په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠٠٩

شەڕێکى نا پێویست.

     

مافپه‌روه‌ر: ئارێز سمکۆ

 

ئەوەى ئەمڕۆ ئاگادارى گوتار و ئەداى کۆى راگەیاندنى کوردى بێت، هەر زوو لەوە دەگات کە ئەم راگەیاندنە بە هەموو پێوەرە ستانداریەکانى جیهان لە قەیرانێکى مەترسیدار دایە، قەیرانێک دەکرێ ناوى بنێین خوڵقاندنى تێزێکى نا بەرپرسیریانە بەرانبەر بە نەتەوە، چەمکى راگەیاندن، چەمکى پارتایەتى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، دواجار ئەزموونەکەمان و تادوایى. بۆیە پەرۆشى ئێمە ئەوەندەیە کە هەبوونى جۆرە دیاردەیەکى لەم جۆرە تەنیا شەڕێکى نا پێویست دەهێنێتە پێشەوە، کە رەنگە تا شەڕى چەکداریش هەڵبکشێت ئەوە نییە:


تا ئێستا هێزى پێشمەرگەى کوردستان نەبۆتە هێزێکى نیزامى و نیشتیمانى کە تەنیا ئینتماى بۆ خاک و هاوڵاتیانى وڵاتەکەى هەبێ، وەک کۆى هێزە سەربازیەکانى جیهان کە هەندێک پێوەرى نەگۆڕ هەیە کە هێزى چەکدارى لەسەر دروست دەبێ، لە بۆیە دەڵێین ئەم هێزە چەکداریانەى کە ئێستا حیزبەکانى کوردى و عێراقى هەیانە، ئەوەندەى بە میلیشیا دەچێ بە هێزێکى نیزامى ناچێت، دیارە ئەمەش جوینەوەى قسەکانى ناحەزانمان نییە و لەکەسیشى قبوڵ ناکەین موزایدەى نیشتیمانى و کوردایەتیمان لەسەر بکات، چونکە بەقەد ئەوەى خەمێکى گشتى دنەم دەدا بۆ خستەڕووى بابەتگەلێکى لەم جۆرە چونکە هێزێکى نیزامى بە پایەکى گرینگى دەوڵەتبوونى دەزانم، دیارە ئەمەش هۆکارەکەى تەنیا ململانێکى حیزبیانەى رووتە و ناچێتە ناو خانەى بەرژەوەندى گشتیەوە.


بوونى ئەو هەموو هێزە ئابوورى و دەزگاگەلى راگەیاندنى جۆراوجۆرى پارت و لایەنە سیاسیەکان، کە ئەمەش بۆتە سەرهەڵدانى گەلێک لە حکومەتۆکەى بندیوار و هەر کەسەو لەلایەن خۆیەوە تەشیکە بەلاى خوچیدا بادەدا بێگوێدانە ئاکامە مەترسیەکانى لە دواڕۆژدا، جگە لە هەبوونى گوتارێکى تەواو پێچەوانە و جیاواز لە نێوانیاندا، هاوکات ئەمانە لەسەر هەموو جومگەیەکدا بە ئاراستەیەکى دیاریکراو دەڕۆن کە بۆیان نشانکراوە، کە ئاسۆکانى وەهامان نیشان دەدەن کە شەرێکى لە دواوەیە و لە ململانێى ئاسایى دەرچووە.


ئەگەرچى ئەو دوو هێزە باڵادەستەى کوردستان لە رووکەشدا وەها دەردەکەون کە هاوپەیمانن و یەکگرتوون و رێککەوتنى سترتیژیان لە نێواندا هەیە، کەچى ئەوەى بەدى دەکرێت تا هەنووکەش متمانەیەکى تەواو و جێگاى بڕواى تەنانەت خەڵکى خۆیان لە نێواندا نییە، بۆ نموونە زۆر حار دەبیستین کە ئەم دوو هێزە دەبێتە کێشەیان لەسەر دانانى بەرێوەبەرێک یان بەرپرسیاریەتێکى کارگێڕى لە نێوانیاندا، ئەگەرچى ئەم دوو هێزە زۆرجاریش ئەم راستیانە بە نا حەقیقەت وەسف دەکەن و رەتى دەکەنەوە بەڵام ناتوانن تەواو بڕوا بە هاوڵاتیانى کوردستان بهێنن.


هاوکات هەبوون و بەدیارکەوتنى هێزگەلى پۆپۆزیسیۆن ئەوەندەى دەتوانێ ئەم خاڵە لاوازانەى دوو هێزە باڵادەستەکە بکاتە کەرستەى ململانێى سیاسیانەى خۆى، لێ لەلایەکى ترەوە ئەگەر ئەوان لە هۆشیاریان یان لە نا ئاگایانیش بێت خۆى بەکارهێنانى ئەم کەرستانەش بۆ ململانێ دواجار جۆرێک لە پەرچەکردارى دەهێنێتە ئاراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەوەش دەبێ ئەمانیش بزانن کە ئەم هێزانەى هەن لە جڤاکى کوردى و خۆیان وەک پارتى سیاسیى نمایش دەکەن هێشتا نەگەیشتونەتە ئاستى تێگەیشتن لە بەرژەوەندى گشتى و هەبوونى بەرپرسیاریەتى لەسەر شانیان و نوسینەوەى مێژوویەکى شکۆمەندانە بۆ خۆیان.


جگە لەوەش هەڵەیەکى کوشندەى بزاوتە سیاسیەکان لە کوردستان (هەڵبەتە بەبێ هەڵاوێردن)، ئەوەیە کە ئەم هێزانە لەسەر بەرنامەیەکى رۆژانە و هاتنى پێشهاتەکانى ڕۆژ مامەڵە دەکەن، نەک بەرنامەیەکى ستراتیژى درێژخایەن و دووربینانە کە بۆ نموونە بڵێن دەبێ پاش پێنج ساڵى تر هەموو بڕگەکانى کە لە دەستورى عێراقدا هاتووە دەربارەى کورد بێتە بوارى جێبەجێکردن، دیارە تا ئێستا سەرکردایەتى کورد لەسەر ئەمە بەردەوامە، ئەوە نییە ماددەى مردووى 140ى دەستورى عێراق بۆتە پەستى شەرغە و سەرى لە قەرچوغ عاسێ بووە و کەس نازانێ کەى بە خێر برادەرانى عارەب بۆمان جێبەجێدەکەن.
 


هەولێر
arezsmko@yahoo.com