو..تۆ بیرەوەریشت
ماوە؟ ماوتە..؟ وەڵاممبدەوە.
نەخۆشى دووەم: نازانم..ڕەنگە..( بەروو گرژییەوە) ڕەنگە هەر هى خەیاڵى
خۆمبن...
نەخۆشى یەکەم: ئائا...وایە..هەمووى خەیاڵە ماندووەکەى خۆتن..(پێدەکەنێت)
بیرەوەر چى..یان هى کەسێکیترن... کەسَیکى تر...
نەخۆشى دووەم: کەسێکى تر؟
نەخۆشى یەکەم: بەڵێ کەسێکى تر...من خۆم گاڵتەم بە بیرەوەرى دێت..گومانم
هەیە ڕۆژێک منداڵبووبم..تۆ قەت منداڵ بوویت..؟( دەست بۆ پیرەمێردەکە
درێژ دەکات) لەگەڵ تۆمە...
نەخۆشى دووەم: من..بیرم...من ..نازانم..
نەخۆشى یەکەم: هەموومان...ئا..هەموومان بیرەوەرى ئەوانیتر
دەگێڕینەوە..ئەوانیتر کێن؟ نازانم کەسانێک کە نەماندیون؟ یان
دیومانن...چوزانم...بیرەوەرى یەکێکى تر دەگێڕینەوە و دەیکەین بەهى
خۆمان...
نەخۆشى دووەم: بیرەوەرییەکانمان لەیەک دەچن. تۆ ئاوا بڵێ ڕۆڵە.
نەخۆشى یەکەم: بوەستە..پیاوێکى نەخۆشم لەبیرە..شتێکى لەبارەى گەنجێتى
خۆى بۆ ئێمە دەگێڕایەوە..باسى کار و هەوڵدانەکانى خۆى بۆ دەکردین
لەناکاو..( شاگەشکە دەبێت) لەناکاو وتى ئەمانەى باسییان دەکەم هەموو
بەر لەمنداڵبوونەکەم ڕوویان داوە...هاهاها...نەگبەتە توومەز بیرەوەرى
دایکى بوو کردبووى بەهى
خۆى...هاها..ئەمەش ئەمەش کە باسم کرد ڕەنگە هى خۆم نەبێ...ئەمەش..ئەمەش...ئێمە..خۆمان
لەیادناچێت..ئەمە هەڵەیە پیرەمێرد..بەڵکو شتێکى وا لە ژیانماندا
ڕوونادات لەزەتى بیرهێنانەوەى هەبێت..تەنها ئازارە و
ئازار..ئازارەکانیش دەستاو دەست دەکەن و لەهەموومان ڕادەکەن..کەس
نادۆزنەوە بیانگێڕێتەوە...کەس تاقەتى نییە..کەس..وەک ئێمە کەیادى
ڕۆژانى نەخۆشیمان ناکەینەوە..چونکە هەمیشە نەخۆشین..ئێمە بیرەوەرییمان
نییە..ئێمە ناتوانین بژمێرین...
نەخۆشى دووەم: بیرەوەریمان هەیە، بەڵام تەنها یەک بیرەوەرى و بەس..یەک
یادگارى تاوەکو دەمرین..هەر ئەم یادگارییە لە خەیاڵى خۆماندا دەسکارى
دەکەین و نوێى دەکەینەوە..هەر ڕۆژێک تواناى ئەم نوێکردنەوەمان نەما
ئیتر دەکەوین..دەکەوین و دەگرین..دەگرین و تەمەننا دەکەین بمرین..(
هەردوو دەست بەسەرییەوە دەگرێت) هەندێک ڕووداو و ئازار هەن تەنها بۆ
ئەوە دەیانگێڕینەوە، تاوەکو گوناه بەرانبەر ئەو ساتانە نەکەین، کەواتە
ئێمە ئازارەکانیشمان خۆشدەوێن یان هەوڵدەدەین خۆشمان بوێن..شادییەکان
لەگەڵ ئێمەدا دەڕۆن...هەمووشتێک هەیە..هەمووشتێک..بەڵام ئازارەکان
لەگەڵ خۆیاندا دەمانبەن..شادییەکان بەشێک لە ئێمە ون دەکەن..کام بەش؟
نازانم..(ڕادەکشێ و دەنگى نزم دەبێت) ئەوە سەختترە ئازارەکان هەوڵى
گەڕاندنەوەى هەموو پارچە ونبووەکانیشمان دەدەن، تەنانەت ئەوانەى
بەدەستى خۆشمان لەخۆمان دابڕیون و فڕێمان داون...هەموو شتێک هەیە هەموو
شتێ...بەڵام ئێرە ( دەستى بەدەورى خۆیدا دەسوڕێنێت و هەناسەى تەنگە)
ئێرە سەرتاپا بۆشاییە...
(ساتێک بێدەنگى)
نەخۆشى یەکەم:( خۆى بردۆتەوە ناوخۆى و هەردوو دەستى خستوونەتە ناویەک)
تێدەگەم..تێدەگەم...سەرتاپاى..بۆشاییە،(بەشەرمەوە) باوکە؟
نەخۆشى دووەم: ( لەسەر پشت ڕاکشاوە و چاوى بڕیوەتە سەرەوە-پێیەکانى بە
خوار پانکەکەوە ناون) ها..چیت دەوێ ؟
نەخۆشى یەکەم: باوکە..دەتوانیت..هەنگاوبنێیت؟..دەتوانى هەڵسییەوە..؟
نەخۆشى دووەم: بۆ؟
نەخۆشى یەکەم: چونکە...سەرمامە..زۆر سەرمامە..خەریکە ڕەق دەبم..زۆپاکەم
دەوێ..ئاى لەم سەرمایە..گوومانم نییە لەدەرەوە بەفرە...(خۆى گرمۆڵە
دەکات و ڕادەکشێت..سەرچەفەکە بەخۆی دادەدات) بەفرێکى زۆر..
نەخۆشى دووەم: دیسان سەرماتە...دیسان..( بە زەحمەت هەڵدەستێتەوە..لەسەر
چۆک دەڕوات..دەست دەگرێ بە عەلایەدینەکەوە..وەک ئەوەى عارەبانەیەک
پاڵبنێ و وردە وردە..) دەبێ پێیبکەین...کوا شقارتەکە..(دەست لە زۆپاکە
بەردەدا و گیرفانەکانى دەگەڕێت) ئەوەتا..شقارتەکەم لایە..ئەوا
هاتم..پەلەمەکە...(دووبارە پاڵ بە زۆپاکەوە دەنێت..پیاوى سەر
قەڕەوێلەکە فوو دەکاتە ناو دەستەکانى و خەمبارە..)...بەڵێ
بۆشاییە..بەڵێ...بەڵام ئێرە شوێنێکى باشە..خەڵوە( ئاخر پاڵ بە زۆپاکەوە
دەنێت و دەگاتە لاى قەڕەوێڵەکە..خۆى شۆڕدەکاتەوە و زۆپاکە
دادەگیرسێنێ..)خەڵوەتێکى باشە..ئەمە زۆپا..ئاه..
نەخۆشى یەکەم: هاتى..هاوڕێکەم...هێشتا نزیکترى بکەوە..هێشتا..خەریکە
دەبمە سەهۆڵ...( دەستەکانى لە بان زۆپاکە ڕادەگرێت.. و کەمێ
دادەنەوێتەوە..پیاوە پیرەکە خۆى لە زۆپاکە دوور دەگرێت و پشت دەدا بە
قەڕەوێڵەکە..) باریوە...دڵنیام دەرەوە هەمووى بەفرەو ئێمەش کەوتووینە
ژێر بەفرەکە..(دەستێکى وەک ئاماژە بەرزدەکاتەوە) ئێستا لەژێر بەفرێکى
ئەستوورداین..دەرەوە هەمووى سپییە...بە سەربازە سپیەکان
گەمارۆدراوین..دەمانکوژن...بەڵام ئێمە..نەخۆشین...واى..لێرەش
ڕادەکەین..ئیتر بەسە...
نەخۆشى دووەم: ( بە بێزارییەوە) ڕابکەین؟ بۆ کوێ؟
نەخۆشى یەکەم: بۆ ئاسمان..نازانم...نازانم...نەخۆشخانەکە..خۆشتربوو..ئەى
وانییە..؟ئێمە لەوێ هەڵاتین.. تۆ وتت..ماڵەکەم..ئەمەش ماڵەکەت..دەڵێى
لەناو هەورداین..من..(کۆخەیەکى توند دەیگرێ) کێ لەگەڵ ئەم واقیعە
هەڵدەکات؟ من هەڵناکەم..ئەم واقیعە ونمان دەکات..لێرە تەنها غەرقى
خەیاڵ و قسەى پڕوپووچ دەبین..تەنها..من قەت منداڵیش نەبووم..قەت..
نەخۆشى دووەم: زۆرجار واقیع شتە ڕاستەقینەکان ون دەکات و حیکایەتەکان
دەگۆڕێت، چونکە خاوەنى ڕێساو سنوورى تایبەتییە..بەپێى ئەم ڕێساو
سنوورانەش شتەکان لەگەڵ خۆیدا دەگونجێنێت..و..
نەخۆشى یەکەم: ڕێسا ڕێسا..من منداڵ نەبووم..من نازانم لەکوێوە
هاتووم..هەموو شتەکان هەر ئاوا دەستیان پێکرد..ڕێک وەکو ئێستا هەر
ئاوا..وەک ئەوەى هەر لێرەبووبم..هەر لەنەخۆشخانەبووبم..هەر وەک
یەکن..هەموو شوێنەکان..( چاوەکانى دەنوقێنێ) نەخۆشیى هەموو شوێنەکان
دەکا بەیەک شوێن..یەک شوێنیش دەکا بە هەموو شوێنەکان..
نەخۆشى دووەم: (بەدەست باوەشینە لەخۆى دەکات) منداڵیى...ڕۆڵە..مرۆڤ
کاتێ لەدایک دەبێت هەر بەو شێوەى کە تۆ دەیڵێى..هەوڵدەدەن ئاشناى بکەن
بە شوێنەکان..لەهەر شوێنە و شتێکى بۆ دەهێنن تاوەکو ببێتە خاوەنى
سەرەتایەک..مرۆڤ زۆر گیرۆدەى سەرەتایە زۆر..ئەگەرنا هاتن بۆ نێو ژیان
شتێکى ئەستەمە گەر لە ژیان دا کەسانێک نەبینى بەدەوروبەرتەوە..هەر
ئەوانەى کە بەر لەتۆ هاتوون دەبنە هۆى فریودانى تۆ، چونکە وات لێدەکەن
چاوپۆشى لەهەستەکانى خۆت بکەیت و ڕاستەوخۆ لەسەر تاقیکردنەوەکانى
ئەوانیتر درێژە بە ژیان بدەى.. واتە ژیان شێوە دەدا بەمرۆڤ..ئا..شێوەى
پێدەدا و شتێکى حاشا هەڵنەگرە ونى دەکات ، تاوەکو بەرگە بگرێت...
نەخۆشى یەکەم: ون دەبین..ون دەبین..من تێناگەم..تۆش تێناگەى لەم شتانە
تێناگەى..کەواتە ئێمە تیادەچین..یان..
نەخۆشى دووەم: ئاى هاوڕێى من..ڕۆڵەى من ئێمە لەهەر شتێک نەگەین دەڵێین
لە لەناوچوون نزیکە، یان لەهەرشتێک تێنەگەیشتین هەوڵدەدەین لەناوى
ببەین (دەست لەکراسەکەى دەدات) من دەڕۆم..
نەخۆشى یەکەم: بۆ کوێ دەڕۆى؟
نەخۆشى دووەم: (خۆى دەجوڵێنێت تا بڕوات) گەرمامە لێمگەڕێ..خەریکە ئەم
زۆپایە دەمسووتێنێ.
نەخۆشى یەکەم: ئاى..بەدبەختییە..ئێمە دوو نەخۆشین ناتوانین لەیەک
ئاووهەوادا دابنیشین، مەڕۆ تکایە با کەمێک لاى یەکترەوەبین..لەنزیک
یەک..باوکە مەڕۆ..
نەخۆشى دووەم: (خۆى لە پانکەکە نزیک دەکاتەوە و دادەنیشێت-دەست بۆ
ڕادۆیەکە دەبات) لەنزیک یەکین..بوەستە بزانم ڕادیۆکە چى دەڵێ..بوەستە..
نەخۆشى یەکەم: ڕادیۆ...ئیش دەکات..ئیش دەکات؟
نەخۆشى دووەم: (دەنگى خشە خشى ڕادیۆکەدێت) بوەستە..ڕەنگە.
نەخۆشى یەکەم: بیخە سەر گۆرانییەک..گۆرانییەک باس لە ڕێگایەکى باریک
بکات بۆ کێوێک..بەڵێ لەوێدا باڵندە و درەخت و کانییەکان با هەبن..یان
گۆرانییەک باس لە گەڕەکە کۆنەکان بکات..لەو شوێنانەى هەمیشە منداڵێک
پایسکلێکى شینى پێیە و پێدەکەنێ..نانا..دۆزیمەوە..گۆرانییەک باسى چى
بکات دۆزیمەوە...(دەستەکانى بەرزدەکاتەوە و خۆشحاڵە-هێشتا دەنگى
ڕادیۆکە تەنها خشەخشێکە و جارجار دەنگێکى لێوە دێت وەک ئەوەى هاوارێکى
دووربێ..)..بیخە سەرگۆرانییەک ( کەمێک خۆى بەرز دەکاتەوە) با باس لەو
کڵاوە بکات کە لە حیکایەتە کۆنەکانى ئێمەدا هەیە..
نەخۆشى دووەم: (ڕادیۆکە دەکوژێنێنێتەوە –بە خەمگینییەوە) هیچ گۆرانییەک
نییە، هیچ. کام کڵاو؟
نەخۆشى یەکەم: ( دەست دەگرێ بەسەرییەوە) ئەو کڵاوەى هەرکەس لەسەرى
دەکات ون دەبێت..ئا ون دەبێت دەچێتە شوێنێکى تر..دنیایەکى تر...کڵاوى
...کڵاوى.. ناوەکەم بیرنییە...
نەخۆشى دووەم: کڵاوى سەخرەجن؟
نەخۆشى یەکەم: ئۆه..بەڵێ..بەڵێ...با لەگۆرانییەکەدا ئەوە هەبێت، توخوا
با ئەم کڵاوە هەبێت..ئێمە پێویستمان بەم کڵاوەیە، هەردووکمان..(
بەپێکەنینەوە) کڵاوەکە لەسەر دەکەین و ون دەبین..ون دەبین و ئیتر ئاوا
نابین..لێرە دەڕۆین ..کڵاوەکە دەمانبات بۆ شوێنێکى ئەفسووناویى و
جوان...لەشوێنێک سەر دەردێنین کە زۆپا و پانکە و قەڕەوێلەى لێ
نەبێ..شوێنێک کە چیتر خەیاڵمان نەڕوات ( دەست دەجوڵێنێت و خۆشحاڵە) حەب
و فرمێسک..فڕێدەدەین، ئاى باوکە گیان چەند حەزم لەم کڵاوەیە ( بە
خەمگینیەوە سەر نەوى دەکات و دەنگى نزم دەبێتەوە) باوکە لەهەمووى
گرینگتر ئەوەى ئەو کڵاوە دەیکات بۆ ئێمە ئەوەیە..لە شوێنێک سەر
دەردێنین دەبینی کە ئیتر نەخۆش نین..
نەخۆشى دووەم: هیچ گۆرانییەک نییە، هیچ کڵاوێکیش.
نەخۆشى یەکەم: ( خەمناکە و ڕادەکشێت)..هیچ کڵاوێک..هیچ..
نەخۆشى دووەم:( بەهێواشى پانکەکە دەکوژێنێتەوە) من دەڕۆم..من دەڕۆمە
ژوورەکەیتر.
نەخۆشى یەکەم: ( سەرچەفەکە فڕێدەدا و ڕادەپەڕێ) دەڕۆى...تۆ دەتوانى
هەنگاوبنێى...وەک من نیت...بۆ کوێ دەڕۆى؟
نەخۆشى دووەم: ژوورەکەیتر.
نەخۆشى یەکەم: نا..نا..ئێستا ئیتر دەڕۆیت و بەجێمدێڵى
دڵنیام...دەچیتەوە نەخۆشخانە..یان هەر شوێنێک، شوێنێک کە منى لێ
نەبم.وانییە؟ وانییە باوکە...؟ باوکە جێمدەهێڵى؟
نەخۆشى دووەم: نا..ژوورەکەیتر..لەوێ دەنووسم.
نەخۆشى یەکەم: وانییە..وانییە. دەڕۆیت و من لێرە لەم بۆشاییە و لەم
ماڵە بۆگەنەتدا بەجێدەهێڵى.لێم دەگەڕێى تا لەسەر ئەم قەڕەوێڵە دادەڕزێم
و کرم لێمدەدا..وادەکەى دڵنیام..دەزانیت کە من ئیتر ناتوانم بە ڕێگادا
بڕۆم.ئەوە دەزانیت.
خۆت لێرە ڕزگاردەکەیت..( فرمێسک دەڕێژێ) هەرگیز نایەیتەوە.
نەخۆشى دووەم: ( کەمێک خۆى بەرزدەکاتەوە و بەدانیشتنەوە ..هێواش هێواش
بەرەو دەرگاکە دەڕوا) دەنووسم.
نەخۆشى یەکەم: چى دەنووسى؟ چ شتێک گرینگە تا بینووسى؟ ( بەتوڕەییەوە)
نووسین ماناى چییە..ئێمە بۆگەن بووین، شێت بوویت و خەریکى
گاڵتەوگەپى.شێت بوویت پیرەمێرد، منت لەنەخۆشخانە هەڵگرت و وتت ئێمە
دەمرین.وتت ماڵەکەم ماڵەکەم. ئێستاش دەڕۆیى و جێمدەهێڵى؟(پیرەمێرد
لێرەدا کەمێک هەستاوەتەوە و بەلەرزەوە لەسەر پێ دەڕوا - بەڵام جار جارە
دادەنیشێ و پشوودەدا) واز لەکاغەزى پڕوپووچ بهێنە..وازبێنە...مەڕۆ و
جێم مەهێڵە تکایە.
نەخۆشى دووەم: دەڕۆمە ژوورەکەیتر و کەمێک دەنووسم.منیش ناتوانم بڕۆم،
من دەترسم تۆ جێمبهێڵى.پێموایە ئەوەش دەکەیت..دەیکەیت وانییە؟
(دانیشتۆتەوە) من دەبێ چاودێریت بکەم بۆ ئەوەى ئەوە نەکەیت.هەمیشە ئەو
ترسەم هەیە، دەڵێم چونکە تۆ هێشتا پیر نەبوویت ئێستا نا ئێستا ئەم ماڵە
جێدەهێڵى و دەڕۆیت.ئێمە
هەردووکمان وەک یەک واین.نە من خزمەتکارى تۆم ، نەتۆش هى من.(
هەڵدەستێتەوە) دەزانم توڕەیت و ئەمەش حەقى خۆتە..بەڵام ئەمەم بیرە کاتێ
باسى ماڵەکەمم کرد، تۆ خۆت وتت منیش لەگەڵ خۆت بەرەو دەمەوێت لێرە
ڕزگاربم..وتت چیتر بەرگەى بۆنى دەرمان و خوێن ناگرم، ئێمە لە
بۆشاییداین و بەیەکەوەش بەندنین. لەو ڕۆژانەدابوو...ئا..کاتێ کەتۆش
چوویتە ژوورەکەیتر و من کەوتبووم..وتم ئیتر ڕۆیشتووە..بەڵام ئێمە
ناڕۆین..من دەچم کەمێک دەنووسم..
نەخۆشى یەکەم: ڕاستە..ڕاستە..بەڵام چى دەنووسى؟ خۆ ئێمە بوونمان هەر
دیارنییە.
نەخۆشى دووەم: هاوڕێى من.(دادەنیشێتەوە) وایە ئێمە ڕەنگە هەر بوونمان
نەبێت،تەنانەت زۆر جار واشمان لێدێت نەزانین لەکوێ یەکتریمان ناسیوە،
ئەمە گرینگ نییە، بەڵام من کاتێ دەکەومە خەیاڵى ئەوەى ڕیشەم دیارنییە
تاڕادەیەک خۆشحاڵدەبم، دەتوانم کتێبێک لەسەر ئەو خۆشحاڵبوونە
بنووسم..مەبەستم هەمان ئەو شتانەیە کە تۆ باسییان دەکەى..ئەوەى کە
دەڵێى هەستناکەم مناڵ بووبم یان بوونمان دیارنییە..(لە دەرگاکە نزیک
دەبێتەوە) چى دەنووسم..چى دەنووسم..؟ نازانم. نووسین تەواو چێژم
پێدەدات.چێژێک کە لەهیچ شتێکى تر دەستناکەوێت، بەڵام ئەوەى وادەکات من
بنووسم بوونى چێژەکە نییە، ترسانە لەوەى ئەو چێژە لەدەست بدەم.
نەخۆشى یەکەم: کەواتە دەترسى؟
نەخۆشى دووەم: بەڵێ دەترسم چێژەکە لەدەست بدەم.(لەدەرگاکە دەچێتە
دەرەوە).
(ساتێک بێ دەنگى)
نەخۆشى یەکەم: (دانیشتووە و لەگەڵ خۆى قسە دەکات) ئێرە هەر چۆنێ بێ
باشترە لە نەخۆشخانە، من هەرگیز ناڕۆم، بەتەنهاش بێ لێرە دەمێنمەوە.ئا
دەمێنمەوە.بەڵام ئەم پیرە پیاوە بەوە من توڕە دەکات کە دەڵێت دەنووسم،
دووبارە و دووبارە.ئەگینا بابڕوات.من و ئەو لەگەڵ یەکدا هەر تەنهایین (
کتێبێک هەڵدەگرێت) ڕاستى هیچ ترسم نییە لەوەى بڕوات، دڵنیام ئەویش
هەروایە.(کتێبەکە دادەنێتەوە) بەڵام هەر فێربووین فێر..کاتێ یەکێک
دەڕوا..هاواربکەین و بڵێین.توخوا بەجێم مەهێڵە بێ تۆ دەمرم.(
پێدەکەنێت) هاهاها.لەبۆشاییدا کێ بەهاناى کێ دێت.( کۆخەیەکى توند- دەست
بە دەمییەوە دەنێت) ئاه..دیسان دیسان کۆخەکە خوێنى لەگەڵە.هەموو خوێنى
جەستەم لەدەممەوە دێتە دەر..ئەمە چییە.ئەم شتە سوورە بەردەوام لەمن
دەڕوا، ئاساییە..هیچ ناترسم..بابڕوات..ئاوێکى سوور..زۆریترم
هەیە..بەوەش کۆتاییم پێ نایە..با هەموو شتەکان بڕۆن ( لێرەدا دەنگى خۆى
بەرز دەکاتەوە وەک ئەوەى شیعر بخوێنێتەوە-ڕوو دەکاتە کەل و پەلەکان)
هەمووتان بڕۆن..ئەو کاغەزانەى بە دیوارەوەن..ئەو تابلۆیەى کەس نازانێت
لەچى دەچیت و چیت..مەنجەڵە بۆگەن و پیرەکە..زۆپا و پانکەى
بەستەزمان..تەشتە..ئاه..ئەى قەڕەوێڵەى پشت چەماوە کە وەک هەسپێکى
بریندار منت گرتۆتە خۆ .. ڕادیۆ لاڵ و پەنجەرەى جگەر
سووتاو..دەرگا..دەرگا..هەمووتان..بڕۆن..لەشوێنێکى تردا دوور لەمن..لە
منى نەگبەت بحەسێنەوە ( دەنگى نزم دەکاتەوەو بە نائومێدییەوە) بەڵام
ئێوەش..ئێوەش وەک من ..وەک ئەم پیرەمێردە داماوە ناتوانن بە ڕێگادا ...
بڕۆن..ئێوەش نەخۆشن..
(دەنگە دەنگێگ دێ-وەک هاوارکردنى کەسێک..لەپڕ پیرەپیاو لە دەرگاکەوە
دەردەکەوێت تەنها نیوەى جەستەى کەوتۆتە سەر شانۆ و ئەوەیتر
لەدەرەوەیە..ڕەنگى بە تەواوى پەڕیوە و کاغەزێک لەنێو دەستیدایە..خۆى
تاو دەدا بەرەو پێشەوەبێت).
نەخۆشى یەکەم: ( ڕادەپەڕێت و مەنجەڵەکە فڕیدەدات-هەڵدەستێتەوە سەر چۆک)
ئاه..ئەمە چییە..هاوڕێکەم..کەسەکەم ئەمە چیت لێهاتووە؟
نەخۆشى دووەم: هیچ نییە..هیچ..(زەرد هەڵگەڕاوە) حاڵم خراپە زۆر..دەمەوێ
بێمە ژوورەوە..دێمە ژوورەوە..
نەخۆشى یەکەم: من..من ناتوانم بێمەلات..ناتوانم هەڵسم...دەست
بەدیوارەکەوە بگرە...
نەخۆشى دووەم: (کاغەزەکەى دەستى بەرزدەکاتەوە) دەبێت هەڵیواسم..دێمە
ژوورەوە.
نەخۆشى یەکەم: دەى دەتوانى (خۆى دەباتە پێشەوە) ئاوا (پیرە پیاوەکە خۆى
دەکشێنێتەوە تا بەگوڕتر بەرەوە ژوورەکە بێت) ئایا کەوتیتە خوارەوە؟
نەخۆشى دووەم: نا.
نەخۆشى یەکەم: (توڕەیە) حەبەکە بخۆ.
نەخۆشى دووەم: لام نییە،لێم کەوتووە.
نەخۆشى یەکەم: (دەگرى).من ناتوانم یارمەتیت بدەم.
نەخۆشى دووەم: وەک منداڵ ..بەس بگرى.
نەخۆشى یەکەم: ئێمە نەخۆشین، ئێمە لە چارەسەر هەڵاتووین.
نەخۆشى دووەم: (کەمێکى تر دێتە پێشەوە) دەبێ ئەمە هەڵواسم.گرینگ نییە
نەخۆشین.ئیتر مەگرى براکەم.
نەخۆشى یەکەم: (فرمێسکەکانى دەسڕێ و بە ورەوە) ناگریم..تۆ هاوڕێى
منى..من میوانى ماڵەکەتم..دەى زیاتر..
نەخۆشى دووەم: ( کەمێکى تر دێتە پێشەوە-دەنگى نووساوە) دەڵێى لە سکى
دایک دێمە دەرەوە.
نەخۆشى یەکەم: دڵنیام دەتوانى.
نەخۆشى دووەم: (وردە وردە باشتر دێتە پێشەوە-ئێستا قاچەکانى دیارن)
ئەوا هاتم..بەڵێ ( بەتەواوى دێتە ژوورەوە-لەسەر سک بەهێواشى دەڕوا و
کەمێک دەلەرزێت) بینیت هاوڕێکەم دووبارە گەڕامەوە ژوورەکە (پێدەکەنێت).
نەخۆشى یەکەم: (دەست دەداتە کتێبێک) بۆ ئەوەى کەمێک هێوربیتەوە کەمێکت
بۆ دەخوێنمەوە.
نەخۆشى دووەم: بیخوێنەوە..بیخوێنەوە.
نەخۆشى یەکەم: نانا ..ناخوێنمەوە خۆم قسەت بۆ دەکەم.دەڵێم ئێستا(
بەئومێدەوە دەست بەرز دەکاتەوە) ئێستا لە دەشتێکى سەوزدا..کچێک ڕادەکات
و گۆناکانى سووربوونەتەوە..دڵى زۆر باش لێدەدات و نەخۆشیش نییە...ئاى
لەو ڕاکردنە جوانە..ڕەنگە بەرەو درەختى سەر گردەکە ڕابکات ..پرچى
لەدواوە شەپۆل دەدات و ..ئێوارەیە..ئەم دەشتە زۆر دوورە
لەنەخۆشخانەکان..تەنانەت بۆنى هیچ دەرمانێکیش بە مانگ و ساڵ ناگاتە ئەم
دەشتە..خوێن هەر تەنها لە جەستەى ئەم کچەدا ڕێگاى خۆى دەدۆزێتەوە..لە
دڵیشدا هەزار پرسیار و.. .خۆشەویستى..بەڵێ خۆشەویستى لە دەمارەکانى
دەڕژێ..( پیرەپیاو هێواش هێواش باشتر دێتە پێشەوە و لە قەڕەوێڵەکەش
نزیک دەبێتەوە..بەڵام پیرەپیاو وا ئاڕاستەى گرتووە کە بە نزیکى
قەڕەوێڵەکەدا بەرەو دیوارەکە بڕوات..) یان لە خانووێکى بچکۆلەدا لە
ژوورى دواوە..پەنجەرەیەکى گەورە..منداڵێک کتێبێکى پێیەو
دەیخوێنێتەوە..بارانیش بەخوڕ بەسەر دار قەیسییەکەدا دەبارێت..منداڵەکە
دەخوێنێتەوە و پێدەکەنێت (پیرەمێرد بەردەوامە لە ڕۆیشتن) ئاى لە
پێکەنینى ئەو منداڵە بەو چیڕۆکە پێدەکەنێت کە کەروێشکە هاروهاجەکە گوێز
لە سمۆرەکە دەشارێتەوە..
نەخۆشى دووەم: ( هەناسەى تەنگ بووە و سەرى خستۆتە سەر ئەرزەکە) ئیتر
دەمرم.
نەخۆشى یەکەم: (ڕوودەکاتە پیرە پیاوەکە) هاوڕێکەم وا مەڵێ..(پیرەپیاو
بێدەنگە) باوکە.
نەخۆشى دووەم: (دەنگى هەناسەى بەرز دەبێتەوە ) ئاى..ى..
نەخۆشى یەکەم: دێمە لات..ئێستا دێمە لات..(پیرەپیاو تەواو
بێدەنگە-دەنگى هەناسەشى دەبڕێت) ئەوا هاتم ..بەڵام من چۆن لەم
قەڕەویڵەیە بتوانم بێمە خوار (قاچەکانى بەردەداتەوە) قاچەکانم
کارناکەن..مردوون..بەڵام دێمە لات..ناهێڵم بمریت..من میوانى تۆم..ئەم
ژوورە جوانە هى تۆیە تەنانەت ئەم زۆپایەش (زۆپاکە بەدەست دوور
دەخاتەوە) لێرەوە دێم..ئیستا ئیستا..( پیرە پیاوەکە هەر بێدەنگە و
ناجوڵێتەوە) دەبێت بێم ( تاو دەداتەخۆى-دەیەوێت بۆ ئامادەباشى
هاتنەخوارەوەکە تا سێ بژمێرێ) یەک..یەک...ناتوانم ناتوانم
بژمێرم..ئاه..(بەرەو پێشەوە دێت و بەتوندى دەکەوێتە خوارەوە) ئاى ئاى
خوایە..جەستەم شکا هەموو جەستەم..( لەسەر سک دەڕوا ) قاچم
شکاوە..قاچم..هاوڕێکەم..مردوویت؟ (پیرەپیاو بێدەنگە) ئێستا دێمە لات..
کەمێکى تر خۆت ڕاگرە..(دەست بۆ پیرە پیاو درێژ دەکات و سەرى
دەجوڵێنێت-هێواش هێواش دێتە بەرانبەرى) ئیتر هەستە..
نەخۆشى دووەم: ( ڕادەپەڕێت..و سەر بۆ لاى پیاوە کەمێ قەڵەو و ڕەنگ
زەردەکە دەسوڕێنێت-هەردووکیان لەسەر سک بەرانبەر یەک) من لەکوێم؟
نەخۆشى یەکەم: تۆ لێرەیت..وابزانم خەوتبوویت..لە دەرگاکەوە هاتى و...
نەخۆشى دووەم: تۆ کێى...؟ پیمبڵێ تۆ لێرە چى دەکەى ؟ من چیم لێهاتووە؟
نەخۆشى یەکەم: من...من کێم؟ من هاوڕێکەتم ئەوەى لەنەخۆشخانە بەیەکەوە
ڕامانکرد و وتت ئەم ماڵە هى..
نەخۆشى دووەم: کام نەخۆشخانە (هەناسەى تەنگە ) تۆ چیى دەڵێى..من شێت
دەکەیت..من دوێنێ لێرە دەمنووسى و دکتۆرەکەم هاتە
سەردانم..ئا..دکتۆرەکە خۆى هات چونکە هاوڕێمە و من ناساغ بووم..ئەم
ماڵە بۆ واى لێهاتووە..(سەیرى خۆى دەکات) ئەى من..من بۆ وام
لێهاتووە...ئەمە من نیم..
نەخۆشى یەکەم : دووبارە وات لێهاتەوە..دووبارە بەزمەکەیە.
نەخۆشى دووەم: بەزمى چى (دەنگى نزم و توڕە) تۆ کێى ؟
نەخۆشى یەکەم: من کەس نیم ئەى تۆ کێى....؟دەزانم چى دەڵێى بوەستە...تۆ
دوێنێ دەتنووسى و دکتۆرەکە هات..پێى وتى ئاگادارى خۆتبە و نووسین
کەمبکەوە..تۆس شێتانە دەتنووسى و دواى ئەوە هەر شتێکى جوانت
بنووسیایە..دەهاتى لەم دیوارە هەڵتدەواسى و بەدەنگ دەتخوێندەوە..تایبەت
ئەو دێڕانەت هەڵدەواسین کە پێتوابوو کەس ناتوانێ بیاننوسێ..جار جار
نیگاریشتدەکێشاو زۆر باشیش دەتخوێندەوە..ئێوارانیش دەچوویتە باخى لاى
کتێبخانەکە..لەوێ جاروبار کچێکت دەبینى..کچێکت دەبینى و شەیداى
بووى...ئیتر بەسە..ئەمە بەزمى تۆیە...ئەى من کێم...من ؟
نەخۆشى دووەم: ( بێدەنگ دەبێ وەک ئەوەى خەوى لێبکەوێت) ئاى..
نەخۆشى یەکەم: بخەوە..هاوڕێکەم..ئێستا وەک خۆتت لێدێتەوە..وەک خۆت،
ئێمە دەبێ نەخۆشبین (هەردوو دەستى لەژێر چەناگە داناون) دەبێ نەخۆشبین
و بەئاگا نەیەینەوە..دەبێ لەم جیهانەدا بژین، گەر نەخۆش نەبین دەمرین
(دەست لە پیرەپیاوەکە دەدات) ئێستا هەڵسە..هەڵسە..با بەدواى حەبەکەدا
بگەڕێین..
نەخۆشى دووەم: ( سەر بەرزدەکاتەوە ) دەبێ کاغازەکە هەڵواسم.
نەخۆشى یەکەم: (دەست بۆ کاغەزەکە دەبات و سەیرى دەکات) کوا خۆ ئەمە
هیچى لێ نەنووسراوە باوکە..چى هەڵدەواسى ؟ هیچى لێ
نەنووسراوە...وازبێنە ئێمە نەخۆشین..من ناتوانم بژمێرم..وازبێنە..
نەخۆشى دووەم: (خۆى کەمێ بەرزدەکاتەوە-کاغەزەکە توند دەگرێ..وەک ئەوەى
ساغ بێت بەیەک جار هەڵدەستێتەوە سەرپێ ) دەبێ هەڵیواسم..
نەخۆشى یەکەم: (تووشى سەرسوڕمان دێت و هاواردەکات) واى تۆ چاک
بوویتەوە..تۆ ساغیت (دەیەوێت خۆیشى هەڵسێت) ئاى خوایەگیان ئەم پیرە
پیاوە چاک بۆتەوە (پیرە پیاو لەجێى خۆى وەستاوە و سەیرى دیوارەکە
دەکات) منیش دەبێت ساغ بم..(سەرى دەسوڕێنێت و سەیرى دیوارەکە
دەکات)..منیش..
نەخۆشى دووەم: ( بەرەو دیوارەکە ڕادەکات ) هەڵیدەواسم ( بەر لەوەى بگات
بە دیوارەکە دەکەوێت) ئاى ..من..ناتوانم.. (دەست دەکوتێ بۆ کاغەزەکە و
نایدۆزێتەوە) کاغەزەکە...کاغەزەکە...
نەخۆشى یەکەم: واى..هاوڕێکەم...ئێمە ساغ نین..(هەردووکیان کەوتوون)
ئێمە نەخۆشین.. من سەرمامە.. دڵنیام لەدەرەوە بەفر دەبارێت... من
نەخۆشم و سەرمامە...(پیرەپیاو هەناسە دەدات) سەرمامە و ناتوانم
بژمێرم..
- تاریکى -
(پەردە دادەدرێتەوە)
__________________________________________________
+ کڵاوى سەخرەجن: کڵاوێکە لە نێو حیکایەتە فۆلکلۆرییەکانى کوردى..کاتێ
پاڵەوانەکان لەسەرى خۆیان دەکەن..ون دەبن، زۆر جار ئەم کڵاوە دەبێتە
ڕزگارکەر و جێگاى ئومێد..لەلایەن جنۆکە و پەرییەکان دەبەخشرێ بە
پاڵەوانان.
ماڵپهڕی رێبین ئهحمهد
خدر
|