په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

شەقاوەی کوردی.

فه‌رهاد که‌ریم  


ئەوەندەی لە توانام دابێ گۆرانی بۆ عەشق و خۆشەویستی دەلێم، چ شتێک هەیە لە عیشق جوانتر لە خۆشەویستی گەورەتر، هەر نەتەوەیەک بەخۆشەویستیەوە پەروەردە بکرێ ئەمرۆ و سبه‌ینێی رۆناکە، زمانی عیشقە و لە گیرفانی گەندەڵ و پۆخڵیی و زمانی خوێن ناگا، کارەسات لەوە نییه‌ هەریەکێکمان خاوەنی ئاواز و دەنگ و رەنگ و گۆرانی خۆی بێ، جوانیی باخ لە پڕبوونی گوڵ دایە نەک لە سیسبوون و مردنی، ولات بە سیستەمی (هەچە و هۆش)ه‌وه‌ بەرێوەناچێ، کۆمەڵگه‌ مێگەلی دەسەلات نییه‌، نیشتمانیش تەویلەی بنەماڵه‌ نییه‌، هەر دەسەڵاتێک بزەڕێت و لووشکە باوێ دەبێ ئەوەش بزانێ دوای زەڕین تڕینە، لە پاش تڕێ خەپشێ، لە زەمانی (سەرۆکمان زێرە) نیشتمانم جێهێشت، کە گۆربەگوویان کرد گوتم ئۆخەی لە دەرفەتێکی نزیک دەگەرێمەوە، بەڵام وا دەرنەچوو لە سایەی گلێنەی چاوە و هێزی هەناوەی سەرۆکی ئەمرۆماندا وڵات جێهێشتن پتر بووە نەک کەمتر، دەبێ گۆرانیت بە ئاوازی ئەوان بێ؛ لە زستاندا شیرین بەهارەیان بۆ بچڕی و لە هاوینیشدا بەفرە باری، یەک ووشەشت لە دەمو‌پلی ئەوان جوایه‌ز بێ لێت دەبن بە(مایک تایسن) و سەروگوێلاکت دەدەنە بەر بۆکسان، خۆ گەر یاخی و سەرەڕۆ بی لێت دەبن بە( جان وەین) و هەر بە رۆژی رۆناک دەدەنە بەر گوللان، ئێرە وڵاتی بنەماڵه‌یە.. ئێرە هەرێمی شەقاوەیە، وەک بڵێی شەڕی قەڵا و منارەیە، (هەڕنە پێش،هەڕنە پێش) دەور دەوری ئێوەیە، قەڵا و منارەکەشی هەر هی ئێمەیە، ئەرکتان هەیە و ماف و یاساش یەت مەیە، منیش چۆن زووتر لە شیعری( غوربەت و با و بەفر) گوتوومە ئێستاش دووباره‌ی دەکەمەوە:


(با گۆرانی دەلێ
دار رووت بن و یا رووت نەبن
وەکو کچە سەماکارێک
بەدەم بادا هەڵدەپەڕن
بەفر پێدەکەنێ
چیاش ئامێزی بۆ واڵایە
نە بەفر لە چیا تێر دەبێ
نە چیاش لە بەفر
منیش لێرە لە غەریبی
لەگەڵ هەڵکردنی هەر بایێ بێ
لەگەڵ داگرتنی هەر بەفرێ بێ
دار و چیام
ئەگەر بۆنی نیشتمانەکەمی لێبێ)
*.

_____________________
* دوای کۆرەوەکە لە تورکیا نووسراوە.

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد که‌ریم