٢٤\١١\٢٠١٠
شەقامى کوردی و
دروستبوونی دەوڵەتى سەربەخۆى کوردی.

حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ
سەربارى ئەوەى ساڵەهاى ساڵە نەتەوەى کورد بەدەست حکومەتە سەردەست و
داگیرکەرەکانى کوردستانەوە دووچارى پاکتاوى نەژادی و رەشەکوژى و
قەڵاچۆکردن بووە، ئەو رەگەز و نەتەوەو دەسەڵاتە جیاوازانەى لەسەردەم
وقۆناغە جیاجیاکانى مێژوودا فەرمانڕەوا و خۆسەپێن بوونە لە کوردستاندا
بەراست و چەپدا کەمتەر خەمی و درێغیان نەکردووە لەپیادەکردنی سیاسەتی
راگواستن و کوشتن و زیندەبەچاڵ کردن و کۆچ پێکردنى زۆرەملێ تاکو سیماو
مۆرک و رەسەنایەتی ئەم نەتەوە و نیشتیمانە بگۆڕن ، پاش ئەو هەموو کوشت
و کوشتارە پاش هەموو وێرانکارى و خاپوور کردنە ، پاش ئەو هەموو ئاوارە
بوون و سەرگەردانى و دەردەسەرییە ، پاش ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشە و
داپلۆسێنە بۆ گۆڕینی ناسنامەى نەتەوەی و پەیڕەو کردنی سیاسەتی تەعریب و
تەفریس و تەتریک و ... هتد، هێشتا پتر لە چل ملیۆن کورد لە کوردستانى
گەورەدا دەژێت ، سنورى سروشتی و مێژووی خاکی کوردستان زیاتر لە پێنج
سەد هەزار کیلۆ مەترى دووجا دەبێت ، کورد وەکو نەتەوە تەواوى بنەماکانى
نەتەوەى تێدا بەرجەستەیە و هیچی لە نەتەوەکانى دیکەی دونیا کەمتر نییە
، خاوەنی خاک و مێژوو و زمان و فەرهەنگ وکەلتورى خۆیەتی ، لەجیهاندا
دەورووبەرى 200دەوڵەت هەیە کە خاوەن سەروەرییەکانى خۆیانن ، ژمارەى
دانیشتوانى کوردستان لەنزیکەى نیوەى هەریەک لەو دەوڵەتانە زیاترە
لەڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە ، لەڕووى خاکەکەى چەندجارەى زۆر لە
دەوڵەتان دەبێت لەڕووى سنورى جوگرافییەوە ، سەرزەوى و ژێر زەوى خاکەکەى
زۆر بەپیت و دەوڵەمەندە و تواناى خۆراکدان و ژیان وگوزەراندنى
چەندجارەى دانیشتوانەکەى هەیە ، لە بەرەبەیانی مێژووەوە کورد خاوەن
دەوڵەت و فەرمانڕەواى خۆى بووە لە دەوڵەتى (ماد)دا، لە زۆربەى ووڵاتانى
ترى گێتى گەلێکی دێرینتر و کۆنترە لەسەر خاکى خۆى دەژێت کە کوردستانە ،
رووبەرووى گشت داگیرکارى و هێرش و پەلامار و شەپۆلی داگیرکارى فراوان
خوازى بووەتەوە و سنگی کردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی خاک و نیشتیمانەکەى
رووبارێک خوێن و دەریایەک فرمێسکی لەو پێناوە پێشکەش کردووە ،
سەرهەڵدان و شۆڕش و راپەڕینەکانى کورد بۆ بەدەستهێنانى ئازادی و
سەرفرازی ئەوەندە زۆرو زەبەندن لە ژمارە نایەن ، کەم گەل و نەتەوە هەیە
سەرکردەى کارێزماى وەکو سەرکردەوە و رابەرانی کوردی تێدا هەڵکەوتوو بێت
، لە دێرزەمانەوە هەر لەنغرۆ بوونی یەکەم دەوڵەتى کوردییەوە گەلى کورد
عەودا و شەیداى ئازادى و سەربەخۆى بووە و بێوچان بووە لە کۆشش و
خەباتکرد .
لەسەر گۆى ئەم زەمینە پان وپۆڕەدا هیچ نەتەوەیەک نییە نە ئامارى
دانیشتوانەکەى و نەخاوەن رووبەرێکی خاکى ئاوا و نە تێکۆشانێکی لەم چەشن
و بابەتەى هەبێت خاوەن دەوڵەتى سەربەخۆى و قەوارە و کیانی سیاسی خۆى
نەبێت ، ئیتر نازانم ئەمە غەدرى زەمەن و مێژووە یان قەدەرى ئێمە لەسەر
ئەئەم خاکە دەژین و دەوڵەمەندە بە ئاو و سامانە سروشتى و کانزاکان و
سروشتى ناوچەکە واى کردووە هەمیشە جێگاى چاو تێبڕینی ووڵاتانى تر بێت و
هەمیشە بە داگیرکراوى و ژێر دەستەى بمێنێتەوە ، یان ناکۆکى و خۆخۆرى و
ناتەبایی نێوخۆى کورد وەکو دەڵێن :( دەردە کورد ) هیواکانمانى لە
کۆرپەی و لە مەلۆتکەیدا تاساندووە وڕێگاکانى دروست کردنی دەوڵەت
بوونمانى کردووە بە هەزاران قۆناغ و فەرسەخ ، یان قەدەرى ئێمەى کورد
واى هانیوە لەنێوان بەرداشەکانى عەرەب و تورک و فارسدا دروست بوون و
بوونە دەوڵەتمان بهاڕن ، یان سیا چارەى نەتەوەیەکى چل ملیۆنییە .
سیاسەتوانێکی فەرەنسی لە ساڵانى پێشوودا باسی کوردی کردبوو کە
نەتەوەیەکی بەڕێز و میهرەبانە و زۆرى خۆشدەوێت بەڵام هەرکاتێک باس لە
بەرمیلە نەوتێک دەکرێ هەموو ئەو خۆشەویستیە فەرامۆش دەکرێ و کاڵ
دەبێتەوە ، ئەو نەتەوە و حکومەتە سەردەستەکانى کورد و کوردستان ئەگەر
ساڵانێکە شیلەى رۆحمان دەمژن و خێرو بێرى ئەو نیشتیمانە دەدزن، ئەگەر
وەکو کۆیلە تەماشامان دەکەن و پاساوانى بەردرکى سامانە دزراوەکەى
خۆمانمان پێدەکەن ، ئەگەر خۆیان بە گەورەو ئێمە بە بچووک تەماشا دەکەن
، ئەگەر خۆیان بە لێزان و شارەزا و لێوەشاوە تەماشا دەکەن و ئێمەش بە
نەزان و کەم توانا و لێنەوەشاوە ، ئیتر کاتى ئەوە هاتووە
تێڕوانینەکانیان بگۆڕن ، ئێمەش هیچمان لە نەتەوەکانى دیکە کەمتر نیە
هەقە ببینە خاوەنی دەوڵەتى سەربەخۆى خۆمان چونکە ئەزمونى ئەم چەند
ساڵەى بەڕێوەبردنی کوردستان پاش ئەو هەموو پاشقۆل گرتنەى ئەوان دەریخست
کورد تواناى بەڕێوەبردنی هەیە کورد ئەگەر پیلانى پێنەگیِڕن وێڕاى
کەمووکورتیەکان دەتوانێ هەنگاوى باش روو لە ئاسۆى پێشکەوتن و
شارستانیانە بهاوێژێ .
تاک و کۆى کۆمەڵگەى کوردی پێویستە پرسی دروست بوونی دەوڵەتى کوردی لە
دیدگاى خەڵکی کوردستانە سەرچاوە بگرێت ئەوە ئەرک و وەزیفەى هەمووانە
دەبێت سستى و کەمتەر خەمی تێدا نەکەین ، بانگەشەى شەقامی کوردی لە مەڕ
دروست بوونی دەوڵەتى کوردی سەرکردەو ڕێبەرانى پارت و رێکخراوە
سیاسیەکان ناچار بکات بۆ هەڵگرتنی دروشمى دەوڵەتى سەربەخۆ و چونکە ئێمە
لەبەردەم باهۆزەیەکی جیهانی داین کە وورد و درشتى پرس و دۆزەکان لەبەر
دەم تێروانینی ووڵاتە زلهێز و بڕیار بەدەستەکانی جیهاندا دەخوێنرێتەوە
، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ناچارى سەرمان دەکات بەماڵى دوژمندا خۆ سبەینێ
لەپشت ئەمڕۆوەیە و نەوەى داهاتوو ئەوان درێژەپێدەرى ئەم کاروانەن و
ئەوان دەتوانن کاروانەکە بگەیەننە مەنزڵ.
ماڵپهڕی حوسێن ئیسماعیل خان دهلۆ
|