٢٢\١٢\٢٠١٤
شاری شەرم.

فەتاح حەسەن
مرۆڤەکان
لەو شارەدا..
بە دڵی خۆیان سەما ناکەن.. پێناکەن
گوێ بۆ موزیك.. بۆ گۆرانی، رانادێرن
لەبەر شەرم و لەبەر عەیبە
خۆشەویستیی،
بە خۆیان رەوا نابینن.
مرۆڤەکانی ئەو شارە
بۆ خۆ.. ناژین
(ئامێرد)*
ئاسا،
بە خواستی خەڵك دێن و دەچن.
لەو شارەدا
گەنج لە چایخانە جمەی دێ
ژنی گۆج و
پیرەمێردی گاڵۆك بە دەست
شقارتە و لفکە دەفرۆشێ..
لەو شارەدا
مافی ژنان.. هەروەکو ژن
ئەتك دەکرێ،
منداڵ.. بۆ سواڵپێکردن
لەسەر شۆستە
بە چەشنی سیپاڵ رادەخرێ.
ملیۆنێریش..
چەشنی قارچك
هەڵدەتۆقێ!!
_______________________
*
ئامێرد، وشەیەکی
لێکدراوە، لە (ئادەمیزاد+ ئامێر)، بە عەربی
دەکاتە (الرجل الالي).
بەرامبەر (رۆبۆت)ی لاتینی.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|