په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١٧

شەڕی حاجی ئۆمەران سەرەتایەک بۆ جینۆسایدی کورد.

عەلی مەحمود محەمەد


کاتێک بارزانییەکان لە ھەمبەر بەشداری پارتی لە شەڕی حاجی ئۆمەران بە کۆمەڵ جینۆساید کران, کورد نەک ئەزموونی وەرنەگرت, بەڵکە دوای ٣ ساڵ , ھەمان ھەڵەی کوشندانەتر لە لێدانی چاڵە نەوتییەکانی کەرکوک دوبارە کردەوە , ئیتر بۆ ھێزەکانی ینک , پدک , حسک , بزوتنەوەی ئیسلامی لە سێ ساڵی داھاتوو بووە نەرێتی باو , تەنانەت کەوتنە پێشبڕکێی یەکتر لە کەوتنە پێش سوپای پاسداران, ئەم پێشبڕکێیەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی ببینە خاوەند زۆرترین کەیسی جینۆساید لە جیھانداو قوربانی نمرە یەک لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە.


ئەو حیزب و کەسایەتیانەش کە بڕیار بەدەستی ئەو تاکتیکە کوشندەیە بوون, نەک بۆ جارێکیش وەک ئەرکێکی ئەخلاقی دانیان بە ھەڵەکانی خۆیاندا نەنا, بگرە بێ دەربەستانە لە نوسین و یاداشتەکانیانا یان باسیان نەکرد وەک ئەوەی ھیچ روینەدابێت, یاخود ئۆباڵەکانیان خستە سەر بەرامبەرەکانیان , یاخود بێ منەت لە خەڵک و قوربانیان کارەکان خۆیان بەرز نرخاند .


دەبوایا خەڵک ئەم لایەن و کەسایەتیانەی سزای سیاسی بدابایا , ئەمانە گەلیان لە کارەساتێکەوە بۆ خراپتر بردووە بەردەوام , ئەزمونیان لە ھەڵەو پێشێلکارییەکان وەرنەگرتووە , باجی ھەڵەکانیان تا ئێستا نەداوە , تەنانەت دوای راپەڕین و تا ئێستاش ھەر کارەکتەری سەرەکی سیاسەتکردن بوونە لە کوردستان, بێ ئەوەی دان بە راستییەکاندا بنێن , داوای لێبوردن بکەن , قەرەبوی قوربانیان بکەنەوە لە بەرامبەر ھەڵەکانیان , تەنانەت لە یاداوەریەکانیشیان بەشداری ناکەن و تاوانبارانی جینۆسایدیش لە ریزەکانی خۆیان داڵدەدەن.

ھێرشی ھاوبەشی پارتی وئێران بۆ حاجی ئۆمەران لەساڵی ١٩٨٣ دا ,بە یەکەم نموونەی ئەنجامدانی شەڕی ھاوبەشی پارتە کوردییەکان لە گەڵ ئێران دژ بە سوپای عێراق دێتە ژماردن ,لێرەوە ئەم تەرزو شێوە ھاوکارییە سەربازی سیاسییە ,دەبێت بە تەرزو مۆدێلێکی بەشێک لە لایەنە کوردییەکانی دیکەی باشوور ئیلھامی لێ وەردەگرن , لە پشت پەرتووکە سورەکان و ئاڵاکانی کوردستانەوە دەست لە گەڵ پاسدار تێکەڵ کرا پرۆژەی شەری ھاوبەشیان لە گەڵ ئێران دادەڕشت . لێرەوە بوونە ویڵی ڕێگای پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران , وایان دەنواند بەخت یاریان بووەو رێوی بەرەو پیرییانەوە چووە ,دڵیان بەوە خۆش بوو , ئێران کاری ھاوبەشیان لەگەڵ دەکات . بە پشت بەستن بە ئێران دەیانەویست ببنە ھێزی یەکەم و چوار مشقی لەسەر باڵا دەستی لە کوردستان دابنیشن , ینک وپدک ,خولیای بوون بە یەکەم ەَێز لە کوردستان ,بەردەوام لەمَیشکیان خولی دەخوارد ,پاش ئەوەی چەکیان لە ئێران وەر گرت ئومێدیان باڵای دەکرد.


بە بێ ئەوەی بزانن مامەڵە کردن لەگەڵ دوژمندا خیانەت کارییە لە گەل و لای فاشییەکانیش گەل بەرەو چارەنووسێکی ڕەشە بات . بەم کارەشیان کەوتنە ناو تەڵەی ئێرانەوە ,لە گەڵ ئەودا بەرەو چارەنووسی نادیار ملیان دەنا .


پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان ((عێراق)) زۆر جەنگی ھاوبەشی شان بە شانی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پێشمەرگەی کوردستانی خۆرھەڵات (بە تایبەت دیموکرات و کۆمەڵە) ئەنجام دابوو, لەگرتنەەی زۆر دەڤەر و شار و شارۆچکە رۆڵی گێرابوو ,نمونەیەکی سەرکەوتووی لە کاری سەربازی –سیاسی ھاوبەشی خستبووە سەر سفرەی کون بووی کۆماری ئیسلامی ئێران ,ئەم پەیمانامەیە بۆیان پەیماننامەی فاوست بوو ( لەو پەیماننامەیە فاوست روحی خۆی بەشەیتان فرۆشت) بەلام فاوستەکەی ئیمە دوایی بوون بەدو و سێ و چوار وپێنج نەک تەنھا ڕوحی خۆیان بە لکە ڕوحی ھەموو گەلیان بەشەیتانە ڕیشنە دِرندەکەی ئەودیو سنوور فرۆشت , بەم کارەشیان بوونە دیلی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران .تاکتیکی ماڵویرانکەر سەدان ھەزار کەسی کردە قربانی , بەم کارە ناشرینەشیان دۆزی کوردییان لە جەنگی کۆنە پەرستانەی عێراق ئێران خنکاندو شەڵاڵی خوێنیان کردو ڕەوایەتی گیانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیان تیایدا کوشت و ناشرینیان کرد .


ئەم جەنگە ھاوبەشانە دەستپێکی خۆکوژی بە کۆمەڵی ( خێڵێک دواتر گەلێک ) ی لێکەوتەوە , ھەرچەندە پارتی بۆ خۆی ھاشا لەوە دەکات , لەو شەڕە (( حاجی ئۆمەران )) بەشدار بوو بێت و پێش بە سوپای پاسداران کەوتبێت و چاوساغی بۆیان کردبێت ( بە شەفەیی چەند جارێک لەسەر زاری بەرپرسانییەوە ئەمە ڕاگەیەنراوە ), بەڵام بۆ خۆی تاوانەکە بەو بەھانەیەو بەو ناوەوە ئەنجامدرا و لەژێر ئەو کارە خۆی شاردەوە, لێ ڕەتکردنەوەکانی پارتیش بەشێوەی فەرمی نییە , لە بەرامبەردا زۆر سەرچاوە ئاماژە دەدەن بەوەی ئەو کارە سەربازییە ھاوبەشە بەرفراوانە ئەنجامدراوە , تاڵی لەوەدایە ھەمان پارتی سیاسی دوای ٣ ساڵ لەو کارەساتەی ھاشا لە ڕۆڵی خۆی دەکات تیایدا , دێت ھەمان تاکتیک جارێکی تر ھەڵدەبژێرێتەوە و پیادەی دەکاتەوە , جارێکی دیکە بە ئاشکرا بە شێوەی ر بەرفاوانتر و بەربڵاوتر و ئاشکراتر دووبارەی دەکاتەوە , ئەزموون لە دڕندانەترین پەرچەکرداری تا ئەو دەمی ڕژێم وەرناگرێت بەرامبەر بە گەلەکەی تەنانەت کەسە نزیکەکانی سەرۆکەکانی , بۆ جاری دووەم دێت زنجیرەیەک چالاکی سەربازی ھاوبەش , لەگەڵ ھێزەکانی ئێرانی دژ بە سوپای عێراق بە ئاشکرا و لە قولایی وڵاتدا لە زاخۆوە بۆ ھەڵەبجە ئەنجام دەداتەوە . بەم کارەشیان بوونە پۆلیسی ئیران لە کوردستان ,بەڵام مەخفەرەکەیان لە ئێران بوو , لەو دیوەوە نەخشەیان بۆ دادەڕێژرا , لەم دیو کوردیان دەکردە سوتەمەنی نەخشەکانیان . بەم شێوەیە ھەموویان بەشدارن لە مێژوویییەکی ھاوبەش , مێژووییەکی ھەتیو تا ئێستا دانی پێدا نانێن.

بۆچی حاجی ئۆمەران !!

گرتنی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبەتی خۆی ھەبوو , بۆ ئێرانییەکان لە پاڵ سەرکەوتنە سەربازییەکە بەسەر عێراقدا ,ھاوکات دەروازەیەکیش بوو بۆ ئەوەی کوردستان بکاتە بەشێک لە جەنگەکە و بەسەر نەیارەکانیدا سەرکەوێت لە کوردستان , ناوچەیەکی بەرزایی ستراتیژی دەیتوانی لەوێوە جوڵەی ھێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە لە ناوچەکانی پیرنشار و شنۆو .... کۆنترۆڵ بکات و بارەگاکانی پشت جەبھەیان پێ چۆڵ بکات وسنووری چالاکیەکانیان بەرتەسک بکاتەوە ,بۆ ئێران سەرکەوتنەکە دوو بوو ھەم بەسەر عێراق و ھەم بەسەر کورددا بوو .


ھەرچی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە ,بە بەشداریکردنی لە شەڕەکە لە لایەکەوە دڵسۆزی خۆی سەلماندەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ,لە ڕێگەی ئەو کارەوە شەرعییەتی مانەوەی لە ئێران و ھاوکاریکردنی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەرگرت , لە لایەکی دیکەوە :


- دەڤەری حاجی ئۆمەران ناوچەیەکی ستراتیژی سەربازی گرنگ بوو ,ناوچەی قەڵەمڕەوی ینک بوو, ھاوسنوور بوو لەگەڵ ناوچەکانی قەڵەمڕەوی ئەو ,بەسانایی دەیتوانی پاش جەنگ کۆنترۆڵی بکات و بیخاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی , ھیلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە دەکات (( پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان, بە جارێ عێراقییەکانی نیگەران کردبوو, لە پاش ھەرەسھێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی١٩٧٥دا, سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان(کە لە مەلا مستەفاوە چووبووە لای ئیدریس و مەسعودی کوڕی) بە ئاوارەیی لە ئێران دەژیا, دەستدرێژی عێراق, ھیوای بە (پ د ک)پەیدا کردەوەو لە ساڵی١٩٨٣دا پاڵپشتییەکی چالاکانەی شەڕی ھێزەکانی ئێرانی دەکرد وەک ڕێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەکان , بە تایبەت لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی کە ھاوسنوور بوون لە گەڵیان, یارمەتییەکی گەورە بوو بۆ ئێرانییەکان ,کە توانیان لە کۆتایی تەمووزدا حاجی ئۆمەران و دەوروپشتی بگرن, کوردۆسمان واگنەر ڕاپۆرتی ئەوە دەدەن کەوا ئێرانییەکان لەو کاتەدا نزیکەی دە میل ھاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەک, بەرزاییە سەرەکییەکان و بنکەکانی تۆپخانە لە ناوچەکەدا, نزیکەی ٤٣گوندی کوردنشین ,بنکەیەکی سەرەکی حدکا و زۆربەی کەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدکایان گرت" کارێکی ژەھراوی-یۆست ھلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنەل٣٩ )) (( ھێرشی حاجی ئۆمەران ھەلێکی بۆ پدک ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەکلا بکاتەوە, کە ناحەزییەکی کۆنیان لە نێواندا بوو, بەھۆی پێگەی ئەم عەشیرەتەوە لە نێوان قەڵەمڕەوی بارزانی و سنوری ئێراندا. میلشیاکانی برادۆست بە پشتگیریی بەغدا رۆڵێکی بەرچاوی بەرگریکردنیان بینی لە ناوچەی عەشیرەتەکەیان. بە پێی سروشتی سیاسەتی کوردی, ئەوە بوو کە دوژمنایەتی پدک بۆ عەشیرەتی برادۆستی و دژایەتی مێژوویی نێوان پدک و ینک ,ھاوپەیمانییەکی تەکتیکی لێکەوتەوە یەکەم لە نێوان ینک و برادۆستییەکان و دواتر لە نێوان ینک و ڕژێمی بەغدا کارێکی ژەھراوی-یۆست ھلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنەل١١٨. )) .(( حاجی ئۆمەران ناکۆکی ینک و پدکی قولِتر کردەوە, پەیوەندی بەھێز بوو لە گەڵ قاسملوو - کارێکی ژەھراوی-یۆست ھلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنەل٤٢)).


- پارتی لەوکاتەدا ململانێ و شەڕی توندی لەگەڵ حدکا ھەبوو ئەوەش بە بەشێک لەو جەنگە ھاتە ژماردن ,ھلتەرمان ئاوا باسی ئەم لایەنە لە جەنگەکە دەکات ((یەکەمین تۆمارکردنی ھێرش و پەلامارەکانی گاز بە شێوەیەکی ورد و تۆکمە, لە تەموز و ئابی ساڵی١٩٨٣دا بوو, کاتێک ھێزەکانی ئێران و عێراق کەوتنە شەڕێکی سەختەوە لە چیاکانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, کە شارۆچکەیەکی سەر سنوورە لە کوردستانی عێراقدا, شەڕەکە , بێجگە لە ھێرشی وەلفەجر دووی ئێرانی, بەشێوەیەکی سەرەکی مەبەستی دەرپەڕاندنی یاخیبووە کوردە ئێرانیەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان(حدکا)ی سەر بە عەبدالڕەحمان قاسملوو بوو, پاشان جێگیربوون لەو شوێنەدا کە یاخیبووان چۆڵیانکردو بۆ ناو عێراق پاشەکشەیان کردبوو,لەم ھێرشەدا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق دایانە پاڵ ھێزەکانی ئێران و بەرچاوترینیان (پ د ک)ی مەسعود بارزانی بوو, لە گەڵ ھەندێ تاقمی تازە پەیدا بووی فەیلەقی بەدر و میلیشیای چەکداری سەر بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق, کە گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی شیعە بوون, ساڵی١٩٨٢ لەسەر دەستی ئێران درووست بوون و بنکە و بارەگاکانیان لە تاران بوو, لەملاشەوە نەک تەنھا (حدکا)پاڵپشتی ھێزەکانی ئێراقی دەکرد, بەڵکو ئەو کوردە ئێراقیانەی ناوچەکەش کە ناحەزی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و بە تایبەتی ھێزێکی عەشیرەتی برادۆستی کەوا سەرۆکەکەی کەریم خانی برادۆستی موستەشار بوو, دواتر سەدام چەندین جار مەدالیای ئازایەتی پێ بەخشی کارێکی ژەھراوی-یۆست ھلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنە(ل٣٨-٣٩) )) .


کەواتە ھەردوولای پەلاماردەر پێویستیان بەو جەنگە ھاوبەشە ھەبوو , ھەردوو لاشیان پێویستیان بە سەرکەوتن ھەبوو لەو کات وساتەدا , پارتی بەھۆی سەرکەوتنەکانی ینک بەسەر بەرەی جود , ئێرانیش بۆ بەرینکردنەوەی بەرەی جەنگ و تەعویزی زیانەکانی باشوور, ئەمە پێویستییە بووە دەستپێکی مۆدێلێکی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەندێک لایەنی کوردی و ئێران , ئیِران وەک سودمەندی یەکەم لەم تاقیکردنەوەیە دەرچوو و براوەی کایەکە بوو.

ئەو پرسیارانەی دەبوایا وەڵامیان ھەبوایا !!!

کۆمەڵێک زانیاری دەبێت لە بەردەستدا بێت , راڤە کردنی ھەمە لایەنەی ھێرشەکە , پێویست بوو وەڵامی ھەموو ئەم پرسیارنە بە سانایی لە ئەرشیفدا جنگ بکەوتنایە , سەبارەت بە پرۆتۆکۆڵی واژۆکراوی نێوان پارتی وئێران بۆ ئەنجامدانی پەلامارەکە و ئازاد کردنی ئەو بەڵگە و دۆکۆمێنتانەی قەراردادی نێوان ھەردوو لابوو بۆ ئەنجامدای ئەو پەلامارە سەربازییە , ئایا ئەندزیار و خاوەند بیرۆکەی کارەکە کێ بوو؟ئەدی ئیمزا کەرەکەی ؟, بەرپرسی سیاسی و دیبلۆماسیکەی ؟ کەسی یەکەمی سەربازی ؟ ,ھێزەکان کێ بوون ؟, لەسەر چی ڕێک کەوتن ؟ , لە روی سەربازی و کارگێڕی و سیاسییەوە , وە چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەوکارە سەربازییە ؟؟, نەخشە و پلانەکانی ,فەرماندە و لەشکرەکەی لەڕوی کەسەکان و ژمارەیان , روداوەکانی ناو بەرەکانی جەنگ ,دەستکەوت و زیانەکان ,قوربانی و بریندار وشەھیدەکان , کاریگەری لەسەر ناوچەی جەنگەکە ؟, فەرماندەی گشتی و ناوچەیی پەلامارەکە ,زیانی ھاووڵاتیان گیانی ومادی , رۆڵی پارتی و فەرماندەکانی لە پەلامارەکە چی بوو ؟؟ , پاشکۆی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون یان تەنھا کاری ھەواڵگرییان دەکرد دوور بەدوور ؟, پاراستنی سەروت و سامانی خەڵک ,خاڵی دەستپێکی پەلامارەکە لە کوێوە دەستی پێکرد ؟ ,ھەڵوێستیان لە پارستنی پێشمەرگەکانی ڕۆژھەڵات چی بوو ؟ , سەبارەت بە ھەموو ئەم پرسیارانە نە بە بەڵگە نامە ,نە یاداشتنامە و وتاری بەرپرسانی بەشدار بووی ئەو کات ھیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە . بۆیە لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم پەلامارە بەھۆی ئازاد نەکردنی زانیارییەکانەوە زۆر سەختە و کەماسی دێنێت .

شێوازی گرتنی خەڵکەکە لە لایەن بەعسەوە.

لەم برَگەیەدا وێرای ئوەی بەعس لە دۆکۆمێنت و نامەکانیدا ئاماژەی داوە بە گرتنی ئەو ھاووڵاتیانە , لێ ئێمە پشت بە دوو سەرچاوە دەبەستین ,یەکەمیان پشکنینی چالاکڤانێکی قوربانییە و دوەیان مورافەعەی داواکاری گشتییە کە ئامادەکراوە بۆ دادگای تاوانباری دۆسیەی ٨٠٠٠ بارزانی ,ھەردوو ئەحداسەکەنی ئەنجام دانی تاونەکە و میکانیزمی جێبەجێکردنی بە ھەندێک جیاوازیی کەمەوە نزیکن لەیەکتر .


کاک ڕێکار مزووری بەم شێوەیە پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکەمان بۆ دەگێرَێتەوە : (( لە ٢٩-٧-١٩٨٣ شێخ عوسمانی کوڕی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە گەڵ کوڕەکەی شێخ عیماد لە ھەولێرەوە بەڕێکران بۆ بەغدا بە بیانووی کۆبونەوە لە بەرواری ٠-٧-١٩٨٣,ھەندێک لە شێخەکانی بارزان وبارزانییەکانی دەوروبەریان لە بەغدا کۆکرانەوەو دەست بەسەر کران. )) .


(( بە ھێزێکی گەورەی پاسەوانی کۆماری و تانک و تۆپ و فرۆکەی ھەلیکۆپتەر ھەردوو کۆمەڵگای قادسیە و قودس لە ناحیەی قوشتەپە کۆنترۆڵکران سەربازەکان و ئەفسەرەکانی بەعس رژانە ناو ماڵەکان بە بڵندگۆ بانگەوازی خەڵکەکەیان دەکرد و پێیان رادەگەیاندن کە دەبێ ھەموو ئامادە بن بۆ ئەوەی کۆبونەوەیەکی بەرفراوان لە کەرکوک ھەیەدوای دەیان گەرێننەوە ,لە دوای ئامادە نەبوونی خەڵکەکە دەستکرا بە پشکنینی ماڵەکان بە گشتی بگرە سەروی مناڵی تەمەن١٠ساڵی تاوەک پیرەمێردی ٩٠ساڵیان گرت و ڕەوانەی ناو پاسی پەردەکراوی سەربازی کران و گوێزرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار لەم قۆناغە ڕێژەیەکی زۆر دەستگیر کران. )) .


(( لە ڕێکەوتی ١٠-٨-١٩٨٣بە ھەمان شێوەی پێشوتر کۆمەڵگاکانی بەحرکە ,حەریر ودیانا کۆنترۆڵ کران دەستکرا بە پشکنینی ماڵەکان ئەو نێرینەی بەر دەستیان کەوت راپێچی ناو پاسەکان کران وگوێرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. )) .


(( لە ڕێکەوتی ١١-٨-١٩٨٣ ھەردو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە دوبارە کۆنترۆڵکرانەوە و بەھێزی ئەمن و ئیستخبارات ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و ئەو مێرد منداڵانەی دایکیان جاری پێشووتر لە ناو کەنتۆر و سەلاجە وشوێنە نادیارەکان دا شاردبویانەوە دەستگیران و بێسەروشوینکران )) (( ل٢٠٢. شێواز و میکانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەکان - رَێکار مزوری )) .


ھەرچی لە مورافەعەی داواکاریی گشتییە ,دەقی ڕوداوەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەگێڕێتەوە :


((لە ١٩٨٣-٧-٣٠ پیاوانی رژێمی پێشوو شێخ عوسمان و شێخ ئەحمەد و کوڕانی عیماد و رەزوانیان دوای تەبلیغکردنیان بە ئامادەبوون لە کۆشکی کۆماری دەستگیرکرد. )) .


((لە ١٩٨٣-٧-٣١ش کۆمەڵگەکانی -قودس و قادسیە- لە ناحیەی قوشتەپە تەوقدران، ئەو کۆمەڵگایەش دەکەوێتە سەر رێگای ھەولێر کەرکووک کە کۆمەڵگەی زۆرەملێ بوون و تایبەت بوو بەو بارزانیانەی دەستگیرکراون و بە زۆر لە لادێکانیانەوە لە ساڵی ١٩٧٥ەوە رەوانەی ئەوێ کرابن دوای ئەوەی ماوەیەک لە پارێزگاکانی باشوور بوون و بەزۆر ڕەوانەی ئەو کۆمەڵکایانە کران و ھەزاران کوردی بارزانیش لە رەگەزی نێر لە تەمەنی ١٠،٥ ساڵی تا زیاتر لە ٧٠ ساڵی دەستگیرکران ئەو ئۆپەراسیۆنەش لەلایەن ھێزێکی گەورەوە جێبەجێ کرا ئەو ھێزەش لە ئاسایش و حەرەسی جمھوری پێکھاتبوو بەوپەڕی نھێنیەوە جێبەجێکرا. دەستگیرکراوانیش پێیان گوترابوو کە دەچنە کۆبوونەوەیەک و دەگەڕێنەوە، بەڵام دواتر بەرەو کەرکووک گوێزرانەوە )).


(( لە ١٩٨٣-٨-١٠ جارێکی دیکە ھەزاران کورد لە رەگەزی نێر لە عەشیرەتی بارزانی دەستگیرکران. ھەمان ھێزی ناوبراو ئەو کارەی جێبەجێکرد ئەو جارە لە کۆمەڵگاکانی بەحرکە و دیانا و مێرگەسوور ھیچ کەسێکیش لەوان بە گەورەو بچووک ھەڵاوێرد نەکران نەمنداڵ نەپێر نە نەخۆش نە فەرمانبەری دەوڵەت.)).


(( وردەکاریی یاسایی بەپێی پێداچوونەوەی ئیفادەی شکایەتکاران و شایەدحاڵەکان دوای رووپێوی ناوچەکەش ئاشکرابوو لە ١٩٨٣-٧-٣٠ و ١٩٨٣-٧-٣١ و ١٩٨٣-٨-١٥ ھەزاران کوردی بارزانی لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و حەرەسی جمھووری دەستگیرکران و بەرەو چارەنووسێکی نادیار بردران و خانەوادەکانیان لەبارودۆخێکی سەختدا دەژیان و پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە پچڕا. )).


(( ئەو شاڵاوانە لە بەرەبەیانی رۆژی ١٩٨٣-٧-٣١ دەستیان پێکرد کاتێ ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان کۆمەڵگەی قوشتەپەیان پەلاماردا لە نزیک شاری ھەولێر.
لە شەوی ١٠-١٩٨٣-٨-٩ دا کۆمەڵگای ھەریر لە ھەولێر پەلامار دراو ھەموو کوڕو پیاوان تیایدا دەستگیرکران. )).


(( لەرۆژی ١٩٨٣-٩-٢٦ دا ناحیەی سەلاحەددین بەشێکی دیکەی قوربانیان دەستگیرکران.)).


فەرمانی سەرکردایەتیش بە ئاشکرا داوای دەستگیکردنی پیاوانی دەکرد بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە ١٥ ساڵ بەدواوەیە بەڵام تاوانباران منداڵانیشیان دەستگیرکردو ژنانیان بەبێ بەرپرس و بەخێوکەر جێھێشت و ھەژارییان زیاتر بوو لە نێو برسێتی و ئەوان باوک و کوڕو برایان لەدەستدا دەستگیرکراوان لەپاسی گەورەی ئامادەکراو بۆ ئەو مەسەلەیە کۆکرانەوەو بۆ بەغدا دواتر بۆ باشوور گوازرانەوە. )). (( پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال.. داواکاری گشتی: تاکە تاوانی ئەنفالکراوانی بارزان کورد بوون و بارزانی بوونیان بوو-٠٤ Mar ٢٠٠٩-خەبات )) .

ھۆکاری گرتنیان !!

بەھانەی ڕژێم بۆ نێر قڕکردنی بارزانییەکان , تۆڵە کردنەوە بوو لە پارتی و سەرۆکەکەی لە ئاکامی ئەو ھێرشە ھاوبەشەیان بوو لە گەڵ ئێرانییەکان بۆ سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران وگردمەند کردیان .با بزانین لە روانگە جیاجیاکانەوە چی وتراوە سەبارەت بە ھۆکاری ئەو پەرچە کردارەی بەعس .


سامانسا پاوەر دەڵێت : کوردەکان ھەمیشە فورسەتخواز بوون , کاتێکیش جەنگی ئێراق-ئێران دەستیپێکرد, ھەردوو حیزبە سەرەکییەکەی کورد بونە ھاوپەیمانی ئێران.لە ساڵی ١٩٨٢ دا یەکێک لەم لایەنە سەرەکیانە (لایەنگری بارزانی) یارمەتی ھێزەکانی ئێرانیان دا بۆ گرتنی شارێکی سنووریی, بە ناوی حاجی ھۆمەران. ھێزەکانی ئێراق بە شینەیی تۆڵەیان کردەوە نزیکەی ٨٠٠٠ پیاوی کوردی سەر بە خێڵی بارزانیان دەستگیرکرد,لە ناویاندا ٣١٥ منداڵ ھەبوون ,تەمەنیان لە نێوان ھەشت و حەڤدە ساڵاندا بوو.


سەدام گوتی :خیانەتیان لە وڵاتەکەیان و لە یاسا کرد,ئێمەش سزایەکی ووندمان بۆ بڕینەوە و چوونە بۆ دۆزەخ." بەشی ٣ ئەمەریکا و ئانفال ئەنفال و ئامەریکا-سەمانسا پاوەر –و.بەختیار کەریم ".


توێژەر یۆست ھلتەرمان دەڵێت : روداوەکانی حاجی ئۆمەران سێ دەرەنجامی گرنگی لێکەوتەوە,بۆ سزادانی (پدک) لە بەر ئاسانکاریی کردنی بۆ سەرکەوتنی ئێرانیەکان لە حاجی ئۆمەراندا, ڕژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەر بە عەشیرەتی بارزانی ڕاپیچکرد,کە زۆریان لە پاش ھەرەسی ساڵی١٩٧٥ی شۆڕشی ەوە بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی کۆمەڵگاکانی دەوروپشتی ھەولێر کرابوون, لە٣٠تەموزدا لە نێوان ٥٠٠٠تا٨٠٠٠ پیاوی بارزانی ,کە ژمارەی ڕاستەقینەیان بە تەواوی نازانرێت-گیران و ڕاپێچکران و ھەرگیز جارێکی دیکە نەبینرانەوە, دوو مانگ دوای سەدام حوسێن لە وتاردانێکدا بێ سێ و دوو وتی:" ئەوانەی خیانەتیان بە نیشتمان وپەیمان کرد و ئێمە بە سزای سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان کرد".ئەم تۆڵە سەندنەوەیە ,بۆ ئاگادارکردنەوەیەکی ھاوشێوەی میتۆد و ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی١٩٨٨ی تێدا بوو,کوشتاری بارزانیەکان بۆ ڕژێم رۆڵی ڕاھێنان و خۆ ئامادەکردنیبینی بۆ کوردیش خۆی تامکردن و چەشنێکی بچووک بوو بۆ ئەوەی کە دواتر روویدا (کارَیکی کیمیاوی -ل٤١-٤٢ ) .


ھەردوو ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و چاودێری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش باس لەم شەڕە ھاوبەشەی پارتی و ئێران دەکەن , بەم شێوەیەی خوارەو ئاماژەبەھۆکاری قرکردنەکە دەدەن و دەنووسن : KDP ئەو دەمە یەکێک لە کوڕانی بارزانی , کە مەسعود بوو , سەرکردایەتی دەکرد و ھاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تاراندا زیندوو کردبوەوە و لە ساڵی ١٩٨٣ دا دەستەکانی KDP یارمەتی ھێزەکانی ئێرانیان دا لە گرتنی شارۆچکەی حاجی ئۆمەرانی سەر سنوور .


تۆڵەی ئەمەش خێراو کتوپڕی بوو ! لە عەمەلیاتێکی لە ناکاودا بۆ سەر ئەو کۆمەڵگایەی بارزانییە ڕاگوێزراوەکانیان تێدا نیشتەجێ کرابوو , ھێزەکانی عێراق لە نێوان پێنج بۆ شەش ھەزار نێرینەیان ڕا فڕاند کە تەمەنیان لە دوانزە ساڵ وەبان بوو . ئەوانە جارێکی تر ھەرگیز نەبینرانەوە بە زۆری وا پێدەچێت کەوا پاش ئەوەی چەندین مانگ بە دەستبەسەری ماونەتەوە , ھەموو کوژراون (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد ,وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاک - ل٥٣ )) .


سەدام حوسێن لە وتارێکدا لە ساڵی ١٩٨٣ سەبارەت بە ھەمان ڕوداو وتی : ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و خیانەتیشیان لە پەیمان کرد . بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن - (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد ,ەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە , چاپخانەی خاک - ل١٠٧-١٠٨ ) .


لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە کە توێژەرانی بێلایەنی بیانی لە ئاکامی خوێندنەوەی وردی روداوەکان دوور لە بەرژەوەندی سیاسی و ھەستداری , بە پشت بەستن بە شیکاری ورد و خوێندنەوەی بەڵگەنامەکان دەریان بڕیوە, لە بەرامبەردا دوو ھەڵوێستی دژ بەم ئاراستەیەش دەخەینە بەر دەستتان :


(( سەدام لەسەر تەلەفزیۆن وتی ئەمانە خیانەتیان لە وڵات و لەپەیمان کرد و بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و ڕەوانەی دۆزەخمان کردن- ل٢٠٤ )).(( گرتنی بەشێک لە ناوچە ستراتیژییەکانی حاجی ئۆمەران و دەوروبەری و شکستی لەشکری عێراقی لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە لەشکری ئێران. ئەمەش بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە ناو بارزانییەکاندا و دڵدانەوەی ھەڤاڵان و ھەوادارانی بەعسییەکان و زیندوکردنەوەی دەروون و ورەی روخاوی سەربازانی جەنگی قادسیە )).(( میدل ئیست ۆچ لە پەرتووکی جینۆساید لەعێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆسەر کورددا دەڵێت :ھۆکاری گرتنی بارزانییەکان گرتنی شارۆچکەی حاجی عومران بوو - شێواز میکانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەکان -رَێکار مزوری -ل ٢٠٤کۆنگرەی بەجیھانناساندی جینۆسایدی گەلی کورد-٢٠٠٨-چاپخانەی دەزگای ئاراس )) .


ھەرچی داواکاری گشتی دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکانە لە مرافەعەکەی خۆیدا لەدادگا لەم بارەیەوە دەڵێت : بە بیانووی ئەوەی ئەوان یارمەتی ئێرانیانیان دەدا. لەوانە یەکێک پرسیار بکات ئەگەر ژمارەی ئەوانەی لەسوپای ئێرانەوە زەلیل بوون دەبێ لە کورد چەند زەلیل بووبن؟ کەواتە ژمارەی ھێزی ھێرشبەری ئێرانی چەندە؟ ئایا دەکرێ ئافرەت ببنە وا بەستەی سوپای دەوڵەت؟ -پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال.-خەبات-٤-٣-٢٠٠٩ )) .


با بزانیین بەڕێز نەوشیروان مستەفا , کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە گرنگەکانی ئەو سەردەمەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بە ئێستاشەوە , لە پەرتووکی پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی کوردستانی عێراق (١٩٧٩-١٩٨٣) چی دەربارەی ئەم کارەساتە وھۆکارەکانی نوسیووە :


" گیرانی بارزانییەکان ئەوکاتەی ناوچەی حاجی ھۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدک بە ئاشکرا ھاوکارییان لەگەڵ ھێزەکانی ئێران ئەکرد دژی جەیشی عێراقی . کۆکردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و ھێزەکانی و , چاوساغی و ڕێبەری ھێزەکانی ئێران و , ھێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێکی کەمی ئەو ھاوکارییە ئاشکرایە بو . لە ھێرشەکانیش دا ئەوان وەکو ھێزی یارمەتیدەر و خەریککەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون (( پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن , لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی کوردستانی عێراق ١٩٧٩-١٩٨٣ ل٣٢١ , نەوشیروان مستەفا )).


بەڕێزی بەردەوام دەبێت لەسەر بۆچونەکەی و دەنووسێت : بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و ھێزەکانیان لە ھێرشەکانی ناوچەی حاجی ھۆمەران دا , لە لای ێەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا , بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێکردن ئەژمارد .


لێرەدا بەرێز کاک نەوشیروان تەئکید دەکاتەوە لەوەی پارتی بەشداری شەڕی حاجی ئۆمەرانی کردوو ئەو ھاوکارییەی پارتی لەگەڵ ئێران خیانەت بووە , پاداشتی خیانەتکارانیش لای دەسەڵاتێکی فاشی دیارە چییە؟


کاک نەوشیروان درێژەی پێدەداو دەنووسێت : بارزانی یەکان لە عێراق مابونەوە لە ئۆردوگای بەحرکەو قوشتەپەدا کۆکرانەوە . زۆری پیاوەکانیان بووبوون بە چەک ھەڵگری جەیشی شەعبی و بە دڵسۆزی ئەرکەکانی خۆیان بەجێ ئەھێنا (( پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن , لە دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی کوردستانی عێراق ١٩٧٩-١٩٨٣ ل٣٢٢ , نەوشیروان مستەفا )) .


لە ڕاستیدا لەوکاتە ژمارەیەکی زۆری ھاوولاتیانی کوردستان تێکەڵ بە ھێزە چەکداری و حیزبییەکانی بەعس ببوون , نەک تەنھا بارزانییەکان , وێڕای ئەوەی جەیشی شەعبی بوونەکەی ئەو بارزانییە سڤیل و سادەو ساکارە نەخوێندەوارانە ئەگەر راستیش بێت ؟؟, کە لە ڕابردوودا قوربانی و بەرداشی ھەموو جوڵانەوەیەکی چەکداری بوونە لە کوردستان , بە ئەندازەی پەیامەکانی ھەندێک لە سەرانی ئەو کاتی ینک شەرمەزاری نەبووەو نییە , کە لە ساڵانی ٨٣-١٩٨٤, بۆ ھەزاران قوتابی کوڕ و کچی مانگرتووی زانکۆی سەلاحەدین بەردەوام دەیان دا و دوبارەیان دەکردەوە , کە دەست بەرداری خوێندنەکەیان ببون , لە بەر ئەوەی ئامادەیی لەبەرکردنی بەرگی جەیشی شەعبیان نەبوو , کەچی پارتەکەی ئەوسای بەڕێز کاک نەوشیروان کە لەو کاتەدا بۆ خۆشی دووەم کەسایەتی ناو ینک بوو داوای لەبەرکردنی بەرگی جەیش شەعبییان لەو خوێندکارە مانگرتووانە دەکرد یاخود نەرمییان دەنواند لە بەرامبەری , لە ترسی ئەوەی نەوەک مفاوەزاتەکەیان لە گەڵ ڕژێمدا ھەڵبوەشێَتەوە کە چەند مانگێک بوو لە بیابانەکانی سەماوە لە سوتگەی جھەنمی ئەو گەرمایە بە کۆمەڵ بارزانییەکان گولە باران کران .


سزا دانی سەرجەم عەشیرەتێک لە بەرامبەر کردەوەی پارتێکی سیاسی , کە سەرکردایەتیەکەی بە دەست ئەو بنەماڵەیەوە بوو , ئەمە بۆ خۆی سزادانێکی فاشیستانەیە , بارزانییەکان ئەم خێڵە پارێزگارە داخراوەی کوردەواری , کە بە توندی بە سەرکردایەتی خێڵەوە گرێدراون , لەوێشەوە بە پارتییەوە , چونکە لە لوتکەدا سەرکردایەتی پارتی و خێڵی بەرزانی یەک دەگرنەوە .


لە کاتێکدا ئەو خەڵکەی کۆمەڵکوژی کران , بۆ خۆیان لەو چرکە ساتە و لەحزە مێژوییەدا سڤیل بوون و ھیچ پەیوەندییەکی سیاسی و ڕێکخستنیان بەو پارتەوە نەبووە , بگرە بەشێکیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییان کاریان دەکرد , بۆیە سەپۆرتکردنی ئەو کۆمەڵکوژییانە بەھەر بەھانەیەک بێت تاوانە .


لێرەوە بەعس بوو بە کیمیا وەشێن!!

حاجی ئۆمەران ئەگەر یەکەمین ئەزموونی شەڕی ھاوبەشی کورد-ئێران بوو لە چوار چێوەی شەڕی ئێران – عێراقدا ,بۆ ئێران بووە شەڕێکی کەم مەسرەفی کاریگەری براوە ,شەڕی لەسەر سنوورەکانەوە ھێنایە ناو عێراقەوە ,سنوورە لوغمکراوەکان و سەنگەرە مەحکەمەکانی بێ زیان گرتران و بڕان , لەو لاشەوە بۆ عێراق لە ئاکامی کاردانەوەی توند و بۆ ڕێگەگرتن لەدوبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە و ترساندنی لایەنی کوردی , بووە یەکەم ئەزموونی وەشاندنی چەکی کیمیاوی . بە پێی وتەی توێژەر ولێکۆلەر یۆست ھیلتەرمان (( یەکەمین تۆمارکردنی ھێرش و پەلامارەکانی گاز بە شێوەیەکی ورد و تۆکمە, لە تەموز و ئابی ساڵی١٩٨٣دا بوو, کاتێک ھێزەکانی ئێران و عێراق کەوتنە شەڕێکی سەختەوە لە چیاکانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە, کە شارۆچکەیەکی سەر سنوورە لە کوردستانی عێراقدا – کارێکی ... ,ل٣٨ ).


لەو پەلامارە کیمیاوییە قوربانی ھەبووە ,وەلێ مخابن تا ئێستا لە ئامری زیانەکان ئاگادارییەکمان نییە , یۆس ھیلتەرمان لەم بارەیەوە دەڵێت (( ئەو کوردە عێراقیانەی کە دکتۆر سوھرابی بینیبوونی زۆر پێدەچێت یەکەمین بەڵگەی تۆمارکراوی قوربانیانی گازی خەردەل بووبن لە کاتی جەنگدا ئێراق لەو دەمەدا پەنای بردە بەر گاز بۆ بەر پەرچدانەوەی ھێرشێکی ئێرانی لە تەموز-ئابی ١٩٨٣دا, کە یاخیبووانی ھاوپەیمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان(پ د ک) بوون بە پێشەنگی ھێزەکانی ئێران بۆ سەر خاکی دوژمن ,گازی خەردەل چەکێکی نوێی سامناک بوو, یەکەم جار بەکار ھات لەو شەڕە )) . کەواتە ڕاستە کە حاجی ئۆمەران بوو بە وەچەرخان بۆ ئێراق لێرەوە چاوی کرایەوە و ترسی شکا و ئەزموونی پەیدا کرد و بوو بە کیمیا وەشێنێکی ناودار .

ئەی بەڵگەنامەکانی بەعس چۆنمان بۆ دەگێڕنەوە ؟؟؟

دیارە بەعس چیرۆکە تۆقێنەرەکان و دڵ ڕەقی ھێزەکانی و ژووری گازی سوتێنەری خۆرەتاوی سەربازگەکانی باشوور و بە کۆمەڵ کوژییان ناگێڕێتەوە بۆمان , باسی ئەو حەکایەتانە ناکات لە زیکتە جیا جیاکانی نیشتەجێی بارزانییەکان ئەنجامیان داوە. ئەوەی ئەو دەیگێڕێتەوە تاوانبار کردنێکی بێ بنەمای ئەو خەڵکە بێ تاوانەیە ,کە باجی کاری لایەنێک سیاسی دەدەن کە ئاوێزانی سیاسی دەوڵەتی دوژمن بووەو تەنھا لە بەر ھاو عەشیرەتی و یەک ڕەنگی جامانەی سەریان .
زمانی بەڵگەنامەکانی ئەوکاتی بەعس , باسی ئەوەمان بۆ دەکەن , کە ئەم ھاووڵاتیانە ھاوکاری پارتیان کردووە بۆ چاوساغیکردن بۆ ئێران و ھێرشی سەر حاجی ئۆمەران , کە لە ئەنجامدا ناوچەیەک داگیر کراوە , ئەمەشیان بە خیانەتی گەورە لەنیشتمان نا پاکی بۆ وڵات ناوزەد کردووە , خیانەتیش لای سستەمە دیکتاتۆرەکان پێناسی خۆی ھەیە و بەرزترین ودڵ ڕەقانەترین سزا دەیان گرێتەوە .


با پێکەوە چاوێک بە بەڵگەنامەکانی ئەو کاتی حیزبی بەعسدا بخشێنین و بزانین لەو ڕۆژگارەدا بەڵگەنامەکان بۆ پاساوی ئەم تاوانەیان چییان نووسیوەو وتووەو ھۆکاری ئەنجامدانی ئەم تاوانەیان بەچی پاساو دەدەنەوە :

دەقی وەرگێڕدراوی ئەم بەڵگەنامەیە لەخوارەوە بەزمانی کوردی بخوێننەوە :
(( بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبان
بەروار ٢٩-٣-١٩٨٩
بەڕێز م م ع کاروباری ڕامیاری ھێژا


١- لە کۆتایی مانگی تەموزی ساڵی١٩٨٣ ھاتمە ئاگادار کردنەوە لە گەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری ئاسایشی بەغدا لە گەڵ ئاسایشی گشتی و لە لایەن بەڕێز بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدای پێشوو (عەقید عەلی عەبدوڵا برع) بۆ ئەوەی کۆمەڵێک بارزانی خائین وەر بگرم کە لەحوکمی زاتی ئاسایشی گشتی ھۆبەی سێ بە دەستمان گەیشت ھەروەھا بەشێکی تر دەست بەسەر بوون لە گرتووخانەی ئەبو غرێب.
٢- ٢٢٢٥ خائینمان وەرگرتن بە ئۆتۆمۆبیلی بارھەڵگر ھاتنە گواستنەوە بۆ ناوچەی بوسیە کە لەوێ دەست بەسەر بوون.
٣- بەڕێز بەڕێوەبەری ئاسایشی بەغدا فەرمانی دا بۆ درووستکردنی دەستەیەک لە ژێر فەرمانی ئەو بن ,دوای ئەوە فەرمانی دا کە سزای گەل بەسەر ئەم خائینانەی سەرەوەڕا جێبەجێ بکرێت.
٤- لەسەرەتای مانگی ئابی ساڵی١٩٨٣ دەست کرا بە جێبەجێ کردنی سزای گەل لە بەرامبەر خائینەکان سەرەوە کە ژمارەیان ٢٢٢٥ کەس دەبوون .ھەندێک لەوان لە پارێزگای موسەنا ناوچەی بوسیە بوون.بەتەنسیق لە گەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگا ناو براو.
٥- رێنمای دەرچوو لە لایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشوو بڕێز دکتۆر فازڵ بەڕاک وە وبۆ رێکخستنەکانی کێشەی تایبەت بە تاوانبارانەوە و بە پێی ئەمە دەستکرا بە ڕێکختسنی ١٦ کێش بۆ ٦٦٧ کەس ,کە ئەم کێشانە بەرز کرانەوە بۆ سەرۆکایەتی دادگای شۆرش و سزای لەسێدارەدان بە سەریاندا ھاتە سەپاندن و بەڵگەنامەکان مردن نەیانگراندنەوە.
٦- ئەوانەی مانەوە ١٥٥٨ تاوانبار بوون ھیچ کێشەیان بۆڕێک نەخستبوو.
٧- لیژنەیەک ھاتە دامەزراندن لە ئەفسەران بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو تاوانبارانەی سەرەوە کە لەگەڵیان دا بوو, ئەو پارەیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی ھۆبا٣ کرا بە پێی چەکەکان.


وێنەیەک بۆ :
بەڕێز بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری ھێژا نووسراوی ٤٤٣٩ لە ٢٣-٨-١٩٨٧بۆ کاری پێویست لە گەڵ ڕێزا.
بەڕێز بەڕێوەبەری ھەواڵگری سەربازی ھێژا بۆ کاری پێویست
بەڕێز ئاسایشی ھێژا بۆکاری پێویست تکایە . (( شێواز میکانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەکان -رَێکار مزوری -ل٢٠٧-٢٠٨)) .

لە بەڵگ نامەیەکی دیدا ئاو باسی مۆتیڤی تاوانەکە دەکرێت : (( ئەوەی بەردەستمان راپۆرتی بەرپرسی ھەواڵگرییە کە بۆ سەرۆکی کۆمار لەسەر داوای ئەوەی دوایی لەمبارەیەوە بەرزکراوەتەوە کەتیایدا ھاتووە:


بڕگەی ١ لە تەممووزی ١٩٨٣، لە میانەی ھێرشی دوژمنانی ئێران بۆ کەرتی حاجی ئۆمەران و سەلماندنی بەشداریی خیانەتکاران کە زۆربەیان بارزانین فەرمانێک لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی -فازڵ بەڕاک- بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی حوکمی زاتی ڕەوانەکراوەو ئەرکەکەش بەوپەڕی نێھینەوە ئەنجامدرا تاوەکو لەبەرەبەیانی رۆژی ئایندە ئامادەبوو لە ١٩٨٣-٨-١٠ بەھێزێکی سەربازیی حەرەسی جمھووری کۆمەڵگاکانی -قودس و قادسیە- و قوشتەپە کە بۆ نیشتەجێبوونی خانەوادەی بارزانیان دانرابوو ھەمووشیان دەستگیر دەکران تەنھا لە رەگەزی نێر و تەنانەت ئەوانەی لە ١٨ ساڵیش کەمتربوون لەو کردارە بێبەش نەبوون. ئۆتۆمبێڵی گەورەی ئامادەکراویش بەیاوەریی ھێزی سەربازی ئەو دەستگیرکراوانەی گواستەوە.


بەھەمان شێوەش بارزانیانی ھەریر لە ناوچەی شەقڵاوە دەستگیرکران کە ژمارەیان ٤٠٣ کەس دەبوو. زۆربەشیان بارزانی و شێروانی و مزووری بوون ئەوە جگە لە دیاناو رەواندزو مێرگەسوور لە پارێزگای ھەولێر.
برگەی ٢: بە ئاراستەی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی ھێزێک لە کارمەندانی ئاسایشی گشتی و ئەمنی بەغدا پێکھێنرا تا ئەوانەی لە کۆمەڵگاکان ھێنراون و بەندکراوانی ئەبوغریب لە بارزانیان وەربگرێنەوە.


ئەو ھێزە ٢٢٢٥ کەسی وەرگرتەوەو بەرەو ناوچەی بۆسەیەی گواستنەوە لە پارێزگای موسەننا و تیمێک حوکمی گەلی بەسەریاندا سەپاند.
بڕگەی
-٣: بەپێی فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشووتر ١٦ کەیس بۆ ٦٦٧ کەس لەبەندکراوان ئامادەکراو کەیسەکان بەرەو دادگای سەورە گوازرانەوەو حوکمی لەسێدارەدانیان بۆدەرچوو بەڵگەنامەی وەفاتیشیان بۆ دەرنەھێنراو ١٥٥٨ کەسیان کەیسی بۆرێک نەخرا.

بڕگەی
٤: ئەوپارەی لە لای بەندکراوان بوو کە بڕی ١٩٤٦٨٤ دینارو ٤٤٠ فلس بوو لێیان وەرگیرایەوەو لەژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی دانرا.


بڕگەی ٥: بەپێی بەردەوامیی تەئکیدی مسعود بارزانی بۆ ئەو پرسە، سەرۆکایەتیی کۆمار سکرتێری بە نووسراوی ژمارە ٢٦٥١-ت لە ١٩٧٨-٨-٢٤ راسپارد وەڵامی دیاریکراوو یەکگرتوویان بۆ ھەر داوایەکی پەیوەندی پێوەکردنەوە ھەبێ بەبێ ئەوەی کەسی دیکە جگە لەسەر کردایەتیی دەوڵەت ھیچیان لەسەر بزانێ چونکە مەسەلە سەرەکیەکە لە پرسی ئەو خانەوادانە گەورەترە- ئەو وەڵامەش بەبنەمای وەڵامی ھەرپرسێک دەربارەی چارەنووسی ئەو خانەوادانە دادەنرێ. ھەروەھا بەڕێوەبەری ئاسایش گشتی لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات کە خانەوادەی بارزانی لە دژی حزب و سەورەو نیشتمانن و ئەوە دەیەھا ساڵە ئەوانە دژی ھەموو پرەنسیپەکانن چونکە تا ئێستا ھەروەکو جاران لە دژی یەکبوونی نیشتمانە. تائێستاش خۆی بەگەورەترین عەشیرەت و نوێنەری گەلی کورد دادەنێت و خاوەن دەروونێکی پڕ لە رق و کینەیە.((پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال-٤-٣-٢٠٠-خەبات)) .


لە بەڵگە نامەیەکی دیدا ھاتووە : (( بھڵگھنامھی بریاری حوکمی لھسیدارھدان و دھست بھسھرداگرتنی سھروھت و سامانی شمس اللھخالد خدر بارزانی و پھنجا کھس لھھھڤاڵانی بە نووسراوێک لھسھرۆکایھتی دادگای شورش بھژمارھلە١٢\١١\١٩٨٣ دھرچووە بۆ سھرۆکایھتی دیوانی سھرۆکایھتی کۆمار، کھبریاری گرتنیان لھلایھن دادھوھری لێکۆلینھوە سھر بە بھرێوھبھرایھتی ئھمنی بھغدا/ش٣١ دراوە بھنوسراوی ژمارە٨\٨٣ لە١١\٨\١٩٨٣ .


ھۆکاری گرتنیان بھمادھی ١٧٥و١٥٩و١٦٢\٢-٤٩و٥٠و٥٣ لھق.ع لە داوایھک بە ژمارە ١٦١٠/ج/١٩٨٣ لھسھر شمس اللھخالد خدر بارزانی و ھھڤاڵانی شیکراوھتھوە کە لە لایھن سیخۆرێک پێیان دراوە، داواکە بە نووسراوی ژمارە٢٣/١٤٣٤ لە٢٧\٩\١٩٨٣ بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوھو لە ١٠/١١/ ١٩٨٣ حوکمی لھسیدارھدانیان بۆ دھرچووە.

ئھم راپۆرتە باس لە شھری حاجی عمران –گردھمھند و بھشداری پارتی لھم شھرە دھکات، لە ناوھرۆکی راپۆرتھکھدا دھلێت"مۆتھھھم" شمس اللھخالد خدر بارزانی کھسھر بھمسعود بارزانی و محمد خالید بارزانیە بھھاوکاری لھگھڵ ئھو کھسانھی ناویان لە خوارھوە ھاتووھو ئامادھکاری و ھاوکارییان لھگھڵ تێکدھران و ھێزھکانی ئێراندا کردوھزانیاری عسکری و ستراتیژیان ناردوە،ھھروھھا رێنمایی کردنی بھرپرسانی عسکری ئیرانی لە ناوچھکھدا بۆ ئھنجامدانی کاری تێکدھرانھدژی ھێزھکانی چھکداری عێراق پیش ھجوم کردنی ھێزھکانی ئێران لھکھرتی باکوور و گرتنی ناوچھی حاجی عمران تۆمھتبار کراون و بھبھکرێگرتھی ئیران ناوزھدی کردوون ، ئھوھی شایانی باسە دادگای شورش لە/١١/١٩٨٣ بە سھروکایھتی عھواد بھندھر بھستراوھو بھم ماددانە١٧٥و١٥٩و١٦٢و\٢\٤٩و٥٠و٥٣ لە ق.ع تۆمھتبار کراوھن و حوکمی لھسیدارھدانیان بھسھردا سھپاندوون و بھنووسراوی ژمار(٣٨٦٤) لە/١١/١٩٨٣ سھرۆکایھتی دیوانی سھرۆکایھتی کۆماریان لێ ئاگادار کردۆتھوە. ئھمھش ناوھکانیانە:


١.شمس اللھخالد خدر بارزانی ٢.سلیمان مفردی خانو ٣. احمد حمود مستھفا٤.ێوفی سیف الدین وستا ٥. سعید محمد محمدامین ٦.یوسف زبیر حاجی ٧.حدو جلو فقی ٨.حاتم جیجو حاتم ٩. حسن حسین حسن ١٠. تھھا محمد ابراھیم١١.فریق میران مح١٢. نعمان حسین یاسین ١٣.یاسین حسین یاسین ١٤.حسکو رشید نبی ١٥.تھلعھت سعید عمر ١٦.رھمھزان عبداللھیاسین ١٧.وجدی مستھفا ناوخۆش ١٨.مستھفا حسین سالح ١٩.حسین محمد احمد ٢٠.اسعد حسن عبداللە٢١.سلیمان ابابکر احمد ٢٢ .جادر محمد حسین ٢٣.عبدالرحمن محمد حسن ٢٤.احمد سعید حسن ٢٥.مستھفا باجو مستھفا ٢٦.عزیز سالح سلیم ٢٧.حکیم زادھمحمد ٢٨.زکری جلو مالی ٢٩.باجو حسین ملکو٣٠غفور احمد محمود ٣١.محمد علی عباس ٣٢.خدر مولود سالح ٣٣.سعید اخدل شیخ عمر ٣٤.عبدالعزیز حجی عبداللە ٣٥.ێبری رھمھزان حسن ٣٦.ویس یوسف رھمھزان ٣٧.میرخان محمد مرزا٣٨.نادر حبیب حسن ٣٩.فقو خوجھناێر٤٠.قرتاس سالح حسین ٤١.حسن حاجی ابراھیم قادر ٤٢.جمیل عبداللە فارس ٤٣.اسماعیل سلیمان الیاس ٤٤.یونس حسن یونس ٤٥.بحری محمد ملکو ٤٦.زلفو احمد جوھر ٤٧.شھاب زادھمحمود ٤٨.ێوفی درویش محمد ٤٩.شھاب احمد جوھر ٥٠.بیرو حمد ابراھیم ٥١.جوھر حدو حاجی (( عھدالھت عومھر-چالاک لھبواری ئھنفال و بێ سھروشوینھکان-٢٢٧-٢٠٠٧ )).

لە بەلگەنامەیەکی دیکە سەبارەت بەھەمان پۆل ھاتووە : (( بەڵگەنامەی بریاری حوکمی لە سیدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی خورشید رشید سلمان بارزانی و ھەڤاڵانی ھەروەھا ملا سعید حسن بارزانی و ھەڤالانی بە نووسراوێک لە سەروکایەتی (دادگای شورش) بە ژمارە٤٠٦٦ لە ٢٤\١١\١٩٨٣ دەرچووە بۆ سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، کە بریاری گرتنیان لە لایەن دادەوەری لێکۆلینەوە سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئەمنی بەغدا/ش٣١ دراوە بەنوسراوی ژمارە ١٥\٨٣ لە ١\٨\١٩٨٣ .


ھۆکاری گرتنیان بە مادەی ١٧٥و١٥٩و١٦٢\٢-٤٩و٥٠و٥٣ لە ق.ع لە دوو داوا کە داوای یەکەم بە ژمارە ١٧٧٥/ج/١٩٨٣ لە سەر خورشید رشید سلمان بارزانی و ھەڤاڵانی و داوای دووەم بە ژمارە ١٦٠٩/ج/١٩٨٣ لە سەر ملا سعید حسن بارزانی و ھەڤاڵانی شیکراوەتەوە کە لە لایەن سیخۆرێک پێیان دراوە ،داواکان بە دوو نووسراو یەکەمیان بە ژمارە ٢٣/١٥٦٣ لە ١٩/١٠/١٩٨٣ دووەمیان بە نووسراوی ژمارە ٢٣/١٤٣٣ لە ٢٧/ ٩/١٩٨٣ بۆ دادگای باڵای شورش نێردراوەن بەلام ھەموویان لە ٢٢/١١/ ١٩٨٣ حوکمی لە سیدارەدانیان بۆ دەرچووە.


ئەم راپۆرتەش ھەر باس لە شەری حاجی عمران –گردەمەند و بەشداری پارتی لەم شەرە دەکات،لە ناوەرۆکی راپۆرتەکەدا دەلێت"مۆتەھەم حسن محمد شیرۆ لەگەڵ کۆمەلێک لە تێکدەران کە ناویان لە خوارەوە ھاتووە سەر بە مسعود بارزانی زانیاری عسکری و ستراتیژیان ناردوە وئامادەکاری و ھاوکارییان لەگەڵ تێکدەران و ھێزەکانی ئێراندا کردوە ،ھەروەھا رێنمایی کردنی بەرپرسانی عسکری ئیرانی لە ناوچەکەدا و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە دژی ھێزەکانی چەکداری عێراق پیش ھجوم کردنی ھێزەکانی ئێران لە کەرتی باکوور بۆ گرتنی ناوچەی حاجی عمران تۆمەتبار کراوەن و بە بەکرێگرتەی ئیران ناوزەدی کردوون ، ئەوەی شایانی باسە دادگای شورش لە ٢٢/١١/١٩٨٣ بە سەروکایەتی عەواد بەندەر بەستراوەو بەم ماددانە ١٧٥و١٥٩و١٦٢و\٢\٤٩و٥٠و٥٣ لە ق.ع تۆمەتبار کراوەن و حوکمی لە سیدارەدانیان بەسەردا سەپاندوون و بە نووسراوی ژمار(٤٠٦٦) لە( ٢٤/١١/١٩٨٣ سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماریان لێ ئاگادار کردۆتەوە. ئەمەش ناوەکانیانە:


١.خورشید رشید سلمان ٢.احمد حدو محمد ٣. یاور علی محمد٤.یوسف فرخو محمد ٥. حسین عمر حسین ٦.محمود فقی محمد حسین ٧. حسین ملا حبیب عبدالرحمن ٨.عیسی محمد حسن ٩. جھور یونس ابراھیم ١٠.جزیری برایم محمد ١١. محمد ابراھیم محمد ١٢.نعمان شریف شمیرن ١٣.عزیز فقی سعید ١٤.خلیل تاھیر عبداللە.١٥.نیاز عزیز عبداللە ١٦. حاجی عمر عبداللە١٧.عوسمان حسن عوسمان ١٨.عزیز ملا عبداللە فقی ١٩.ابراھیم عوسمان حاجی ٢٠.علی قاسم علی ٢١.نزمی محمد محمدامین ٢٢. محمد تاھیر حجی ابراھیم٢٣.عمر احمد عمر ٢٤.حسن خالد ملا ٢٥.عیسی حسن شریف ٢٦.حسین عبدالحمن حسین ٢٧.تەھا محمد یوسف ٢٨. حسین محمد یوسف ٢٩. ایوب محمد عیسی ٣٠.مولود جوج مولود ٣١.محمد قرتاس سالح ٣٢. شیخ عمر باپیر ٣٣.خوشوی داود محمد ٣٤.شاکر خالد سالح ٣٥.عمر حدو محمد ٣٦.تاھیر عبدالرحمن علی ٣٧.حسین محمد حسین ٣٨.عزیز ابراھیم شێخو ٣٩.سلیمان سەبری عیسی ٤٠.عمر تاھیر عمر ٤١.حسین فقی محمد حسین ٤٢.نزھت شریف عمر ٤٣.ممو سەبری عیسی ٤٤.فریق ملمکو تاھیر ٤٥.حدو محمد احمد ٤٦.فرات ابراھیم باپیر ٤٧.عبداللە ابوبکر فتح اللە ٤٨.حسن محمد شیرو ٤٩.درویش عمر یاسین ٥٠.تمر محمود قرتاس ٥١.عبدالواحد عمر سعید -عەدالەت عومەرچالاک لە بواری ئەنفال و بێ سەروشوینەکان ٢٢-٧-٢٠٠٧ )).

لە بەڵگە نامەیەکی دیدا باسی ئیعدامی ٢٣ ھاووڵاتی ھاتووە :(( بەڵگەنامەی بریاری حوکمی لە سیدارەدان و دەست بەسەردا گرتنی سەروەت و سامانی سابر مستەفا محمد عبدالسلام بارزانی و (٢٢) کەس لە ھەڤاڵانی بە نووسراوێک لە سەروکایەتی (دادگای شورش) بە ژمارە١٤٤٦\ج\١٩٨٣ لە ٣٠\٨\١٩٨٣دەرچووە بۆ سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، کە بریاری گرتنیان لە لایەن دادەوەری لێکۆلینەوە سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئەمنی بەغدا دراوە، ھۆکاری گرتنیان بە مادەی ١٧٥و١٥٩و١٦٢\٢-٤٩و٥٠و٥٣ لە ق.ع لە داوایەک بە ژمارە١\٨٣ لە ٢٦\٧\١٩٨٣لە شیکراوەتەوە کە لە لایەن سیخۆرێک پێیان دراوە .


ئەم راپۆرتە باس لە شەری حاجی عمران –گردەمەند و بەشداری پارتی لەو شەرەدا دەکات لە ناوەروکی راپۆرتەکەدا دەلێت ":موتەھەم سابر مستەفا محمد عبدالسلام بارزانی لە ‌گەڵ کۆمەلێک لە تێکدەران کە سەر بە مسعود و ادریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سەرکردایەتییان داوەتە تێکدەران بەتایبەتی لەسەر ئەو جێگایانەی ستراتیژی و حەساسن و ئامادەکاری و ھاوکارییان لە بەغدا و ھەولێر لەگەڵ تێکدەران کردووە بۆ ھێرشکردنە سەر ھیزەکان لە کەرتی باکوور لە حاجی عمران لە رێگای مسعود و ادریس".


ھەروەھا ئەوانی بە ھەڵگرتنی چەک بەرامبەر بە ھێزەکانی چەکداری عێراق بە مەبەستی ھاوکاری ھیزەکانی ئیران بۆ گرتنی ناوچەی حاجی عمران تۆمەتبار کردووەو بە بەکرێگرتەی ئیران ناوزەدی کردون . عەدالەت عومەر-چالاک لە بواری ئەنفال و بێ سەروشوینەکان-لە زمانی بەڵَگەنامەکانەوە - بەشی سێیەم

ئایا پارتی چاوساغی کردبوو بۆ ئێران ؟؟

لە بەر ئەوەی ھێرشی حاجی ئۆمەران راستەوخۆ لە بەرەکانی جەنگ کارەساتی مرۆیی گەورەی لێنەکەوتەوە و تاکو پشکنینی بۆ بکرێت و بەشداربوان قسەیان پێبکرێت , یان ھێرشەکە بۆ سەر شارێکی قەرەباڵغ پڕ دانیشتووان ئەنجام نەدرا وەک ئەوەی لە ھەڵەبجە کرا , بەڵکە کارەساتی ئەم بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل و لە دەرەوەی بازنەی شەڕەکە پیادە کرا , لایەنی بەشداریش ئابلوقەی زانیاری و بەڵگە نامەو شایەدیدانی بەرپرسانی ئەو کاتی خۆی خستۆتە سەر و ڕێگا نادات ,ھیچ زانیارییەک سەبارەت بە سکانداڵەکانی ئەو کردە سەربازییە بڵاو ببێتەوە .


یۆست ھیلتەرمان شایەدی لە سەر ئەوە دەدات , کە پارتی چ وەک جەنگاوەر و چ وەک ھێزی ئیستیتلاع بەشداری ئەو شەڕەی کردووە, بەڕێزی دەڵێت :...بەو چەشنە لە ھاوینی ساڵی١٩٨٢دا جەنگاوەرانی (پدک) و ھێزی ئیستڵاعیان کەوتنە تەک ھێەکانی ئێران لە ھێرشکردنیاندا بۆ سەر حاجی ئۆمەران.بە دوای ئەم شەڕەدا ,کە تاڕادەیەک سەرکەوتنیان تێدا بەدەستھێنا, ئێرانییەکان چەند ھەوڵێکی تریان دا بە ھاوکاری (پدک),بۆ ئەوەی مەودایەکی قووڵتر بچنە ناو عێراقەوە.ھەموکات ئەم ھەوڵانە پێشکەوتنی بە دەست دەھێنا تا ئەو کاتەی لە ساڵی١٩٨٦دا,ھێزەکانی ئێران بە تەواوی گێڕدرانە دواوە – کارێکی ..ل١١٨.

ئەی بەرامبەر بەم پەلامارە ھاوبەشەی ئێران-پارتی ,ینک و حدکا چیان کرد؟؟؟

ئەگەر پەلامارەکە بە ناو وەک بەشێک لە جەنگی ئێران-عێراق و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە درێژخایەن و سەرانسەرییەکانی ئەو جەنگەدا بووبێت ؟؟ , وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا , ھەردوو لای پەلاماردەر ئامانجی دیکەیان لە لێدانی لایەنی کوردی ھەبوو , ئێران لە حدکا و پارتی لە حدکا و ینک .
بۆیە ھەر زوو لایەنەکانی بەرامبەر کاتێک ئامانجی پەلامارەکە زیانی پێ دوورینەوەو ترسی ئەوە دایانی گرت لە ناوچەی دیکەش درز بدۆزنەوەو ھەمان سیناریۆ دوبارە بێتەوە ,بۆیە ئەوانیش لە بەرامبەردا سیناریۆی پێچەوانەیان ئەنجامدا , بە ڕێک کەوتن لەگەڵ بەرامبەرەکەدا کە ئەویش بەعسە (( لە ٣١ ئاب سیناریۆی پێچەوانە ڕویدایەوە ینک بووە ھاوپەیمانی ئێران و پارتیش ئەوجارە عێراقی ھێنایە ھەولێرەوە )). ھیلتەرمان لەم بارەیەوە دەڵێت : لە تەموزی١٩٨٣دا,کە ھێشتا شەڕەکەی حاجی ئۆمەران ھەر بەردەوام بوو, فەرەیدوون عەبدوالقادری گەورە دانوستانکاری تاڵەبانی, کەوتە گفتوگۆی ناڕەسمی لەگەڵ ڕژێمداو کۆبوونەوەی لە گەڵ سێ بەرپرسی موخابەراتی عێراقدا کرد لە بنکەیەکی حدکا لە ناوچەی ئالانی ڕۆژئاوای سەردەشت لە ناو ئێراندا و دەست بەجێ بانگھێشتی بەغدا کرا, فەرەیدوون لە ماڵی قاسملوو لە بەغدا مایەوەو زنجیرەیەک لە گەڵ تاریق عەزیز و سەرکردە پایە بڵندەکانی تردا ئەنجامدا لە ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەردا –کارێکی ..... ل١١٩.

حاجی ئۆمەران دەرگایەک بۆ مفاوەزاتی ١٩٨٣ی ینک و بەعس.

بەم شیَِوەیە ئەم ھێرشە ھاوبەشەی پارتی و ئێران ,لە بەرامبەردا دژەکانیشی یەک خست و دەرگای بۆ ڕێککەوتنی ینک و بەعس خۆش کرد (( ھەرچەندە ھەندێک پێیان وایە ئەم پەیوەندییە پێشتر زەمینەی خۆشە کرابێت )) , کلیلی ئەو ڕێکەوتنە ھێرشی حاجی ئۆمەران بوو ,یۆست ھلتەرمان لەسەر زاری فەرەیدوون عەبدالقادرەوە دەگێڕێتەوە : (( لێرە بە دواوە پەیوەندیمان زۆر کۆک بوو, بەڵام کاتێ گەڕاینەوە بۆ بنکەکانمان لە دۆڵی جافایەتی, بە یەکترمان دەوت: بەڕاستی کورد بەد بەختە .ھەموو دنیا پشتی عێراق دەگرێت لە دژی ئێران, کەچی ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە پشتی ئێران بگرین لە دژی عێراق - کارێکی ...... ل١٢٤.

بەعس چی پێیان وت و چۆن ھەڕەشەی لێیان کرد ؟؟

بەعس لە دوای ئەو ھاوپەیمانییە نا پیرۆزەی نێوان پارتی و ئێران ھوشیاری دایە ھەموو لایەک , کە دەست تێکەڵکردن لە گەڵ ئێران ھێڵی سوورە بۆ ئەوان , ھەرچەندە کاک نوشیروان لە وەڵامی تاڵەبانیدا دەلێت : ئەو ھەڕەشەیەی تاڵەبانی باسی ئەکات ئەگەر بەو گەیشتبێت، بە من نەگەیشتوە، چونکە ئەو زەمانە بەعس ھیچ رێگە ‌پەیوەندیەکی لەگەڵ من نەبو تا ئەو ھەواڵەم پێ بگەیەنێ، ئاغای تاڵەبانیش شتی وای بە ئێمە نەوتبو.. ئۆباڵی گوێنەدان بەم ھەڕەشەیە، ئەگەر راست بێ، لە ئەستۆی ئەودایە.(( لە ھاوخەباتیەوە بۆ تەخوین-نەوشیروان مستەفا)).


بەڵام ھەر بۆ خۆی بەڕێز کاک نەوشیروان لە چاوپێکەوتنێکی پێشووتری پێش ئەوەی ئەم جەدەل و وەڵام و وەڵام کارییەی لە گەڵ تاڵەبانی ڕوبدات وتبووی : بە پێی قسەی نەوشیروان مستەفا ئەمینی جێگیری تاڵەبانی ( لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی١٩٨٣دا), تاریق عەزیز بە سەرکردە کوردەکانی ڕاگەیاندووە) (ئەگەر ئێوە یارمەتیمان بدەن ھەرگیز لە بیری ناکەین, بەڵام ئەگەر لە دژمان بووەستنەوە ئەوەش ھەرگیز لە یاد ناکەین و پاش ئەوەی جەنگ کۆتایی دێت, تێکتان دەشکێنین و ھەموو گوندەکان بە تەواویی خاپوور دەکەین ))-کارێکی ...... , ل١١٩.

ھاوپەیمانیەتیەکی سەقەت!

مەلە کردن بە پێَچەوانەی تەوژم , زۆر جار خنکانی کەسەکەی لێ دەکەوێتەوە , کوردیش بزووتنەوەکەی بەو ھاوپەیمانییەتییە بەتاڵبوەوە لە بیروباوەڕە ئازادیبەخشەکەی و لە بەرامبەر تەوژمی جیھانیش خۆی بینییەوە .


لە بیرمان نەچێت ,ڕۆژئاوا تا ساڵی ١٩٩١ بە بەھانەی مەترسی کۆمۆنیزم لایەنگری سەر سەختی ئاپارتاید بوو (( ئامەریکا, ئینگلیز ,ئیسرائیل ,فەرەنسا((١٩٨١)) , ریگان یارمەتی جەنگاوەرانی ئازادی ئەفغانی دەدا (( حکمەتیار و رەبانی )), لە بەرامبەر مەترسی سوور .بۆیە زۆر ئاساییە بە بەھانەی مەترسی پان ئیسلامیزمیشەوە پشتیوانی لە ئێراق کردبێت .بۆیە ئەم پەیوەندییە جگە لە ماڵ وێرانی ھیچی دیکەی لێ شین نەبوو .


راستییەک خۆی حەشار داوە , ئەویش ئەوەیە ئێراق چەند لە بەرەکانی جەنگ تێک دەشکا , ئەوەندە زیاتر خۆشەویست دەبوو لای وڵاتان و پشتیوانی سەربازی و دارایی و دیبلۆماسی زیاتری لێدەکراو خێر و بەرەکەت بۆی دەباری , ھەمووکارَکی چاوی لێدەپۆشرا , بەکارھێنانی ھەموو چەکێک بۆی حەڵاڵ کرا (( . ... عێراق ڕۆڵێکی بە کەڵکی دەبینی بۆ بەردەوامی پێدانی ھاوسەنگیی ھێز لە کەنداودا ,لای کەمەکەی شۆڵز لە پایزی ساڵی ١٩٨٣ ەوە دەیزانی کە عێراق چەکی کیمیاوی بەکار دێنێ – کارێکی کیمیاوی , ل٢٨٩ )) .


(( مافی مرۆڤ و بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی بە ڕێی خۆیان لە زۆر لایەنەوە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئەوانەی ئێراقدا ھاوتەریبن " لە یاداشتێکی نھێنی ئەمەریکییدا نووسراوە ""بەشی ١٥ ئامەریکا و ئەنفال".(ئەنفال و ئامەریکا-سەمانسا پاوەر –و.بەختیار کەریم –بەشی ٢١ "کۆتایی "-٢٤-٩-٢٠٠٦ دەنگەکان ).


ئا لێرەوەیە , ئەم لایەنە سیاسییانە ھەر جارەی یەکێکیان , دوایش بە جووتە وچوار قۆڵی (( ینک,پدک,سۆسیالست, بزوتنەوە)) کورد گورگان خواردی دەکەن .
خۆشیان ئەوەیان ھەر لە سەرەتاوە زایووە (( فەرەیدوون عەبدوالقادر دەڵێت: کاتێ گەڕاینەوە بۆ بنکەکانمان لە دۆڵی جافایەتی, بە یەکترمان دەوت: بەڕاستی کورد بەد بەختە .ھەموو دنیا پشتی عێراق دەگرێت لە دژی ئێران, کەچی ئێستا ئێمە بڕیارمان داوە پشتی ئێران بگرین لە دژی عێراق-کارێکی کیمیاوی ,ھیلتەرمان )).


تاَڵەبانی کە بۆ خۆی دواترسەرکردایەتی شەڕی ھاوبەشی ئێران-ینک ی کرد لە داستانی ڕزگاری دەڵێت : لەناو ئەو کێشمەکێشە سیاسی و فکرییەدا، سەرەڕای ئەوەی تاقیکردنەوەی زۆرمان لەگەل سەدامییەکاندا ھەبوو، بەتایبەتی سیاسەتی سەدام لەجەنگی عێراق-ئێراندا، سروشتی فاشیانەی رژێم ئاشکرا دەرکەوتبوو، دەریش کەوتبوو کە ئەم فاشیستانە لەھیچ تاوانێک نەدەسڵەمینەوە، مفاوەزاتەکەشمان لەگەل رژێم ساڵێک بوو بەھۆی شۆڤێنیەتی بەعسی سەدامی و تەکنەلۆژیای جەنگی و فشارە ئیقلیمیەکە، شکستی خواردبوو، ئەو ھەموو راستیانەمان دەزانی، بۆیە دەبوو ژیرانەتر ھەڵبسوڕێین و کەمترین پاساو بدەینە دەست فاشیەکان، کەچی لەوکاتەدا، نەک نەمانتوانی جیاوازیەکان و ھەڵەکان سەبارەت بە سکرتێری کۆمەڵە کەم بکرێنەوە، بەڵکو ناوبراو ناکۆکیەکانی لە مەیدانی سیاسەتو فکرەوە، گەیاندە ئاستێکی ترسناک، ئەویش بواری عەسکەرییە، دەقی تەواوی قسەکانی تاڵەبانی لەسەر نەوشیروان مستەفا بڵاوکرایەوە-٢٦-١٢-٢٠٠٩.


ھیومان ۆچ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیاندا ھۆکاری کۆمەڵکوژی بارزانی و ئەنفالکراوەکان بە ھاوشێوەی یەکتر دەناسێنن : لە گەلێ ڕوەوە , عەمەلیاتی ساڵی ١٩٨٣ ی بارزانییەکان دەسپێکی ئەو تەکتیکە بوو کە لە مەودوا بە ئەندازەیەکی ھێجگار گەورەتر لە سەردەمی پەلاماری ئەنفالدا بەکارھات ٥ .


لە ڕوی مۆتیڤ و چارەنووسی مرۆڤەکانەوە .


نەک ھەر ئەزموون لە ڕابردوو وەرنەگیرا , بەڵکە دواتر ویستیان مێژوو دوبارە بکەنەوەو شان بەشانی ئێران ھێرش بکەنەوە سەر ھەمان دەڤەر ( لە نێوان قەڵادزێ و ھەڵەبجە و حاجی ئۆمەران سەرکردایەتی لەسەر ھەڵەبجە گیرسایەوە) (کارێکی ژەھراوی-یۆست ھلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنە - ل ١٤٨ )) .


بێشک ھەموو سیاسییەکانی ئەو کات , ئەوانەی بەشداری ئەو گفت و گۆیانە بوونەوسەپرتیانکردووە و واژۆیان لەسەر پەیماننامەی شەڕە ھاوبەشەکان کردووە , یاخود فەرماندەی مەیدانی بە پراکتیزە کردنی ڕێککەوتننامەکان بوونە , یان لە بڕیاری سیاسیدا بوونەو نقەیان نەکردووەو سەری ڕەزامەندییان بۆ لەقاندووە , دەبێت ھەموو بە کۆمەڵ , ئاوی ئەو بیرە نۆش بکەن , کە بۆ یەکیان لێ داوە , بەشی خۆیان لەو سکانداڵە سیاسییە بخۆنەوەو لە کێڵگەکەی پشکی خۆیان بدورنەوە . ئەوەی رونە بردنەوە ھەزاران باوکی ھەیە ,دۆڕانیش زۆڵە و ھەموو باوکەکان خۆیانی لێ بێ بەری دەکەن.

کەی دان بە ڕاستییەکان دەنێن؟

نابێت مێژوو , بەتایبەت ئەو چرکە ساتانەی خوێنی قوربانیانیانی لێ دەتکێت , لە خزمەتی سیاسەتی باڵادەستدا بنووسرێتەوە , نابێت مێژوو نووسان و توێژەرەوان بە پێی ڕەوتی ئاو مەلە بکەن , مێژوو وەک ئەوان چۆنن دەنووسرێتەوە, نەک ئەوان چۆن سەیری خۆیان دەکەن وگەرەکیانە, ئێستا پێوستمان بە مێژووە ڕاستییەکەیە بنووسرێتەوە, پێویستە مێژووە تاڵەکان ,ئەوانەی پڕن لە ھەڵەو تێکشکان وەک خۆی باس بکرێت , ئەگەر باسکردنی تاڵییەکە بە نرخی ژیانیش تەواو بێت .نەک چیرۆکی خەیاڵی لە خزمەت سیاسییەکان بھۆنرێتەوە .مێژووی ئێمە پڕە لە فەزیحەی سیاسی , فەزیحە تەنھا کارە ژێر بە ژێرەکان نییە ,بەڵکە ئەو کارانەیە بە ئاشکرا کران وکەسیش باسیان ناکات .


٢٧ ساڵە ئازاری ویژدانی خۆیان ئەدەن ,لەبەر ئەوەی دان بە راستییەکانی ئەم ھەڵەیە نانێن و ڕاستییەکان ئازاد ناکەن, ھێزی ئاشتی پارێزی ھۆڵەندی تەنھا کەمتەرخەمی کردووە لەپاراستنی بۆسنییەکان , دادگایی دەکرێن بە تاوانی جەنگ .


تا ئێستا ئینکاری ئەم ھەڵە گەورەیە دەکرێت , ئەمە پێویستی پێداچوونەوەی ویژدانە ,پێویستی بە نەعلەت بارینە لەو شێوازە کارە سیاسییە.


شکستی کورد تاکو ئێستا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە , کە ئەزموون لە ڕابردووە تاڵەکان خۆی وەرناگرێت , بەڵکە دەشیان شارێتەوە و زانیارییەکان زیندانی دەکات, دواجار لەچرکە چارەنووس سازەکاندا دوبارەیان دەکاتەوە .ڕەوایەتی دان بە ھەڵە مێژوووییەکان , پاکانە ھێنانەوە بۆیان و دان نەنانە بە ڕاستییەکان , ڕەوایی دانە پێی و تاوانی مەزنە بەرامبەر بە مێژوو و قوربانیان .


با درۆزن نەبین بەرامبەر بە مێژووی رابردووی خۆمان , باجی ھەڵەیەک نەدەین بەرپرسیارییەتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆی کەسانێک , ھەموو مێژووی خۆیان بەپاکیزەیی دەناسَنن و ھەڵە لەڕابردوویان وجودی نییە.


سەرکردایەتی کورد ناوەندی یادگەی کورت بینە,ھاوکات لە شاردنەوەی راستییەکان و دوبارە کردنەوەی سکانداڵەکان شارەزایە.


با لە زمانی بەڵگەنامەکانەوە , لە راستی واقعی ئەو رۆژگارەوە قسە بکەین. وتنی راستییەکان و دان نان بەھەڵەکانی ڕابردوو , قسەکردن لە پێگەی حەقیقی خودەوە , داوای لێبوردنکردن لە قوربانیان و قەرەبووی زیان لێکەوتووان ئەرکی لایەنە بەر پرسەکانی ئەو کاتە .زیان لێکەوتووانی ھێرشی حاجی ئۆمەرانیش گوندنشینانی ناوچەکە , بنەماڵەی ٨٠٠٠ بارزانییە . (( سەرکەوتوترین کەسانی دنیا ئەوانەن لە ھەموویان زیاتر وەڵامی ڕەد بیستووە -ل٢٧٧,سەرکەوتنی بێ سنور لە ٢٠ ڕۆژدا-ئەنتۆنی رابینز,و.عەبدوڵای حەسەن زادە -٢٠٠٩چاپخانەی ڕۆژھەڵات )) , وەلێ سەرکردەکانی ئێمە نایانەوێت وشەی ڕەد و وەڵام ببیستن.


پارتی ناتوانێت بە پاساوی بارزانی بوون خۆ لە داوای لێبوردنکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەو ٨٠٠٠ بنەماڵەیە دەر بکات , کێشکە کێشەیەکی ئەخلاقی و ویژدانی و یاساییە نەک عەشایەری . پێویستە بەرپرسیارَتی پەلاماری حاجی ئۆمەران لە لایەن پارتییەوە بگرترایەتە ئەستۆ ,بۆ ئەوەی لێوەی فێر بونایە و دوبارەیان نەکردایەتەوە , وەک بینیمان کە کردیان و دوبارەشیان کردەوە , وەکئەەی فرچکیان پێوەی گرتبێت.


ئەزموونی سەرنەکەوتوو پێویستی بە شیکردنەوە ھەیە نەک شاردنەوە وداپۆشین ,پێویستە لێکدانەوەی ھەمەلایەنەی لەسەر بکرێت , پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە شکستخواردووانەی رابردوو بکردرێت ,ھەموو ئەزموونێک بە نرخە بۆ مرۆڤایەتی ئەنجامگیری لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لە سەری, شیکردنەوەی ئەزموونەکان رابردوو باشتر کەسە سەرکەوتوو و شکست خواردووەکان دەناسێنێت بە مێژوو .


شکست ھیچ کات لە ئاسمانەوە نابارێت , ھەموو کات ئاکامگیری کارە ((ناپلیۆن ھێل دەڵێت : سەرکەوتن جار جارە بە ھەل دەڕەخسێت, بەڵام شکست و دۆڕان ھۆکاری ھەیە ,کەواتە دەبێت ھۆکارەکانی شکست و دۆڕان لە خۆماندا لە ناو ببەین (( ل٤٦-٤٧ - زیادکردنی توانای زیرەکی –ئاوات نەسرواللە-چاپخانەی چوار چرا-٢٠٠٩ )) , بەڵام سەرکردایەتی کورد ھەڵەکان لەناخی خۆیاندا ,لە رەحمدانی سیاسییان پەروەردەی دەکەن.


ھیچ تاوانێک لە گەڕان و خوێندنەوەی نوێ و ڕەخنە گرتندا نییە بۆ کارەساتەکانی رابردوو ,بەڵکە شاردنەوەیان تاوانە بەرامبەر بە مێژوو . گرنگترین ڕێگا بۆ گۆڕینی شکستەکان بۆ سەرکەوتن ئەوەیە ھەڵەکان خەینە ژێر پرسیارەوە .


بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین , پێویستە بەردەوام کارەکامان ھەڵسەنگێنین وراڤەیان بکەین و رۆچینە بنج وبناوانیانەوە (( یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ھاوبەشی مرۆڤی سەرکەوتوو, ھەڵسەنگاندنی ھەمیشەیی و نایابی ئەوانە (( ل١٧٢.ھەنگاوی بچووک بۆ سەرکەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز , و.محەمەد شەھدی -دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ڕۆژھەڵات ٢٠١٠ )) .


ئەگەر ھەڵسەنگاندن بۆ ھێرشی حاجی ئۆمەران بکرابایە ,ئەنجامەکانیان بزانیایە , چما جاریکی دی نغری ھەڵەو کەمو کوڕی نابونەوەو گەلیان تووشی ئەو ھێدمەگرتنە ناکرد , ئەوا ھەمان ھەڵە لە ئەنفال و ھەڵەبجە بە کاری ھاوبەش لە گەڵ ئێران دوبارە ناکرایاتەوە ,کورد وتوویەتی (( ئەگەر یەکەمجار تووش بووم خوا خەتا بارەکەم بگرێت, ئەگەر جاری دووەم تووش بووم خوا خۆم بگرێت. )) .


دەتوانرێت کەوتن و ھەڵەکان بگۆردرێن بە سەرکەوتن , ئەگەر مامەڵەی بەرپرسانەی لە گەڵدا بکرێت (( سەرکەوتن ئەنجامی بڕیاری باشە, بڕیاری باش ئەنجامی ئەزمونە و ئەزمونیش بەردەوام ئەنجامی بڕیارێکی خراپە - ل١٠. ھەنگاوی بچووک بۆ سەرکەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز ,و.محەمەد شەھدی -دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ڕۆژھەڵات ٢٠١٠ )) .


جۆرج سانتیانا ڕاستی کرد کە وتی(( ئەو کەسانەی کە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە کردنەوەی - ل١٣٢.نھێنی سەرکەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محەمەد شەھدی ,دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژھەڵات ٢٠٠٩ )) . ڕێک ئەو وتەیە لە کوردستاندا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە ,کارەساتەکان وەک خۆیان دووبارە و دەبارە دەبنەوە .

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک