په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٢

    شێرەدز .


کامیل ژیر

ئەم سەردەمە
سەردەمى ویژدانى کزە
بۆ پاکژان
رێگە نشێو، رێگە هەوراز
رێگە هەمووى تووش و خزە.
   *   *   *
ئەم سەردەمە
کێشە وا لای خامەوەشێن
لاى شایەرى دەرباری میر
بۆ شاباشێ:
بزنە لاتە، کارمامزە
مشکەکوێرێ
بەرخۆلەسوورەى چاوبزە.
   *   *   *
ئەم سەردەمە
گەورە، گەورەى راووڕووتە
ماراسۆنى نادروستی
سەرمایەدار
باوی کەللەی بۆشپۆرخزە.
   *   *   *
ئەم سەردەمە، شێرەشایەر!
هاوڕێ لەگەڵ گەورەگەندەڵ
شێرەدزە!
توف لەو دەمە لەو سەردەمە
لەو دزانە و چی پاشدزە
هەرچی بێدەنگ، یا سەرکزە.

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک