شەرم لە جگەرەکێشان و بەحیزبیبوون هەنگاونانە بەرەو گۆڕان.
ئیسماعیل عهبدولڕەحمان
لەوانەیە بڵێن جگەرەکێشان و حیزبایەتى چ پێوەندیان بەیەکەوە هەیە ، بەڵام گەر لەڕوى زەرەرو زیانەوە باسیان بکەین بۆ تەندروستى کۆمەڵگا لەوانەیە تەواو لەیەک نزیکبن ، چەند ساڵێک بەرلەئێستا باوبوو دەیان وت جگەرە گوڵى مجلیسە، ئەرێ دانیشتنێک لەناو چەڕە دوکەڵى جگەرەبێ و جگەرەش بەگوڵ دابنرێت، ئایا ماناى ئەوپەڕى دواکەوتویى ئەوخەڵکە نییە کەبەوشێوەیە بڕواننە جگەرە؟ هەر ئەو بیرو هزرە دواکەوتوەى کۆمەڵگا بوو لەناو کۆڕو کۆبوونەوەو پرسەکاندا چەندین جۆرى جگەرە لەسەر سینى دادەنراو وەک ئاو و شیرنەمەنى پێشکەش بەمیوانان دەکرا، جگەرە لەناو پاس و لەزۆر شوێنى قەڵەباڵغ دەکێشراو بێ ئەوەى کەسى جگەرەکێش هەست بکات کەئازارى خەڵکانى دەورو بەرى دەدات ، بۆیەش جگەرەکێش هەستى بەوەنەدەکرد کەخەڵکى دەوروبەرى ئازار ئەدات ، چونکە سەردەمەکە سەردەمى باوى بەگوڵدانانى جگەرەبوو لەلایان جگەرە کێشەکانەوە ، کەچى دواى چەندین ساڵ خوگرتن بەو خەسڵتە دواکەوتوەوە بەهەوڵى کەسانى دڵسۆز بۆ تەندروستى و سەلامەتى کۆمەڵگا توانرا هزرو بیرە چەقبەستوەکان بجولێندرێن بەرەو گۆڕان و تێگەیشتن لەسەلامەتى و تەندروستى ژیانى خەڵک ، بۆیە گەیشتینە ئەم سەردەمەى ئێستا کەجگەرە نەک بەگوڵى مجلیس دانانرێ بەڵکو بەژەهرى ناو مجلیسە و کێشانیشى لەجێگاى قەڵەباڵغ بۆتە عەیب و ئەو کەسەى جگەرە کێشیش بێت گەر تۆزێک ژیربێت و هەستبکات خەڵکى ئەزێت ئەدات ئەوە لەناو خەڵکى جگەرە داناگیرسێنێ و بگرە جگەرە کێشانیشى پێ شورەییە لەشوێنە قەڵەباڵغ و گشتیەکان، چونکە باوى ئەوسەردەمە دواکەوتوە نهماوە خەڵکى بەجگەرەکێشان خۆیان بەپیاوبزانن.
لەدواى ڕاپەڕینیش بەهەمان شێوە بە حیزبى بوونیشیان بۆ هەرکەسێک کردبووە پێوەرى گیانى شۆڕشگێڕى و نیشتیمان پەروەرى و کوردایەتى ، ئەوەى حیزبى نەبووایە نەى ئەتوانى گیانى خەباتگێڕى و نیشتیمان پەروەرى خۆى بسەلمێنێت و بڵێت منیش گیانى کوردایەتیم هەیە و خەباتم کردوەو خاوەن قوربانیم ، چونکە خەباتکردن و کوردایەتى و قوربانیدان هەموى پەیوەستکراوە بە حیزبى بوونەوە ، بۆیە خەڵکە ناپاکەکان زو جێگاى خۆیان کردەوە لەناو حیزب و بە حیزبى بوونى خۆیانەوە توانیان منەتى کوردایەتیمان بەسەردا بفرۆشن وەزۆرچاکیش دەیانفرۆشت و باشیش بۆیان دەفرۆشرێ، چونکە پێوانەى فرۆشتنى کوردایەتى تەنیا بە ڕوبەى حیزبە لەکوردستان ،جابا بۆ هەرجۆرە دوژمنێکى گەلى کورد و کورد کوژەکانیش بێت ، لەبەرئەوەى ناپاکان بوونە ڕۆڵەى حیزب ئەوە دەتوانن ڕابردوى کورد کوژیان بەکوردایەتى بۆ حساببکرێت ، هەر لەبەرئەوە بیرو هزرە دواکەوتوەبوو زۆرینەى خەڵکى ئاسایی چەک و تاقمى هەشت مەغزەنیان لەخۆیان دەبەست و بۆ پیاسەى ناو بازاڕو بۆ سەردانى یەکتر دەچون وەک ئەوەى بەرەو مەیدانى جەنگ بچن ، هۆکارى چەک هەڵگرتنی خەڵکیش بەو شێوە ناشرین و ناشارستانیە تەنیا بۆ ئەوەبوو هەرکەسەو لەڕاست خۆى خۆی بە حیزبى بوون دەربخات و بڵێ ئەوەنییە منیش کوردایەتیم کردوە.
هەر ئەو هزرو بیرە حیزبیە دواکەوتوە بوو بازاڕى چەک و تەقەمەنى گەرم کردبوو لەکوردستان، کەگەورەترین بازاڕى چەک و جبەخانە لەناوەڕاستى بازاڕى پایتەخت بوو، هەمولەبیرمانە چەک هەڵگرتن چەندە باوى هەبوو ئەوکاتى چەک و مەخزنى حەفتاو پێنجى بۆ هەموکەس ئاسایى بوو بێئەوە کەس هەست بەشورەیى بکات، کەواتە چەک و مەخزەن هەڵگرتن ئەوکاتى ئاسایى بووبێ ئەوە خۆبە حیزبى دانان لەڕێکخستنەکان هەر شانازى بوو، بۆیە بارەگاى حیزبەکان جمەى دەهات لەخەڵکى ، کەچى پاش چەندین ساڵ بەو بیرکردنەوە دواکەوتوە سەقەتەوە ، ئینجا بەهەوڵى دڵسۆزان و ڕۆشنبیران خەڵک گەیشتە تێگەیشتنێکى وا کە بۆى دەرکەوت کەچەک هەڵگرتن کارێکى ناشارستانى و ناشرینە و لەگەڵ خەسڵەتى مرۆڤى ژیر ناگونجێ ، بۆیە لەم سەردەمە زۆر بەدەگمەن کەسێکى ئاسایى دەبینى چەکى هەڵگرتبێ، چونکە بەڕاستى بۆتە عەیبێکى زۆر گەورە بۆیە خەڵک خۆى لەم دیاردە ناشارستانیە دەپارێزێت و کەس ئامادەنییە چەک لەشانبکات و بەناو خەڵکیدا بگەڕێت ، چونکە خەڵک بەچاوی سوک و بەئەقڵى لەدەستچو سەیرى دەکەن، ئەوە ماوەى چەند ساڵێکە چەک هەڵگرتن بۆتە عەیب ، بەڵام ئێستا سەیردەکەى خەڵکى پێى عەیبە بە حیزبیش بناسرێ، زۆربەى خەڵک لەوسەردەمەدا خۆى بەدوردەگرێت لە حیزبى بوون چونکە ئاشکربووە کە حیزب بۆ هەمو کەسێک نییە تیایدا بەشۆڕشگێڕدەرکەوێت، بەڵکو حیزب بۆ خەڵکانێکە گیانى خۆپەرستى هەبێت و وەک جگەرە کێش ئاسا باکى بەئازاردانى دەورو بەرى نەبێت ئینجا سودمەند دەبێت لەلایان حیزبەوە.
بۆیە حیزب ڕۆژ بەڕۆژ وەک جگەرە ئاسا زەرەرو زیانەکانى دەردەکەون لەبەرچاوى میللەت، بۆیە ئێستا زۆربەى خەڵکى گەربیانەوێ گیانى نیشتیمان پەروەرى و کوردایەتى خۆیان دەربخەن و خۆیان بەپیاوى چاک و دڵسۆزى گەل و وڵات نیشان بدەن ئەوە لەسەرەتاوە خۆیان لە حیزبى بوون بەدور دەگرن چونکە حیزبى بوونیش لەو سەردەمە وەک جگەرە کێشانى ناوپاس و پرسەکان بۆتە عەیب ، لەبەرئەوەى چۆن جگەرە کێشان زەرەرو زیان بەتەندروستى مرۆڤ دەگەینێ ئەوهاش حیزب زەرەرو زیانى گەورە بەحکومەت و یەک ڕیزى میللەت دەگەینێ، کەواتە هەستکردنى جەماوەر بەزەرەرو زیانى حیزب و شەرمکردنیش لە بە حیزبى بوون لەم سەردەمە ئەوە خۆى لەخۆیدا سەرەتاى بەرەو گۆڕانە بەرەو تەندروستیەکى باش دور لەچڕە دوکەڵى جگەرەو بە حیزبى بوون.
ary_esmail@yahoo.com
|