٢\١١\٢٠١١
''شێرۆ''ی کوڕی گه‌ڕه‌کم.

خوناو
سمایل
ده‌مه‌وعه‌سرێکی هه‌وراوی مه‌یله‌و تاریکه
و تازە بارانەکەی ڕاگرتیە. هەرله نێو جێگایەکه‌ی تاقه‌تەکی دا بەر خۆی
و بالیفه‌که‌ی بن سه‌ری به‌دیواری به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌که هه‌ڵپه‌سارد
و روو له‌ده‌رگای حه‌وشه‌که دانیشت.
کۆخه‌کەی ئەوجارەشی هێندە بە تین بوو دەتگووت خوێنی دڵە سوارەکەی هەر
هەموی گواستەوە سەر لێوانی وسۆر و مۆری هەڵگەڕاند. ئححە .. ئحح و کخە
کخی قوڕگە ماندووکەی نگوومی نێو ئەو پەڕۆیەی ژێر بالیفەکەی کردوو
دەنگەکانی تێیدا خنکاندن.
له‌ولاێهێش منداڵەکان به‌روسنگیان وێکهێناوەته‌وه وله‌ژێر لێفە
شڕەکانیان له‌خه‌وێکی قورسدان. "کنێریش" هه‌رلە دوای نوێژی عه‌سر و هەر
به به‌رماڵه‌که هەردو لاقانی داپۆشی و له‌ته‌ک منداڵه‌کان لێی ڕاکشا.
ژێرئەو بەرماڵەی سەر قاچانی" کنێر"ی لەسۆبەی قولینچکه‌کە، کە ماوەیەکە
له‌به‌ر بێ نه‌فتی ته‌نیا دانێک دایده‌گیرسێنن، سارد تر دێتە بەر چاو.
دانی ئێوارانیش ئێستا ئاسا خۆیان ماتی نێو نوینه‌کان ده‌که‌ن
هەتاچاوانیان پوت دەبن و دەکەونە خەو.
زێدە خه‌مێکی یەکجار زۆرتر سواری سه‌رومێشکی ده‌بێ، که چاوی به‌و قۆڵ
و باسکه ره‌ق و ته‌قه‌ی ده‌که‌وێ پێی وایە " کنێر" ئێستا له‌هه‌ر
کاتێکی تر زیاتر ماندوو بوونی پێوە دیاربێ. تووڕه‌ییه‌ک نیوچەوانی گرژ
ولۆچن وێک هیناوە و نەفەسی ئاخێکی لەگەڵ دوایین قونکی جگەرەکەی مای بوو
هەڵکێشا لە دەست رۆژگاری ئه‌و چه‌ند ساڵەی ئەو دواییە، کە چ دڕندەیه‌کی
بێ تاک و تەرا بووه‌و ڕومەتەکانی "کنێری"وەک ئێستا وا قۆپاندووە!
تەمەشا ..روخساری " کنێر" چی لە ڕەنگ و روخساری مردووی قەبرستانان
جیاوازترە!؟
بە شایەتی مامان و دراوسێیان "شێرۆ" له‌دوایین فیزاحی هه‌موو زگ و
زارێک، بە کەس بەرزەفت نەدەکرا وملی به ژۆرەکە دەناو تاوی تەختی نێوچه‌وانه
تەڕە پڕ ئارەقەی که‌ی" کنێر"ی دەداو ماچێکی گەورەی لێیده‌کرد. حەمدانەی
ئەو خوایەی دەکرد کە کنێری لە دەست ژانان نەجات داوە. هەردەمیش پێی
وابووە کە جوانی "کنێر" لە دوای منداڵ دانان و بارسووکبوونی له‌هه‌ر
وەختێکی دی ته‌نکترو جوانتردەردەکەوێ.
شریقه‌ی گه‌واره‌یەکی توڕە و بریسکایی چەند هێلێکی باریکی شین و سۆری
کارەبایی تێک قژقژان و ئاوه‌دانییه‌کی ترسناکیان خستە ئه‌و به‌روحه‌وشه
بێده‌نگه.
ده‌تگوت ئه‌وڕۆ لە ڕۆژان باشترە؟!!
هەرچەندە هەستی به‌له‌رزە لەرزی چۆکانی دەکا، بەڵام حەزی ڕاست بونەوەشی
لە خۆ نەرەواندەوەو شنگ و تینەکی دایەوە بەر خۆ وهەستایەوە . دەستی لۆ
سۆبەکه برد... بە بێتاقەتیێک بەرزی کردەوە یه‌ک دڵۆپ نه‌فتی تێدا
نەمابوو. ده‌رگای ژۆره‌که‌ی له‌دوای خۆی ڕەپێش کردەوەو ده‌ببه به‌تاڵه‌که‌ی
ئەو سەری حەوشەکەی هەڵگرت و بە شه‌قاوی هێواش هێواش لە سەرێکی کۆڵانەکە
بەدەر کەت.
ماوەیه‌که له‌به‌ر نه‌خۆشی له‌کوچه‌و کۆڵانان نادیترێ. خه‌ڵکەکەش یان
ئه‌وه‌تە هەنده ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه که نه ره‌حم و نه پیاوه‌تی و
نه کاتی سه‌ردانیان ماوه ...یانیش هێندە هه‌ژارن وه‌ک خۆی ئاسا له
ده‌ست ده‌ردو به‌ڵاو نه‌خۆشی که‌متر سه‌رو سه‌لیقه‌ی یه‌کتریان هه‌یه‌و
که‌س سه‌ردانی که‌س ناکا.
ماڵه‌که‌یان لە یەک لەو کۆلانانەیە کە هه‌ر یه‌ک دوو ده‌رگاێک له
بازاره‌که دووره. لۆێێ زۆری نه‌برد که‌وته ناو قه‌ڵه‌باڵغی بازاڕه‌که
ولەگەڵ خەڵکەکە رێی کرد.
هه‌ر دوکانێک له‌و دوکانانه‌ی ئێره یاده‌وه‌رییه‌کی وەبیرده‌خه‌نه‌وه.
هه‌ر بستێکی ئەوبازاڕە درێژکەوتوەی ئێرە بست به بست باڵای خۆی وەبیر
دەیننەوە کە لەگەڵ گەورەبوونی بازاڕەکە ئەویش باڵای دەکردوو هەڵی دەدا
وهەراشتر دەبوو. شێرۆ کۆرپه‌و کوڕی بەرو بازاڕی ئەو گەڕەکەیە! پاش
بێدایکبوونیشی نان ونمه‌کی بەروخوانی زۆربه‌یانی کردووە.
زۆربەی دوکانه‌کانی ئێرە گه‌ر لۆ ساته‌وه‌ختێکیش بووبێت ده‌ست و کاسبی
شێرۆیان دیوه.
ئەها... که‌مەک پێش ئێستا بە دوکانی "حه‌مه‌ی قه‌ساب" تێپەڕی! حەمە له
شاگرده‌که‌ی ڕادەخوڕی: (کوڕم، لۆ؟!.. ما خەرک فەقیرە؟! قه‌ردوفه‌ردی
چ؟!).
هه‌ر لێره "شێرۆ" رۆژانه چەند که‌له‌شێکی پف ده‌داو که‌وری ده‌کردن و
به قولاب وسناره‌کان هه‌ڵیده‌واسین. ده‌یان بێوه‌ژن و هێتیم و لێقه‌ومای
له‌به‌ره‌که‌تی ئه‌م دوکانه تێرده‌کران. "مام کانه‌بی" بابی "حه‌مه"
پیاوێکی دڵفراوان و ده‌ست و پل سه‌خی و سەخاوات بوو. "شێرۆ" ی به‌قه‌د
حه‌مه‌ی کوڕی لا ئازیز بوو...
دوکانه‌که‌ی مام جه‌عفه‌ری په‌ڕه‌چیش – که بەر لە مردنی و هەر لە
زەمانی نەخۆشیەکەی پێش ئیفلیج بوونیشی، ماڵ ومنداڵه‌کەی گه‌ڕانه‌وه
ناو که‌سوکاره تورکمانه‌کانیان. کاتی خۆی شێرۆ گومبەتی کۆنە په‌مۆیەکانی
لەو ئەرزە لۆی راده‌خست ومام جەعفەریش داری پەڕەکەی ڕا دەوەشاندو پەمۆی
وەک پەڕاموچەی تەنک سوک سوک بەو ئاسمانە بە سەما دەخست وەک ئەوەی تازە
لە بڕکاندا چنرابن. مام "جەعفەر" لە بارگەو جیهازی بووکان هێندە کارام
بوو قەت نەیدەویست ئاهو نزری بووک و بەربوکان بیگرێ.
ئاشه‌که‌ی ئه‌وسه‌ری بازاڕه‌که‌ش، که باراشی هه‌موو گه‌ڕه‌کی لەگەرووی
عەمبارەکانی لێدەکرا، زه‌مانەک "شێرۆ" پێی هەڵدەگەراو دەمی فەردەی سه‌راولێژی
ناویان ده‌کرده‌وه‌و داری له لوولەکانیان ده‌کوتی وهێواش هێواش
بارەکەی ئاوڕشێن ده‌کرد. جارجاره‌ش حەجمانی حه‌یرانەکی پڕسوێی لێهه‌ڵده‌ستاو
دەستی دەخستە بن گوێیانیو بە گەرمی و بە قوڕگی نووساوی دایدەبەستایێ "حەیران
دەرێم.... " هه‌ستی باراشلێکه‌رانی بە جۆش دەخستەوەو و بەرە بەرەش
کەپەکی گەنم و ساوارو ئارد تاڵه‌مووه نه‌رم و سیسه‌کانی ریش و سمێڵە
تازه گووگرەبووەکەی وەک مووی بە ساڵان چوێک سپی هەڵدەگەڕاند.
ئەو شێرۆیە له‌هه‌ر دوکانێک به‌شاگردی ده‌ستی پێکردبێت، ئه‌وە به‌وه‌ستایی
بەجێیهشتووه!
پله "زه‌مۆکی" دراوسێ له‌دوایین سه‌ردانی گوتبوی: "کوڕم دنیا گۆڕایه!
ئه‌وڕۆ نه شاگرد و نه وه‌ستا، ئه‌و که‌سه وه‌ستایه که ده‌م و زمان
لووسه! که‌یفخۆشی و باغەرگه‌رمی لۆ گه‌واد و تڕۆیانه." چاوێکی به
جێگایەکه‌ی شێرۆ داخشاندو له‌سه‌ر قسه‌کانی رۆیی: "ده‌نا ئه‌و جێ و
بالینگانه که‌ینێ جێی شێرزاده".
له‌کۆڵانێکی سه‌ر به بازاڕه‌که ده‌یتوانی به‌خۆ و ده‌ببه‌که‌ی لاداته
ماڵی پله "مێره‌می"، بەڵام بیری هاتەوە که هه‌فته‌ی رابردوو کنێر
گازاندەی لە "پلە مێرەم " ا دەکرد. دەیگوت: " پله مێره‌م "گوتویەتی "
چاره‌کی دی لە خۆتان بکەن باشترە، خۆ میراتم له‌گه‌ر به‌ش ناکه‌ن! ئه‌گه‌ر
میراتیش بایه هەوکە ته‌واو ببوو". کۆڵانه‌که‌ی مالی "پله مێره‌م"
کۆڵانێکی جودایە. خانووی به‌رزی به‌ردوو بلۆکی گرانبه‌ها و به‌رو به‌رده‌رگا
خاوێن و باوێنن. ناویان بە گەرەکی "تۆدەران" ناو دەبرد چونکە
دانیشتوەکەی زۆربەیان خاوه‌نی زه‌وی وزاری گەورەو ده‌غل و دانن.
شێرۆ سیفه‌تی دڵ و ده‌روونباشی و قسه‌خۆشی له باوکی لۆ ماوه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده دوای نه‌مانی دایکی ماڵه هه‌ژارەکەیان بێ که‌یبانو بوو ..
به‌ڵام هەر بە یەکجاریش ببوە جێی بەرومەجلیس و کۆبوونه‌وه‌ی ناسیاو و
غه‌ریبان . چای گه‌رم و قه‌نده‌شه‌کری شیرن و سێنیە تووتن و جگه‌ره ئه‌و
ده‌ست و ئه‌وده‌ستی پێده‌کرا. باوکی پیاوێکی گەلەک که‌یف و مه‌زاق خۆش
بوو، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ مێیینان بە سەلیقەو لەسەرخۆو پڕ لێبوردە بوو.
هه‌ربابیشی بوو"کنێری" ی کرده خێزانی. دوایین وەسیەتی لە سەرەمەرگ لۆ
شێرۆ ئەوە بوو لە قەبرستانی سەرەوەی گەڕەکێی بنێژی . گۆتبوی: با لە
مێرەمی خوشکم زۆر دوور نەبم.
گۆتیان شه‌وی به‌زاوابوونی "شێرۆ" و" کنێر" "قه‌مه‌ری" پله مێره‌م هه‌تا
به‌ره‌به‌یان گریا. ئێستاش هه‌رکنێری خۆش ناوێ! که بە به‌رده‌رگایان
تێده‌په‌ڕی لۆ بازاڕه‌که، بازن و ناوبازنانی لە دەسکی عەبایەکە لۆ
دەردێنی وبە تەنها هه‌واڵی شێرۆی لێده‌پرسی . لە رۆژی زەماوەندەکەوە
هەتا ئێستاش، دوای ئەو هەمووسالە، ئێستاش هەر مۆنە و چارەی کنێری ناوێ.
چونکە "قەمەر" کاتی خۆی هێندەی چاو لەبەرو باوەشی "شێرۆ" بوو، وای کرد
هەموو داخوازیەکانی بڕەونەوە.
دەبەکەی هەر بە دەستەوه بوو و بیرێکی له ماڵی "ده‌روێش نه‌فته" کرده‌وه.
کاتی خۆی به ماینەکە تانکیه نه‌فته‌که‌یان گه‌ڕه‌ک به گه‌ڕه‌ک ده‌گێڕا...
که به‌حه‌وشه‌که‌یان که‌وت ده‌روێش نه‌فته‌و ژنه‌که‌ی به‌ره‌وپیلی
هاتن و به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنیان هینا. ئه‌و دوو که‌سه له‌به‌رچاوانی
شێرۆ چه‌ند پیر ببوون! ده‌روێش که پیاوێکی دنیا دیته بوو حه‌زی نه‌کرد
"شێرۆ" به‌زاری خۆی داوای نه‌فت بکا. هه‌ستا و فوویێکی له ئاگری سۆبە
داگیرساوه‌که کرد. ره‌حه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی له ره‌حه‌تییه‌کانی جاری
جاران خسته سه‌ر ده‌می ده‌ببه‌که‌و خه‌ریک بوو سۆبەکه لێژ کاته‌وه.
"شێرۆ" به بێتاقه‌تیه‌ک تاوی داێێ وده‌ستی گرت و نه‌یهێشت.
ده‌روێش گوتی: کوڕم شه‌رمه‌زارم مه‌که! ده‌روێش نه‌فته و بێ نه‌فتیان
نه‌گۆتییه... لەو رۆژەی" بەرزۆ"یان بە شەهیدبوویی هیناوە، ماینەکەشم
لە بێتاقەتی من رۆژ بە رۆژ بێتاقەتتر دەبوو هەتا تۆپی و نەما.
تانکیەکەش باران دایڕزاند ودوایش بە برە پارەکی کەمی چەند رۆژەکی خۆم و
ئەو پیرێژنە زگ سوتایەم دا. ئیدی نە سەلیقەی کاسبی و نە چیدیش مارداری
کردنم بە راست زانی... هەوکەش کوی دەبینی ئەوهاینە هەتا سبەینێ نەفتمان
هەیە و دواێێش خوا کەریمە...
لە ڕێی گەڕانەوە، " شێرۆ" مامۆستا فەرهادو ئازاد بی کەی سی کۆنە
پێشمەرگەو یەک دوو تازە گەنجی جوانکەلە وچەند عەرەبانە چی دانیشتووی
سەرەوەی گەڕەک ویەک دوو مندالە شاگرد و رەنجدەری ماندوی رۆژەکە و چەند
ژنێکی گۆڕەپانە تەرخانکراوەکەی کۆنە فرۆشی، کە بە بازاری ناو پیرێژنان
ناو دەبردرا، بینی.
مریشکفرۆشەکانیش کە هەردەم لە دوای هەموو فرۆشیارانی تر خۆیان تێکدەنا،
قەفەسەکانیان دادەتەکاند ولە ئۆتۆمبیلەکانیان باردەکردنەوە و
چەقٶیەکانیان هەر بە خینە مەیوەکانەوە خستەوە نێوکیفکە قایشەکانی
نێکیان وبازارەکەیان بەجێهێشت.
تەواوێک تاریک داهات و ئاسمانیش مۆن و پڕ تر خۆی دادەنوساند. خشپە خشپی
سۆلەو نەعلە وخشپە خشپی هاتو چۆکەران و رمبەی دەببە بەتاڵەکەی دەستی
شێرۆ جار جارە بێ دەنگی ئەو ئێوارەیەی ئەو بازارە ماندووەی رادەچەنی.
شێرۆ هەستی بە ڕژانی ئارەقەی زیاتر دەکرد و جارجارەش کۆخەکەی شین و
مۆرتری هەڵدەگەڕاند و چۆکەکانی دەهات بچەمێنەوە. هێواشتر رێی دەکرد،
تاریکی ئێوارەکە بەر چاوانی تاریک‌تر دادەگەڕان و ئحە ئح و کۆخە کۆخی لە
دوای خۆی جێدەهێشت و ولۆ سەرەوەی گەرەک بەرەو ماڵ هەڵدەکشا.
ماڵپه‌ڕی خوناو
سمایل مامه
|