په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٢

شارە حەیاتەکەی کەرکوک بە شێوەیەکی دیکە بەعەرەب دەکرێ!


هۆشیار وەلی      


شارە حەیاتەکەی کەرکوک یەکێکە لە شارە بێنازەکانی کوردستان کە بەردەوام بە ھۆی دەوڵەمەندبوونی لە رووی ئابووریی و کێڵگە نەوتییەکان و کشتوکاڵەوە بەردەوام کەوتۆتە بەر ھەڕەشەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان.

مێژووی بە عەرەبکردنی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ حوکمڕانیی داگیرکەرە عوسمانییەکان بەتایبەتیی لە سەردەمی مەدحەت پاشادا لە ساڵانی ١٨٥٠ و ١٨٧٢ هانی خێڵە عەرەبە کۆچبەرەکانیان داوە بۆ نیشتەجێبوونیان لە شاری کەرکوک و دەوروبەری.

 

لە سەرەتای دامەزراندنی دەولەتی عێراقدا لە ساڵی ١٩٢١ و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام بوونە لەم پرۆسەیە و بە بەرنامەی تۆکمەتر و چڕتر ئەم پرۆسەیەیان بەرپا کردوە بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ زۆر بە زەقیی ئەم پرۆسەیە ئەنجام درا، کەوتنە بۆردومانکردن وێرانکردن و رووخاندنی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتوانەکەی و نیشتەجێکردنی خیڵە عەرەبەکان کە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دەیانهێنان.

 

لە دوای رێکەوتنە شوومەکەی جەزایر رژێمی بەعس دەستی کرد بە دابڕاندنی قەزا و ناحیەکان لە کەرکوک و داگیرکردنی خانوو و زەویوزاری ھاوڵاتیان و دابەشکردنی بە سەر خێلە عەرەبەکان و راگواستنی خەڵکی شارەکەش بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، لە ساڵانی ھەشتاکانیشدا رژێمی بەعس دەستی کرد بە کیمیابارن و ئەنفال و کۆمەڵکوژیی و خاپوورکردنی سەرجەم گوندەکان.


لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕیار وابوو لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدرێتەوە و حکومەتێکی دیموکراسی فیدراڵیی بێتە ئاراوە و ماف بۆ خاوەن ماف بگەریتەوە و ھەموو کێشەکانی کورد چارەسەر بکرێ، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە ئەنجوومەنی فەرمانڕەوایی عێراق بڕیاری مادەی ٥٨ یان پەسەند کرد.. بەڵام ئەو بڕیارە ھیچ کاری پێنەکرا و ھەر بە جوانەمەرگیی سەری نایەوە، دواتر مادەی ١٤٠ ھاتە ئارا و تا ئێستاش جگە لە قەربووکردنەوەی ھاولاتیان ھیچ بڕگەیەکی دیکەی لێ جێبەجێ نەکراوە، ئەو عەرەبە ھاوردانەشی کە قەرەبوو کراونەتەوە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و ھەموویان لە شارەکە ماون، ئەگەرچی پێویست وابوو لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس بە بێ بەند و مەرج و بە بێ بڕیاری مادەی ٥٨ و مادەی ١٤٠ کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان بگەڕاباوە نێو باوەشی ھەرێمی کوردستان، بێگومان ئەو دوو بڕیارەش بۆ رەزامەندیی پێکھاتەکانی دیکەی شارەکە بوو، جگە لەمەش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەندین خێزانی عەرەب بە ناوی نائارامیی و ناسەقامگیرییەوە روویان لە شاری کەرکوک کردوە ئەمەش بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە شارەکە نیشتەجێبونە.


لە دوای ئەو ھەموو بەعەرەبکردن و راگواستنەی بە سەر خەڵکی ئەم شارە ھات ئێستا لێژنەیەکی تایبەت پێکھێنراوە.. لە حکومەتی ناوەندیی بەغداوە ھاتونەتە شارەکە و ئاماری مەزار و گۆڕستانەکان و شوێنەوارە ئاینییەکان دەکەن بە نیازی ئەوەن دەست بە سەر ئەو زەویانە دابگرن کە چەندین ساڵە موڵکی کورد و تورکمانەکانی شاری کەرکوکە، ئەو بەعەرەبکردنەی ئەو لێژنەیە بە نیازە ئەنجامی بدا وەک ئەو مەتەڵە کوردییە وایە کە دەڵێن: ''کاتی خۆی کابرایەک خانووەکەی دەفرۆشێ.. دەڵێ بە مەرجێک ئەم خانووە دەفرۆشم ئەو مێخەی دامکوتیوە جیاوازە لە فرۆشتنی خانووەکە و مێخەکە موڵکی خۆمە و ڕۆژانە دێم سەیری دەکەم، کڕیارەکەش دەڵێ زۆر ئاساییە، دوای ئەوەی خانووەکەی دەفرۆشێ رۆژانە سەر لە مێخە داکوتراوەکەی دەدا و یەک دوو چەکوشی لێ دەدا تا خاوەن خانووی بێزار کرد، ھەر چۆنێک قسەیان دەکرد.. ئەو دەیگوت ئەوە مێخی خۆمە، دواتر پێستەیەکی ھێنا و بە مێخەکەیدا ھەڵواسی و بۆنێکی ناخۆشی لە خانووەکە دروست کرد تا خاوەن ماڵەکە بە تەواویی بێزار بوو و گوتی کاکە وەرە مێخ و خانووەکە بۆ خۆت و من دەڕۆم و بۆتی بەجێدەهێڵم!''، ئێمەش ئێستا گۆڕستانەکانمان و ئەو زەویانە شایەتحاڵی ئەوەن کەرکوک کوردستانییە، بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی راشکاوانەی خۆی بدا و رێگە بەو لێژنەیە نەدا، ھەرچەندە ئەمە تاکە پیلان نییە حکومەتی ناوەندیی بەغدا دژ بە خەڵکی شاری کەرکوک ئەنجامی دەدا.

 


Wshyar_wali12@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک