١٤\١\٢٠١٣
شەهیدانی ئاشتی لە
باکوری کوردستان.

مەهدی خالید خەمبار
لە خوێندنەوەمان بۆ مێژوی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی گەلی کوردستان و
قۆناخە جۆراو جۆرەکانی ئەم خەباتە درێژخایەنەی کە تا ئێستاش بەردەوامی
هەیە ، دەمانگەێنێتە ئەو ڕاستیەی کە هەمیشە بە پێی کات و هەلومەرجی
سەردەمەکە و لە بێهێزی دوژمنان و بڕوابونی ئێمەش بە (چارەسەری ئاشتی)،
ناو بەناوێک خەباتی چەکداری و شەڕ و پێکدادانەکان پشویەکی وەرگرتوە و
بە قوناخی (ئاشتی و دەستپێکردنی دانوساندن) ناوزەد کراوە! ئەگەرچی لەم
قۆناخەدا، هەمیشە ئەوەندەی دوژمنان لە خەمی جێبەجێکردنی مەرامە
گڵاوەکانی خویاندا بونە ، ئەوەندەی هەوڵیانداوە لە سایەی ئەم دۆخی
ئاشتیەدا بە خشکەیی پلانی تیرۆرکردنی ئەو سەرکردە و کەسە دیارانەی ناو
بزاڤەکە دابڕێژێژن کە لە مەیدانەکانی جەنگدا نەیتوانیوە بیانپێکن ،
چارەکی ئەوە لە خەمی چارەسەری کێشەکاندا نەبونە!
شایانی ئاماژە پێکردنیشە کە گەڵی کوردستان لەم قۆناخی ئاشتیەشدا
نەیتوانیوە خۆی لە دڵە ڕاوکێ و بێ ئومێدی ڕزگار بکات ، چونکە هەمیشە لە
حاڵەتی ( نەشەڕ و نەئاشتی ) دا کاتەکەی گوزەراندوە . گومان لەوەدا نیە
هەمیشە لایەنی بەرامبەر هەم لە هەوڵی قۆستنەوەی کات لە بەرژەوەندی
خۆیدا بوەو و هەمیش بزوتنەوەکەشی بە هەندێک خاڵ و مادە و بەڵێنی ناڕون
و شاخدارەوە سەرقاڵ و ماندو کردوە ، هەمیش توانیویەتی هەندێک کەس لە
ناو ئاستە جیا جیاکانی بزوتنەوەکە دەستەمۆ بکات و بە ئارەزوی خۆی هەر
کات و لە هەر جێیەک کە بیانەوێ بە کاریان بهێنێت.
ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و دژەمرۆڤایەتی لە دژی سەرکردە و کەسانی
نیشتیمان پەروەر و ئازادیخوازانی کورد پێشینە و ڕێشەیەکی قوڵ و
مێژویەکی تاڵی هەیە ( کورد و وڵاتانی تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا و
نەتەوە سەردەستەکانیان ) ،بەواتا ئەم دەستە ڕەشەی تیرۆر و تاوان
پێشتریش گەیشتۆتە دەیان سەرکردەی سیاسی و پێشمەرگایەتی و چاڵاکوانان ،
سەدان تێکۆشەر و وڵات پارێز و کەم نین ئەوانەی بونەتە قوربانی وشەهیدی
( خەباتی ئاشتی ) هەم لە ناوەوەی وڵات و هەمیش لە دەرەوەی وڵات .
نامەوێ بچمە سەر ئەم باسە قوڵە چونکە کە مەبەستی من لەم نوسینە ئەمە
نیە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی لێوە بکەم و ڕای خۆمی لە بارەوە بدەم و لە
گەڵ تێڕامان و بۆچونەکانی ئێوەدا ئاڵوگۆڕی پێ بکەم ، مەسەلەی
تیرۆرکردنی ئەم سێ خانمە کوردە سیاستمەدار و چالاکوان و پێشمەرگەیەیە
کە ئێوارەی چوارشەمەی ڕابردو ٩/١/٢٠١٣ لە پایتەختی وڵاتێکی ئارام و
دیمکراتخواز و مرۆڤ دۆستدا و لە شەقامێکی قەرەباڵخی شاری پاریسدا تیرۆر
کران!
هەر کام لە ئێمە ژمارەیەک پرسیاری لا دروست بوە و دروست دەبێت ، من بۆ
خۆم گەر بپرسم ئایە تیرۆرکردنی سێ مرۆڤ ، سێ ژن ، سێ سیاسەتمەدار و
چالاکوانی کوردستانی باکور وە بە تایبەت لەم ئان و ساتەدا بۆ ؟ ئامانج
لە لەناوبردنی ئەم سێ کەسە چیە ؟ ئەم سێ کەسە بۆ بە تەنها بون ؟ کێ
زانیویەتی ئەوان تەنهان و چاودێریان لە تەک نیە ؟ ئەگەر بە گولە
شەهیدکراون بۆ کەس بە ئاگا نەهات ؟ ئەگەریش بە چەکی بێدەنگ تیرۆر کرابن
، ئەم چەکانە چۆن کەوتۆتە دەستیان ؟ ژمارەیەک پرسیاریتر ! هەرچەندە زوە
خەمڵاندن بۆ باکڕاوندی ئەم کارەساتە بکەین ، چونکە بەڕای من ئەگەری
ئەوە دەبینم ئەم کارە بەرنامەی تۆکمە و پلانی دەستی دور و نزیکی لە
پشتەوەبێ!
پێم وا نیە کەسێکمان گومانمان لە بونی پتر لە دەستێک لە پشتی
ئەنجامدانی ئەم تاوانەوە هەبێت ! لە نێو ئەو دەستانەشدا کە بە داینەمۆی
دەستەکانی تر هەژمار دەکرێت ، دەستی تۆرانیەکان و ناحەزانی گەلەکەمانە
کە دەتوانن هەموو شتەکانی تر ئامادە و دابین بکەن و بەشێک لەو دەستانەی
تر کە تێوەی گلاون بکەنە ماشە تا دەستەکانی خۆیانیان لە پەنادا هەم
بشارنەوە و هەمیش نەسوتێن!
مەبەستی سەرەکی لە کردنە ئامانجی خانمان (سەکینە جانسز)، (فیدان
دۆغان)، (لەیلا سۆیلەمەز). خاتو (جانسز) لە هەڕەتی گەنجێتیەوە ئاوێتەی
چالاکی سیاسی دەبێت و یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی
کوردستان و بەرپرس و دابینکاری بەشی دارایی دەرەوەی ئەم پکک بو تەمەنی
٥٦ ساڵ بو ، ئەم ژنە پتر لە ٣٥ ساڵی ژیانی بە پێشمەرگایەتی و خەباتی
چەکداری ، هەڵسوراوێتی سیاسی و نەبەردایەتی ناو بەندیخانە و
چالاکوانێتی بواری مافەکانی ژنان ی بە سەربردوە ، بە تیرۆکردنی ئەم ژنە
تێکۆشەرە کۆمێک ئامانچ لە یەک کاتدا دەپێکێندرێ (نەیارانی جانسز
توانیان هەم خۆیان لەم کەسایەتیە ژنە چالاک و بلیمەت و بەتوانایە ڕزگار
بکەن کە مەترسی ئەوەیان لێی پەیدا کردوە کە لە مانەوەی لە ژیاندا ڕۆڵی
کاریگەر لە نێو هاوکێشەکانی داهاتوی قۆناخی سەقامگیربونی ئاشتیدا
دەبینێت وجێ بەوانە لەق دەکات کە کە لە پەنای شەڕدا خۆیان شاردۆتەوە ،
خاتو (دۆژان) ئەویش کە یەکێک بوو لە ئەندامە کاراکانی کۆنگرەی نەتەوەیی
کورد لە دەرەوە ، ئەمیش بە کەسێکی چالاکی سیاسی و داکۆکیکار لە
مافەکانی ژنان ، خاتو (سۆیڵمەز) ئەویش چاکاکوانێکی کور د بوە . بە
ئەنجامدانی ئەم کارە نەفرەت لێکراوە ، نەیاران توانیان ژمارەک ئامانج
لە یەک کاتدا بپێکن ! توانیان گورزێکی کاریگەر بسروێننە پارتی
کرێکارانی کوردستان ، هیمەتێک بۆ نەزۆک کردنی ئەم هەوڵە ئاشتیانەیەی کە
ئێستا لە تورکیا هاتۆتە ئاراوە بە تایبەت لە نێوان بەڕێز (عەبدوڵا
ئۆجەلان) سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دورگەی (ئیمرالی) و
حکومەتەی (ئەردوغان) ، کە ئەمە یەکەم جارە دوای ئەو دەستە ئاشتیەی کە
لە ساڵی ١٩٩٣ وە لە لایەن (تۆرگۆت ئۆزال) ەوە بۆ ئەم پارتە درێژ کرا و
دواتریش لە لایەن دەستێکی دژ بە ئاشتی و نەژاد پەرستەوە ئەم هەلەیان لە
بار برد و ئۆزالیشیان دەرمانخوارد کرد ، سێ داکۆکیکار لە مەفەکانی ژنان
کەم کرانەوە و سێ خێزانی کورد و بەشێک لە کۆمەڵگەی لە نەشونما کەوتن.
من پێم وانیە تیرۆرکردنی ئەم سێ خانمە بە تەنها ئەم قۆناخە سەختەی
ئاشتی لە باکوری کوردستان بگەێنێتە دوا ویستگە ، بەڵکو دەبێت خۆ بۆ
قوربانی دانی زیاتریش ئامادە بکەن ، بۆیە لە بەرامبەردا دەبێت ژیرانەتر
و بە ئاگانەتر بەرخورد لە گەڵ ئەم قۆناخە نوێیە بکرێت تا ڕێگە لە
بەردەم وەشاندنی گورزی گورچکبڕتر تەسک بکرێتەوە و نەهێڵدرێ ئەم دەستە
قڕێژانەی تیرۆر بە ئاسانی بیانگاتێ ، دەبێت خوێنی ئەم سێ سەرکردە و
تێکۆشەرانە لە لایەک بکرێنە هەوێنی ئاشتی و زیاتر پێ لە سەر بەرەو
پێشچونی هەنگاوەکانی ئاشتی داگرتن و دان بەخۆدا گرتنی زیاتر و ئەوەندەی
بکرێتیش خۆ لە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە بە دور بگیرێت و چاوەڕوانی
دەرەنجامەکانی ئەم گفتوگۆیانە بکەین و لە هەمان کاتیشدا بیکرێنە
وانەیەک بۆ هەنگا و کارەکانی داهاتو.
mxembar.kerkuki@gmail.com
|