په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٢

شەڕ؛ وەکو پلانێکی ستراتیژی نەتەوەیی.


برایم حسەینی     


ساڵانێکی زۆرە کورد لە ناوچەکەدا باس لە ئاشتی و پلانی شارستانییانە بە مەبەستی ستاندنەوەی مافەکانی دەکات و بە بەردەوامیش بەر هێرش و پەلامار دەکەوێت.


لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە - بێجگە لە باکووری کوردستان و هاوپەیمانەکانی پ.ک.ک - وازمان لە شەڕی چەکداری هێناوە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆسیەکەمان پالمان بە هێزە داگیرکارەکانەوە ناوە، لە ناو قوتوویەکی شووشەییدا زیندانیمان بکەن و جارجارەش بە مەبەستی ترساندن و بچووککردنەوەمان سەری گورگەکەمان لە سووچێکەوە پێ پیشان بدەن و گوێ بە داواکانیشمان- کە ئاگربەست و ئاشتی و دانانی چەکیشی تێدا بوە - نەگرن و هێرش بۆ سەر ئێمەی خۆ - چەککردوو بکەن.


ئۆپێراسیۆن لە دژی نەتەوەی کورد بەردەوامە.


ئۆپێراسیۆن لە دژی نەتەوەی کورد - لە هەر چوار لاوە - بەردەوامە و کوردهیچ پلانێکی یەکگرتووانەی پێ نییە. هێشتا هێزی پارچەکان وەک بەرژەوەندیی پارچەیی سەیری دۆسیەی کورد دەکەن و ئەم شێوە بیرکردنەوەیەش وایکردووە تەنانەت لە ناو هێزەکانی پارچەیەکیشدا بەرانبەر بە دوژمن پیلانێکی یەکگرتووانە نەبینرێت.


لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان بە بەردەوامی پیلانی هاوبەشیان بۆ سەرکوتی جووڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد هەبووە.


ئێرانی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی هەردەم خەریکی خنکاندنی کورد بوون و لە بەرانبەر دۆزی کورددا بریارەکانیان بە گۆڕینی رژێمەکانیش نەگۆڕیوە.


رژێمەکانی پاشایەتی و کۆماری و بەعسی عێراقیش لە هەرکاتێکدا کە کورد لاوازیی نواندبێت، کەڵکیان لە دەرفەت گرتووە و توانیویانە هێرش بکەنە سەر کوردستان و ماڵ و گیانی خەڵکەکەمان بە تاڵان ببەن و ئەگەریش سست و لاواز بووبن، هێندێک لە هەڵوێستەکانیان پاشەکشەیان کردوە و دانیان بە بوونی کورددا ناوە.


بەڵام کابینە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری تورکیا کە بە چەندین کوودەتا و هەڵبژاردن هاتوونەتە سەرکار، ئێستاشی لەگەڵ بێت، بە هەبوونی حیزبی رێگەپێدراوی وەک (دەتەپە) ش کە بۆ وەدیهێنانی مافەکانی کورد خەباتی سیاسی و مەدەنی دەکات، هێشتا ئامادە نین دان بە (نەتەوەبوون) ی کورد و مافە دەستووری و ئینسانییەکانیدا بنێن.


دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری سووریاش هیچکات ئامادە نەبووە، بوونی کورد وەک نەتەوە و شوناسێکی جودا لە عەرەب و نەتەوەکانی دیکە بە فەرمی بناسێت و ئەم سیاسەتە بووە هۆکاری ئەوەی لە کوردانی رۆژئاوا رێژەیەکی زۆریان بێناسنامە بکرێن.


ئەوەی کە لە هەڵوێست و بەڕێوەبردنی یاساکانی ئەم وڵاتانەدا بەردەوام بینراوە و رەچاو دەکرێت، پێشێلکردنی مافەکانی کورد بە شێوەیەکی سیستەماتیکە و نەوەی دوای خۆیشیان کە بە ناوی جیاجیاوە دەیانەوێ‌ رابردووی ناحەزی خۆیان بسڕنەوە، هەر بە هەمان رێچکە و رێباز معامەلە لەگەڵ کورد دەکەن، چونکا "بەچکەی گورگ هەر دەبێتەوە بە گورگ!".


لە باکووری کوردستان بێجگە لە "بەدەپە" کە پارتێکی کوردستانییە، هەموو حیزبەکان دەنگیان لە پارلماندا بۆ ئەوەدا کە ئۆپێراسیۆنەکان لە دژی خەباتی کورد لە چیاکان بۆ ساڵێک درێژ بکرێتەوە و ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەمساڵیش کورد رووی ئاسایش و سەقامگیری لە نیشتمانەکەیدا لە باکوور، بەخۆیەوە نابینێ‌.


لە باشووری کوردستانیش کە هێزە کوردییەکان توانیویانە لە هەموو روویەکەوە لە هێزە عێراقییەکان پێش بکەون، هێزەکانی ئۆپێراسیۆنی "دیجلە"یان دامەزراند، بۆ ئەوە بە بەردەوامی کورد لە باشووریش هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی نەکات و داوای مافە دەستوورییە جێبەجێ نەکراوەکانیشی نەکات. با ئەوەش بوەستێ‌ کە دەوڵەتی مالیکی خەریکە هەموو جۆرە چەکێکی قورس کە لە شاخ و شار و بیاباندا کاری پێبکرێت، لە وڵاتانی بەرئاوەڵا و نابەرپرسیاری وەکو رووسیا دەکڕێت، کە هەرگیز بە قازانجی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەم گەردوونەدا دەنگێکی ئەرێنیی نەداوە.


لە رۆژئاوای کوردستانیش کە نزیکەی ٢ ساڵە کوشتنی کورد وێڕای هاوڵاتییانی سووری بەردەوامە و هیچ فریادرەسێکیشان نیە و بە ئاشکرا هێزە جیهانییەکانیش پشتگوێیان دەخەن.


ئێرانیش لەم ئاڵۆزییانەی ناوچەکە کەڵکی خۆی وەرگرتوە و بە هیچ شێوەیەک نایەوێ ملکەچی بریارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و مافپارێزانی جیهانی بێت و بە بەردەوامی کوردی هەر لە سنوورەکانەوە تاکو زیندانەکان قەڵاچۆ کردوە و لە ٣٤ ساڵی رابردوودا دەیان هێڕشی گەورەی بۆسەر کورستان رێکخستوە و کوشتنی هاوڵاتییانی کوردستانی بۆ هێزەکانی خۆی بە جیهاد وەسف کردوە!


دوا چارەسەری.


شەڕی بەردەوام لە دژی داگیرکار دوایین چارەسەریی ئێمەیە و دەبێ ئاگر لە دڵی دوژمن بەر بدەین.


کورد نابێ بیر لەوە بکاتەوە، ئەگەر شەڕ نەکات قازانج دەکات و ئەگەریش شەڕ بکات، لەمە زیاتر زەرەرمەند دەبێت. دەبێ سوپای یەکگرتووی کوردستان پێکهاتوو لە هێزی شەڕکەرو مافپارێزی لایەنەکان دروست بکەین کە هێرش بۆ سەر دەستدرێژییەکانی ئەوان و پێگەکانیان بکەن.


ئێمە دەبێ تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکی تەسکی حیزبییانە و پارچەیی نەکەینەوە و هێزەکانمان وەها بە بیرێکی کوردستانییەوە تەیار بکەین کە جوولەکە-ئاسا لە هەموو شوێنی ئەم دنیایە پارێزگاری لە مافەکانی کورد بکەن.


دوایین دەرفەتی ئێمە لەم سەدەیەدا هاتوەتەئاراوە و لەم دابەشکارییە تازە جیهانییەشدا نابێ بێبەش بکرێین.


دەبێ ناوەندێکی گەورەی پلاندانانی کوردی دابمەزرێنین کە هێزی پارچەکان لە خۆیدا کۆبکاتەوە و ئەمەش بە لەخۆبوردوویی و هەستێکی نەتەوەییانەی بەرفرەتر لە جارانمانەوە دەکرێت، چونکا دوژمن حەسێبی پارچەیەکی لەسەر ئێمە کردوە و دەیەوێ بە لەتکراوی بمانهێڵێتەوە و ئێمەش تا ئەم رێکەوتە حەزمان لە دابڕان و بەژەوەندیی بچووک بووە و هێزە گەورەکەی خۆمان بە فیڕۆ داوە کە لە نەبوونی یەکێتیی هێزەکانی کورددا بە ئەم کارە خۆبەخۆ جێبەجێ بووە و پلانی دابڕاندنی ئێمە لە یەکتر - کە پلانێکی قووڵی دوژمنانی کورد بوەە - تا ئێستاش بوونی هەیە و کاری پێدەکرێت.
 

 

skirtaryet.liberal@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک