په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١٢

رەخنەى شانۆیى:

شانۆیى زریان و برووسکە رەخنەیەک.

حەیدەر عەبدولڕەحمان


د. فازڵ جاف لە چوارچیوەى پرۆسە شانۆییەکى قوتابیانى کولێژى هونەرە جوانەکان لە هەولێر ، وەک ئەزموونێک بۆ بە پراکتیک کردن و راهێنانى ئەو قوتابیانە بۆ شانۆ ، شانۆیى زریان-ى لە نووسینى گەورە شانۆ نووسى رووسى (ئەلکسندەر ئەترۆفسکى) لە سەر شانۆى هۆڵى گەل لە هەولێر نمایش کرد، شانۆگەرییەکە بە هەر ئامانجێک بوو بێت ، بەرهەمێکى د. فازڵ جافە و وەک هەر یەکێک لە شانۆگەرییەکانى دیکەى هەژمار دەکرێت ، بە هەمان پێوەریش دەخرێتە بەر تیشکى هەڵسەنگاندن و نرخاندنەوە ...

 

دروستکردنى ئەکتەر.


دروستکردنى ئەکتەرو هێنانە سەر شانۆى ، لە ئەرکى دەرهێنانى شانۆگەرییەک سەختترە بۆ دەرهێنەرێکى شانۆیى ، رەنگە ئەوەى یەکەمیان خزمەتێکى گەورەتر لەوەى یەکەمیان پێشکەش بە شانۆى کوردى بکات ، چونکە ئەوانەى ئەکتەر دروست دەکەن و شانۆ لە نەزۆکى ئەکتەرى نوێ ى شانۆیى رزگار دەکەن ، بە تایبەت ئەکتەرى ئەکادیمى ، لە نێوەندى شانۆیی ئێمەدا بە دەگمەنن ، د. فازڵ جاف لە شانۆگەرى زریاندا خۆى لە ئەزموونێکى وادا ، ژمارەیەک قوتابى بەشى شانۆى کولێژى هونەرە جوانەکانى هێنایە سەر شانۆ .. بێگومان ئەم ئەزموونەش بۆ د. فازڵ جۆرێک بوو لە سەرکێشى ، کە رەنگە گرێنتى بەدى هێنانى خواستەکانى دەرهێنەر لەگەڵ ئەو قوتابیانەدا سەقامگیر نەبووەو لە هەر لەحزەیەکادا ئەگەرى روخانى هاوسەنگیەکە لە ئارادابوو، چونکە ئەزموونى ئەوان لە گەڵ روو بە روو بوونەوەى بینەر وەک ئەزموونى راهێنانى دوور لە بینەر نیە ، زۆر جارانیش ئاستى ئەداى ئەکتەر بە بوون و نەبوونى بینەر دەگۆڕێت ..بەڵام وێڕاى سەرکێًشیەکانیش دەرهێنەرانى ئێمە دەبێ خۆیان لە ئەکتەرى سواو رزگار بکەن ، لەوانەى چ لە رووى توانستى جەستەییەوە چ لە رووى ئەدا تواناى داهێنانیان پێوە نەماوە بە هۆى دوورە پەرێزییان لە راهێنان و وۆرک شۆپ و لابورو خۆ نوێ کردنەوە ، خۆ ئەگەریش بمانەوێت کارگەیەک بۆ دروستکردنى ئەکتەردروست بکەین ئەوە وا باشترە لە قوتابیە ئەکادیمییەکانەوە دەست پێ بکەین ، بۆیە ئەرکى د. فازڵ هەرتەنها بریتى نەبووەلە نمایش کردنى شانۆگەرى زریان - بەڵکو بەر لەوە ئامادەکردنى کۆمەڵێ ئەکتەرى قوتابى بووە ،کە رەنگە د. فازڵ بە ئامانجێک ئەوانى هەڵبژاردووە بۆ ئەوەى رۆڵ لە شانۆگەرییەکەى دا ببینن ، بەر لە هەمووشیان وەک ئەزموونێک هەوڵى ئەوەى داوە دەست پێشخەرییەک بکات بۆ دروست بوونى شانۆى زانکۆیى ، کە ئێستا لە وڵاتانى جیهان تایبەتمەندى خۆى هەیە و بایەخێکى زۆرى پێ دەدرێت ، بۆ ئەوەى شانۆ لە شوێنە ئەکادیمییەکاندا هەر تەنها بریتى نەبێت لە ئەزموونى دیزى قوتابیان ، بەڵکو هەوڵدان بێت بۆ روو بە روو بوونەوەى قوتابیان بە جەماوەرو راهاتن لە هاتنە سەر شانۆو ترس شکانیان لەو تەختە شانۆییە ، کە د. فازڵ لەو بوارەدا ئەزموونێکى دەوڵەمەندى هەیە لە گەڵ شانۆى زانکۆیى و تا ئێستا لە چەندین وڵاتى جیهاندا بانگهێشت کراوە بۆ سازدانى وۆرک شۆپ و بەشدارى بوون لە لیژنە تەحکیمییەکان و لە سەر ئاستێکى بەرز دا ، بەڵام ئەمە لایەنێکەو لایەنى هونەریى شانۆگەرییەکە لایەنێکى دیکەیە .. کە ئێمە لەو پەراوێزەدا دەمانەوێت باسى لێوە بکەین..


تێکست.


د. فازڵ بە هەستیارییەوە هەڵسو کەوت لە گەڵ ئەو تێکستانەدا دەکات کە بۆ شانۆگەرییەکانى خۆى تەوزیفیان دەکات ، بەر لە هەمووشتێک هەلو مەرجى کۆمەڵگاى کوردى و لێک وەشانەوەى ناواخنى تێکستە بیانییەکان لە گەڵ کۆمەڵگاى کوردى لە بەرچاو دەگرێت . بۆ ئەوەى بینەرى کورد پرسە کۆمەڵایەتییەکان بە نامۆ نەزانێت و هەمان ئەو پرسانە لە ناو کۆمەڵگاى خۆیدا بدۆزێتەوە ، لەو تێکستەى نووسەرى ناسراوى رووسى (ئەلکسندەر ئەتروفسکى) یشدا ئەو فاکتەرە لێک چووە کۆمەڵایەتیانە هەن ، بەڵام لە رووى فەلسەفى و ئایدۆلۆژیاى کەسایەتیەکانى هەردوو کۆمەڵگا جیاوازى هەیە ، ئەوەتا کاترینا ئەگەرچى گوناهێک دەکات بە خیانەت کردن لە گەڵ مێردەکەى ، بەڵام ئەو لە حاڵەتێکى هوشیارى ئەوتۆ دایە کە لە خۆى نەبوورێ و سۆز بە شێوەیەک بەسەر هزرى دا زاڵ نیە کە راستییەکان وەک خۆى نەبینێت ، ئەم گوناهە جۆرێک لە فەلسەفەى تێدایە کە رەنگە کەسایەتییەکى لەم جۆرەى کۆمەڵگاى ئێمە ئەم بۆچوونەى لا نامۆ بێت ، لێرەدا ئاستى هوشیارى لە نێوان هەردوو کۆمەڵگادا بەدى دەکرێت ... لەو تێکستەدا توندو تیژى فاکتەرێک نیە بۆ خۆ کوشتن ، وەک لە کۆمەڵگاى ئێمەدا هەیە ، بەڵکو ون بوونى خۆشەویستى لەو نێوەندەدا ئەلتەرناتیفى توندو تیژییەکەیە و نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێ کە پێکەوە ژیان بەردەوام نابێت ئەگەر بونیاتێکى خۆشەویستى نەبێت ، لە هەردوو حاڵەتیشدا ئافرەت قوربانى یەکەمە .. رەخنە گرى شانۆیى ( دویرو لیویوف ) لە باسێکى خۆیدا بە ناوى تەنیا تروسکاییەک لە مەملەکەتى تاریکیدا دەڵێت : نووسەر بە دواى دۆزینەوەى رێگا چارەیەکدا ناگەڕێت بۆ رزگار بوونى کاترینا لە تەنگە تاوییەکەى ، بەڵکو ئامانجى سەرەکى دەرخستنى سروشتى هەقیقى ئافرەتى رووسییە کە مردنى پێ باشترە لە ژیانى زەلیلى.

لە رووى هونەرییەوە هەر دەرهێنەرێکى کورد کاتێ تێکستێکى بیانى تەرجەمە دەکات یا بۆ شانۆ ئامادەى دەکات ، گرنگە ئەگەر سروشتى دەروونى و تایبەتمەندى بینەرى کوردو سەلیقە بوونى لە گەڵ دیالۆگ لە بەرچاو بگرێت ، ،ئەو درێژە دادڕییەى لە دیالۆگدا هەبوو کاریگەرى زۆرى بە سەر دابەزینى ریتمى شانۆگەرییەکەدا هەبوو بە گشتى ، ئەو دیالۆگە درێژ دادڕانە فایرۆسێکى کوشندەن بۆ شانۆ ، چەند ئەوەندەى دیالۆگ درێژ بێت ئەوەندە زێتر دەسەڵاتى داهێنانى دەرهێنەر لە سەر پانتایى شانۆو ئەکتەردا کەم دەبێتەوە و مەوداى لێک ترازانى بینەر بە شانۆوە بەر فرەوانتر دەبێت .. هەر کاتێکیش بینەر بە حوکمى ئەو درێژ دادڕییەوە دەستى لە کەشو هەواو رووداوەکانى شانۆ بەر بوو ، بە شێوەیەک کە باوێشک بداو هۆڵى شانۆى بەلاوە بە شێوەیەک تەسک بێتەوە کە وابزانێت پەلبەست کراوە، ئەوە دەرهێنەر ناتوانێت جارێکى دیکە دواى ئەو دەست لێک بەردانە کارێکى وا بکات بینەر لە ژێر روخانى شانۆگەرییەکە رزگار بکاتو بە شانۆى بگەیەنێتەوە..


ریتمى شانۆگەرییەکە.


لە بەر ئەوەى شانۆگەرییەکە پەیوەست بوونێکى زۆرى بە حاڵەتە سایکۆلۆژییەکانەوە هەیە و کەسایەتیەکان پێویستییان بە دیالۆژى ناخ هەیە ، بۆیە ریتمى هێور پەردەیەکى بە سەر شانۆگەرییەکەدا کێشاوە ، کە زۆر جاران بە بروسکە و باران و قیژەى ترسناک و لە ناکاوى کەسایەتییەکى تر هێورییەکە لاى بینەر دەڕەوێتەوە و بە قیژەو دەنگى بروسکەکان بە ئاگاى دێنتەوە ، بەڵام دەنگى بروسکەکان تا چەند لە رووى بە کارهێنانى ئامرازە هونەرییەکانەوە بە تایبەت موئەسیراتى دەنگ و رووناکییەوە تەوزیف کرابوون بۆ بەرجەستە کردنى بروسکەکان و بە جێ هێشتنى کاریگەرى دەروونى بە سەرخەیاڵى بینەرو رەواندنەوەى حاڵەتە مەییووەکانى ، بە شێوەیەک بتوانێت کاریگەرى خۆى بەسەر ریتمى شانۆگەرییەکە بە جێ بێلێ؟ من پێم وابوو نەمانتوانى نە بە باران و نەبروسکە کار لە بەرز کردنەوەى ریتمى شانۆگەرییەک بکەین و یاریدەى بینەر بدەین بۆ هوشیار بوونەوە .ئەگەرچى نووسەرى تێکستەکە بایەخێکى زۆرى بە بروسکەکان داوە چونکە بروسکەکان وێڕاى ئامانجە هونەرییەکان فەلسەفەیەکى سایکۆلۆژى کاریگەرى تێدایە هێمایەکە بۆ حاڵەتى دەروونى کەسایەتییەکان بە تایبەت کاترینا کە ناوە ناوە ئەو بروسکەیە لە ناخیدا رایدەهەژینێ و ئازارێکى ویژدانى و دەروونى پێ دەبەخشێت لە ئاست ئەو خیانەتەى دەیکات و جار جارەش وەک زەنگێک لە گوناهەکە بە ئاگاى دێنتەوە..


جەستەى ئەکتەرو ئەداى ئەکتەر.. لە ئامرازە هەرە بە تینەکانى گۆڕانى ریتمن لە شانۆدا ، کە هەندێ جارجەستە ، بە تایبەت لە بانتۆمایمدا دەبێتە توخمى بنەڕەتى ریتم ، ئەگەر بە وردى لە ئەداو ریتمى جەستەیى ئەکتەرەکانەوە ورد بینەوە ، پەیوەستى بکەین بە ریتمى گشتى شانۆگەرییەکە ، ئەوە بە ئاسانى دەتوانین بڵێین کە ئەداى لاوازى ئەکتەرەکان ، بە دەر لە دوو سێ ئەکتەرى سەرەکى نەبێًت ، لە چەشنى فرمێسک مستەفاو گێڵاس ناسر کە بوون بە کۆڵەگە بۆ رزگار کردنى هاوسەنگى شانۆگەرییەکە ئەوە رەنگە ریتمى شانۆگەرییەکە دەگەیشتە پلەى ژێر ناوەندى..


بۆ بە زیندوو راگرتنى دیمەنکان و راگرتنى هاوسەنگیەکە دەبوا دەرهێنەر قورسایى خۆى ئەوەندە نەخستایە سەر دیمەنە لاوەکى و ئەکتەرە لاوازەکان ، چەند ئەوەندەى پشتى بە گێڵاس بەست ئەوەندەش تیشکى خستایە سەر فرمێسک کەمن پێم وایە ئەگەر بکرابوایە توخمێکى بەتینترى ململانێکە ئەوە ریتمى ململانێکە لەوەندە بەهێزتر دەبوو کە ئێمە بینیمان ..ئاستى ریتم و داهێنانى نواندنیش بە هۆى رەخساندنى بوارى زێتر بۆ فرمێسک هەم ریتمى شانۆگەرییەکەى بەرزتر دەکردەوە ، هەم ئاستى نواندنیشى لە شانۆگەرییە زێتر بەرجەستە دەکرد ، چونکە بینەر هەستى بەوە دەکرد کە زۆرینەى ململانێکان لە ناخ کاترینا خۆیەتى و کاترینا هەردوو جەمسەرى ململانێکەى بە دەستەوەیە ، نەک دایکەکە..

 

 

dedar_nanakaly@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک