په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٦\٢٠٢٥

   شەپۆلی چرکەکان.

ئەرسەلان مەحمود

+ کاتژمێر.
دەمێک ساڵە کاتژمێرەکانم
فڕێدەدەمە ناو شەپۆلەکانی دەریاوە،
ڕەنگە ماسییەکان فێرە خوێندنەوەی کات بکات!
بۆی هەیە ئیتر نەهەنگێک لە قووڵایی خەونەکانیدا
میلۆدییەکی بێدەنگ بۆ خولەگە ونبووەکان بچڕێت
کە جیتر پێویستیان بە پاسپۆرت نییە
بۆ فڕین، بۆ کۆچکردن.....!

+ سێبەر.
چاوەکانم
لە چاو دەرهێنان و
دامنانە ناو کونە دیوارەکانی مێژووەوە،
ئێستا ئەوانەی لێرە تێدەپەڕن قاقا بە سێبەرێکی
بێجەستە پێدەکەنن و گاڵتەش بەو چاوانە دەکەن
لە ناو کیسەی خۆڵدا بە دوای ڕووناکیدا
دەگەڕێن بۆ مێژوو، بۆ
بۆ بینایی...!

+ پەنجەرە.
هەرگیز.. ئەوا پەنجەرانەم
خۆشناوێن کە وشکبوونەتەوە لە گڕین و گریان،
ئەو دەنگانەش کە بە ڕەنگی بێدەنگی ڕەنگکراون،
کاتێک نەفەسی شاعیر لە ناو چاوێکی داخراودا،
چوارچێوەکەی دەلەرێنێ و شووشە دەشکێنێت
دەبێتە دەرگەیەکی کراوە!


تێکستە کورتەکان.

+ تینوێتی.
تینوێتییەک بە لامدا ڕۆیشت و
دەستی خستە سەر شانی زمانم و
خێرا.. کێشیکردمە دەرەوە و گریا،
ئەو دەمەی قومێکی نەدۆزیەوە!

+ پێناسە.
بوون،
نامەیەکی نێردراو نییە بۆ ناونیشانێکی هەڵە
کۆڵانێکیش نییە، جێگەی هاتوچۆی بێئاکامی تێدا ببێتەوە،
بوون، هەناسەیەکی قووڵە لە کۆتایی شەودا
نەبوو!

+ دژەفیزیا.
ئەو فڕینە
یاخییەم کە لە کێش یاخی بووە،
دوێنێ لە بەرزایی خەیاڵدا لە بیرم کرد
ئەم بەیانییە، بەبێ باڵ، لە خەووو
ڕابووم..!

+ ئەگەر.
ئەگەر دەنگێک
بە لای وشە پەرتەکانی زماندا تێپەڕێت
پیش ئەوەی قسە بکەم بێدەنگییەکەم دەدۆزێتەوە،
ئەگەر هەر هەنگاوێک بە هەڵە بەرەو دواوە بڕوات،
پەپولەیەکی نەفەس بڕاو ڕێگە داخراوەکە دەکاتەوە،
ئاسمانەکە بەسەر نیوەی خوارەوەی
باڵەکانیدا دادەخا.

+ شارەکان.
دەرگەیەک نەماوە
بمانباتەوە دەرەوەی بێدەنگییەکان
دەبوایە شارەکان کەمێک بچووکتر بن
دەبوایە کۆڵانە تەسکەکانی خۆیان
باوەش بکەنەوە!

دەبوایە...
خۆ بە بچووکتر
لە غروورە قوڵەکانی خۆیان بزانن،
دەبوایە لە بری دیوارێکی بەرز و لە جیاتی دەرگەیەک
کە جێگەی تێپەڕینی مرۆڤێکی ماندووی تێدا نابێتەوە
شارەکان... دەبوایە ڕێگەیەکمان
بدەنێ ڕێگەیەک
دەبوایە...!

+ دارەکان.
ئەگەر ڕۆحم،
هەورە بارانێک بوایە،
بەرگەی ئەم هەموو وشکەساڵییەی نەدەگرت
خەون بردمییەوە، زەوی باخچەیەک بوو بە ئاسماندا
بۆ ئەوەی لە ناکاو گوڵەکان یەکیەک بۆن بکەم!
گەشتی پێ دەکردمە
هیچ کوێ!

کە بە ئاگا هاتمەوە،
بینیم هەموان سەما لەسەر
تەرمی گەڵا دەکەن

ئەگەر دڵم چرایەک بوایە
بەرگەی ئەم هەموو تاریکییەی نەدەگرت
لە کوژاندوەی فتیلەکاند.

+ پارچەیەک بێهوودەیی.
بەبێ مەبەست، بەناو کاتدا دەڕۆیت
وەک ئەوەی ڕاهاتبیت بەوەی هەموو ساتەکان
لە گیرفانە بۆشەکانی چرکەدا، بەتاڵ بکەیتەوە!
با بوون ئەو پێکەنینە بێت، بە ئاسانی ناکەوێتە
مەستی ژیان و دەستەکانی مەرگ!

تۆ هەناسەی سەر ئەو خەیاڵە بە
کە لە یادەوەرییەکی پڕ لە فەرامۆشیدا، سەما بکات!
تۆ دەتوانیت چۆنت بوێت، ئاوا بوون دابەش بکەیت؛
هەر ساتەی لەبەردەم ئاوێنەیەکدا.

هەر چرکەیەک
پارچەیەک لە بێهوودەیی،
هەر هەناسەیەک درۆیەک
بۆ ئەوەی وەک سێبەرێک
تەنیا بمێنیتەوە!
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک