شارى دزان. چیرۆکنووسی ئیتالیی: ئیـتالۆ کالفــینۆ*
و. لە هــــۆڵـەندییەوە: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
میللەتەکەش هیچی بۆ نەدەمایەوە لەوە زیاتر کە فڕوفێڵ لە دەستەو دایەرەی دەوڵەتدا سازبدات ئا بەوە شێوازەش ژیان زۆر بە هێمنی و ئارامیی دەچووە سەر ، نە کەس دەوڵەمەند بوو ، نەکەسیش هەژار بوو ڕۆژێکیان نازانین ئەمە چۆن قەوما ، کە یەکێکی دەستپاک و خانەدان هاتە ئەمشارەوە و تیایا نیشتەجێبوو ....
شەوانە ، لە جیاتی ئەوەی بە خۆی و گوێنی و لایتی دەستییەوە وەدەرکەوێ ، لە ماڵەوە دەمایەوە ، جگەرەی دەکێشا و ڕۆمانی دەخوێندەوە .. دزەکان دەهاتن و کە ڕووناکییان دەبینی وەژوور نەدەکەوتن ، ئەم بارودۆخە دەمانگێکی خایاند ، بەڵام ناچار بوون کە ئەوە بۆ کابرا ڕوونبەکەنەوە کە ئەگەر دەیەوێ بەو شێوەیە گـوزەران بەرێتە سەر، ئەو سەربەستە ، بەڵام با نەبێتە مایەی ڕێگرێک کە ئەوانیدیکە هەستن بە کار و کاسبی خۆیان هەر شەوێکیش، کابرا لە ماڵەوە بمایاتەوە خێزانەکەی بۆ ڕۆژی دووایی شتێکی ئەوتۆی نەبوو بیخوات .
کابرای دەستپاک نەیدەتوانی ناڕەزایی بەرامبەر بە ووتەی خەڵکی شارۆچکەکە دەرببڕێت . ئەمیش وەکو ئەوان هەموو شەوێ دەچووە دەرێ و دەمەو بەیانیان وەکو ئەوان دەگەڕایەوە ماڵێ .. وەلی بێوەی دزییەک بکات ، چونکێ کابرا پیاوێکی زۆر دەستپاک بوو .. هەرچییەکیشت پێبووتایە بێ کەڵـک و بێ سوود بوو .. شەوانە دەچووە سەر گردەکەو تەماشای ئاوەکەی ژێــر گردەکەی دەکرد ، کاتێـکیش کە دەگەڕایەوە ماڵێ دەیزانی کەوا ماڵەکەیان بــــــڕیوە ...!
هەفتەیەکی نەخایاند و کابرا ( کەوتەسەر ساجی عەلی ) ، هیچی نەبوو بیخوات ، ماڵێـکی ڕەق و تەق ، بەڵام ئەمەش گـرفتێک بوو ، چونکێ هەڵەی خۆی بوو ، ئەم بە دەستی خۆی ماڵی خۆی وێـرانکرد ڕێگـەیدا بە وانیتر کە دزی لێبکەن و بە بێـئەوەی کابرا هیچ بۆ خۆی بدزێــتەوە ...... بەرانبەر بەوەش کەسێـک هەبوو کە لە دزی دەگەڕایەوە و دەیبینی کەوا ماڵەکەی دەستی لێنەدراوە ، ئەو ماڵەی کە پێویست بوو شەو کووت بکرایە ...
کار گەیشتە ئەوەی کە پاش ماوەیەکی کەم ئەوانەی کە ماڵیان بە شەو نەدەبڕدرا ، لەوانیدیکە دەوڵەمەند تربوون و ئیدی پێویستییان بەوە نەبوو شەوچەتەیی بکەن ، ئەوەی کارەکەشی لەوە خراپتـر کردبوو ئەوەبوو کە ئەوانەی شەوانە دەیانکووتایە سەر ماڵی کابرای دەستپاک ، دەکەوتنە سەر ماڵێکی ڕەق و تەق ، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر دەبوون لەو دەموەختەشدا کە ئەوانەی زۆر دەوڵەمەند بوون ، خووڕەوشتی کابرای دەستپاکیان گرت و شەوانە ئەوانیش دەچوونە سەر ئەو پردە و لە ئاوەکەیان دەڕوانی کە بە ژێریدا گووزەری دەکرد.... ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بارودۆخەکە تەواو بشێوێ و ڕێـــــژەیەکی زۆری لە هەژار و لە دەوڵەمەند هێنایە ئاراوە ..
بۆیە دەوڵەمەندەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەگـەر هەر بەردەوام بن و شەوانە لە جیاتی دزی بەرەو لای پردەکە بچن ..زۆر ناخایەنێ و هەژار دەبنەوە ... بۆیە پیلانێکیان دانا : '' لێگەڕێ با بڕێــک پارە بە هەژاران بدەین بۆوەی بچن و دزیمان بۆ بکەن ''
بۆیە چەند گرێبەند و قۆنتەرات و مانگانەیەکیان چێکرد ،ئەوان هەر دزەکەی جاران بوون و هێـشتاکە دەیانوویست فڕو فێــڵ لە یەکدیبکەن ،بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئەوەبوو : دەوڵەمەندەکان زێتـر زەنگـین بوون و هەژارەکان نەدارتر بوون ، بەشێوەیەک کە هەندێ لە دەوڵەمەندەکان گەیشتە پلەو پایەیەک کە ئیدی پێویستی بە هەژاران نەمابوو تا دزیان بۆبکەن ، بەڵام هێشتاکە ترسی ئەوەیان لە دڵا بوو کە ئەگەر واز بێـــنن و ئەوا هەژار دەبنەوە و هەژارانیش دزیان لێدەکەنەوە ..
بۆیە هەژارانیان بە کرێگرتن تا داکۆکیان لێبکەن و لە هەژارانی تریان بپارێزن ، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرێک بوو بۆ دامەزراندنی هێزی پۆلیس و بیناسازدانی بەندیخانەکان بەو پێـیە دوای چەند ساڵێ بە هاتن و نیشتەجێبوونی کابرای دەستپـــاک لەو شارۆچکەیەدا و ئیدی خەڵکی وازیان لە دزی و دزیکردن هێا ، وەلێ باس هەر باسی دەوڵەمەند و هەژار بوو ... کەچی هێشتاکە هەر دزبوون تەنها کابرای دەستپاک و خانەدان نەبێ کە پاش ماوەیەکی کەم لە برسانا مرد ..!
______________________________________ (*) Italo Calvinoچیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئیتالیایی ناودار ، ئیتالۆ کالفینۆ 1923 - 1985 لە دەموەختی شەڕی جیهانیی دووەمدا ئەندامێکی چالاکی بەرەنگاری بووە و دژی نازی و فاشیزمەکان جەنگاوە ، سەر و گوزەشتە چیرۆکە میللییە ئیتالییەکانی کۆکردۆتەوە و بە چاپی گەیاندوون ، نووسینەکانی کالفینۆ بە ئەفسانە و ئەندێشەی نوێ ناوزەد دەکرێن و بە بەکارهێنانی ئەفسانە و خورافاتی کۆن گوزارشتی لە ژیان و گوزەرانی هاوچەرخ دەکرد ....!
|