په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠١٤

شاکاری بێ نەوایان..

بێنەوایی لە بەکارھێنانی ھەندێک پەیڤدا.


یاسین برایم      


بێ نەوایان* شاکارێکی گەورە نووسەری بەناوبانگ ڤیکتۆر ھۆگۆیە، وێنەیەک لە ژیانی راستەقینەی کۆلەمەرگی و ھەژاری وڕەش و رووتی کۆمەڵگای فەرەنسامان بۆ نمایش دەکات و چەندین چیرۆکی تراژیدیا و ویژدان ھەژێنی ئەو سەردەمەی ئەو وڵاتەمان بۆدەخاتە روو.(ژان واڵژان)پاڵەوانی نێو رۆمانەکەیەو تەمەنی گەنجایەتی لە زیندان بە سەردەبات و ئەو تەمەنەی ماویەتی ، ژیانێکی نوێ ھەڵدەبژێرێت و بە کاری چاکەخوازی و ھاوکاریکردنی ھەژاران بەسەردەبات و دەبێتە فریادەرسی چەندین بێ نەوای وەک خۆی ، تا دەمرێت ھەمیشە ھەڵگری کاری نھێنی و ژیانی تەنیایی و دوورەپەرێزییە.ئەم رۆمانە لە لایەن (محەمەدی شڵماشی)لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە .پێشتر ئەم وەرگێڕە لە رێگای رۆمانی (بێ سەرپەرشتان)ناوێکی پرشەنگدارەوبە خوێنەری رۆمان ئاشنایە. لەم رۆمانەی کە شاکارێکی بەناوبانگە، ھەڵەو کەم و کوری لە بەکارھێنانی ھەندێک وشەو رستەو ناو ھەیەو لە رووی خاڵبەندیش،یان لایەنی تەکنیکی نووسینەوە سادەیی و بێ سەروبەری پێوە دیارە ولەزمانی فەقێانی حوجرە دەچێ نەک لە زمانێکی ئەدەبی!. کەچی ئەمە لە ناوەرۆک و بەھاو قورسایی رۆمانەکە کەم ناکاتەوە و پەیامی رۆمانەکە بە جوانی ئامانجەکەی دەپێکێت ، دەبێت ددانیش بەو راستیەش بنێین بوونی ئەو ھەموو ھەڵە زەقانەش ھی ئەوە نییە بێدەنگی لێ بکریێت. من وەک خوێنەرێکی رۆمان نەک وەک مامۆستایەکی زمان چەند تێبینی و سەرنجێکم خستۆتە روو دەکرێت لە کاری ئایندە و لە چاپدانەوە کتێبەکە سوودی لێ ببیندرێت ، چونکە ئەم ھەڵانە ھی (ھۆگۆ)یخاوەنی شاکارەکە نیین زیاتر لە لایەن وەرگێڕ یاخود (پیتچنی)ەوە یان (ھەڵەگڕی) بێت کە لەم کتێبە ناوی نەھاتووە.


لە پێشەکی رۆمانەکە لە وتەیەکی وەرگێڕ ھاتووە"وە نەبێ پیت بە پیتم گۆریبێ؟ بەڵکو پوختەم وەرگرتووە. تەنانەت لە بەر ئەوەی ناوی(کوزیت) بە کوردی جوان نەبوو، کردم بە (کەزیە).جا تکایە لەو لایەنەوە ڕەخنەم لێ نەگرن و تایەکی تر جوانتری وەردەگێڕێ خۆتانی پێوە بخافڵێنن...ل٥."لەم وتانەی دوماھیدا ھاتووە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، وەرگێڕ بۆکارەکەی خەمخۆر بووە و ددانیش بەوە دەنێت ئەم وەرگێڕانە وەک پێویست لێی رازی نەبێت ، چونکە تا دوا جار (یەکی تر جوانتر)ئەم شاکارە بە جوانتر وەردەگێرێت.بەو کارەی کە کردوویەتی ئەگەر جوانیش نەبێت داوامان لێدەکات (خۆتانی پێوە بخافڵێنن!) .بەڕای خۆم خوێندنەوە بریتی نییە لە خۆخافڵاندن و کاتکوشتن. پەیامێکی گەورەتری ھەیە لە پێگەیاندنی کەسایەتی و خۆرۆشنبیرکردن و تێگەیشتن لە بەھاو ماناکانی ژیان خوێندنەوە پرۆسەیەکی مەعریفەیە، نەخاسمە بۆ شاکارێکی بەناوبانگی دونیا دەبێ بە شێوەیەکی ژیرانەترو مامەڵە لە گەڵ دەقەکە بکەین و کاتی زیاتری بۆتەرخان بکەین ولەماناو گەوھەروئیستاتیکای شاکارەکە بگەین خۆمان لەنێو دەقەکە بدۆزینەوە.بۆیە دەبێ وەرگێڕ دڵسۆزانەو خەمخۆرانە پەیامەکەی بە جوانی بگەیەنێت.کە وەرگر ھەست بکات ئەمە بە زمانی دایک نووسراوە، یاخود وەرگێڕ نووسەری شاکارەکەیە.


با ئاوڕێک لەم ھەڵانە بدەینەوەو سەرەتا لە بەرگی کتێبەکە دەست پێبکەین و بیکەینە کلیلی ئەم باسەمان.لەبەرگەکە (ڤیکتۆر ھیگۆ) نووسراوە و لە پەڕی دواتر(فیکتۆر ھۆگۆ)یە جیاوازیەکی زۆر ھەیە دەکرا بە یەک شێوە ناوەکە تۆمارکرابوایە.


ناوی پاڵەوانی رۆمانەکە بەدەر لەوەی کە لە ژیانیدا بە چەند ناوێکی نھێنی ژیاوە. دەبینین لەم رۆمانە ناوێکی بە سێ شێوەی جیاواز نووسراوە (ژان واڵژان .ل١٠ ، ژان و الژان .ل١٥، ژان واڵژن .ل١٧).خوێنەرلەم سێ ناوەی تووشی سەرسورمان دەبێت و چێژی خوێندنەوەی نامینێت و نازانێ کامە ناو دروسترە.ئەو (و) لە نێوان (ژان) و (الژان) ھەیە وەکو دوو ناو لە یەک جیاکراوەتەوە ، ئەمە دەبوو بە پەیڤی دووەم بنووسرابایە ، جارێکی تر ھەمان شێوە لە لاپەڕە (١٨) دووبارە بویتەوە.ھەروەھا نووسینی وشە بە چەند شێوەیەک وەک (کلیس-کلێسا .ل١٩) و (بەلێ -بەڵێ .ل٢١-٢٢) یاخود بەکارھێنانی پەیڤێکی تر لە یەک لاپەڕەو لە پەرەگرافێکی بچووک وبە سێ شێوەی جوایەز. وەک (گوتی : ، کوتی ، : وتی : .ل٢٢)ئەگەر لە رووی زارۆچکە و شێوەزار بەھانە بۆ تەواوی مانای وشەکە بھێنینەوە، ئەوا لە رووی دەنگ و وشەوە ئەو جیاوازەی ھەیە. ئەوا بۆ منداڵێک یاخود بۆ کەسێک فێری زمانی کوردی بێت نازانێ کامە پەیڤ بە دروست بزانێ ! خوێنەریش سەلیقەی خوێندنەوەی نامینێت و چێژلەکارەکە نابینێت و بێزاردەبێت .لە لایەکی تر بە کارھێنانی ناوی (کارەکتەر و شوێن)بە ھەڵە، سەرلێشێوان بۆ خوێنەر دروست دەکات ، لەوانەیە بوونی پیتێک و زیادی و کەمی ھەمان مانای ناوی وشەکە نەگۆرێت ، بۆ نمونە پەیڤی (ڕواندز، ڕەواندز، رواندوز ، رەواندوز)ھەموومان دەزانین مەبەستمان شاری (ڕواندز) ە ، و شارێکی کۆنی کوردستانەو سەر بە پارێزگای ھەولێرەوھیچ شارێکی تر بەم ناوە نییە.بەڵام بە کارھێنانی وشەی ئەم شارە بە چەند شێوەیەکی جیاواز دروست نییە و تا ئێستاش لە نووسراو ودەزگا ڕاگەیاندنەکان بە ھەڵە ناوی ئەم شارە بەکاردێت .لەلایەکی تر بوونی پیتێک یاخود ئاڵوگۆرکردنی پیتێک ھەم مانای وشەکەو ھەم دەنگەکەی دەگۆرێت و ناکرێت لەم رووە ھەڵەکردن ھەبێت و دروست بەکارھێنانی وشەکە فرامۆش بکەین. بۆ نمونە(مێگر ) و (جێگر) .تەنھا پیتی یەکەم جیاوازیەکەی دروستکردووە و ئاسمان و ڕێسمان بەینیان ھەیە .ھی یەکەم ناو شوێنە ولە ھەمان کات ناوی ئەم شوێنەیە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ رواندزدابیندەکات ، بەڵام لەوشەی دووەم دیارە بۆ جێگرەوەی کەسێک یان بەڕێوەبەرێک بەکاردێت. خۆ ناوی (ئەژین -ئەڤین) و (چیمەن - دیمەن) و (شاناز - شاباز)ھەرپیتێکە جیاوازی و ئاوازو ماناکەی دروستکردووە.


لەم رۆمانەدا ، ناوەکان زۆر بەھەڵە نووسراون و خوێنەر نازانێ کامە بە دروست بزانێ بە تایبەتی بۆناوو شوێنێکی بێگانە کە ئێمە شارەزایمان لە سەرنەبێت.چەند نموونەیەک : (شینادیو ،ل٣٨-شینلدیو،ل٤٠) و (گوش بیل - گوش پیل ، ل٤٠) و (ناپلئون،ل٨-ناپلیۆن ،ل٦٧) و (تئودل ،ل٣٧- تئۆدوڵ ،ل٧٤) و (کامب فر،ل١٢٧ -کومب فر،ل١٢٩ ) و (باھوول، ل١٣٠ ، باھول،١٣١) .ھەروەھا بۆ خزمەتکارەکەی (ژان والژان) سێ ناوی لە یەک دوور بەکار ھاتوون، ئەوانیش ناوەکانی (توسان ،ل ١٠٩، توسین ،ل١١٠ ، توسنت، ل١٣٧). جاخوێنەرلەم سێ ناوە (شێڕو خەت) بۆکامەیان بکات و ناوی راستەقینەی خزمەتکار دەبێت کامە بێت !با ئەمجارە ناوی شوێنێک بخەینە روو کە بە چوار شێوە ناوی ھاتووە ، مەودای بەکارھێنانی ئەم وشەیە لە چوار لاپەڕە تێپەر ناکات. جا ئێوەی خوێنەر سەرپشک بن کامەتان لە لادروستە بۆخۆتان ھەڵبژێرن . بۆنمونە : خیابانی (ھوم ئئارمە) ،ل١٣٦- کوچەی لوھەم ئئارمە ،ل١٣٨-خیابانی (ئارمە) ،ل١٣٩ - خیابانی (ھوم ئارمە) ،ل١٤٠).


با واز لە ھەڵەی ناو و شوێن بھێنین و ئەمجارە روو بکەینە ژمارەوئاوڕێک لە ھەڵەکردنی نووسینی (ساڵ) و رووداوەکان بدەینەوە ، ئەگەر ھەڵەی چاپ نەبێ! لەم دوو پەرەگرافە بەرچاودەکەوێت:


* لە مانگەکانی ئاخری بەھار و ئەووەڵی ھاوینی ساڵی (١٧٣٣)دا ، دراوسێکانی (ماریۆس) ھەمیشە پیرەمێردێکیان دەدی ، لیباسی رەشپۆش بوو،ل١٥٧.


- مەبەست لەم پیرەمێردە (ژان واڵژان)ی پاڵەوانی رۆمانەکەیە ، کە لە ساڵی (١٧٩٦)ھەتاساڵی(١٨١٥) لە زیندان بووە بۆیە ساڵەکە (١٨٣٣)یە ، نەک ساڵی (١٧٣٣) کە یەک سەدە جیاوازی ھەیە.


* یەکەمیان لە بەرواری بیست و پێنجی حوزەیرانی (١٨٢٣)دا ، ھەواڵی (ژان واڵژان) و (مادلن)ی بڵاوکردبۆوەو ، دووەمینشیان ڕۆژنامەی ( مونی تور)ی پازدەی حوزەیرانی (١٨٣٢)بوو،خەبەری مەرگی (ژاور) و بەسەرھاتی (ژاور)ی تێدا بوو نووسیبووی...ل ١٨٢.


- رووداوەکە بۆ مانگی حوزەیران دەگەرێتەوە وساڵی (١٨٢٣)ھەڵەیەو ساڵی (١٨٣٢)دروسترە ، چونکە لە ساڵی (١٨٣٣ ) ماریۆس و کەزیە بە یەک گەیشت بوون ئەوکاتەی(تندارییە) ئەم دوو بەڵگەیەی خستە بەر ماریۆس مانگێک پێش ئەوە ژاور لە رووبار خنکابوو.


دەکرێت ھەر کارێکی وەرگێڕان یاخود نووسینی ھەر کتێبێک ، بەر لەوەی چاپ بکرێت یاخود دوای ئەوەی کاری پیتچنی بۆدەکرێت ، جارێکی تر لە لایەن کەسانی شارەزا لە بواری زمان پێداچوونەوە بە بەرھەمەکە بکرێت ئەمە ھەم کاری وەرگێڕان و ھەم کاری نووسین و بەکارھێنانی وشەو رستەو دەستەواژەکان جوانتر دەکات.خودی بەرھەمەکەش بە پوختی و خاوێنی و بێ ھەڵەو کەموکوری پێشکەش بە خوێنەر دەکرێت و خزمەتێکی گەورەش بەزمان وپرۆسەی نووسین و مەعریفە دەکات.
_________________________
سەرچاوە:
* بێ نەوایان، ڤیکتۆر ھۆگۆ، وەرگێرانی محەمەدی شڵماشی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژھەڵات، ھەولێر، چاپی یەکەم، ٢٠١١.
 

رواندز

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک