٢۴\٦\٢٠١٠
شەڕێک لە دواوە،
شەڕێک لە پێشەوە
نەوەی سەنتەر شەڕی
کێ دەکا؟

هۆشەنگ شێخ محەمەد
ئەم گوتارە سەرەتایەکە بۆ دیتنی بزافێکی نوی لە نێوەندی ئەدەبیات و
ڕۆشنبیریی کوردی دا، بە مەبەستی ڕێخۆشکردن بۆ کۆمەڵێک قسە و ڕاگۆڕینەوە
نووسراوە؛ وەستانێکە لە ساتێکی مێژووییی گرنگدا، سەبارەت بە سەرهەڵدانی
نەوەیەکی نوێ، کە دەیوێ شەڕی سەنتەرێک بکات، دەستەواژەی شەڕ لەو
گوتارەدا بە مانای ململانێیەکی ڕەوا و جوان بە کار بردراوە، کە
سەرچاوەکەی بۆ ئیرادە و تەواوی جەستەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە... ئەمە تەنیا
سەرەتایەکە، بۆ ئەوەی لە پرۆژەی دیکەدا وردتر و تایبەتتر قسە بکەین.
لە هەشتاکان و نەوهدەکاندا، نەوەیەک هات،
کە شەڕی نەوەی پێش خۆی (شەستەکان و حەفتاکانی) کرد. دەق و تێگەییشتن و
دنیابینیی نوێی خستە سەر ڕۆشنبیریی کوردییەوە، ئەوانیش کۆمەڵێک نووسەر
بوون: کەریم دەشتی، بەختیار عەلی، فەرهاد پیرباڵ، ئەحمەدی مەلا، دڵشاد
عەبدوڵا، هەندرێن، ڕێبوار سیوەیلی، مەریوان وریا قانیع، هاشم سەڕاج،
عەباس عەبدوڵا یووسف، قوبادی جەلیزادە، نەوزاد ڕەفعەت، ئیسماعیل
بەرزنجی و دلاوەر قەرەداغی و چەندین ناوی تر، ئەوانە توانییان کۆمەڵێک
تێکستی نوێ و جوان و جوایەز بخەنە بەردەستمانەوە، لەگەڵ هەوڵی ئەو
نەوەیە، شەڕێک هاتە پێشەوە، لە نێوان ئەوان و ئەوانەی پێش خۆیانەوە، کە
نوێنەرایەتیی شیعری کوردییان دەکرد، ئەو شەڕە تەنیا لە نووسینی تێکستدا
ڕەنگی نەدایەوە، بەوەی ئەو ناوانە تێکستی جوایەز و جوانتر و داهێنانەتر
بنووسن و دەرگە و پەنچەرەی نوێتر بە ڕووی شیعری کوردیدا بکەنەوە،
بەڵکوو شەڕی دوو تێگەیشتنی جوایەز و دوو ڕوانینی جوایەز بوو، لە هەمبەر
چەمک و بابەت و دنیا و ژیاندا، دواتریش گوێزرایەوە بۆ نێو نووسینی تر (لە
دەرەوەی تێکستی شیعریەوە) وەک گوتار و لێکۆڵینەوە و ڕەخنە.
ئەو نەوەیەی هەشتاکان و نەوەدەکان، توانییان لە ڕێی تێکستی شیعرییەوە
جوایەزی و داهێنانی خۆیان نیشان بدەن، بۆ ماوەیەکی درێژیش بەردەوام
بوون، چەندین دەرەنجامیشیان دایە دەستمان، کە گرنگترینیان شکاندنی
ئەفسوونی تاکدەنگی، یان چەند دەنگێکی کەم بوو، بەوەی یەککەس (بۆ نموونە)
وەک پێشتر گۆران، یان دوای ئەو شێرکۆ بێکەس بە تەنیا، یان لەگەڵ
عەبدوڵا پەشێو، بۆ ماوەیەکی درێژ سەرکاروانی شیعری کوردی بن. ئەو
دەنگانە توانییان وەک دەنگی تاک و جوایەز لە یەکتر، لەیەک ماوەدا
دەقەکانیان نماییش بکەن و کۆمەڵێک تێگەییشتنی دیکە بۆ خوێندنەوە و
ڕەخنە لە شیعر، بێننە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە. بە کورتی، ئەوان
دەرگەیەکی نوێ و گەورە و جوایەزیان بە ڕووی ڕۆشنبیریی کوردیدا کردەوە،
بەردەوامیش لە نووسینی زۆریاندا ئەوەیان نەدەشاردەوە کە ئەوان بەردەوام
لە شەڕی کۆنخوازیی و دەستەی نووسەرانی حەفتاکان و پێشووتردان.
ئەم هەڵوێستەشیان، شەڕی نەوەی پێش خۆیان، حەقیقەتێک بوو، لە دەرەوە و
ناوەوەی کایەی ڕۆشنبیرییدا ڕەنگدانەوەی هەبوو. واتە شەڕێک نەبوو تەنیا
لە خەیاڵی ئەوانەدا دروست بووبێت، بەڵکوو نەوەی حەفتاکانیش لە ئەدەبدا
بەرپەرچی ئەو نوێخوازی و تازەگەرییەیان دەدایەوە، تەنانەت ڕەنگە لە ژێر
ناو و بەهای جوایەزی ئەدەبی و نیشتمانی و سیاسی و ڕۆشنبیرییدا گەیشتب
بە ئاستی ڕەتکردنەوە و گاڵتەکردن بە دەقی یەکتر و ناوزڕاندن و بە کەم
زانین و دروستکردنی توهمە و تاوان بۆ نەوەی نوی... نەوەی هەشتاکان،
ڕەنگە ئەوانیش کەوتبنە ژێر کاریگەریی شێواز و نێوەڕۆکی ئەو شەڕانە و بە
هەمان ماهیەت و هەبوونی ئەوانەوە، وەرامیان دابنەوە، یان درێژەیان بەو
شەڕانە دابێت و کۆمەڵێک تاوانی وەک کۆنپەرستی و نەزانی و کاڵفامی و
جەهل و ناو و ناتۆرەی تریان دابنە پاڵ.
لە کاتی شەڕەکەدا، بە تایبەت لە نەوەدەکاندا، ئەو نەوەیە خۆی بە
نوێخواز و هەڵگری تێگەییشتنێکی دیکە دەبینی، کە کۆنزەرڤاتیڤ و
کۆنخوازەکان دەیانەوێ ئەو کاروانە ڕاگرن- پەکی بخەن و ئەو ناوە نوێیانە
نەبن بە دەنگ و سەدای تایبەت بە خۆیان نەبێت، بەڵام، سەرئەنجام شەڕەکە
بەوە گەییشت، کە بۆ زیاتر لە ماوەی بیستساڵ ئەو دەنگانە بەردەوام
بنووسن و تێکست و لێکۆڵینەوە و ڕۆژنامە و کۆوار و دەیان و سەدان کتێب
بەرهەم بهێنن و کاروانی ئەدەبیاتی کوردی بەرەو قۆناغێکی نوێتر و
گەشاوەتر ببەن.
بەڵام، ئێستە لە ساڵی 2009دا دەبێ ئەو پرسیارە بکەین: ئەو شەڕە (شەڕی
نێوان نەوەی هەشتاکان و نەوەدەکان، لەگەڵ پێش خۆیاندا) مەرجەکانی
بەردەوامبوونی پاراستووە، یان لە دەستی داوە؟
لێرەدا من هەوڵ دەدەم، وەرامی ئەو پرسیارە بدەمەوە و دواتریش زۆر
شادمان دەبم بەوەی کە ببێت بە تەوەرێک بۆ هەر کەسێک، کە تاقەتی
وەرامدانەوەی هەبێت.
من پێم وایە: ئەو شەڕە مەرجەکانی بەردەوامبوونی خۆی لە دەست داوە،
لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، کە گرنگترینیان سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێترە دوای
ئەو ناوانەی لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردن؛ دوای ئەوان هاتوونەتە دنیا و
ئەدەبێکی دیکە پێشکێش بە ڕۆشنبیریی کوردی دەکەن (کە دەڵێم نەوەیەکی دی،
مەبەستم لەو دەنگانەیە کە نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو دەنگانەی
ناوم بردن، ئەگەرنا خۆ لە پاڵ نەوەی هەشتاکان و نەوەدەکاندا دەنگی دیکە
دروست بوون، بەڵام چونکە وەک ئەوان بیر دەکەنەوە و دەنووسن،
نەیانتوانیوە ببن بە پارچەیەک لەو نەوە نوێیەی ئەدەبێکی نوێ دەخوڵقێنێ).
ئەو نەوەیەی پێشوو، کە تا ئێستەش بەردەوامن لە نووسین و چاپکردنی کتێب
و بڵاوکردنەوەی دەق و گوتار و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و خوێندنەوە،
پێیان وایە هێشتا لە ژێر فشاری نەوەی پێش خۆیانن و هێشتا ئەوان ڕێگرن
لەبەردەمیان دا، بەڵام ئێستە هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی ئەو ناوانە
هەست بکەن کە ئەوان شەڕێکیان لە لایەنێکەوە لەگەڵ دەکرێ؛ نە لە لایەن
نەوەی پێشووتر، نە لە لایەن دەستەڵات و نە لە لایەن دەزگەکانی
راگەیاندن و نە دەزگەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش- هەر هەموویان بەردەوام
کتێب و بەرهەمەکانیان لە لایەن جۆرەها ڕۆژنامە و کۆوار و دەزگەی کتێب و
تەلەڤیزیۆن و سەتەلایت بڵاو دەکرێنەوە؛ زۆربەیان ڕێکلامی ناتەندروستیان
بۆ دەکرێت؛ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگە
جۆراوجۆرە حزبی و حکوومی و ناحکوومیەکاندا دەستەڵاتیان هەیە و دەتوانن
بە ئاسانی دەق و کتێب و نووسینەکانیان بڵاو بکەنەوە و دەنگیان بگەیەنە
ناوەوە و دەرەوەی کوردستانەوە، ئەگەر کەسێکیش ڕەخنەی لە نووسراوەکانیان
گرتبێت، بە ویستی خۆیان و لە ڕووبەرێکی فرەواندا وەرامیان داوەتەوە.
بۆیە، ئەو نەوەیە پێش ئێستە و ئێستاش، لە هەموو کاتێک زیاتر بوونەتە
سەنتەر و هەرگیز لە پەراوێزەکانەوە نین، نەوەی پێشووتریش زۆربەیان
ئەوەندە کاڵبوونەتەوە، کەوتوونەتە پەراوێزی سەنتەری ڕۆشنبیریی کوردی و
کاریگەریی ئەوتۆیان نەماوە. زۆربەی نووسەرانی لە نەوەی پێشووتر، بە
کاری دەزگەیی و حکوومی و حزبی و راگەیاندن و کاری دیکەوە خۆیان سەرقاڵ
کردووە و تاقەتی شەڕی ئەدەبی و تەنانەت فکرگۆڕینەوە و ڕەنگە
خوێندنەوەشیان نەمابێت. ئەگەریش دەنگێکی حەفتاکان مابێت، لە ماوەی ئەو
بیستساڵەی دواییدا ناچار بووە خۆی بگۆڕێت و لەگەڵ نەوەی هەشتاکان خۆی
ڕێک بخات و لە ژێر کاریگەریی ئەواندا درێژە بە نووسین بدات، ئەگەرچی من
گومانیشم هەیە دەنگێکی حەفتاکان تا ئێستە وەک تاک لە سەنتەری
ڕۆشنبیریدا بە کارە ئەدەبییەکانەوە خەریک بێت؛ بۆیە لە ئێستەدا نەوەی
هەشتاکان و نەوەدەکان خۆیان سەنتەرن، بە ئەخلاق و مانا و بەها
ڕۆشنبیرییەکانی خۆیان هەیمەنەیان لە ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە.
سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێتر، کە ڕەنگە نەوەی سەنتەر تا ئێستە زۆر لێی بە
ئاگا نەبێت، بە حوکمی ئەوەی دوای ساڵی 2000 نەوەی پێشوو زیاتر بە
سەنتەربوونی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، چەندین مانیفێستیان بڵاوکردەوە و هەوڵی
گرووپ و گرووپکاری و شار و دەزگەیییان دا؛ چەندین کۆوار و ڕۆژنامە و
بەرهەمیان چاپ کرد، زۆربەیان لە ئەدەب و زمان و تێکست و خوێندنەوە و
ڕەخنە و فکر و تیۆر و بیردۆز و فەلسەفە و مەعریفەدا دوان، زۆربەشیان
ئێستا - لەو ساتەدا - پێیان وایە بوونەتە خاوەن ئەزموون و ڕێچکە و
مۆرکی تایبەتیان هەیە، بەمەش کارئەکتەری تایبەتی و دەنگی تایبەتی خۆیان
هەیە و کەسایەتییەکی ئەدەبییان بۆ خۆیان دروست کردووە. نەوەی سەنتەر
تێگەییشتنێکی ئاشکرای لە بەرابەر ماهیەتی خۆیان هەیە و وەک شاعیر و
دەنگ و ئەدیب و نووسەر، خۆیان قبووڵ کردووە. خۆیان بە خاوەنی دیوان و
کۆکردنەوەی بەرهەمی چەندین ساڵ و چاپکردنی وەک کۆبەرهەم، تەنانەت
چاپکردنەوەی چەندجارەی بەرهەمەکانیش هاتووەتە بەرچاو؛ تەنانەت
گەییشتوونەتە قەناعەتێک، کە هەردەم نووسەرن، بۆیە دەنووسن، نەک بۆ ئەوە
بنووسن، تا ببن بە نووسەر.
بۆ من ئەو قەناعەتە، بڕوابوون بە نووسەربوونی نەوەی سەنتەر، خاڵێکی
مێژووییی گرنگە لە چرکەساتی ئێستاماندا، ئێستە، چرکەساتێکی مێژوویییە،
بەو مانایەی نەوەی سەنتەر لە ئێستەدا تووشی دووبارەبوونەوە و
خۆخواردنەوە و خۆپاتکردنەوە بوونە و باوەڕی تەواویان بەوە هەیە، کە
بوونەتە داهێنەر و هەرچی ئێستەش دەینووسن، درێژبوونەوەی کاروانی ئەو
داهێنانەیە. ئەو نەوەیەی ئێستە بە نەوەی سەنتەر ناوی دەبەم، نەوەیەکە
پێی ناوەتە ناو مەرگی خۆیەوە، ئێستە ئەو نەوەیە، نووسەرە، بۆیە بە
دەوری خۆیدا خول دەخوات و لەو قاوغەدا خۆی توند دەکات، بۆ ئەوەی
هەیمەنەی خۆی بە سەر کایەی ڕۆشنبیریدا درێژ بکاتەوە، ئەمەش بۆ من لە
خەیاڵێکی ترسناک زیاتر نییە.
نەوەی سەنتەر، تا ئێستە شەڕی نەوەی پێش خۆی (حەفتاکان) دەکات، نەوەیەک،
نە ڕەنگی ماوە، نە تاقەت، نەوەی سەنتەریش ئەخلاقی خۆی بە سەر کایەی
ڕۆشنبیریدا زاڵ کردووە و دەیوێ بە شەڕێکی وەهمی درێژە بە سەپاندنی ئەو
ئەخلاقە بدات، کە بۆ نەوەی پەراوێز، کۆن بووە، بۆیە نەوەی سەنتەر ئێستە
دەبێ ئاگەداری ئەوە بن کە شەڕی حەقیقیی ئەوان لەگەڵ نەوەیەکی ترە، کە
لە دوای ئەوانەوە هاتوون و لە پێش ئەوانەوەن، نەک لە دوایانەوە.
نەوەی نوێ، کە ئێستە لە پەراوێزە، کۆمەڵێک دەنگن، کە دەیانوێ دیتن و
تێگەییشتن و دنیابینی و ئەدەبێکی نوێتر ڕابگەیەنن و بەها و مانای نوێی
ئەدەبی بخەنە سەر کاروان ڕۆشنبیریی کوردییەوە. ئەم هەوڵدانە خۆی لە
خۆیدا ململانێ و شەڕێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، شەڕێک کە لە سەرەتایە
و گەنجەکان دەستیان پێ کردووە، هەر ئەو دەسپێکەش دوای ماوەیەکی کەم وا
لە نەوەی سەنتەر دەکات تێ بگەن لەوەی، کە شەڕی ئەوان ئێستە لەگەڵ ئەو
نەوە نوێیەیە، نەک لەگەڵ نەوەی کۆنی پێش خۆیان، چونکە ئەوە نەوەیەک
دوای ئەوان لەسەر لاقی خۆیەوە وەستاوە و خەریکی دنیاگۆرینە، خەریکی
ئەدەبگۆڕینە؛ دەستکاریی ئەو ئەخلاقە دەکات کە نەوەی سەنتەر بیست ساڵ و
زیاترە بینای دەکات.
تێکدانی ئەخلاقی نەوەی سەنتەر، بێ بگرە و بەردە نابێت، بگرەی تێکستی
نوێ و بەردەی تێکستی کۆن، کە نەوەی سەنتەر هێشتا باوەڕ ناکەن، کە ئەوان
بۆ ئەم ساتەوەختە کۆنن و ناوی کۆن و کۆنخوازی و کۆنزەرڤاتیڤیان پێویستە،
چونکە ئەوان هێشتا پێیان وایە گەنجن و شەڕی نەوەیەکی پیر دەکەن، من
پێشتریش لە شوێنی تردا و بە وردی ئاماژەم بۆ ئەم پرسەی سەرەوە کردووە،
کە گوتاری دینی و سیاسیش لە نێو کورددا بە هەمان ئەو ئەقڵییەتە ئیش
دەکەن، کە ئێستە ڕۆشنبیرانیش بە هەمان ڕەوت سەوڵی خۆیان لە ئاوەکە
دەدەن.
گوتاری سیاسیی کوردی تا ئێستەش وا وێنای دنیا دەکات، کە لە شەڕێکی
گەورە دایە لە دژی کورد و ئێمە هێشتا بەرگری دەکەین و پێویستە خۆڕاگر
بین، گوتاری دینیش هەردەم خەڵکانی دیکەی دەرەوەی خۆی بە کافر دەزانێت و
شەڕی ناتەندروست و نامۆراڵییان لەگەڵدا دەکات، نەوەی سەنتەری ڕۆشنبیریی
کوردیش بە هەمان شێوەیە: هێشتا دەیوێ نەوەی پێش خۆی بەو هێزە کاریگەر و
دەستوەشێنە بزانێت، کە ئەوانی بەو شەڕەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام شەڕی
ئەو گوتارانە شەڕێکی وەهمییە و تەنیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی
ئەو ئەخلاقەیە، کە خۆیان وەک سەنتەر دەیانوێ بە سەر دنیا و ژیان و
ئەدەبدا دەستەڵاتیان بیسەپێنن.
نەوەی سەنتەر، ئێستە ڕووبەڕووی شەڕێک دەبێتەوە، کە دەمامکەکانی مەعریفە
و حەقیقەتی ئەوان (تا ئاستێکی باش) دادەماڵێت، تا ئاستێکی باش کۆمەڵێک
پرسیار سەبارەت بە ماهیەتی ئەو قەڵەم و دەنگ و تێکستانە دروست دەکات؛
زۆر پرسیار لە ڕووی بەها و مانای ئەو دەنگانە دەکات، کە وەرامدانەوەیان
بایەخ و دەستکەوتی گەورەی دەبێت. ئەو شەڕە دەمانباتە نێو خوێندنەوەی
جومگەکانی نەوەی سەنتەر و ئەقڵییەت و باوەڕ و ئەخلاقیان؛ دەرگەیەکی
گەورە بۆ ڕەخنە ئاراستەکردنیان دەکاتەوە.
ئەم شەڕە دێت، نەوەی نوێش ئامادە بێت، یان نا، ناچارە بیکات، بەڵام چۆن
دەیکات؟ ئەوە کێشە و پرسیارێکی جەوهەری و گەورەی نەوەی سەنتەرە، لە
هەمان کاتیشدا گەنجەکان چۆن ئەو شەڕە دەکەن؟ ئەوەش کێشەی ئەوانە.
ئەوەی ئاشکرایە: لە کۆتایی دا، جوایەزییەکان دەستنیشانی دەرئەنجامەکانی
ئەو شەڕە دەکەن، بەوەی گەنجەکان چەند جوایەزی لە تێگەییشتن و دنیابینی
و زمان و تەکنیکی خۆیان ڕادەگەیەنن، بەڵام پێش ئەوەش بیر کردنەوە و
وردبوونەوە لەوەی چۆن مرۆ، یان مرۆی نووسەر تێگەییشتنەکانی جوایەز بکات
لە نەوەی سەنتەر، شتێکی ترە؟ چۆن وەک ئەو بیر نەکاتەوە و نەژی و
نەنووسێ و نەخوێنێتەوە؟ وەک ئەو شەڕی نەوەی پێش خۆی نەکات و دوایی
بکەوێتە ئەو وەهمەی کە هێشتا خەریکی شەڕێکە، شەڕێک، کە دەمێکە تەواو
بووە!
بە کورتی: ئەو شەڕە کە لە پێش نەوەی سەنتەرە، نەک هەر دەرگەیەک، بەڵکوو
دەرگەی کۆمەڵێک پرسیار بە ڕووی نەوەی سەنتەر و نەوەی نوێدا دەکاتەوە،
وەرامدانەوەی ئەو پرسیارانەش بایەخێکی گەورەیان بۆ ڕۆشنبیریی کوردی
دەبێت.
ئەو شەڕە چەند تەحەدایەک دەخاتە پێش نەوەی
سەنتەرەوە:
• قبووڵکردنی سەنتەربوونی خۆیانە. چونکە زۆربەی ئەو دەنگانە، هێشتا
پێیان وایە ئەوان لە ژێر دەستی دەستەڵات و نەوەی حەفتاکاندا
دەچەوسێنەوە، ئەمەش ڕوانینێکە لە ڕاستییەوە دوورە و شتە بەرچاوەکان
دەیسەلمێنن کە نەوەی سەنتەر لە هەموو ڕوویێکەوە گەورەترین، سوودمەندن
لەو ڕەوشەی کوردستان، کە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەوە پێی
دا تێدەپەڕێ، بۆیە چۆن گوتاری سیاسی و دینی هەمیشە خۆی بە شەهید و
مافخوراو و چەوساوە پێناس دەکات، نەوەی سەنتەری ڕۆشنبیریی کوردیش تووشی
هەمان نەخۆشی بووە، بۆیە سەنتەر ئەو وێنەیە بۆ خۆی قبووڵ ناکات و دەیوێ
وێنەی خۆی وەک چەوساوە، یاخی، دژ، نوێخواز و بە توانا و ... هتد
دەربخات و کۆمەڵێک بەهای گەورە و هاوخواستی بەرژوەندییەکان، بە خۆی
بدات.
• قبووڵکردنی ئەوەی نەوەی حەفتاکان کاڵبووەتەوە و مەترسییان لەسەر
نەوەی سەنتەر نەماوە، ئەمەشیان وەهمێکە ڕەنگە نەوەی سەنتەر بە ئاسانی
دەستی لێ هەڵنەگرێت، بەوەی ئەو نەوەیە بێ دوژمنە، بێ بەربەست و ڕێگرە؛
ئەوان دەیانوێ ئەو وەسفەی ئەوان پێش بیست و پێنچ ساڵ بۆ نەیارەکانی
خۆیان کردوویانە، وەکوو خۆی بمێنێتەوە، ئەمەش هەم خزمەتی وێنەی سەرەوە
دەکات و هەمیش دەبنەوە ڕێگر لە بەردەم باسکردنی نەوەی نوێی دوای خۆیان،
چونکە باسکردن و قسەکردن لە نەوەیەکی نوێتر و پەراوێز، تەحەدای سێیەم
دروست دەکات.
• قبووڵکردنی بە تەمەنبوون و پیربوونی فیزیکی و ڕوحیی خۆیان، رەنگە
تەحەدایەکی قورس بێت بۆ هەر یەکێک کە لە بەرابەر تەمەن و تێگەییشتن و
بیر و نووسین و تێکستەکانی خۆی و نەوەی نوێدا بوەستێ و باوەڕ بکات کە
ئەو پیر بووە. پیربوون وشەیەکی مەترسیدارە، بە تایبەت لە تەمەنێکدا کە
لە نیوەی خۆی شۆڕبووەتەوە و بەرەو تەواوبوون دەڕوات. دەزانم
پێشبەریکردنی ئەم تەحەدایە لە ڕووی دەروونییەوە نەوەی سەنتەر زۆر
ماندوو دەکات و وێنەی نەوەی نوێش بێ میهر دەکات، بۆیە قبووڵکردنی ئەو
تەحەدایە ئازایەتی و دانپێدانانی پێویستە، پیربوونیش تەنیا پیربوونی
جەستەیی و تەمەن نییە، بە قەد ئەوەی پیربوونی تێگەییشتن و دیتن و
بینینی ژیان و دنیا و تێکست و خوێندنەوەیە؛ پیربوونی زمان و تەکنیکە،
دیتنی ئەوەیە کە ئەو پیربوونە چۆن پەڕیوەتەوە نێو نووسینەکان و
ڕوحەکانی دیکەش بەو پیرییە ئاشنا دەکات و تەمەنەکانی دیکەش پیر دەکات.
• قبووڵکردنی نەوەی نوێی پەراوێز و باوەشکردنەوە و خۆخستنە ژێر
کاریگەری و دەنگ و ڕەنگی ئەوانەوە، چونکە گومانی تێدا نییە کە نەوەی
حەفتاکان چۆن نەوەی سەنتەری ئێستایان کرد بە دوژمن و بە دەیان تاوانیان
دانە پاڵ، نەوەی سەنتەریش خەریکە ئەو گەمەیە دووبارە دەکاتەوە.
تەحەداکە لەوەدایە کە نەوەی سەنتەری ئێستا، نەوەی پەراوێزی ئێستا بە
دوژمن نەبینێت و بە لانی کەمیەوە دڵی بە دەقی جوان و ناوازە توند نەبێ،
خۆ ئەگەر نەوەی سەنتەر وەک ئێستە هەندێک نموونەی تاک و تەرا هەن، کە
لەسەر نەوەی پەراوێز دەخوێننەوە و دەنووسن و بە شێوەیەک لە شێوەکان
نیشان دەدەن کە باوەشیان بۆ دەکەنەوە و وەریاندەگرن، هەروەک هەوڵەکانی
د. ئەحمەدی مەلا و هاشم سەراج و هەندرێن و فەرهاد پیرباڵ بۆ؛ ئەمانە
ئاماژەیەکی دڵخۆشکارن بەوەی هەندێک لە دەنگەکانی سەنتەر قبووڵیانە
دەنگێکی نوێی پەراوێز وەرگرن و کارلێکێکی جوانیشی لەگەڵ بکەن، بەڵام لە
هەمان کاتدا؛ دەیان ناوی دیکەمان هەیە لە نەوەی سەنتەر، ئایا ئەوان تا
چەند دەتوانن ئەو دەنگە نوێیانە وەک یار وەربگرن، نەوەک وەک نەیار
سەودایان لەگەڵدا بکەن؟
• هەندێک لە دەنگەکانی سەنتەر دەتوانن دان بە جوانی و ناوازەیی ئەو
دەنگە پەراوێزانەدا بنێن و خۆیان بخەنە ژێر کاریگەریی تێگەییشتن و
تەکنیک و زمان و جیهانبینی ئەوانەوە؟ ڕەنگە ئەمە سەخت بێ، چونکە ئەگەر
نەوەی سەنتەر بە جوایەزیی دەنگەکانەوە بڕوایان کردبێ کە ئەوان نووسەرن،
دەبێت دەست لەوە بشۆینەوە کە ئەوان کاریگەریی نەوەی نوێیان لەسەر بە جێ
بهێڵرێ، چونکە ئەوان لە ژێر کاریگەرییەوە چوونەتە دەر. کە وابوو: چەند
لە دەنگەکانی سەنتەر ئەمجارە دەتوانن گومان بکەن کە ئەوان نووسەر نین؟!
قبووڵکردنی نووسەرنەبوون، تەحەدایەکی گەورەیە و گەڕانەوەی مرۆڤە لە
دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکەی هزری و دەروونی، کە گومانی زۆرم هەیە نەوەی
سەنتەر ئەو ئیرادەیەی هەبێت و بتوانێ خۆی لە دەرەوەی نووسەریبووندا
ببینێتەوە و خۆی قبووڵ بکات.
• قبووڵکردنی ئەو پێنچ تەحەدایەی سەرەوەیە، چونکە ئەوەی لە کن نەوەی
سەنتەر خەساوە، ئیرادەیانە، ئیرادەیەک، کە کەڵەکەبوونی خوێندنەوە و
وەرگرتنی زانیاریی لە کەناڵە مەعریفییە جۆراوجۆرەکانە، لەگەڵ
بەرژەوەندییە ماددی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ناڕۆشنبیرییەکان، کەوتنە ژێر
باری ژیان و حزب و دین و ڕاگەیاندن و ڕێکلام و بازرگانیکردن و
پاوانکردنی هەموو شتێک، تەنانەت بەرهەمی ئەدەبی و تەماشاکردنی تێکست
وەک موعجیزە و ماف سەندنەوە لە خوێنەر، بەوەی بۆ خۆی لە کەناڵە
مەعریفییەکانی ئەوەوە دەستی پێ بگات بڵاوی بکاتەوە؛ تەماشاکردنی تێکست
وەک موڵکی تایبەت دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی، چەندین هۆکار و نەخۆشی
دیکەش بنەمایەکی ئەوتۆی ئیرادەگەریی لە کن نووسەرانی نەوەی سەنتەر
نەهێشتووەتەوە، بۆ ئەوەی بە جورئەتەوە دانپێدان بکات و ناشیرینییەکانی
خۆی قبووڵ بکات و دۆڕان و شکست و نابووتی و ناهەموارییەکانی خۆی لە
بواری فکر و نووسین و مەعریفەدا ببینێتەوە؛ پرسیارێکی گرنگ کە
نووسەرانی نەوەی سەنتەر لە خۆیان بکەن: ئیرادەی ئینسانیی ئەوان چیی
بەسەر هات؟
• من دەمهوێ نەوەی سەنتەر بۆ یەک جاریش بێت،
پرسیاری ئیرادەی بکات، پرسیارکردنێک کە بتوانێ تێکستەکانمان لە فەلسەفە
و بیرکردنەوە و کەناڵە جوایەزەکان و بەرژەوەندییەکان و پاوانخوازیی
خاوێن بکاتەوە. پرسیارێک سەبارەت بە بێگەردیی ئیرادەی خۆی بکات، بۆ
ئەوەی پێش هەموو کەسێک خۆی بزانێ ئەو لە دەرەوەی خۆیدا، لە ئیرادە و
ناوەوەی خۆیدا وەک مرۆ چیی هەیە؟ ئیرادەی بێگەردیی ئەو، دەلالەت لە چ
دەکات؟ تەحەدایەکی زۆر گەورەیە مرۆ لە بەرابەر (پرۆژە ئیرادەییەکانی)
خۆی دا بوەستێ و بۆ ماوەیەک لەگەڵ پرۆژە فکرییەکانیدا ژیان نەکات!
• حەفتەم تەحەدا: نووسین لە کن نەوەی سەنتەرە، هۆکارێکیش بۆ بەردەوامی
و تەنانەت سەرکەوتنیشیان بەسەر نەوەی پێشووتر و بوون بەسەنتەربوونیان
بۆ ئەوە دەگێڕمەوە، کە ئەو پڕۆژە فکرییانەی ئەوان هێنایانە ئارا و لە
تێکستەکانیاندا بە شێوەیەکی گەورە پەرەیان پێی دا... لێرەدا باسی
هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆژە فکرییانە ناکەم کە چەند ڕاست و چەندیش وەهمن،
بەڵکوو قسەم لەسەر هێنان و کۆمەڵێک بابەت و چەمک بە شێوەیەکی نوێتر و
فراوانتر و جەریئتر و جوانترە، بە بەراوردکردن بە کاتی نەوەی پێش خۆیان،
بەڵام ئێستا کاتی هاتووە پرسیار لەو پرۆژە فکرییانە بکەین، کە هێنان و
قسە لەسەرکردنییان چیان بەسەر ئیرادە و خودی نووسەرەکان هێناوە؟ بە
هەردوو دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکەوە.
قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، لە هەردوو باری ئەرێنی و نەرینیی دا، ڕەهەند
و مانا و بەهای جوایەز و فراوانی هەیە. وەکچۆن ناکرێ ڕەنگدانەوەی
بەرهەمی فکریش لەسەر نووسەرانی نەوەی سەنتەر، بەچاوێک بخوێنیەوە و بێ
وردبوونەوە لە هەر نووسەرێک، بەڵام ئەمە لێرەدا خەمی من نییە، من دەموێ
بەهایەکی سەرەکی و هاوبەشی بەرهەمە فکرییەکان باس بکەم، کە ڕەنگدانەوەی
ڕاستەوخۆی لەسەر زۆربەی نووسەرانی نەوەی سەنتەر هەیە، ئەگەر
ڕەنگدانەوەکەش بە ڕێژەی جوایەز بێت.
ڕەنگدانەوەی ئەو بەرهەمە فکرییانەش، من لەو بەهایە کورتی دەکەمەوە، کە
نووسەری کوردی لە ئیرادەیەکی بێگەرد بەتاڵ کردووە، بەو مانایەی: بەهای
تێکستی نووسەری نەوەی سەنتەر تووشی چەندین ئیشکال کردووە، بۆ نموونە:
یەکەم: تێکست، شیعر، یان خوێندنەوەی تێکست، بووەتە بەرهەمێکی هزری،
ئەوەی قسە دەکا تەنیا مێشکێکی وەرگری زانیارییە لە ڕێی خوێندنەوەدا.
نووسین ڕەنگدانەوەی خوێندنەوەکانی نووسەرە، کە لە ڕێی کەناڵە
مەعریفییەکانەوە، فەلسەفە و فکر و ئەدەب و سیاسەت و هتد ...، وەری
گرتووە. ئەوەی نابینرێ، نووسەر خۆیەتی، چونکە ئەو بەرهەمانە سێبەر و
کۆپیی تێکستەکانی دیکەن، ئەو قسەیەش زۆر باوە: "هەموو شتێک گوتراوە،
ئەوەی ئێستە دەگوترێ، تەنیا گۆڕینی شێوەکانن"، شێوەی گۆڕینی
قسەکردنەکانیش دیسانەوە خوێندنەوەی قسەی ترە و قسەی نووسەری سەنتەر
نییە، واتە یەکێک لە کێشەکان نەبوونی قسەی نووسەرە، ئەوەی قسە دەکات،
کەناڵە مەعریفییەکانن، نووسەرانی ترن.
دووەم: ئەوەی لەبەر سێبەر قسە دەکا، یان کۆپیی قسەکانی کەناڵەکانی دیکە
دەکا، مێشکی نووسەرە، بیرکردنەوەیەتی لەو خوێندنەوانەی کردوویەتی، بۆ
نموونە: کەباس لە (دار) دەکات، کۆمەڵێک سەرچاوەی زانیاریی هەیە لەسەر
دار، وشە و زمانی دەداتێ، بۆ کۆپیکردنەوەی ئەو ناسینە، جوایەزییەکە
ڕەنگە لەوەدا بێت، کە دار لە کن من سێبەری زانیارییەکی دینییە و لە کن
یەکێکی دیکە زانیاریی فەلسەفەیە و لە کن یەکێکی دیکەیش زانیاریی زانستە...،
هتد. دیاریشە وەرگرتنی زانیاریی پێویستییەکە ناتوانین خۆمانی لێ
ببوێرین، بەڵام ئایا زانیاری وەرگرتن بەسە بۆ ئەوەی وشە و زمان و
تێگەییشتنمان بداتێ، بۆ ئەوەی ببین بە سێبەری ئەو کەناڵە مەعریفییانە؟
واتە نووسینی ئێمە ببێت بە گوێزانەوەی فکر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی
دیکە؟ ئایا نووسین تەنیا لە پێناو گوێزانەوەدا چی بەرهەم دەهێنێ، فکر
یان سێبەری فکر؟ سێبەر بەو مانایەی کۆپیکردنەوەی تێگەییشتنێکی دیکە و
بە دەق کردنەوەی بە زمانێکی دیکە، کە ئەم دەقە هەرگیز نابێت بە دەقی
نووسەر، یان قسەی نووسەر، چونکە ئەگەر ئەو گوێزانەوەیە لەو دەقە
دەربکەین، چیی نووسەرمان بۆ دەمێنێتەوە؟ ئەگەر نووسینەکانی نەوەی
سەنتەر، ئەگەر لەو خوێندنەوانە دابماڵین، شتێکی ئەوتۆ نەمێنێتەوە بۆ
ئەوەی قسەی لەسەر بکەین.
بەشێکی دیکەی ئەم ئیشکالییەتە، تەنیا وەرگرتنی زانیاریی دروستی ناکات،
بەوەی بابەت و تێکستەکان دەکاتە کۆپی و سێبەر، بەڵکوو خودی بابەتە
ناوەکییەکانی جوگرافیا و مێژوو و جەستەی نووسەریش دەکاتەوە بە سێبەر،
چونکە پێوەری نووسەر بۆ تێگەییشتن و دیتن و قسە لەسەرکردنی دنیا بەو
کەناڵانەوە دەورە دراوە. سەرچاوەی تێکست ئەو مێشکەیە کە بە زانیاریی
تژی کراوە، بۆیە ئەو بابەتانەی چەمک و تێگەییشتن دەخوڵقێنن، دیسانەوە
کۆپین و سێبەرن، بەو مانایە نین، کە پێوەندییان بە ئیرادەی بێگەردی
نووسەرەوە هەبێ، بەڵکوو پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە مێشکی نووسەرانیانەوە
هەیە.
سێیەم: ئەوەی لە تێکستی نەوەی سەنتەر قسە دەکات، مێشکی نووسەرە، قسەی
بەشەکانی دیکەی جەستەی نییە، مێشک بەشێکی جەستەی لە خۆ گەورەترە، بەڵام
لە کردەی نووسینی کوردی دا، تەواوی جەستەی داپۆشیوە، جەستەی تێکستی
کوردی، تەنیا بەشی مێشکی نووسەری کورد، یان مرۆڤی کوردە. تا ئێستە
تێکستێکمان نییە باس لە قسەی بەشەکانی دیکەی جەستە بکات، هەر بۆ نموونە:
مرۆ وێنای ئەوە بکات دەست و پێ و دڵ و چاو و گوێچکە و بەشەکانی دیکەی
جەستەی قسەی خۆیان هەبێ. تا ئێستە نووسەری کورد ڕێی نەداوە مێشک تۆزێک
بێدەنگ بێت و ئیرادە قسەی بەشەکانی دیکەی جەستە بکا، چونکە مێشک هەم لە
ڕێی پێکهاتەی قووڵ و ئاڵۆز و وزەی خۆیەوە، هەم لە ڕێی زانیاری
وەرگرتنەوە؛ هەمیشە کۆنترۆڵی جەستەی کردووە. جەستە تەنیا لەو ساتە
کەمانەدا لە مێشک ئازاد دەبێ، کە کۆنترۆڵی مێشکی لەسەر نامێنێ، ئەو
ساتە کەمانەش تەنیا لە سات و مەرجی تایبەتدا دێنە دی، کە ئەو سات و
مەرجانە کەمتر خزیونەتە نێو تێکستی نەوەی سەنتەرەوە. لێرەدا، مەبەست لە
نەست، یان لاشعور نییە بە مانا فرۆیدییەکەی بۆ ئەوەی بیکەین بە پاساو
بۆ ئەو تێکستانەی ئیدیعای ئەوە دەکەن، کە لە بێ ئاگایی، یان لاشعوردا
نووسراون، مەبەستمان ئەو گەمانەش نییە، کە شاعیر بە ئەنقەست و بەوپەڕی
ئاگایییەوە دەیکا، بۆ ئەوەی تێکستێک بنووسێتەوە و تێیدا وێنای دنیایەکی
دیکە و کەسایەتییەکی دیکە بۆ خۆی بکات و لە ڕێی بیرکردنەوەوە بیکات بە
تێکست، ئەوەی من مەبەستمە ئەو حاڵەتەیە کە ئیرادە تێیدا بەڕەڵا دەبێ،
نەک مێشک؛ ئازادبوونی مێشک، یان بیرکردنەوە، هەرگیز ئەو حاڵەتە
ئیرادەییە نییە کە من مەبەستمە. ئازادبوونی بیرکردنەوە لە کاری رەخنە و
هەتا داهێنانیش بە مانا تەقلیدییەکەی تێپەڕ ناکات، - ئەو داهێنانەی
نەوەی سەنتەر کردوویەتی - بەڕەڵابوونی ئیرادە بە بێگەردیی خۆی، دوور لە
دەستتێوەردانی مێشک، تا ئێستا نەڕژاوەتە سەر تێکستێک.
دەقمان هەیە با باس لە حاڵەتی جنوونێک و بی ئەقڵانییەت بکات، وەک چۆن
تێگەییشتنێکی نوێتر و بەبەهاتر بە زمان ببەخشێت، بۆ نمونە دەقگەلی هاشم
سەڕاج، کە لەو بوارەدا دەتوانین بە نموونە وەریان بگرین، بەڵام
دیسانەوە سەرچاوەی ئەو جنونە چییە؟ هەر ئەو مێشکەیە کە گیرۆدەی زمان
دەبێت و لە نێو سیستم و ڕێساکانیدا، یان لە تێکشکاندنیان و دەنگی وشە و
جریوەی لێکخشاندنی حەرفەکاندا دروست دەبێ؟ سەرچاوەکەی خوێندنەوەی زمانە
و لە سێبەر شتێکی دیکەی زیاتر ناڕێژێ، چونکە تێکست دێ، دنیا و زمان و
شیعر و ژیان مەحکوم دەکات بە چەند مانایەک، کە ئەو مانایانە لە تێکست
دەربێنین، هیچمان نامێنێ بۆ خوێندنەوە.
چوارەم: کە نووسەر ئیرادەی خۆی و جەستەی خۆی لە پشت مێشکیەوە شاردەوە،
تێکستیش خۆی لە پشت نووسینەکانی تر و دەنگەکانی ترەوە، دەشارێتەوە،
وێنەیەکی زەقی ئەو شاردنەوەیە لە ڕێی ناوی فەیلەسووف و زانا و
بیرمەندەکانەوە دەکرێ، چونکە ڕەپێشکردنی وێنەی هەر فەیلەسووفێک و
ناوێکی دیاری فکری، نووسەر مەحکوم دەکات بە خۆشاردنەوە، ئەو گەمەیەی
نووسەری کورد دەیکات لە ڕێی بەکارهێنانی سەرچاوە فکرییەکان و
ناوەکانەوە، بۆ ئەوەی وێنەی خۆی دەربخات، لە تێکستدا لە ڕووی ناوەوەدا،
نووسەری کوردی کردووەتە شەبەح و مەسخێکی بێ ڕەنگ. دیسان ئەوە دەڵێمەوە:
بە دەیان گوتار و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی و ڕەخنەیی کوردیمان هەیە؛ با
بێین و ناو و تێگەییشتنی ئەو فەیلەسووفانەیان لێ بێنینە دەرەوە و
بزانین نووسەری کورد چیی بۆ گوتن هەیە؟! من ئەمە دەڵێم و گوتارە
فکرییەکانی بەختیار عەلی و فارووق ڕەفیق و مەریوان وریا قانیع ئاراس
فەتاح و چەندین ناوی دیکەش دەکەم بە نموونە، بۆ ئەوەی بزانین ئەو
نووسەرانە بابەتەکانیان تا چەند زادەی ئیرادەی بێگەردی خۆیانە و تا
چەندیش زادەی کەناڵە مەعریفییەکانیانە.
دیسانیش، ئەگەر هەر ئەو ناوانە بکەین بە نموونە بۆ ئەو ڕاو بۆچوونانەی
وەک خۆیان و بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی فکریی (گەورە، تیۆری و شایانی
ستاییش) بن، - وەک نەوەی سەنتەر دوای خوێندنەوەی پۆستمۆدێرنیزمیش-
هێشتا بڕوایان پێیە، کە باس لە کێشە و گرفتەکانی کوردستان دەکەن،
چەندین لێکدانەوەی وەهمی بە خوێنەر دەدەن؛ چەند بە سادەیی دەتوانین
ئەوە بدۆزینەوە کە نووسەری کورد لە پشت پۆستمۆدێرنیزمەوە هێشتا چەندین
کێشەی لە پێشە و پێویستە چارەسەریان بکا، بۆ ئەوەی شەڕی نەوەیەکی نوێی
پێ بکات، ئەوەش تەحەدایەکی دیکەیە، کە نووسەرانی سەنتەر دەبێت بیکەن،
بۆ ئەوەی شەڕ و ململانێیەکی نوێ دەست پێ بکەن، کە گەنجەکان
ڕایانگەیاندووە.
ماڵپهڕی هۆشهنگ شێخ محهمهد
|