په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠١٢

''شەماعیە'' یان عێراقی پێش ٩\٤.


بەنگینە پیرۆت نوری   

ئێرە ئەو نیشتیمانەیە "شێت مافی ئەوەی نییە شادمان بێت".

"شەماعیە " کە ناوەکەی بەر گوێ مان دەکەوێت بیرمان بۆ شتی ئەنتیکە دەچێت بەڵام کە زانیمان چیە پاشان بۆ مان ڕوون دەبێتەوە زۆر لەوە ئەنتیکە ترە کە دەربارەی بیستومانە.


شەماعیە ناونیشانی ڕۆمانێکی "عبدلستار ناسر" سەباح ئیسماعیل وەریگێڕاوە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس چاپی کردوە،کە نەخۆشخانە یاخود شێتخانەیەکە گەرەکەکەش بەو ناوە کراوە لە ڕۆژھەڵاتی بەغداد.


ڕۆمانەکە باس لەوە دەکات عێراقی دوای سەدام زۆر لە عێراقی سەردەمی سەدام شەماعیە ترە، باسی ئەوە دەکات، عێراقیەکان زۆربەیان وەک "ئەمین ھاشم بەیتار" جگە لە زەڕین شتێکی تریان نیە و نەماوە بۆ گوتن و زۆربەی پیاوانیش لە"ئەسعەد سەعید فەرحان"دەچن و ژنەکانیش وەک"سەفیە"ئەم شێتخانەیە بە دوا وێسگەی ژیان لە شوێنانی تر بۆ گوزەران خۆشتر دەبینن نەک ناو نیشتیمانی ھاوڵاتیانی نیشتیمان.


کە ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە گەڕەکی شەماعیە تەنھا ناونیشانێک نیە بۆ گەڕەکێک یان شێتخانە،یان عێراقی پێش٩/٤/٢٠٠٣ بەڵکو ناونیشانێکی گشتگیرە بۆ ھەمو تاکێکی عێراقی و ئەوانەی دراوسێی عێراقن یاخود بۆ"ھەموان"شەماعیەیەکی گەورەیە،خۆئەگەر نیشتەجێیی ئەو شێتخانەیەش نەبین ئەوە ناونیشانێکی بەد ناوە بۆ ھاوڵاتیانی نیشتیمان، خۆ ئەگەر کەسێک عێراقی نەبێت ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە ناھەقی نیە بپرسێت ئایا عێراقیەکان شێتن یان شەماعیە ھەر ناونیشانێکە بۆ شێتەکانی شێتخانەی شەماعیە؟


خۆ ئەگەر عێراق بریتیە لە شەماعیە خەڵکی بۆ لەدیکتاتۆر ڕاپەڕین ئایا"شێتی چی لەسیاسەت داوە؟" ئایا شێتێکی بێ دەسەڵات سڵ لە کوتەکی دەسەڵاتدارێکی زاڵم دەکاتەوە؟


بەڵێ،بێگومان،بۆ "شێت مافی ئەوەی نیە شادمان بێت؟" ،خۆ ئەگەر شێت بۆیە شێتە چونکە ئەوانی تر عاقڵن،ئەوا عاقڵیش شێتە چونکە شێتانە وێڵی عاقڵ بونە، چیرۆکە کەی ناو ئەم ڕۆمانە لە زمانی کەسانێک دەگێڕدرێتەوە باسی خۆیان دەکەن ھەم شێت و ھەم عاقڵەکان،کە ھەم شێتەکان قسەکانیان لەقسەی کەسانی ئاقڵ دەچێ ھەم ئاقڵەکان جاری وایە شێتانە بیر دەکەنەوە،"تەنیا ئازایەتی بەس نیە،ئازایەتی پێویستی بەشێتی زیاترە".


ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەگوزەرێ ژیانێکە خەڵکی عێراق گوزراندویانە شێت و ئاقڵ یەکسان بون و ھیچان خاوەن بڕیار نەبون لەھەڵبژاردنی ژیانێکی شایستە! ئایا وڵاتێک مرۆڤەکانی ژیان لەژێر سایەی دیکتاتۆرێک لە شەماعیە بگوزرێنن کەسیان خاوەن ژیانێکی شایستە دەبن؟


ھەر وەک ئەمین ھاشم بەیتار ووتی"نیوەی تەمەنم بە با ڕۆیشت،نیوەکەی تریشی لەوێ پارچە پارچە بوە،نازانم ئەوەی لێم وون بوە لەگەڵ ئەوەی پارچە پارچە بوە چۆنیان کۆ بکەمەوە".


لەنێو زیندانەکانی ڕژێمە بۆگەنەکەی بەعس مرۆڤ ڕێگەی پێدەدرا زیاتر بژیت چونکە مردن قەدەغە بو تا ئەوان زۆر تر پێبکەنن و بەو سوکاتیە بخنەنینەوە کە بە مرۆڤ دەکرا.


کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە ئەوەندە ئازاری جەستە و دەرونی مرۆڤ دراوە ھەست ناکەیت ئەوە "ئەمین ھاشم بەیتار" یان "ئەسعد سەعید فەرحان" و"محمد جەمیل سوێرکی"و ژنەکەی و ئەوانیتر ئازاری ڕۆحی و فەلاقە کردن دەچێژن،ئەوەندە بەسوێیە ھەست دەکەیت ئەوە خۆتی لە زیندان و ژێر زەمینەکان بە چا و و دەست بەستراوی و ھەڵواسراوی ئازاری زیندو بوون دەنۆشی نەک مەرگ.


لێرە مەرگ ڕاپێچی دورترین دورگە کراوە، مرۆڤ ئەگەر ٣٤ ھەنگاو بچێتە ژێر زەوی ئایا تروسکایەک ھەیە مەرگی لێوە بچێتە ژور؟ لێرە ژیان وەک مەرگ قومە ئاوێکە جەلاد دەتوانێ پێتی ببە خشێت یان لە تینویەتیدا بت خنکێنێت،ھەتا کاژێریش ھیچ بونێکی نیە و لەبونی خۆی وەستاوە، لێرە لەم شەماعیەدا دەتوانی خۆت پێ بچوک یان گەورە یان ھەر شتێک بێ بەس مرۆڤ بوون نەبێ، ناتوانی سوێند بخۆی .


"بەخوای گەورە بێتاوانم" چونکە پێت دەڵێن "خۆ ئەگەر خوا لەم شوێنەی تۆ دا با،ئەوا چارەنوسی زۆر لەوە خەراپتر دەبو،کە پێیی دەکەین،ھەی مریشک".


ئای لەم زیندانە چەپەڵە گۆرستانی زیندوەکانە،جێگەی ئەو مرۆڤە پاکانەیە وەک خۆی پیس و بەد ناویان دەکات،جێگەی "محمودی کوردی پێشەنگ"کەلە ساڵی ١٩٨٥وە تا ٩\٤\٢٠٠٣ وەک پیاوەکانی تر و ئەوانیتر کەلە ساڵی١٩٨١وە ژیان لەم ژورە تاریکە خۆر نەدیوە دەگورزێنن،لەگەڵ کابرایەکی ئیفلیج کە ٢٠ ساڵە لەم ژورە بە ئومێدی دەرباز بوون ژیا بەڵام لەیەکەم چرکە ساتی ڕوخانی ڕژێم لە٤\٩\٢٠٠٣ لەگەڵ ئازاد بونی بەو مەرگە گەیشت کە وەک ئەو زیندانی کرا بوو.


ئێرە ئەو شوێنەیە لێدان و دەست درێژی،مرۆڤ فێر دەکات،وەک "حەمسون ئەبول عەسامیر" دان بەو شتانەدا بنێت کە ھەر گیز نەی کردون.بەڵێ عێراقی سەردەمی سەدام ئەو شەماعیە بوو کە زۆربەی مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی وەک "سەرحان مھاوشی" دەبو سمتیان لەسەر زۆپا نەوتیەکە ببرژێت.


ئای لەم وەحشیەتە چەندە بۆ پیاوە بچوکەکانی بەعس لەزەمانی حوکمڕانیان ئاسان بو مرۆڤێک لە قورسای پارەدا سوک بکرێت،ھێندەش ئاسان بو بەعسیەک بتوانێت سێکس لەگەڵ ھەر ژنێکدا بکات و لە کێشی مرۆڤ بونی سوک تری بکات،لەوەش ئاسان تر ئەوە بو خوێنی مرۆڤەکانی نیشتمانەکەی خۆیان وەک پێکی مەی بخۆنەوە.نەفرەت لەم دیکتاتۆرە و ھەزاران دیکتاتۆری ترکە ھێشتا لە ھەندێک شوێنی ئەم زەمینە حوکمیان بەدەست.


ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵ دەگێڕێت قوربانیەکان نین بەتەنیا بەڵکو تاوانباران دەوری سەرەکیان ھەیە چونکە تاوانبارەکان سیناریۆی قوربانی دان بۆ مرۆڤەکانی دی دادەڕێژن،"محمد جەمیل سوێرکی"و ژنەکەی قوربانیەکی دەستی تاوانبارە خوێن خۆرەکانە کە دوا جار خۆی دەبێتە تاوانبارێک بۆ ژنە بێتاوان و قوربانی کراوەکەی کە خۆی تۆمەتبارە و ژنە ئاگای لێ نیە، چما مرۆڤ دەیتوانی لەبارەی دۆمینەشدا بەھاوڕێ دۆڕاوەکەی پێبکەنێت و بەگاڵتە بڵێ بروخێ کاڵەک، لیرە جارێک تاوانبار و جارێک تۆمەتبار چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوەکە ھەموشیان باس لەقوربانیەکان دەکەن،کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنیتەوە وەکو "محمد ئیدریس"ی شاعیر لەخۆت دەپرسی:


"دەبێ ئەمانە لەتیرەی مرۆڤ بن؟داخۆ ئەوانیش وەکو ئێمە دڵیان خۆش دەبێت و ئێمە ئاسا خەم دەخۆن؟


دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ژن و منداڵەکانیاندا بکەن؟ئەمانە لەچی دروستکراون؟ ".


"ئەوان بۆ ھەر میوانێک شمشێری ترس بەرەو دەمارەکانی ئاوەزی ڕادەوەشێنن،بەجۆرێک وای لێدەکەن نەزانێت کامە ڕاستییە و کامە خەیاڵ" دواجار ئەم قسە پڕوپوچە بێ تامەی خوارەوە شیرینی ئەو کەسانەیە کە سەرشێتی دەنوێنن،"کوڕی سەگ ئەگەر دانی پێدا نەنێیت،لەم گۆشتەت باشترین کەباب چێ دەکەم".

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک