٥\٣\٢٠٢٢
شهڕ ههر شهڕه و ئاشتییش ههر شهڕ!

دارا خونچە
تا دێ تێکڕای جیهان لە بواری رامیارییەوە
تێکدەچڕژێ، تەنانەت تێکۆشانی نێوخۆی هیچ وڵاتەک یان
هیچ پارچە زەوییەکی
لاتەریکیش بێ رەچاوکردنی کارایی پەیوەندییە رامیارییە نێودەوڵەتییەکان
کاری نەکردەیە. بە گوزارشتەکی رۆشنتر کە گەرەکمە لێرە بە کورتیی
لێیبدوێم؛ جهیانگیریی بە شێوە
ئابووریی و ئاساییەکەی کاری خۆی دەکا.. لێ لە هەر دەم و
جێیەک کە دەگاتە ئەو ئاستەی لایەنە ئەرێنیی و جوانەکانی گەلان لە
بابەتەکانی سەر مێزە گەورەکەی جیهان دادەتەکێنی.. ئیدی
''بەجیهانییبوون''
بە پێی رەواییبوونە دەستوورییە نادەستوورییەکەی خۆی لە هەردوو
سەرزەمینی کارگوزاریی ''تێکدان'' و ''ئەفراندن''ی ژیانی کۆمەڵایەتیی و
رامیاریی هاوکاتیش بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی نێوانیان دەستبەکار
دەبی.. گشت دیاردە و بوویەرەکان وەک یەک پرێسکە لە کۆگەی خۆی ئامادە
دەکا.. پاشانیش دەرئەنجامەکان لە دەرفەتگەلەکی لەبار و بە پێی نەخشە
دوورماوەکان و بەرژەوەندییەکانی رۆژ بەسەر جیهانیان دابەشدەکاتەوە،
بەوەش زۆربەی جارەکان بە هۆی بەرخوردە دڕندەییەکانی لیبرالیزمی نوێی
سیستەمی هاری ئێستای سەرمایەداریی شەڕی گەرم یان سارد لێرە و لەوێ بە
شێوەی راستەوخۆ یان بریکاریی بەرپادەکا.. زۆرترین سوتەمەنیی هەردوو
بەرەی شەڕیش بێجگە لەوەی هەمیشە هەر لەو چین و توێژە نەدار و چەوساوانە
دەبن کە زۆربەی ماف و ئازادییەکانیان پێشێلکراون.. هەندەک جاریش
سەرلەبەری یەک گەل یان گەلانی نێو یەک وڵات لە رووی پرسە نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکان - بە رێژەی جوایەز و ناهاوتا لە نێوان چینەکان - دەبنە
سوتەمەنیی یان
جار وەیە بە دەگمەن بە هۆی هاوکۆکبوونی رامیاریی زاڵی نێودەوڵەتیی
لەگەڵیان جۆرەک لەسەربەخۆیی نیشتتیمانی وەدەستدەهینن.
شەڕی ئێستای سەرمایەدارییانەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا یان راستتر
بێژین هەردوو دەسەڵاتە ستەمگەر و تاکڕەوییەکەی رووسیا و ئەمەریکا لە
بنچینەدا نە پەیوەندیی بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی رووسیا و
ئۆکرانیاوە هەیە نە هیچ بەرژەوەندییەکی چین و توێژە چەوساوەکانی هیچ
لایەکیانی تێدایە، کەواتە راگرتنی شەڕە گەرمەکەیان و سەقامگیربوونی
ئاشتیی باشترین چارەسەرە و لە بەرژەوەندیی تێکڕای ئەو گەلانەیە دایە کە
لە جوگرافیاگەلەکی جوایەزی ئەو جیهانە دەژین و تا رادەیەک و بە پێی
مافە سەرەتاییەکان لە ژیان بەهرەمەندن و بە پێی سیستەمی باو لە ژێر
زەبری (مافی مرۆڤ و دیموکراسی)یە پەڕپووتەکە لە قەوارەکی نیمچە سەربەخۆ
ئاخندرانە.. کە هێشتا گەلانی بندەست ئەو مافەشیان پێ بەڕەوا نەبیندرایە.
چەند سەختە لە بارودۆخەکی ئەوهادا بێژین؛ ئەرێ.. ئەو شەڕە پەیوەستە بە
تێکڕای جیهان.. کۆتاییپێهینانیشی لە بەرژەوەندیی سەرجەمی مرۆڤایەتییە..
لێ بە داخەوە (ئەگەر ''بە داخەوە'' وەک گوزارشتەک لە نێو هونەری
رامیاریی جێیەکی شیاوی هەبی!) گەلانی کوردستان نە بە چاک نە بە خراپ
هیچ ''نەخش و هەتەر''ەکیان لەسەر ''شەڕ و ئاشتی''ی ئەو دوو زلهێزە نییە،
هەرچی چەقەچەقی سەرۆکەکانی پارتییەکانی کوردستانیشە بە هەموو
بەشەکانییەوە - بە تایبەتییش سەرۆک خێڵە دەسەڵاتدارە چەتەگەرە
نەفتفرۆشەکانی باشوور کە قاچاغچیەتی بە سەرجەم سامانی ژێر زەوی و سەر
زەوی و تەنانەت مرۆڤەکانیشەوە دەکەن - تێکڕایان لەسەر خاکی خۆیان
بریکار و سەرکارەکی
هەرزانی دەزگە سیخوڕیییەکانی داگیرکەرانی کوردستان و ولاتانی
جیهانن!
لەوەش سەختر ئەوەیە؛ ئێمە - مەبەستم لە (ئێمە) لە
زۆربەی زۆری ئەو گشتە خەڵکەی گەلانی
کوردستانە - کە هێشتا:
- هەڵگری ڤایرۆسی دینن و تا ئێستاش هەر وەدەزانن خوایەک لەو ئاسمانانە
بە بان سەریانەوەیە و چاودێرییان دەکا!
- هێندە بە نێرسالارییەوە ئاڵوودە بوونە لەسەر یەک ماچ و چاوچاوانێ تا
رادەی کوشتن دوژمنداریی خوشکەکانیان دەکەن! تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری
مێینەکانیش پیاوان و ژنانی یەکسانییخواز بە ''بێ رەوشت'' دەزانن!
- لە نێو تەپوتۆزی سەردەمی دەرەبەگایەتی نوقم بوونە و بە باشترین
تەکنەلۆژیای سەردەم خەریکی ساغکردنەوە و دەستنیشانکردنی بنەچەی تیرە و
هۆز و خێلەکانیانن
و نازیشیان پێوەدەکەن!
هاوکاتیش رامیاریی بە ''درۆی پەیداکردنی پارە'' دەزانن!
- هێشتا و هێشتا و هێشتا...
کەچی بە بێ ئەوەی هیچ شەرمەک لە خۆیان بکەنەوە
و هەر لەو گۆڕەی ئەو شەڕەی ئۆکراینا
دەدەنە بەر یەک شیکاریی و لێکۆڵنیەوەگەلەکی وەها کە گەمژەیی و بێ
سەروبەریی لە چاویاندا شەرمەزار دەبی.. بە زمانەک دەنووسن کە لە یەک
رستەی پێنج وشەیی سێ یان چار وشەی لە رووی رێزمان و رێنووسەوە هەڵەیە..
سەرەنجام وەک ئەوەی
کە لە یارییە جەنگییەکانی ''پۆپجی'' بێ هیچ بەرپرسیارییەک لایەکی
شەڕەکە هەڵدەبژێری.. ئەوانیش
هەر ئەوها زۆر بە سادەیی و بە ئاسانیی دەبنە لایەنگری بەرەیەکی ئەو شەڕە
مڕۆڤتڕینەی
ئێستا!
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەمن هێشتا بەدبین و بێ هومێد نیم.. چونکێ
کەسانەکیش هەن لە ژێر سایەی هزری چەپایەتی یان یەکسانییخوازیی پەروەردە
بوونە و بە کردەوە لە تاقیکردنەوەی ''مرۆڤبوون'' دەرچوونە.. واتە
لە روانگەی مرۆڤپەروەرییەوە دەڕواننە هەر دیاردە و بوویەرەک.. بەوەش
هەڵگیرسێنەران و شەڕکەرانی
هەردوو بەرەی شەڕەکە بە تاوانباری گەورەی
جەنگ دەزانن لە بەرانبەر سەرجەم
مرۆڤایەتی.. پێیانوەیە پێویستە مرۆڤەکان تەنێ لە پێناو ئامانجەکانی چین
و توێژە نەدارەکان و زرگاریی ژنان و گەلە بندەستەکان و بنەبڕکردنی
ستەمی نەتەوایەتی و ماف و ئازادییەکانی سەرجەم چەوساوان تێبکۆشن
و کۆتایی بە تێکڕای شەڕەکان
بهێنن بەو شەڕە ساردانەشەوە کە ناویانناون ئاشتیی.
شهڕ ههر شهڕه و ئاشتییش ههر شهڕ
نیوهشهوهکی سپیواژ و سپیواژتر و سپیواژترینیش
ههر شهڕ..
شهڕ و شهو و من و ماچ و سپێده و ههر
ههمووی
ههر شهڕن..
که ههر شهڕ بی؛
پهڕپهڕی ئهرشیفهکی ئاوریشمپۆش
روومهته کونجرکونجرهکان
لێوهک که تفر ههردهدا
تامهزرۆتر
وهبهر
ماچان ده.
(کۆپلەیەک لە
هۆنراوەی ''شەڕ''، ئەیلوولی ١٩٩٧، هەولێر).
٤\٢\٢٠٢٢
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|