په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

شازی ماستاوساردکردنەوە.


یاسین برایم  


هەر لە مرۆڤێکی سادەوە تا دەکاتە مرۆڤێکی گەورەو بەرپرس و هەر لە نەخوێندەوارێکەوە تا دەگاتە خاوەن بەرزتریت بروانامە . مێشک و چاو گوێ و جەستەو هزرمان ماندوو سەرقالە. مانگی دهۆڵ کوتانە بۆ هەلبژاردن . بەرپرسەکان شەوو رۆژیان نیە هەرخەریکی کۆڕو کۆبوونەوەن ،تەنانەت لە نێو مۆنیکاو ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکانیش کۆبونەوە دەکەن و لە خەونیش هەر خەریکی خەون بینیین بە کورسی و هەڵبژاردن و دەنگدان ، هەرلایەنێک بە جۆرێ خەریکی کارو باری خۆیەتی ،حکومەتیش وەک بڵێی هەنگوینی لە دارا دۆزیبێتەوە هەموو پرۆژەکانی خستۆتە ئەم ماوەیەو فریای دانانی بەردی بناغەوکردنەوەی ئەو پرۆژانە ناکەوێت، تا دێت ماوەکە گەرم دەبێت تا دەگاتە مانگی تەمووز سەری کەچەڵان دەسوتێنێ و پڕو پاگەندەش لە گەڵ ئەم گەرمایە گەرمترو بەتینتردەبێت.

 

ئەوانەی کوێخای هەلبژاردن و فرت و فێلی سیاسی و هەڵبژاردن باش دەزانن خاوەن ئەزموونن مەیدانیان گەرمە. لە ڕاگەیاندنەکانیش شتی سەیرو سەمەرت گوێ لێ دەبێت، دیاری لایتۆپ بۆ ڕۆشنبیران و دەمانچە بۆ نەخوێندەواران و پیاوی دیوەخانە.پارە بەشینەوە ، دەعوەت کردن، سەردان کردن ،چت پێ دەوێت ئەوان لە خزمەتت راوەستاوەن ، خواخوایانە کەسێک بمرێت و بگەنە سەر قەبران، هێشتا کابرا لە گۆر نەندراوە لافیتەی رەشیان بۆ هەڵواسیووە ،بە کۆمەڵ دەچنە مزگەوت و بگرە قورئانیش بۆ مردووە کە دەخوێنن.لە بووک گواستنەوە دەبنە سەرچوپی کێش و لە کۆرو کۆبوونەوەش رێزی یەکەمیان کۆنترل کردووە، هەر رستەیەکی لە دەمیان بێتە دەر سێ پرۆژەودوو بەڵێنی بریقەداری تێدایەبۆ کارو چالاکیەکان لەو ماوەیە پارە سەرفکردن وەک ئاو خواردنەوەی لێهاتووە، خۆیان هەڵدەقوڕتێنە هەمووکارێک ، هەر رۆژێ دەهۆڵ بۆ چین و توێژێکی ئەم وڵاتە لێ دەدەن:

 

لە بەرامبەر پێشمەرگە دەڵێن: (کوردستان لە سایەی خەبات و تێکۆشان و ئازایەتی ئێوەی ئازاد بوو، ئەگە ر ئێوە نەبوان کوردستان ئازاد نەدەبوو).

 

بۆ کەسوکاری شەهیدان: (دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە).بۆ کەسوکاری ئەنفالەکان (دەبێ ئەنجامدەرانی ئەنفال دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن).

 

بۆ کەسو کاری هەڵه‌بجەو شێخ وەسانان و بالیسان و قەرەتەپەو گەرمیان و بادینان(ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بە سەر گەلەکەمان داهاتووە بە چەکی قەدەغەکراو ئەم خەڵکە لە ناو چوو ،ئەمە وای کردکوردی بە جیهان ناساندو نابیت لە ئاستی ئەم کارەساتە بیدەنگ بین و لە یادیان بکەین).

 

لە بەرامبەر پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامەکان و خانە نشینکراوەکان(ئێوە جەستەی پیرۆزی خۆتان بەخشی بە کوردستان و ئێوە شۆرشتان دروستکرد بە نانە رەقەی خۆتان خەباتتان کرد و ئەم رۆژەتان هێنا بەرهەم) .

 

بۆ ژنان و ئافرەتانیش دەڵێن (ئێوە نیوەی کۆمەڵن و دەبێت رۆلتان هەبێت ).

 

بۆ گەنجان و لاوان (ئێوە نەوەی ئایندەی ئەم حکومەتەن و دەبێت هێزو تواناو شارەزا یخۆتان بخەنە گەربۆ پێشخستنی ئەزموونەساوەکەمان و دەبێت لەم پەرلە مانە گەنجان رۆلیان هەبیت پەرلەمانێکی گەنجانە دروستبکەن) .

 

بۆ وەرزشوانانیش(وەرزش پەیامی ئاشتی و برایەتی و خۆشەویستیە، هیچی لە سیاسەت کەمترنیە دەبێت لە کوردستان زیاتر گرنگی بەم بوارە بدرێت).

 

بۆ پۆلیس و ئاسایش (پاراستنی حکومەت لە ئەستۆی ئێوە دایەئەمن وئاسایش لە سایەی شەونخونی و ماندووبوونی ئێوە هاتۆتە بەرهەم).

 

بەکوردی و بە کورتی بۆ هەموو چین و توێژێک هەمبانەی خۆیان پێیە ، لە بەرامبەر هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و شاعیران و ئەندازیاران و پزیشکان و فەرمانبەران و هەتا دەگاتە کاسبکاران و مریشک فرۆشان و سەوزە فرۆشان و خاوەن مۆلیدەکان و بەنزین و سوتەمەنی فرۆشەکان وبۆریچی و لەحیمچی و لەنگەفرش و عارەبانەچی ... هتد.

 

ئەوەندە بەڵێن و قسەی بریقەداریان پێیە بۆنی هەنگوینی لێدێت، جا کار و کردەوە جێ بەجێ دەکەن یان نا ئەمە شتێکی ترە، درۆیە هەموو کەسێکی پێ دەوێریت ، لەم وڵاتە کەس لە سەر ئەم بەڵێن و قسە نابەجێیانە لێ پرسینەوەی لە گەڵ ناکریت وەکو دەوڵەتان پیت بلێن: کاکە ئەو قسانەی لە کاتی دەنگدان و پروپاگەندەی هەلبژاردن کردتان کوا کرداری بۆ لەگەڵدا نییه‌ و بۆ جێ بەجێی ناکەن.خۆ بەرپرسەکانی وڵاتی ئێمە شارەزایی ئەم بوارەن و بۆ ئەمەش دەڵێن نوسراومان کردووە بۆ سەرەوە لە بەرنامەمان دایە ، یان زۆر ئاسانە روو دەکەنە حکومەتی عێراق و دەڵێن بودجە نەهاتووە، ئەوەندە گلەیی لە حکومەتی مەرکەزی دەکەن دەیدەنە بەر رەخنە و توانجی سەیرو سەمرە و یان زۆر ئاسانتر ئەوەیە کاکە ئەو عەرەبانەلە بەغدا ناهێلن هیچ بۆ کورد بکەین.

 

ئەوەی زۆر گرنگە بۆ هەلبژاردنی ئەوان دەنگ کۆکردنەوەیە ،جا بە هەر شێوەیەک بێت، بۆیە بریاری و بەلێنی ئەوەندە سەیرت گوێ لێ دەبێت نازانم چۆن شەرم ناکەن لە بەرامبەر ئەم جەماوەرە رووی خۆیان نیشان بدەن ، ماستاوی وات بۆ ساردەکەنەوە لەماستی هەولێریش دروست ناکریت، لە هەموو کەس دەپارێنەوە وخۆبە قوربانی خەسوو خەزووریشت دەکەن!

 

بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی پرو پاگەندی هەڵبژارنە و کەس بەلاشی ناچێت و هەر باسی ناکرێت منداڵە بێنازەکانی ئەم وڵاتەیە، کوا لایەنێک هەیە بلێت گرنگی بە پەروەردەو فیرکردن دەدەین و خزمەتی منداڵ دەکەین و ئاورێک لە بژێو ژیانی منداڵەکانی گوندەکان و سەر جادەو شەقامەکان و هەژارەکان و کاسبکارەکان دەدەینەوە، کەم نین ئەو منداڵانەی کار دەکەن و خێزان بەرێوە دەبەن.

 

تەنها ئەوەی بەکەڵکی دەنگدان بێت باسی دەکەن مندالێش کەنەوەی ئایندەیەو بەیانیش هەر ئەوان ئەم وڵاتە بەرێوەدەبەن ،کەچی ئەمەیان بەجارێک فرامۆش کردووە تەنها بە ئەفلام کارتۆنی سەر تەلەفزیۆنەکان رازی دەکەن ودڵی دەدەنەوە ،ئەگەر لە ئێستا گرنگی بەم منداڵانە نەدەن بەیانی چۆن پێیان دەڵێن ئەوەت بۆ دەکەین ئەگەر دەنگمان پێبدن!!.یان بۆ هەلبژاردنێکی تر خەمیان نیە و دیسان شازی ماستاو سارکردنەوە ئەنجام دەدەن..