شەڕی ئایندەی کورد و عەرەب.
هەورامان عەلی تۆفیق
کاتەوەختێک کە گوێمان لە ووشەی شەڕ دەبێت ، ئەوکات ئێمەی کورد ڕۆژگارە سەختەکانی ژیان و کاتە نائاساییەکانی ئەم نەتەوەیەمان دێتەوە یاد ئەوکات هەست بەنەهامەتیەکانی چەند ساڵە دەکەین سەختی و دەرەنجامەکانی بۆ ئایندە هۆکارێکی بنەڕەتین و سیستەمی ئایندەی کۆمەڵگای لەسەربنیات دەنرێت .. کەواتە هیچ وەختێک کورد بڕوایی بەشەڕ و توند و تیژی نەبووە و هەمیشەش ناچارکراوە پەنا بۆ شەڕ بەرێت ... ئەگەر چی داواکانی کورد لە بەدی هێنانی خواستە نەتەوەییەکانی ڕەوان و مافێکی ئاساین بۆ هەر نەتەوەێکی بن دەست .. دەبوو کورد لە دێر زەمەنەوە بەمافەکانی خۆیی بگەیشتایە بەڵام هۆکارەکان و پێشهاتەکان و بارودۆخە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان ئەو بارەیان نەڕەخساندوە و ڕێگایی ئەوەشیان بەکورد نەداوە بەمافەکانی خۆیی بگات و هەرکاتیش داوایی کردبن بە توندو تیژی و بەزەبری ئاگرو ئاسن وەڵامیان داوەتەوە ..
ئەوەی باسمان کرد ئەو زەمەنە بوو کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان باڵا دەست بوون ، بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس تێڕوانینی کورد و خواستەکانی گۆڕان و هیوایی ئایندەیی بەجۆرێک گەشایەوە وایی دەزانی لە شەو ڕۆژێک دا ئەوەی سەدان ساڵە قوربانی بۆ دەدا بۆیی دێتەدی .. دوبارە مامەڵە کردنەوەی سیاسەتمەدارانی کورد لەو کاتانەدا جێگایی سەرنج و لێدوانە ولەم بارەیەوە زۆر گلەیی و گازندە ڕوبەڕویان دەبێتەوە لەوەی کە بە شێوەیەکی نەرم کاریان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکان کردوە ، دواتر نەگەڕانەوە بۆ خواستی جەماوەر ، ڕەنگە نەبوونی شەفافیەت و ڕازی بوون بەزۆر کەمتر لەوەی کە ڕەوایە .. دڵنەوایی کردنی عەرەب وئەمریکا و ووڵاتانی دراوسێ و خواستەنەتەوەیەکان و خواستی تاکی کورد و ڕاگرتنی پێوەرەکان لەم نێوەندەدا کارێکی ئاسان نیە ، بەڕوخانی دیکتاتۆریەت دەیان دیکتاتۆر و فاشست و ڕەگەز پەرستی عەرەبی لەهەمان دیدو ڕوانگەوە لە مەسەلەکان دەڕوانن .. یەکلانەبوونەوەیی کێشەکان و قوڵبونەوەیان لەخۆیان زیاتر و گەلەکۆمیەکان لە کورد و کۆسپ خستنە ڕێگایی کارەکان هۆکارێکی دین بۆ نەگەیشتن بەئامانج ...
گرنگ ترین کێشە مادەی 140 و کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان وەک لایەنێکی نەتەوەیی لە پێشەوەیی کێشەکانە و دەبێ کورد زیاتر پێدابگرێ لەسەر خواستەکانی ، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست بێت لە عێراقێکی یەک پارچەدا دەبێتە دەرگاێکی بەربەست بۆ خواستە ئایندە نەتەوەیەکانمان .. کێشەی یاساکانی هاڵبژاردن و مادەی 24 و ڕایی لایەنە عەرەبیەکان و ناوچەکە لەم بارەیەوە زەنگێکی ترسناکە بۆ کورد ، بەخۆداچونەوەیەکی خێرایی پێویستە ئەوەی دەوترێ جیاوازە لەوەی کەدەکرێ .. تاێستاش لایەنی عەرەبی لەو دەهۆڵە لێدەدات کە جەماوەری هاوپشتی سەرکردەکانی نیە و ئەوەی داوادەکرێت تەنها خواستی چەند لایەنێکی کوردیە بۆ بەدەست هێنانی دەسکەوتی تایبەتیە ... دەبێ پێچەوانەیی ئەوە بسەلمێنرێت کە کورد بێ جیاوازی بیروڕا خواستە نەتەوەیەکانمان یەکمان دەخەن تەبامان دەکەنەوە .. ڕاپەڕینەکانی هاوڵاتیان بەڵگەیەکی دین ، بەڵام دەکرێ زیاتر لەم ڕوانگەیەوە کاربکرێت تا ڕایگشتی و ناوچەیی و عەرەب بەشێوەیەکی گشتی تێبگەێنرێن کە ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتوە و ئەوەی داواشی دەکرێت زۆر لەوە کەم ترە کە جەماوەری کورد دەیخوازێ ...
بۆیە لێرەدا دەکرێ لەو ڕوانگەیەوە قسەبکەین کە ئێمەی کورد لە خواستەکانمان پاشگەزنابینەوە و عەرەبی ئەمڕۆیی عێراقیش بەربەستە و هەمان سیاسەتی شۆڤێنیستی بەعسی پیادەدەکات ، لەگەڵ ئەو جیاوازیەی کە پێشوەخت تەنها دوژمنێک بوو دیاربوو دەناسرا بەڵام ئەمڕۆ بەسەدان دوژمنن و زۆربەشیان نەناسراون و شێوازی جەنگەکان گۆڕاون .. کەواتە دەکرێ بە سەرکردەکانمان و سیاسەتمەدارانی کورد بڵێین بە گەیشتنە بەربەستی دانوستاندنەکان یا بەلەدەست دانی کەرکوک و ناوچەکانی دی ... هەڵوێست لێرەدا چی دەبێت ...؟
ئەگەر کورد لە ئێستاوە خۆیی بۆ ئەم ئەگەرە ئامادەنەکردبێ ئەوە نائومێدیەکان دووبارە دەبنەوە جارێکی دی مێژوو خۆیی دوبارە دەکاتەوە .. بەو ئومێدی بەم قۆناخەنەگەین جارێکی دی شەڕو و کوشتن دەرگایی ماڵەکانمان نەگرێتەوە ، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکانی ئەمڕۆ ئەوشەڕە جارێکی دی بەرۆکی کورد دەگرێتەوە و کوردیش دەبێ چەند هەوڵی ئاشتیانە دەگرێتە بەر ئەوەندەش ئامادەباشی ڕێگا چارەیی لەڕێگایی شەڕەوە بۆ بکات ...
|