په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٣

    شەڕ لەگەڵ دۆزەخ.


یوسف خەلیل

ئەم شەو
لە هیچەوە هاتمەوەو پەپوولەکانیش
هەواڵم دەپرسن و شەوچەرەی میوانی سەرەڕێم
پێ‌ ئاشنا دەکەن
پریاسکەیەک لە پێکی فەل لەگەڵ شەرابێکی پەمەیی
دەکەنە هەناومەوەو بەرەو سەراب بەڕێم دەکەن
منی بێ‌ نەواش بێ‌ پەروا ئێشکگری خەونەکانم و
لەگەڵ نەورەس دا لە شەقەی باڵ دەدەم
ڕۆدەچمە نێو دەریا و لەگەڵ دۆلفیندا دەبینە کاندێش و
گڵکۆکانی سیمای ئەفسانەت
دەکەمە توێشوی ڕێ‌ و وێڵ بوونی تنۆکی دیدە
چبکەم دڵۆچکەم بێ‌ سینەی وەهمت ئارام ناگرێ‌
فرمێسکم بێ‌ پەروا
وەک ژنانی ئێرە ... چۆڕاوگەی بەستووە
ئامێزم وەک جەستەی سۆزانیەکان خرۆشاوە
چۆن ئاوێزانت ببم و دووا دڵۆپی هەناوم ڕۆکەمە
نێو هەنسکی گەرم و گوڕ و قڵیشاوەکانت
تا ئارام بگرم لە کەنارت
هەناسەکانم .. هەنسک ناکەنە کانیاوو
چاوێلکەی هزرم نابنە ڕووبار و
دڵەی شەیدام بەبەرکوڵی یەکەم ماچ ئاشت نابنەوەو
خورپەکانم دەبنە زەریا و هەمیشە چڕ دەبنەوە
بەڵکو پەی بە نهێنییەکانی گومان ببەن و
بەیەقینی شتەکان بگەم و
بەرکوڵ شێتم کاتەوەو ئارام بگرم
منی مردوو بێ‌ گیان شەپۆل دەم با و
تاڤگە دەمهێنێتەوە بەرەو کەناری خۆزگە
لە خۆشم بە گومانم
دەڵێن گڕت گرتووە.. دەتاوێ‌ سەربنێ‌ بە دڵمەوە
بزانم دەتوانیت لە سۆزم بگەیت .. چۆن بڵێسەی سەندووە
تا لێوەکانت بێ‌ ماچ نەبن و
بە سوراوی دەستکرد لە خشتەم نەبەیت
لێم مەگرە
گەر سەنگی بڕوام هاوسەنگ نابێ‌
دەمەوێ‌ هەمیشە ئێوارەکانی پاییز
لەگەڵ سەمای بەفردابن
تا لەگەڵ پڕوشەی خواستەکاندا تێر شەونمی
ڕۆژگار بنۆشم و چاوێک لێک نێم
بەڵکو بگەمەوە جوانی ژییان و
تاوێ‌ ئۆقرە بگرم
هەمیشە شەپۆل لە شۆڕشدایە و دەریای
لە خامۆشی ڕزگار کردووە تا نەمرێ‌
وشەی هزریش .. دەبێ‌ لە باڵەفڕێدابێ‌
تا لەگەڵ هەورەکان ئاشنا ببێ‌ و بە باران
گەرما لە خشتە بباو دەرونی بەتاو هێور کاتەوە
بەڵکو شەماڵ لە دایک بێ‌ و زوڵفت بژاکێنێ‌
لەنجە و لار سەرتاپای باڵات لە خۆ بگرێ‌ و شاگوڵی جوانیت
منی بەندە بتاسێنێ‌
ئێدی لەگەڵ ئاوازی پەپوولە گوڵەکان بەسەر دەکەمەوەو
بە ماچ دەیانلاوێنمەوە
بە ڵکو هەڵاڵە کانیان ببەخشنە تۆو
دووا نامەی دێوەرەیەک
بگەیەننە ژێر ساباتی هەنسکی بێ‌ پەروا ئاڵت.


Yousif_kazh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک