١٣\١١\٢٠٢٠
شەنگال، ئەو برینەی تا ئەمڕۆش خوێنی
لێدەچۆڕێ!

عەبدوڵا ساڵح
دانیشتوانی ناوچەی شەنگال زوربەیان (( یەزیدین ((. یەزیدیەکان لە
ناوچەکانی ( موسڵ ، دھۆک، دیاربەکر،، حەلەب و دورگەی ابن عومەر )
نیشتەجێن، ئەوان وەک جولەکە ((ئایین و شوناسی نەتەوەییان)) تێکەڵ بووە،
شکانەوەیان بەسەر بیروڕا ئایینیەکان و دوورە پەرێزی و تێکەڵاو نەبوونی
خێزانیان لە گەڵ ئاینزاکانی تر، ئەوانی تا ئەندازەیەک خستۆتە ناو
جوغزێکەوە، ئەگەرچی زمانی کوردی کرمانجی شێوازی سەرەکی ئاخاوتنیانە،
بەڵام ئەوانەی ناوچەی بەعشیقەی نزیک موسڵ بەزۆری زمانی عەرەبی وەک
زمانی سەرەکی ئاخاوتن بەکاردێنن، ئاشکرایە کە قسەکردن بە زمانێکی
دیاریکراو ((شوناسی نەتەوەییت)) دیاری ناکا، بەڵکو ھۆکارەکەی
دەگەڕێتەوە بۆ ھەیمەنەو ھەژمونی زمانی باڵا دەست لە ڕوی سیاسیەوە ،
ھەروەک چۆن دەیان ووڵات زمانی سەرەکیان ئینگلیزیە بێئەوەی خۆیان بە
ئینگلیز، وەک نەتەوە ، بناسێنن ، یا زمانی ئیسپانی و ....
ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بۆ مێژوو، ڕاستیەکمان بۆ دەردەخا کە یەزیدیەکان
بەدرێژایی مێژوو، لەسەر بنەمای باوەر و ئایینیان جینۆساید کراون ،
مێژووی ساڵەکانی ١٨٣٢ / ١٨٤٤ ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێ کە میرە کوردەکان
کەمتریان بە یەزیدیەکان نەکردوە لەوەی داعش پێیکردن، بۆ نمونە ( پاشای
کۆر ) کە ھەر ئەمڕۆ ناسیونالیستە کوردەکان پیا ھەڵدەڵێن و بە (پاشای
گەورە ) ناوی دەبەن، و( بەدر خان بەگ ) میری بۆتان، لەسەردەمی
فەرمانڕەوایی ئەوندا، لە قەزای شێخان تەوەر عابدین و دەشتی نەینەوا و
ناوچەی ئاکرێ، چەندین جار جینۆسایدی یەزیدیەکانیان کردوە و بە دەیان
ھەزاریان لێکوشتون یا خود ناچاریان کردون ببنە موسوڵمان ! .
لەھەمانکاتدا بەگوێرەی پلانێکی داڕێژراو ، ھەر ئەم پاشا کۆرەیە بەفێڵ
میری یەزیدیەکانی بەناوی ( عەلی بەگ ) بانگھێشت کردوە بۆ ڕەواندز و
دواتر لەگەڕانەوەیدا لە ناوچەی گەلی عەلی بەگ بۆسەی بۆداناوە
وکوشتویەتی ، ھەر بۆیەش ئەو شوێنە ئێستا بەناوی گەلی عەلی بەگ ناسراوە
.
دوا کوشتاری یەزیدیەکان لەسەر دەستی کوردەکان ساڵی ١٩١٥ / ١٩٢٣ بووە
ھاوکات لەگەڵ پاکتاوکردنی ئەرمەنیەکان ، کاتێک مەلای خەتێ کوشتنی
موسڵمانان حەرام دەکاو کوشتنی غەیرە موسڵمان حەڵاڵ!! دواتر ساڵی ١٩١٨
لەلایەن برایم پاشاوە پەلامار دەدرێن و ئەمجا پەلاماری ساڵی ١٩٣٥
لەلایەن سوپای عێڕاقەوە و دواتریش لەلایەن سوپای سەدام حوسێنەوە .
سەرچاوە کان
- ((ویکیبیدیا / الموسوعە الحرە))- (( (تاریخ الموصل،
الجزء الاول، تالیف القس سلیمان
صائغ، طبع الکتاب فی مصر.))
دوا جینۆسایدی یەزیدیەکان بەدەستی چەکدارانی چەنگ بەخوێنی داعشی
ئیسلامی لە ٤ / ئابی / ٢٠١٤ کاتێک غافڵگیر کەوتنە بەر پەلاماری
دڕندانەی ئەو ھێزە لەکاتێکدا نزیکەی پێنج ھەزار چەکدار لەپێشمەرگەو
ئاسایشو پۆلیسو پاسەوانی بارەگا حزبییەکان لە شەنگال و دەوروبەری
ھەبوون کە زوربەیان سەر بەپارتی بوون، ھەمویان ڕایانکرد و
یەزیدیەکانیان تەنیا جێھێشت وخستیاننە بەر کەڵپەی دڕندانەی داعش .
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، شەنگال لەڕووی کارگێڕی و سیاسی لەلایەن ھەرێمی
کوردستانەوە ئیدارە دەدرا،بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی
کوردستانەوە،کە کۆنتڕۆڵی ھەموو جومگەکانی ئەو قەزایەی کردبوو، وە
قسەکەری یەکەم و کۆتایی یەزیدیەکان بوو لە ڕێگای ھەندێک کەسایەتی
یەزیدی وەک ( تەحسین سەعید بەگ ) کە وەک مۆرەی پارتی ناوزەد دەکرێ و
دەنگۆی ئەوە ھەبوو چەندین ملیار دۆڵار لە بردنە پێشی سیاسەتی (
کورداندن و پارتاندنی ) ناوچەکە و دانیشتوانەکەی سەرف کراوە.
سەرچاوە : (( إضطهاد الایزیدیین عبر العصور جریمە یجب ایقافھا فی القرن
الواحد والعشرین د.علاء الجوادی /
صفحە مٶسسە النور للثقافە والاعلام
)).
ئێستا، بەشی ھەرەزۆری یەزیدیەکان ئاوارەن ونەگەڕاونەوە سەر جێ وشوێنی
خۆیان و ژمارەیان بە زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار ئاوارە مەزندە دەکرێ . دوای
تێکشکانی سەربازی داعش ، ئەم شارە کە بەشێوەیەکی فەرمی دەبوو لەژێر
کۆنترۆڵی دەوڵەتی مەرکەزیدابێ ، بەڵام لە ڕاستیدا چەکدارانی پارتی
دیموکراتی کوردستان و ھێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی نفوز وھەیمەنەی
خۆیان تیادا سەپاند، ئەمەش بووە ھۆکاری ململانێیەکی توند لە نێوان ئەم
ھێزانەدا لەسەر حیسابی ژیان وگوزەران و ئاسایشی دانیشتوانی ئەو شارە .
دوا پەردەی ئەم شانۆگەریە، رێکەوتنەکەی ھەولێر و بەغدایە لەسەرەتای
ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بۆ (ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال)، کە ھەرێم
بە(ھەنگاوێکی نیشتمانیی) و بەغدا بە(مێژوویی)و نەتەوە یەکگرتووەکان
بە(ھەنگاوێکی گرنگ) و واشنتۆنیش بە(شایانی پیرۆزبایی) ناویان برد. بە
گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبێت سەرجەم ھێزە چەکدارەکان بچنە دەرەوەی
شەنگال و دۆسیەی ئەمنیی شارەکەش بە پۆلیسی فیدڕاڵی بسپێردرێت.
ئەم ڕێکەوتنە لە ڕاستیدا رێکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە گەڵ
دەوڵەتی مەرکەزی ، پارتی بەمەبەستی وەدەرنانی ھێزە نەیارەکەیان لە
ناوچەکە ، واتا پەکەکە، و زیاتر جووت بوون و بردنە پێشی سیاسەتێک کە
لەگەڵ و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا دێتەوە . دەوڵەتی
مەرکەزیش بەمەبەستی کەم کردنەوەی نفوز و دەسەڵاتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی
وەک سیاسەتێکی گشتی لەسەرتاسەری عێڕاق و شەنگالیش وەک ئەڵقەیەکی دوورە
دەست و لاوازتری نفوزی ئەم حەشدی شەعبیە .
ھەر دوای ڕێکەوتنەکە، لە ھەواڵێکدا ڕاگەیەنرا کە وەفدێکی سەربازیی
حەشدی شەعبی لەسنوری پارێزگای نەینەوا سەردانی شنگالیان کردوەو لەگەڵ
بەرپرسانی باڵای پەکەکە لەو ناوچەیە کۆبونەتەوە، دەیانەوێت بەم سەردانە
ڕێککەوتنو ھاوکاری لەنێوانیاندا دروستبێتو وتویانە، "ھەر ھێرشێک
لەلایەن ھەرلایەکەوە لەدژی شەنگال ئەنجامبدرێت، لەگەڵ ھێزەکانی پەکەکە
لەبەرانبەریان دەوەستنەوە".
ئەگەر دەوڵەتی مەرکەزی وپارتی لەم ئاقارەدا بەرژەوەندیان یەکی
گرتبێتەوە، ئەوا پەکەکە و حەشدی شەعبیش بەھەمان شێوە. ھەر یەک لەو
ھێزانە، لەنێویشیاندا پەکەکە، دەیانەوێ شەنگال و ناوچەکە بکەنە
پێگەیەکی تری ململانێی خۆیان لەسەر حیسابی دەرد و ڕەنچ وئازاری خەڵکی
ناوچەکە .
سەرنجێکی کورت لەم سیناریۆیە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە ئەم ناوچەیە
کراوە بە مەیدانی تەراتێن و خۆسەپاندن و فرە کوێخایی جۆرەھا گروپ و
میلیشیای ناوخۆیی و دەرەکیی وەکیلی ئەم و ئەو، . جۆرەھا ئەجیندا و
دەنگی ناساز و نامۆ و دوور لە بەرژەوەندی و ویستی شەنگالیەکان،
ھەڵتۆقیون و بونە دەمڕاست، ئەوەی نەبیسترا، تەنھا دەنگ و ویستی خەڵکەکە
و خاوەنە راستەقینەکەی شەنگال بوو کە ئاواتیان گەڕانەوەیەکی بێ سەریەشە
بوو بۆ زێدی خۆیان. ئاکامی ئەو دۆخە نالەبارەش، درێژەکێشانی ئازار و
مەینەتیی ئەو خەڵکەیە لە کەمپەکانی ئاوارەییدا.
ئەم سیناریۆیانە ، ھەر ھەمویان ، جگە لە تەشەنەکردنی برینێکی قوڵ بەسەر
جەستەی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی ناتوانی ھیچی تر بێ ، ھەر بۆیە دەبێ
ھەموو دەنگەکان بەئاراستەیەکدا بەرز بکرێنەوە کە خۆی لە وەدەر نانی ھەر
ھەموو ئەو ھێزانەو سپاردنی بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بە
دانیشتوانەکەی دەبینێتەوە .
شایانی باسە ھەر ئێستا ولە درێژەی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەی لایەنە
چەکدارەکانی ناوچەکە ، پارتی و پەکەکە زەنگی شەڕێکی ترسناک لە کوردستان
لێدەدەن، شەڕێک کە باجە ماڵوێرانکەرەکەی دەبێ خەڵکی زەحمەتکێش و ھەژار
ونەداری کوردستان بیدا، ھەر بۆیە ئەرکی خەڵکی ئازادیخواز لەمڕۆدا
وەستانەوەیە بەڕوی ئەم سیاسەتی شەڕانگێزیە و جیاکردنەوە بەرژەوەندی
خەڵکی کوردستانە لە بەرژەوەندی ئەم دوو ھێزە شەڕکەرە ، بەتایبەتی پارتی
کە بۆتە مۆرەی دەستی دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی
سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا.
٥\١١\٢٠٢٠
a_salih11@hotmail.com
|