٢\٤\٢٠١١
شەکانەوەی
ئاڵاکانی تورکیا لە هەولێر، لە نێوانیاندا بە شەرمنی ئالایەکی کوردستان.

هێمن رەئووف
سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێر کۆمەڵێک مانا و لێکدانەوەی پێچەوانە
هەڵدەگرێت، کە ڕێگا نادات ئێمەش وەک ئەوان بیر لە بارودۆخەکە بکەینەوە.
وادەکات چەند پرسیارێک درووست ببن ئێمە بە ئاسانی وەڵامەکانیان بزانین
و ئەوانیش خۆیان لە ڕاستی وەڵامەکان بشارنەوە و هەرگیز نەیەنە گۆ.
* ئەگەر بۆ ئەوە هاتووە دیالۆکی کورد و تورک پەرە پێبدات، بۆچی ئەم
بازە گەورەیە بەسەر ئەو هەموو هاونەتەوە و هاونیشتیمانەی ئێمە لە
تورکیا دەدات و دێت لەگەڵ کەسێکدا دیالۆگەکان دەست پێدەکات کە لەناو
ئەم میللەتە چل ملیۆنیەدا خاوەنی پێگەیەکی زۆر بچوک و دیاریکراوی
ناوچەییە؟
* ئەحمەد تورک و لەیلا زانا و هاوڕێکانیان نزیکترین و سەرەکی ترین
لایەنن کە پەیوەندیە حەقیقیەکانیان بەم کێشەیەوە هەیە، تورکیا لە ئامەد
و وان و دەرسیم و هەکاری و هەموو شار و شاخ و شارۆچکە و دێهاتەکانی
باکوری کوردستان ئێمە دەچەوسێنێتەوە و ژیانمان وەک مرۆڤێکی ئاسایی لێ
قەدەغە دەکات، بۆچی دێتە هەولێر بۆ گفتوگۆ و دوان لەبارەی کوردەوە؟
* بارزانی هەمیشە لە پێشەوەی ئەو سەرکردە عێراقیانەدا بووە کە داکۆکی
لە یەکپارچەیی عێراق و جیانەبوونەوە لەم وڵاتە شومە دەکات. زۆر
ئارەزوومەندانە لەم سنورەدا ماوەتەوە،ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە ساڵانێکە
توندگیرانە خەباتی بۆدەکات لە پشت چەندان ڕەمز و هوتافی نەتەوەیی
مایەپوچدا، ئایا ئەم نزیکبوونەوەیە چ واتایەکی ئەرێنی دەدات بەدەستەوە
لە سودی گەلی کورد دا؟
* ئاڵاکانی تورکیا بە شەکاوەیی و جارجارە بە شەرمنییەوە ئاڵایەکی
کوردستان لە نێوانەکاندا ئەو قوربانییە گەورەیە بوو کە بارزانی بۆ
هاوڕێ توورکەکەی ئەنجامدا، ئایا ئەم خۆ بەکەم نیشاندانە جێگای باس و
ڕێز و گرنگی پێدانە، یان عەیبەیەکی نوێیە بارزانی کردی بە پاشی
کوردبوونی ئەم نەتەوەیەوە؟
* حیزبەکەی بارزانی ساڵانێک ڕۆڵە گیانلەسەردەستەکانی کوردی باکوری بۆ
دەوڵەتی تورک دەکوشت کە شەرەفمەندانە پارێزگارییان لە چیاو خاکی ئەم
کوردستانە دەکرد، ئایا بۆچی لە پێش نەیار و دوژمنە حەقیقیەکانەوە
هەنگاو نانێت لەگەڵ هاونەتەوەکانی خۆی ئاشت ببێتەوە و بانگهێشتی برا و
کەسوکارە گەریللا و پێشمەرگەکانمان لە قەندیل بکات؟
* کاتێک ئەحمەد تورک هات بۆ سلێمانی و نەچوو بۆ لای بارزانی لە ساڵی
پێشوودا، پارتییەکان و خودی بارزانی توشی شۆک بوون. ئایا ئەم ڕوو
زەردییەی نوێنرا بەرامبەر بەو نەیارە، حەقکردنەوەبوو لەو خەڵکە خۆییە؟
ئەمە هەموو ئەو لێکدانەوە پێچەوانەیە نیە کە کرۆکی ڕاستییەکان لەخۆی
گرتوون، دەکرێت چەندان بیرکردنەوەی تر چەندان پرسیار و بۆچونی گرنگمان
پیشان بدەن کە جێگای هەڵوێستە و پشتڕاستکردنەوە بن. بۆ نمونە : مەسەلەی
کەرکوک، مەسەلەی یارمەتی تورکی لەکاتی بەرپابوونی ڕاپەڕین لە هەولێر و
بادینان، دۆزینەوەی پەنایەک بۆ دەربازبوون لەکاتی پێویستدا. مەسەلەی
ئاودیوکردنی نەوت و بازرگانییە ڕەشەکان لەگەڵ تورکیا لەکاتێکدا
ئاودیوکردنی نەوت لەڕێی ئێرانەوە بەو شێوە تاڵانچێتییە بووە بە جێگای
پرسیار و چاودێری خەڵکە هۆشیارەکەی کوردستان. هێشتا چەندان بیرکردنەوەی
تر ...
بە بڕوای من نە ئەردۆگان و نە بارزانی هیچیان ئەو پەرۆشە ساغە نین بۆ
کێشە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. لە ئامەد و لە سلێمانی بەدەستی
چەکدارەکانی ئەم دوو کەسە مرۆڤی کورد دەکوژرێت هەتا ئێستا. لە چیاکاندا
بە هەماهەنگی گەریلا و پێشمەرگەی کوردیان کوشتووە لە ڕابردوودا.
ئەردۆغان لە دووی پەیداکردنی نازناوێکی ئاشتیخوازانەی میانڕەوی لیبڕاڵە
و بارزانی لە ئێستادا سەرقاڵی ڕازیکردنی ئەو خەڵکە پڕ و توڕەیەی هەولێر
و بادینانە، دەیەوێت هەر پاساوێک هەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان
تاقی بکاتەوە، بۆیە ئاسانە پەیبردن بە هەموو هەنگاوە سیاسییەکانیان.
ئەوەی ئەردۆگان دەڵێت زەمەنی قەبوڵنەکردنی کورد بەسەر چوو، توێشووە بۆ
هەنگاونان بەرەو یەکێتی ئەوروپا و ترسە لەو شەپۆلە راپەڕینە جەماوەرییە
خۆڕسکانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە. بە پەراوێزخستنی وشە گەورەکە(
کوردستان) هەموو هەنگاوەکان بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە لای خەڵکی هۆشیار و
لە کایە سیاسیەکەدا.
بارزانیش بەو پێشوازیە حیزبی و خانەوادەییە پیشانیداین کە چەند بە
بچوکی باسی لە ئامانجەکان کردووە، بەو کەرنەڤاڵی ئاڵای تورکیایە
شانوشکۆی دەوڵەتی تورکی چەندان جار بەسەر گەلی کورددا بەرزکردەوە.
ماڵپهڕی
هێمن رهئووف
|