شەڕکردن لەگەڵ
مەرگ!

بەشدار عهلی
ئەو بەساڵاچووە کە لە پشتەوەى مێزێکى بچوکى پاکەت و شقارتە فرۆشتنەوە
خەو بردوویەتیەوە وچاوەڕوانى کەمترین دەسکەوتە،چەند ساڵێک بەر لە ئیستا
کە ووزە و تواناى هەبووە لە پێشەوەى سەنگەرەکان بووە بۆ ئازادى و
بەختەوەرى خۆى و دەووروبەرەکەى،کەچى ئیستا نەک فەرامۆش کراوە بەڵکو هەر
ناچار بە مەرگ کراوە،سەربارى دەیان نەخۆشى دەبێت چەند پولێک بۆ ماڵ و
منداڵەکەى پەیدا بکات.ئگەر نا، نانى شەوانیان نیە و دەبێت بەبرسیەتى
مناڵەکانى بخەون.
کەم نین ئەو کەسانەى کە رۆژانە خۆزگە بە مەرگ دەخوازن کە زوو فریایان
کەوێت ولە ژیانى نێو ئازار و کێشە چارەنەکراوەکان رزگاریان بێت،کەم نین
ئەو کەسانەى کە رۆژى دەیان جار دەمرن و دەژیێنەوە.ئێوە سەیرکەن چەندە
ئەستەمە ئینسان خۆزکە بە مەرگ بخوازێ!دەبێت ئەو هۆکارانە چى بێت کە
مرۆڤ خۆشترین ساتەکانى تەمەنى بە ئارەزووى خۆى کەم بکاتەوە؟
ئاخر کاتێک کە مرۆڤ ناچار بە نەبوونى سەرەتاترین پێداویستیەکانى ژیان
کراو(نان و ئاو و شوێنى خەوتنى)ى لێکرا بە کێشەو رۆژانە دەیان رۆتین و
گەندەڵى نایەکسانى و ناعەدالەتى لەبەر چاوەکانى گوزەرى کرد،درێژەدان بە
هەناسەدانى ئەو تەنها کوشتنێکى لەسەر خۆیە،کاتێک هەموو داهاتەکاتى
کەوتە بەر دەستى کۆمەڵێک خەڵک و کەمترین ئاستى ژیانیان پێڕەوا نەبینرا
و ناچار بە هەموو جۆرە کارێک کرا،مانەوەى ئەو تەنها قوڵکردنەوەى کێشە و
گرفتەکانە.
کێشە گەلێکى زۆرى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و کەلتورى و
دەروونى کۆمەڵگاى کوردستانى داگرتووە و پێویستى بە گۆڕانى خێرا هەیە و
مەترسى لەسەر ژیانى زۆربەى هەرە زۆرى خەڵکى کوردستان دورست
کردووە،لەسەرووى هەمووشیانەوە نەبونى سەرەتاترین پێداویستى و
خزمەتگوزارییەکانى ژیان و گەندەڵى و نایەکسانى و نەبوونى یاسا و
دەستورێکى سەردەمى و مۆدێرنە کە هەموومان لە ماف و ئازادییەکان
بەهرەمەند بین و کۆتایى بەم ململانێیە بێت لەگەڵ مەرگ و ژیان!
ئەمە ئەرکێکە بە زووترین کات دەبێت حکومەتى هەرێم و دەسەڵاتداران پێى
هەڵسێن،داهاتى ئەو وڵاتەش هێندە زۆرە بەشى هەموومان دەکات بە زیادەوەش
ئەگەر کەمێک لە زیادەرۆى و زیادکردنى کۆشک و کۆمپانیا و کۆگا و کارگە و
سەیارەکانى خۆیان بگرنەوە.
|