په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

شەڕى گۆڕانخوازەکان بۆ گرتنەدەستى دەسەڵاتە یان گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى وڵات؟
کەى وەڵامى پرسیارەکە وەرئەگرینەوە؟


گەرمیانى حەمەى‌پوور


پاش دروست بوونى بەرەى ڕیفۆرمخوازان لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستانداو دواتریش دەنگ هەڵبڕین و ناڕەزایەتییەکانى ئەم دەستەیەو داواکردنى چاکسازى و ناودەرکردنیان بە باڵى ڕیفۆرمى ناویەکێتى و پاشان سەردەمى ئێستا کە بەوتەى نەوشێروان مستەفا "قۆناغى چاکسازى ڕابورد کە دەبو بکرایە بەڵکو ئێستا سەردەمى گۆڕانە" ئەمانەو نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنە پارلەمانى و سەرۆکایەتییەکەى کوردستان و ڕیفراندۆمى دەستووریش کە دێتە پاڵى لە 25ى تەمووزى ئەمساڵدا، کەشێکى دروست کردووە کە دیوەخان و کۆڕو دانیشتنى برادەران و چایخانەکان و دوکانى سەرتاشین و تەنانەت وێردى سەرزمانى منداڵانیش باسکردنە لەو مەسەلانەو هەریەکەو بۆ خۆى ئەمڕۆ شرۆڤەکارێکى سیاسیەو پێشبینى ڕووداوەکان دەکات.


دیارە کە تەواوى قسەکردنەکانیش سەبارەت بە لیستى گۆڕان و لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانى دروست بوونى ئەم لیستەیە کە بە لیستێکى بەهێز بەرامبەر لیستى کوردستانى دادەنرێت و بەراِى زۆربەى شرۆڤەکارانى سیاسى ڕێژەیەکى باش (هەرچەندە ڕایەکان یەکگرتوونین سەبارەت بە ژمارەى کورسییەکانى پارلەمان) وەدەست دێنن، چونکە ئەم لیستە توانیویەتى تاڕدەیەک خۆى وەکو لیستى خەڵکى کوردستان و هەرنەبێت لیستى ئەو هەموو خەڵکە ناڕازییە بناسێنێت کە خۆیان لە حکومەتى تەمەن 18ى کوردى بە مەغدور دەزانن و هاوکات بەشێکى زۆرى ئەو لاوە توڕانەى کە بەوتەى خەڵکانێک "تەنها حکومەتى کوردییان بینیوە" بە لیستى خۆیانى دەزانن و ڕابەرایەتیشیان دیارە کە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەکرێت داواى گۆڕینى سیستەمى حکومڕانى وڵات دەکەن.


ئەو ڕەخنانەى کە ئاراستەى لیستى هاوپەیمانى کوردستان دەکرێت گەندەڵى و نەبوونى شەفافیەت لە حکومەت و پرسە سیاسیە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها نەبوونى شەفافیەت لە سەرف کردن و وەرگرتنى بڕى پارەو قۆرخ کردن و دەست بەسەراگرتنى حکومەت لەلایەن حزب و نەبوونى عەدالەتى کۆمەڵایەتى و کێشەى بێکارى و نەبوونى پرۆژەى خزمەتگوزارى وەکو پێویست و ...... هتد. دەگرێتەوە، هاوکات پروپاگەندەى لایەنگران و کاندیدانى لیستى کوردستانیش خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتیان و جیاکردنەوەى حزب لە حکومەت و وەگەڕ خستنى نەوت بۆ خزمەتى گشتى و دابین کردنى هەلى کارو هەموو ئەوانەى تر کە ڕۆژانە لە ڕێگەى کەناڵەکانى ڕاگەیانى هەردوو حزبى هاوپەیمانى یەکێتى و پارتییەوە بە بینراوو بیستراوو خوێنراوەوە دەیبینین یان دەیبیستین یان دەیخوێنیەوە.


لیستى بەهێزى بەرامبەریشی (گۆڕان) بە زۆر شت ڕەخنەى لێ دەگیرێت و تەنانەت تۆمەتبار دەکرێت وەک ئەوەى دژ بە ئەزمونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بووبن و دەستى دەرەکییان لە پشت بێت و هەوڵى گرتنە دەستى دەسەڵات ئەدەن و بەشێکن لەو گەندەڵیانەى کە ئێستا خۆیان بەر ڕەخنەى دەدەن و ...هتد.


جەوهەرى ترین خاڵى پروپاگەندەشیان "گۆڕان"ە کە بەشێکى زۆرى خەڵکى چاوەڕوانى ئەو گۆڕانەن.


لێرەدا ڕەنگە هەریەک لەو ڕەخنانەى لەم لیستانە دەگیرێت زۆر جێگەى گرنگى پێدان نەبن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر مەسەلەى گرن هەیە کە ئێستا دەکرێت قسەى لەسەر بکرێت.


وەک زۆرێک لە بانگەشەکەرانى لیستى کوردستانى ئاماژەى پێ دەکەن لیستى گۆڕان لەلایەن کەسانێکەوە سەرپەشتى دەکرێت کە بۆ خۆیان وونن لە گەندەلێداو بەشێکى سەرەکیشن لە شەڕى ناوخۆدا کە هەزاران لاوى ئەم وڵاـەى تێدا کوژرا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەمانە کەسانێک نین بتوان گۆڕان بکەن کە خاوەنى ئەو ڕابردووە بن، بەڵکو ئەمانە کەسانێکن کە لە هەڵبژرادنى مەڵبەندەکانى ناویەکێتیدا دەنگیان نەهێناو ئیتر بەشێکیان گۆشەگیر بوون لە ناویەکێتیدا کە دیارترینیان نەوشێروان مستەفایە کە ڕۆشتە سەرگردەکەو نەهاتەوە خوارێ و، بەشێکى تریشیان لە مەسەلەى "خۆ ساغ کردنەوە"دا هەڵویستیان وەرگرت، بۆیە ئەمانە تەنها هەوڵیان بۆ گرتنە دەستى دەسەڵاتە نەک ئەو گۆڕانەى کە باسى دەکەن.


هەموومان ئەوە دەزانین کە تاک بەتاکى کورد غەریزەى گرتنە دەستى دەسەڵات لەمنداڵییەوە لەگەڵیدا تا گەوڕە دەبێت، هەرگیز کوڕى گەورە ڕێگەى بە برا بچووکەکەى نەداوە بەسەریدا زاڵ بێت و تەنانەت بوێرێت لە ئاستى ئەودا قسەش بکات ئەویش بۆ ئەوانى ترى خوار خۆى هەمان ڕەفتارى نواندووە، ئەم غەریزەى خەو بەدەسڵات بینینەش سەرکردەکانى ئێمەى لێ بەدەر نییەو ئەوانیش هەر منداڵى کوردو نەوەى پەروەردەکراوى کۆمەڵگاى کوردەوارین. پێناچێت هەرگیز لە خەویشیاندا کە لەگەڵ کەسێک بەشەڕ هاتبن کەم دەسەڵات بووبن بەڵکو لەو خەوەشدا ئەگەر هەروەکو ئەفسانە کوردییەکانیش بووە دواجار کەسى سەرکەوتووو بەدەسەڵات هەرخۆیان بوون، ئەمە هەر ئەوان نین هەموومان هەر بەدەسەڵاتین چونکە هەمیشە خەونى پێوە دەبێن.


لێرەدا قسە ئەوەیە کە ئەگەر برادەرانى گۆڕانخواز دەسەڵاتیان گرتە دەست بۆ خزمەتى خەڵکى ئەو دەسەڵاتە بەکار دێنن یان وەکو ئەوانى پێشتر بۆ گەندەڵى بەکارى دێنن و ماڵى خۆ قایم کردن و دزینى سەروەت و سامانى گشتى و ماڵ و موگڵکى گشتى بۆ بەرژوەندى کەسى بەکار دێنن یان ئەیانەوێت کە دەسەڵاتیان گرتە دەست ڕێگە لە گەندەڵى دەسەڵاتدارانى گەندەڵ بگرن، ''ئەگەر ڕابردووى بەشێک لەو برادەرانەش لە بەرچاو بگرین'' قسەیەکى زۆر لە ناو یەکێتدا هەیە بەوەى کە ئەمانە تا لەناو ڕیزەکانى یەکێتى بوون بۆ نەهاتن چاک سازى بکەن هەرچەندە بەوتەى گۆڕانخوازەکان وەک وتمان سەردەمى چاکسازى بەسەرچوو و ئێستا سەردەمى گۆڕانە لە هەیکەلەى حکومەتدا، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان هەیەو ئاشکراى ئەکەن کە چەندین جار هەوڵیان داوە بەڵام هەر جارەو بە "ئاژاوەچى، تێکدەر، جەماعەتى ئیمزا"و چى و چى تۆمەتبار کراون و ئاو لە شوێن بێلێان نەهاتووە.


دەکرێت خەڵکى کوردستان ئێستا ئەوە بزانن کە لیستى گۆڕان تەنها ئەو خەڵکانە نین کە ڕیزەکانى یەکێتیان بە جێ هێشتبێ، بەڵکو ئێستا خەڵکانێکى ترى سەربە خۆو تەنانەت خەڵکانى ناو حزبەکانى تریش هەن کە متمانەیان بە گۆڕانەو چاوەڕوانى ئەو پەیامەن کە ئێستا گۆڕان هەڵگریەتى، وەک وتمان نەوەیەکى تووڕەو خەڵکانێکى زۆرى ناڕازى و خۆ بە مەغدورزانیش لەگەڵ گۆڕاندان ئەگەرچى ڕەنگە هیچ حزب و لایەنێک یاخود لیستى کوردستانى دان بەو ڕاستییەدا نەنێن و ملیان بۆ نەدەن، بەڵام ئەمە واقعێکەو هاتووە، زەمبی ملنەدانى ئەوانیش لە ئەستۆى کادیرانى خوارەوەیانە کە ڕەنکە بۆ بەرژەوەندى خۆیان ئەو ڕاستییە لە سەرەوەیان بشارنەوە.


ئەوەى ئێستا پرسیارى جدى بێت لەسەر مەسەلەکان ئەوەیە کە ئایا لیستى گۆڕان هەوڵدەدات دەسەڵات بگرێتە دەست و بەمەش ئەگەر زۆرینەى کورسییەکانى پارلەمانى بردوو هەندێ پۆستى حکومەتى وەرگرت، ئەو دەسەڵات و پۆستە لەخزمەتى خەڵکى کوردستان بەکار دێنێت یاخود هەر هەمان ڕەفتارى دەسەڵاتدارانى ئێستا دەکات و تەنها کەسایەتییەکانى دەگۆڕێت؟


بۆچوونێکى زۆر هەیە لەوەى کە ئەو کەسانەى ڕابردوویەکى باشیان نییە و ئێستا هەڵگرى پەیامى گۆڕانن تەنها وەکو داشى دامە بەکار ئەهێنرێن و ناچنە پارلەمانەوە، بەڵام هەر ئەوانن کە ئەندامانى پارلەمانى لیستى گۆڕان ئاراستە ئەکەن و هەڵیان ئەسوڕێن، ئایا ئەم بۆ چوونە تا چەند وادەبێت و کاریگەرى چى دەبێت؟


نەوشێروان بۆ چى خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم کاندید نەکرد؟ ئایا مەبەستى ئەوەبوو کە دەسەڵاًتى ناوێ، یان نەیتوانى خۆى بخات شەڕى پارتییەوە هاوکات لەگەڵ شەڕى یەکێتیدا؟


ئەگەڕ نەوشێروانییەکان و هەڵگرانى پەیامى گۆڕان چوونە پارلەمان و لە پێکهێنانەوەى حکومەت بەشدار بوون، چ گۆڕانێک ئەکەن و ئەتوانن ئەو دەنگەى ئێستا لە پشتیانە چی بۆ بکەن؟


لە هەڵبژاردندا زۆر جار ئەنجامى چاوەڕوان نەکراو ڕووئەدات، ئایا ئەگەر گۆڕان ڕێژەیەکى پێشبینى نەکراو کورسییەکانى پارلەمانى وەدەست هێنا دەسەڵاتى ئێستاى یەکێتى و پارتى ئەنجامەکەى قەبووڵ دەکەن یاخود.


خروقات دروست دەبێت و ساختەکارى دەکرێت لە ئەنجامەکان؟
شەڕى چەکدارى ڕوودادەات؟
گۆڕانخوازەکان بێ دەنگ دادەنیشن؟
پەنا بۆ ناوەند یان وڵاتانى دەرەوە ئەبەن؟
شەقامى کوردى و دەنگدەران چ هەڵوێستێکیان دەبێت؟


ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وەڵامیان لە ئێستاو تا دواى یەکلا بوونەوە هەڵبژاردنەکان دیار نییە، بەڵام ئەکرێ بوروژێنرێت و هەم خەڵک و هەم گۆڕانخوازەکان قسەى لەسەر بکەن.
 

 

Garmyan86@gmail.com