١٧\١١\٢٠١٥
شەنگالی دوێنێ و
شەنگالی سبەی.
جەلال محەمەد
شوێنی جوگرافی و شەنگال لە
مێژوودا:
شەنگال ناوچەیەکی هێجگار بەرفرەوانە ، سەرجەم ١٣ ئۆردوگا و ٦ ناحیە و
سەدان گوند لە خۆی دەگرێت ، دانیشتوانەکەی بەشێوەیەکی گشتی لە ئێزدی
پێکهاتوون و کەمینەیەکی زۆر کەمیش مسوڵمانانی کورد و عەرەب و مەسیحی لێ
دەژین . لە هەمان کاتدا لە لایەن ئێزدێکانەوە بە یەکێک لە هەرە شوێنە
پیرۆزەکان دادەنرێت و دەیان شوێنی پیرۆز لە ناوچەکەدا هەیە . لە باکور
و خۆرئاواوە ڕۆژاوای کوردستانە ، لە باشووریەوە بەعاج و بیابانی
ڕۆژاوای عێراقە و لە خۆرهەڵاتیشەوە شارۆچکەی تەلەعفەرە.
شەنگال هەم شوێنێکی ستراتیژییە و هەم ناوچەیەکی دەوڵەمەندیشە بە
کشتوکاڵ و غازی سروشتی و بەرهەمەکانی چیمەنتۆ و گەچ ، بەهۆی دەوڵەمەندی
خاکەکەیەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا گەورەترین کارگەی چیمەنتۆی عێراق
لەو ناوچەیە دامەزرابوو ، لە ڕووی هەستی نەتەوایەتیشەوە دانیشتوانەکەی
لە کەسانێکی زۆر شۆڕشگێڕ پێکهاتبوون و هەمیشە گرێدراو بە ڕاپەڕینەکانی
کوردانەوە بوون.
شەنکال و حیزبی
بەعسی ڕووخاو:
ئەنجامی ئەم هەستی شۆڕشگێڕێتی و نەتەوەیی بوونەش شەنگالیەکان کەوتبوونە
ژێر فشارێکی زیاد لە پێویستی بەعسیەکان و بە زۆر ناسنامەکەیان لە
کوردیەوە پێ گۆڕدرا بۆ عەرەبی ، هەڵبەت لەم ناسنامە گۆڕینەدا میر
تەحسین بەگ و ژمارەیەک لە شێخە هەلپەرستەکانی ئێزدیش ڕۆڵی سەرەکیان
هەبوو کە خەڵکی شەنگال نەبوون و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئەو ڕۆڵە
نەگریسەیان گێڕا ، هەر بەهۆی ئەو هەستی نەتەوەیی بوونەوە لە هەموو
ڕوویەکەوە ناوچەکە بە دواکەوتووی مابوویەوە و ڕێگەیان نەدەدا باری
گوزەرانی خەڵکەکەش بەرەو باشی بچێت ، تەنانەت بەعسیەکان ڕێگەیان نەدەدا
هیچ ئێزدیەک لە کارگەی چیمەنتۆی شەنگالیش دابمەزرێت و لە هەموو
ڕوویەکەوە ئەو جەماوەرەیان بە هەژاری هێشتبوویەوە ، کە لەو سەردەمەدا
باشترین پێناسە بۆ شەنگال و دانیشتوانەکەی بریتی بوو لە: خاکێکی
دەوڵەمەند و گەلێکی هەژار.
شەنگال و کۆمەڵگای کوردی ئیسلام:
ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی هیچ غەیرە ئیسلامێک قبوڵ ناکات و بە تایبەتیش
ئێزدیەکان ، ئەم دیاردەی قبوڵ نەکردنەش هەم ڕەنگی لە پارتە
ناوچەگەراکاندا داوەتەوە و هەم ڕەنگی لە کوردە مسوڵمانەکانیشدا
داوەتەوە و هەمیشە بە چاوێکی کەم تەماشای ئێزدیەکانیان کردووە.
بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (کە هەم پارتێکی
ناوچەگەرایە و هەم حیزبێکی ڕاستڕەوی تەواو گرێدراو بە شێخانی تەریقەتی
نەقشبەندیە) هەمیشە وەک مرۆڤی ژمارە سێ و بگرە خراپتریش هەڵسوکەوتی
لەگەڵ ئێزدیەکاندا کردووە ، تەنانەت چۆن حیزبی بەعس ڕێگەی نەدەدا تەنها
ئێزدیەک لە کارگەی چیمەنتۆی شەنگال دابمەزرێت ، پارتیش ڕێگەی نەدەدا
تەنها ئێزدیەک کەمترین دەسەڵاتی لە شەنگالدا هەبێت و سەرجەم بەرپرسانی
پارتی لە شەنگالدا خەڵکی دهۆک و دەوروبەری بوون و لە ڕووی سیاسیەوە
پارتی بوون دەنا لە ڕووی دینیەوە هاوشێوەی ئیسلامیەکان لە خەڵکی
شەنگالیان دەڕوانی و لە ماوەی ١١ ساڵ دەسەڵاتداریاندا تەنها
پڕۆژەیەکیان لە هەموو دەڤەری شەنگال نەکردەوە ، چەندین جار دانیشتوانی
شەنگال داوایان لە بەرپرسانی پارتی دەکرد کە نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون
لە دەڤەری شەنگال بکەنەوە کەچی هەموو جارەکان هەم لە زاری بەرپرسانی
پارتیەوە و هەم لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە دەیانگوت ( شەنگال بەشێک نیە لە
هەرێمی کوردستان و بە ڕەسمی بەشێکە لە عێراق و لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠
دایە ، لەبەرئەوە بەشە بوجەی شەنگال لە عێراقەوەیە و دەبێت عێراق بەو
کارە هەستێت).
هەرچی کۆمەڵگای کوردە ئیسلامەکانیشە (بە شێوەیەکی گشتی) لە ڕوانگەی
دینەکەوە لە ئێزدیەکانیان ڕوانیوە و زۆر سوکایەتیشیان پێیان کردووە .
بۆ نموونە من باس لە ٢٣ دیاردە دەکەم کە بە چاوی خۆم بینیومن:
١- لە ساڵی ٢٠٠٩دا سەردانی شاری دهۆکم کرد و چوومە ناو بازاڕەکەی ،
ژمارەیەک ئێزدیم بینی کە ماستیان دەفرۆشت ، ماستەکەیان هێجگار تازە و
جوان بوو لە هەمان کاتدا زۆر بە نرخێکی هەرزانیش دەیانفرۆشت ، ئەوەی
کڕیاری ماستەکەیان بوو تەنها مەسیحی و ئێزدیەکانی ئەو شارە بوون ،
بەڵام لە تەنیشت ئەو ماستفرۆشانەوە دوکاندارێک هەبوو کە یۆغورتی تورکی
دەفرۆشت (یۆغورت واتا ماست) و کوردە مسوڵمانەکان نۆرەیان بۆ گرتبوو ،
پرسیارم لە ماستکڕێک کرد و گوتم: ئەی بۆچی ئەو ماستە خۆماڵیە ناکڕن کە
زۆن تازە و جوانترە لەم یۆغورتە تورکیە ؟ لە وەڵامدا گوتی ئەوە ماستی
ئێزدیەکانە و پیسە.
٢- گوتەی ئەو مشتەریە زۆر ئازاریدام ، ناچاربووم ڕوو لە شارەوانی دهۆک
بکەم کە ئەوکات بەرپرسێکی پارتی بە ناوی (شیروان عبدالواحد حاجی ملۆ)
سەرۆکی شارەوانی بوو ، ڕووداوەکەم بۆ گێڕایەوە ، بەڵام لە وەڵامدا نەک
هەر چارەسەری بۆ ئەو دیاردەیە دانەنا بەڵکو بە کورتترین وەڵام گوتی (ئێزدیەکان
پیسن).
٣- ساڵی ٢٠١٣ سەردانی شاری
سلێمانیم کردەوە ، خزمێکی خۆم (کە زۆربەی کاتەکانی لە مزگەوت بەسەر
دەبات) زەنگی بۆ لێدام و گوتی بۆ ئێوارە دەعوەتی ئێمەیت ، منیش لەو
کاتەدا لەگەڵ دکتۆرێکی زانکۆی سلێمانی پەیاسەم دەکرد کە ئێزدیە و خەڵکی
بەعشیقەیە ، لە وەڵامی ئەو خزمەمدا گوتم ئاخر برادەرێکی خۆشەویستیشم
لەگەڵدایە . ئەویش گوتی : جا لەوە خۆشتر هەیە لە خزمەتی برادەرەکەشتدا
بین . بۆ ئێوارە چووینە دەعوەت و خزمەتێکی زۆریان کردین ، پاش ڕۆیشتنی
برادەرەکەم پرسیاریان لێکردم و گوتیان ئەو بەڕێزە بە قسەکانیدا دیارە
کە خەڵکی ئێرە نییە ، ئەوە کێیە ؟ منیش گوتم ئەوە برادەرێکی زۆر
خۆشەویستمە و لە زانکۆی سلێمانی دکتۆرە و ئێزدییە . لەگەڵ گوتم ئێزدییە
هیچ خۆیان تێک نەدا بەڵام سەرنجمدا کابانووە بەڕێزەکەی ماڵەکە یەکسەر
چوو ئەو کەوچک و قاپانەی جیاکردەوە کە ئەو بەڕێزە خواردنی تێدا
خواردبوو و یەکسەر فڕێی دایە نێو تەنەکەی خۆڵەکەوە.
شەنگال و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق:
بەر لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ، بەشێوەیەکی گشتی
شەنگالیەکان لە نێو ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقدا جێگەیان گرتبوو ،
بەڵام بەهۆی دووری حیزبی شیوعی لە هەستی نەتەوایەتی و بەکارهێنانی
دەستەواژەی کوردایەتی لە لایەن پارتییەوە شەنگالیەکانیش وەک زۆربەی
خەڵکی باشووری کوردستان ڕوویان لە ڕیزەکانی پارتی کرد تا ئاشبەتاڵی
١٩٧٥.
پاش نەمانی حیزبی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا شەنگالیەکان بەسەر هەردوو لایەنی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقدا دابەش
بوون ، نزیکبوونەوەی بەشێک لە شەنگالیەکان لە یەکێتی ناڕازیبوونی لە
ڕادەبەدەری پارتی لێکەوتەوە ، یەکێک لە مەرجەکانی بارزانی بۆ بە سەرۆک
کۆماربوونی تاڵەبانی ڕادەستکردنی شەنگالیەکان بە پارتی بوو ، ڕازیبوونی
تاڵەبانی بەم مەرجە نابەجێیەی بارزانی ناڕازیبوونی بەشێک لە ئێزدیەکانی
لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا پارتێکیان بە ناوی بزوتنەوەی چاکسازی و
پێشکەوتنخوازی ئێزدی( حرکە الاصلاح و التقدم الایزدی) دامەزراند.
بەهۆی ڕازیبوونی تاڵەبانی بە مەرجەکەی بارزانی و پشتگوێخستنی ئێزدیەکان
لە لایەن پارتیەوە ، بزوتنەوەی چاکسازیش هەوڵی دەدا ئێزدیەکان لە
کوردبوون دوور بخاتەوە و خۆیان وەک نەتەوەیەکی جیاواز پێناسە بکەن ، کە
لەم هەوڵەدا هەم تورکیای ئەردۆغانی و هەم بەشێک لە سیاسەتمەدارانی
ئەرمەنیش هاوکاریان بوون.
پارتی هیچ کاتێک ڕێگەی نەدەدا هیچ پارت و لایەنێکی دیکە لە شەنگالدا
ڕۆڵیان هەبێت و هەمیشەش بە توندترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو
ئێزدیانەدا دەکرد کە نەیاری سیاسەتەکانی پارتی بوون ، لە ئەنجامی ئەم
توندوتیژیانەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ساردی دەکەوتە نێوان پارتی و ئێزدیەکان ،
تا وای لێهات لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣دا بەشێکی زۆر لە شەنگالیەکان
دەنگیان بە یەکێتیدا . پێدەچێت ئەنجامی ئەو دەنگدانەش یەکێک لەو دەیان
هۆکارە بێت بۆ ڕادەستکردنی شەنگال بە داعش و بەرگری نەکردن لەو دەڤەرە.
شەنگال و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە):
یەکێک لەو لایەنانەی کە زۆر گرنگی بە شەنگال دەدا پارتی کرێکارانی
کوردستان و بە تایبەتیش خودی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانی سەرۆکی ئەو حیزبە
بوو ، تەنانەت لە زۆربەی نوسراوەکانیدا باس لە گرنگی دەڤەری شەنگال و
تراژیدیای سەر ئێزدیەکان دەکات ، لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧شدا لە
زیندانی ئیمراڵیەوە چەندین جار باسی لە مەترسیەکانی سەر شەنگال کردووە
، تەنانەت لە ٢٠٠٧دا زۆر بە ڕاشکاوی گوتی (مەترسیەکانی سەر شەنگال
هێجگار زۆرن ، ئەگەر ئامادەکاری نەکرێت ئەوا لەسەر دەستی نەژادپەرستانی
عەرەب و هێزە ئیسلامیەکاندا کۆمەڵکوژیەک بەسەر شەنگالدا دێت کە چەندین
هێندەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بێت).
بەڵام وەک باس کرا لە شەنگالدا هێزی باڵا دەست پارتی بوو ، پارتیش
ئەگەر بۆی بکرایە پەکەکەی لە ڕەگ و ڕیشەوە دەردەهێنا نەخوازە بگات
بەوەی کە ڕوو لە شەنگال بکەن ، هەر کاتێکیش کەسانێکی نزیک لە پەکەکە
ڕوویان لەو دەڤەرە کردبێت ئەوا لە لایەن پارتیەوە بە توندترین شێوە
لێپرسینەوەیان لێکردووە.
بەڵام لە دوای ٣ی ئابی ٢٠١٤وە (دوای داگیرکردنی شەنگال) ، لە زووترین
کاتدا گەریلای پەکەکە خۆیان گەیاندە شەنگال و زۆربەی ئەو خەڵکەیان لە
کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد . هەر بە هاوکاری پەکەکە هێزێکی تۆکمە لە کوڕان و
کچانی ئێزدی بە ناوی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) پێکهات بۆ
بەرگریکردن لە خۆیان و دەڤەرەکەیان ، کە ئەوەش یەکەمین جارە کە
ئێزدیەکان ببنە خاوەنی هێزێکی تایبەت بە خۆیان و لەوەش گرنگتر ئەوەیە
کە بۆ یەکەمین جارە لە نێو کۆمەڵگای داخراوی ئێزدیدا کچان ببنە خاوەنی
هێزی تایبەت بە خۆیان بە ناوی (یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال).
شەنگال و هێزە ئیسلامیەکان:
هەموو هێزە ئیسلامیەکان وەک کافر لە ئێزدیەکان دەڕوانن و کوشتن و تاڵان
و بڕێویان بە ڕەوا دەزانن ، تانانەت لە کاتی کارەساتە جەرگبڕەکەی
شەنگالیشدا نەک هەر داکۆکیان لێ نەکردن بەڵکو ڕەوایەتیان بەو هەموو
وەحشیگەرییەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام(داعش) دەدا ، لە زۆربەی
مزگەوتەکانەوە مەلا و وتارخوێنەکانی لایەنە ئیسلامیەکان و بە تایبەتیش
یەکگرتووی ئیسلامی کارەساتی شەنگالیان بە تاوان نەدەزانی و تەنانەت
داکۆکیشیان لەو تاوانە دژە بەشەریە دەکرد و زۆر جار دژ بەو کەسانەش
لێدوانیان دەدا کە هاوکاری ئاوارە ئێزدیەکانیان دەکرد.
لە ٢٥ و ٢٦ و ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٥دا واتە (مانگ و نیوێک بەر لە نوسینی ئەم
بابەتە) کۆنگرەی کەنەکە لە بروکسلی پایتەختی بەلژیکا بەسترا ، لەو
کۆنگرەیەدا لایەنە ئیسلامیەکانیش بەشدار بوون ، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ
بەڕێز عەلی باپیری ئەمینداری گشتی کۆمەڵی ئیسلامی پرسیاری ئەو هەموو
زوڵم و تاوانەم کرد کە بەرامبەر بە ئێزدیەکان کراوە ، ئەگەرچی ئەو
بەڕێزە لێدوانی خراپی بەرامبەر بە ئێزدیەکان نەدا بەڵام هەموو
وەڵامەکەی ئەوە بوو کە گوتی (ملیارێک مسوڵمان بەراورد ناکرێت بە
ملیۆنێک ئێزدی)، کە لە ڕاستیدا ئەمە نەک هەر وەڵامی ئەو پرسیارەی من
نەبوو بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاوپۆشیکردنیش بوو لەو تاوانە
گەورەیەی کە بەسەر شەنگالیەکاندا هاتبوو.
چی پێویستە بۆ شەنگال بکرێت؟
خۆشبەختانە ئێستا (وەک خاک) شەنگال ئازاد کراوە ، بەڵام لەو ئازادکردنە
گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکەکەشی (واتە ئێزدیەکان) ئازاد ببن ، چونکە بە
باوەڕی من ئازادی لە نان و ئاو گرنگترە ، ئازادی ئەوە نییە کە لەدەست
زاڵمێک ئازاد ببن و بکرێنە کۆیلەی زاڵمێکی دیکە ، بەڵکو ئازادی ئەوەیە
کە خەڵکی شەنگال خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ لایەنێکی
دیکە خۆی بەسەریاندا دانەسەپێنێت.
تایبەتمەندی شەنگال زۆر جیاوازە ، هەم وەک دین و هەم وەک نەتەوە
لەلایەن هیچ داگیرکەرێکەوە قبوڵ ناکرێن ، وەک دینیش لە لایەن هیچ
حیزبێکی ئسلامی و تەنانەت هیچ حیزبێکی ناوچەگەریشەوە قبوڵ ناکرێن .
لەبەرئەوە ئەگەر خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری نەکەن ئەوا دووچاری دەیان
کۆمەڵکوژی دیکە دەبنەوە.
لەم کاتەدا کە سەرنج دەدەم ڕاگەیاندن و بەرپرسانی پارتی لە هەوڵی
داگیرسانی ئاگردان ، ئاگرێک کە هەموو کوردی پێ بسوتێنن ، دیارە ئەم
هەوڵەشیان لە نیگەرانی ڕزگاربوونی شەنگالەوەیە ، چونکە شەنگال بەشەڕ
داگیرنەکرا بەڵکو بە ڕێکەوتنێکی نهێنی و بەبێ هیچ بەرگریکردنێک ڕادەستی
داعش کرا بەڵام بە خوێنی سەدان گەریلای پەکەکە و شەرڤانانی یەپەگە و
یەپەژە خەڵکەکەی پارێزرا و دەڤەرەکەش ئازاد کرا ، خۆ ئەگەر بێتو شەنگال
ئازاد نەکرایە ئەوا پارتی نەک هەر ڕووی لە شەنگال نەدەکردەوە بەڵکو
هاوشێوەی تلکێف و خازر و بەشیقە و حەمدانیە و دەیان شار و هەزاران
گوندی دیکە پشتگوێی دەخست بۆ چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و وەک جێگەیەکی
کوردستانیش باسی لێوە نەدەکرد.
سەرسوڕمان ئەوەیە کە ئێستا پارتی و بە تایبەت خودی مەسعود بارزانی
خۆیان وەک قارەمانی ڕزگارکەری شەنگال دەناسێنن و خۆشیان بە ڕەوا دەزانن
کە حاکمیەتی شەنگال بکەن و داوا لە گەریلا و شەڤانان دەکەن کە ناوچەکە
چۆڵ بکەن ، ئەم هەڵسوکەوتەش هاوشێوەی دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانە لە
هەولێر.
لە هەولێردا لە لایەن سەرۆکێکی ناشەرعیەوە سەرۆکێکی شەرعی دەرکرا ،
چونکە سەرۆکی پەرلەمان شەرعیەتی لە میلەت و پەرلەمانتاران تا ساڵی ٢٠١٧
وەرگرتبوو ، بەڵام ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەر چووە و شەرعیەتی
نەماوە و تاکو ئێستاش کەس ئەو شەرعیەتەی بە بارزانی نەداوەتەوە کە
ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم . بە هەمان شێوە لە شەنگالیشدا پارتیەک کە
ناوچەکەی ڕادەستی داعش کرد و بەبێ هیچ بەرگریکردنێک هەڵهات ، بە
لایەنێک دەڵێت بچنە دەرەوە کە بە دەریایەک خوێن شەنگالیەکانیان پاراست
و دەڤەرەکەشیان ڕزگار کرد.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|