په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠١٣

    شانۆیەکی درۆزن.

سوبحی ئەحمەد

لە سەر تەختی شانۆیەکی سەرەڕۆ
بە خۆت سەرپشک بووی
لە دیوی ناوەوەی خۆشت سەرزارەکیی
دێرەکانت دەگۆتەوە
خۆ ئەمن نەمدەزانی نە ئەکتەری نە بینەر
رەنگە تۆش پاڵەوانی شانۆکە بی
خۆ سوورکردنەوە و دەنگ هەڵبڕینەکەت
هاشوهوشێکی زۆر ئاشکرا
زۆر لە تواناکانی خۆت نزیک بوون
ئەگەر بە بیرت بێ ئەمن زۆر جار پێم دەگۆتی
خۆت مەپچڕەوە خراپتر لە پاشتر
خۆ دەبێ راستیش بکەی بەس بە درۆ
لۆ لەخشتەبردنی کەسی بەرامبەر
لە ناکاو ئەکتەرێکی بە توانای باڵابەرز
خۆی کرد بە سەر تەختی شانۆکەت
بەڵێ راستە ئەتوو زۆر بە توانای
کار و پیشەی خۆتە و زۆر لێزانی
لۆ گۆڕینی دێری دەقی شانۆیەکەت
ئەمن زۆر خراپ لێت تێگەیشتم
ئەکتەرت کرد بە بینەر
خۆ رەنگە دەرهێنەریش بکەی بە سەماکەر
ئا ئەوەتا ئێستا پێچت خواردووە
وەک پیرە مارێکی لە خشپەکەوتوو
بەرگریکاری خۆشت نیت
بەس ئەتوو وا خۆت پیشان نادەی
رۆڵی پاڵەوانە دۆڕاوەکەی
موچڕک سەرتاپای لەشتی گرتییە
وەکو سەرمای پایزان نقورچەت دەدا
پەلبەستی سەرمای رێبەندانیش بی
ئەتوو هەر دڵۆپە ئارەقەی گەردەنت دەسڕی
شانۆیەکەت تەوقە لە گەردەنی کەسانی وەک خۆت
خۆشباوەڕی بەس ئەوان چاک تۆ دەناسن
چیرۆکەکەت گشتی گومانە و لە دونیای بەهەشت
تەمەنی ئێستات خۆزگەی دواترە
کەواتە شانۆکارە درۆزنەکە
بڕۆ سەرهەڵگرە بۆ دەڤەری درۆ
پڕۆڤەی نمایشەکی تر بکە
بەڵام نەکەی لێرە بەسە
ئەوان لە من باشتر دەتناسن.

 

ماڵپه‌ڕی سوبحی ئەحمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک