(شێرزاد حه‌سه‌ن) پێش ڕاپه‌ڕین و دوای ڕاپه‌ڕین : زمانی خود و زمانی ئایدۆلۆژیا.
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانه‌وه هه‌تا ڕاپه‌ڕین، (شێرزاد حه‌سه‌ن) ئه‌و چیرۆکنووسه‌یه، که له‌ناو گه‌رمه‌ی ڕووداوه زه‌قه‌کانی باشووری کوردستاندا خه‌ریکی دامه‌زراندنی واقیعێکی دیکه‌ی جیاوازه، جیاوازتر له‌و واقیعه‌ی به‌شێکی زۆری نووسه‌ری ئێمه خه‌ریکی کۆپیکردنین. دیاره لێره‌دا نابێت هه‌ر له بواری چیرۆکدا ناوێکی دیکه‌ش فه‌رامۆش بکه‌ین، که ئه‌ویش (سه‌لاح عومه‌ر)ی چیرۆکنووسه. (سه‌لاح عومه‌ر)یش گرنگییه‌کی گه‌وره‌ی به ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک داوه، که له‌و کاته‌دا ئه‌و ڕاناوه به‌ته‌واوی له‌ژێر کۆنترۆڵی ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می کۆدا بوو. ئه‌گه‌رچی (سه‌لاح عومه‌ر) که‌متر بایه‌خی به ئاستی زمان و ده‌ربڕین ده‌دا، به‌لآم توانی گێڕانه‌وه به ئاڕاسته‌یه‌کی دیکه‌دا ببات، ئه‌ویش به دانانی چه‌ند که‌ناڵێکی لۆکا‌ڵی بۆ ته‌عبیر کردن له خودی کاره‌کته‌ر له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌ی سێنتڕاڵدا و خوڵقاندنی واقیعی سایکۆلۆژی، که بۆ ئه‌و کاته وه‌کو جۆرێک له تازه‌گه‌ری خۆی ده‌رده‌خست. له شیعردا دوو ناوی دیکه هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. ئه‌وانیش (قوبادی جه‌لیزاده) و (محه‌مه‌د عومه‌ر عه‌سمان)ن. ئه‌وسا ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک وه‌کو مه‌نفایه‌ک وابوو، که‌م نووسه‌ر له خۆی ڕاده‌بینی هه‌ڵیبژێرێت، چونکه پێش هه‌موو شتێک له شوناسه‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان و شۆڕش داده‌ماڵرا. کاتێک مێژوونووسانی ئه‌ده‌ب، که هه‌تا ئێستا لای ئێمه بوونیان نییه، بیانه‌وێت مێژووی ئه‌ده‌ب له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانه‌وه هه‌تا ڕاپه‌ڕین بخوێننه‌وه، باوه‌ڕم وایه ئه‌م شێوازی نووسینه، که چ له شیعر و چیرۆک و چ له ڕه‌خنه و لێکۆڵینه‌وه‌ش به ئاڕاسته‌یه‌کی زۆر جیاواز کاری کردووه، بایه‌خێکی گرینگی پێده‌ده‌ن، با له ڕووی چه‌ندایه‌تییشه‌وه کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره و فراوانی نه‌بووبێت، به‌لآم له ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه سه‌ره‌تایه‌کمان نیشان ده‌دات بۆ دامه‌زراندنی خه‌ون و یۆتۆپیای تاکه‌کان له‌ناو ئه‌ده‌ب و فیکردا. لێره‌شدا مه‌به‌ستمان له ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک به مانا گراماتیکییه‌که‌ی نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستمان له‌و خوده‌یه، که توانای بیرکردنه‌وه و ده‌ربڕینی هه‌یه له خۆی.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) له‌ناو ئه‌ده‌بی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاڕاسته‌یه‌کی ته‌واو جیاوازی بۆ تێروانین دۆزیه‌وه، که ئه‌ویش ڕۆچوون بوو به‌ناو خودی خۆی و خودی بابه‌تیش. به مانایه‌کی دیکه ئه‌و چیرۆکنووسه له‌ناو ناخی خۆیه‌وه ناخی شته‌کانیشی ده‌بینی. دامه‌زراندنی واقیعی سایکۆلۆژی له شوێنی واقیعی کۆمه‌لآیه‌تی وه‌ستانه‌وه‌یه‌ک بوو به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌لآتی مێژوو، که خۆی جۆرێک زمانی تایبه‌تی به‌سه‌ر نووسه‌ردا ده‌سه‌پاند، به‌وه‌ی چۆن ته‌عبیری لێبکات. زمانی (شێرزاد حه‌سه‌ن) هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ناته‌بایی بوو له‌گه‌ڵ زمانی مێژوودا. (شێرزاد حه‌سه‌ن) له‌و سه‌رده‌مه وێنه‌ی (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان) و (قوبادی جه‌لیزاده) و (سه‌لاح عومه‌ر) نه‌ک خودی ناچار نه‌ده‌کرد پابه‌ندی بابه‌ت بێت، به‌ڵکو تا ئه‌و راده‌یه سه‌ربه‌ستی ده‌کرد، که له ڕێگای تێڕوانینی خۆیه‌وه (بابه‌ت= واقیع)ێکی دیکه‌ی جیاواز بخوڵقێنیت. له‌مه‌وه یه‌که‌مین مه‌رجی تێکشکاند، ئه‌ویش ئه‌وه بوو، که تا ئه‌و کاته‌ش ئه‌ده‌ب ده‌بوایه باس له‌و ئاسووده‌ییانه بکات، که ئایدۆلۆژیا له مانیفێسته‌کانی خۆیدا نوقلآنه‌ی بۆ لێده‌دان. کاره‌کته‌ره‌کانی (شێرزاد حه‌سه‌ن) به‌دوای نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێدا گه‌ڕان، نه‌وه‌ک ئاسووده‌یی. جیاوازیی نێوان ئاسووده‌یی و نیگه‌رانییش له ساده‌ترین پێناسه‌دا ئه‌وه‌یه، که یه‌که‌میان چوارچێوه‌یه‌کی هه‌یه و له‌ژێر ده‌سه‌لآتی ناونان دایه، به‌لآم دووه‌میان سه‌ربه‌خۆ له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌کاندا ده‌ژی. (نیگه‌رانی) له به‌رده‌م لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌کاندا کراوه‌یه و له درێژبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وام دایه. هه‌موو داهێنانێکیش قووڵکردنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانه. لێره‌وه‌یه سیومبۆله‌کانی ئه‌ده‌ب و ئه‌وانه‌ی ئایدۆلۆژیا ئه‌وه‌نده له یه‌کتر جیاوازن.
ئه‌ده‌بی ئایدۆلۆژیا خۆی له مه‌سه‌له زه‌ق و هه‌ستیاره‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان ده‌ئاڵێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی ڕای گشتی بجووڵێنێت و سه‌رمایه‌ییه‌کی کۆمه‌لآیه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات. به‌و مه‌به‌سته‌یش خۆی له‌په‌نا ئه‌وانه‌دا وه‌کو پیرۆزییه‌ک قایم بکات و نه‌هێڵێت ڕه‌خنه هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه. وه‌کو (پیر بۆردیۆ) باوه‌ڕی وایه (ڕای گشتی) له‌لایه‌ن ئایدۆلۆژیاوه به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی پشتی پێده‌به‌سترێت. ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆ له شته بچووک و په‌راوێزخراوه‌کانه‌وه دنیای خۆی داده‌مه‌زرێنێت. ڕاپه‌ڕین زه‌مینه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ ئه‌ده‌بی ئایدۆلۆژیا هێنایه گۆڕێ. له‌ناو جۆشوخرۆشه‌کانی خۆیدا ئاشته‌واییی نێوان نووسه‌رانی ئایدۆلۆژیای مسۆگه‌ر کرد، که پێشتر به‌هۆی دابه‌شبوونی جۆگرافیا و سیاسه‌ته‌وه جۆرێک لێکترازانی دروستکردبوو. به مانایه‌کی دیکه نه‌ته‌وه و نیشتیمان به‌وانه به‌خشرانه‌وه، که پێشتر به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه لێیان سه‌ندرابووه‌وه. روونتر دابه‌شکرنی نووسه‌ری ئایدۆلۆژی به‌سه‌ر شۆڕشگێڕ و ناشۆڕشگێڕ، پاک و ناپاکدا چیی‌تر کاری پێنه‌ده‌کرا، که ته‌نها له رووی دیدگای سیاسییه‌وه له چه‌مک و که‌یسه‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان و چین و خه‌باتدا جیاواز بوون، نه‌ک له دیدگایان بۆ شێوازه‌کانی ده‌ربڕین و زمان و دامه‌زراندنی مه‌عریفه و جیاکردنه‌وه‌ی ئاسته‌کانی خوێندنه‌وه. له‌مه‌وه ئایدۆلۆژیا ده‌یتوانی به‌هێزێکی گه‌وره‌تره‌وه زیاترین نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند به‌ره‌و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانی خۆی ئاڕاسته بکات. به ئاشتکردنه‌وه‌ی کوڕه‌کانی، خۆی وه‌کو باوکێک له‌ناو کۆشکی پیرۆزییدا قایم کرد و بۆی هه‌بوو له‌ناو ڕێتواڵی ئایینی _ میتۆلۆژییدا ئه‌و کوڕانه‌ی بکاته قوربانیی. سه‌رنج ده‌ده‌ین نووسه‌ر (ڕۆڵه‌ی قوربانیی ده‌سه‌لآت)، ته‌نها بۆی هه‌بووه به پیرۆزیی شه‌ڕه‌کاندا هه‌ڵبڵێت. له هیچ یه‌کێک له‌و ئاشتبوونه‌وه و ئاگربه‌ستانه‌ی دواتر‌دا، ئێمه (کوڕ= نووسه‌ر)ێک نابینین له‌لایه‌ن (باوک = ئایدۆلۆژیا)ه‌وه نه‌ک پرسی پێکرابێت، به‌ڵکو ئاگاداریش کرابێته‌وه. له‌پاڵ ئه‌م زۆرینه‌یه‌دا ئێمه هاوکات نوخبه‌یه‌کمان هه‌یه، که ئاڕاسته‌یه‌کی دیکه‌ی پێچه‌وانه ده‌گرێت. ئه‌و نوخبه‌یه، که سانسۆری سه‌رده‌می دیکتاتۆر ڕێگای ده‌رکه‌وتنی لێگرتبوو، له‌و کاته‌دا به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو ده‌رده‌که‌وێت. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێشتر ده‌که‌وتنه سه‌رووی خوێندنه‌وه‌وه، ئه‌و دایانده‌گرێته ژێر ده‌سه‌لآتی خوێندنه‌وه و پشکنینه‌وه. هه‌ر وایه، نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفان هه‌میشه له دوای رووداوه گه‌وره‌کان به چه‌مکه‌کانی خۆیان و ئه‌وانی دیکه‌شدا ده‌چنه‌وه. سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ندێک جیاواز له وه‌لآمی پرسیارێکدا له‌باره‌ی چاوپێخشاندنه‌وه‌ی میتۆد و چه‌مکه‌کانه‌وه دواوم. با (یۆرگین هابێرماس) به نموونه بهێنینه‌وه، که دوای ڕوخانی ڕژێمی نازیی ئه‌ڵمانی نه‌ک هه‌ر به‌و مێژووه، به‌ڵکو له‌پێناوی رزگارکردنی زاتی ئه‌ڵمانی به خودی فه‌یله‌سووفه‌کانی ئه‌و ماوه‌یه‌شدا چووه‌وه، وه‌کو له‌باره‌ی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: (من به‌رهه‌می چاوپێخشاندنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌م). هه‌ر له ئه‌ڵمانیا نووسه‌ری وه‌کو (هاینرێش پۆل)مان هه‌یه، که له ڕێگای ڕۆمان و چیرۆکه‌کانیه‌وه به‌ناو نهێنییه‌کانی ئه‌و مێژووه فه‌رمییه‌دا ڕۆده‌چێت و هه‌وڵی ڕووتکردنه‌وه‌ی ده‌دات. راسته ئێمه ناتوانین خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌راورد بکه‌ین. ئایدۆلۆژیا لای ئه‌وان، که به‌رهه‌می مێژوویه‌کی پڕ له چالاکیی فیکری بوو، گه‌یشته ئاستی گه‌نده‌ڵبوون، به‌لآم لای ئێمه ئایدۆلۆژیا له‌ناو میکانیزمێکی به‌رگرییدا به‌ڕێوه چووه، به‌وه‌ی هه‌موو چالاکییه‌کی فیکری و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا بووه. ئایدۆلۆژیای سیاسیی ئێمه هه‌ر خۆی له ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه وێنای خۆی و ئه‌ویدیکه‌ی کردووه. (هابێرماس) به ویژدانی پڕ له گوناهی ئه‌ڵمانییدا چووه‌وه، به‌لآم ئه‌و نوخبه‌یه‌ی ئێمه پێش هه‌موو شتێک چاوی به‌و گوناهانه‌دا خشانده‌وه، که ده‌رهه‌قمان کرابوون. له‌لایه‌کی دیکه ئه‌و نوخبه‌یه ده‌یویست ئه‌و گوناهانه له‌وه ڕزگار بکات، که له‌لایه‌ن ئایدۆلۆژیای خۆماڵییه‌وه به مه‌به‌ستی دژه‌هێرش به‌کاربێن، به‌وه‌ی له قوربانییه‌وه بۆ جه‌للاد بمانگۆڕێت، بگره هه‌وڵی دا ئه‌و گوناهانه به‌ره‌و داهێنان ئاڕاسته بکات، که ئه‌مه دواتر چه‌ند تێکستێکی جیاواز له فۆرم و زمانی ده‌ربڕیندا به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. ترسی ئه‌و نوخبه‌یه‌ی ئێمه ئه‌وه بوو، که له‌و زه‌مینه‌یه‌دا فیکر و ئه‌ده‌بمان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه به‌ره‌و ساده‌یی و ساکاری ئاڕاسته بکرێن. ئه‌و نوخبه‌یه پێی وابووه نووسین به‌رپرسیاریه‌تییه و خۆی به‌رامبه‌ر به هه‌موو تێکشکانه‌کان به به‌رپرسیار زانیوه. (ئاراس فه‌تاح)، (به‌ختیار عه‌لی)، (ڕێبوار سیوه‌یلی)، (ڕێبین هه‌ردی)، (فاروق ڕه‌فیق)، (مه‌ریوان قانیع) و هه‌ندێکی دیکه له به‌رامبه‌ر زۆرینه‌ی نووسه‌رانی ئایدۆلۆژیادا پڕۆژه جیاوازه‌کانی خۆیان درێژه پێدا، به‌لآم نابێت هه‌ر لایه‌کی ئه‌مه ببینین، به‌ڵکو لایه‌کی دیکه‌شمان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که هه‌ر له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه ئایدۆلۆژیا به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دیماگۆژییانه خۆی خسته ڕوو. ئێمه له‌دوای راپه‌رینه‌وه ئه‌گه‌ر نووسه‌رمان هه‌بێت له‌ناو ئایدۆلۆژیاوه به‌ره‌و ده‌ره‌وه فیکری خۆی ئاڕاسته کردبێت وه‌کو (عه‌تا قه‌ره‌داغی) بۆ نموونه، ئه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئایدۆلۆژیا چیرۆکنووسێکی گه‌وره‌ی وه‌کو (شێرزاد حه‌سه‌ن)یشمان لێده‌ستێنێت.
ئه‌و زمانه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه چ پێی ده‌نووسێت و چ له میدیاکاندا پێی ده‌دوێت، ئایدۆلۆژیایه‌کی رووته. ئێمه بۆیه (شێرزاد حه‌سه‌ن) به نموونه ده‌هێنینه‌وه، چونکه دیارترین چیرۆک‌نووسی پێش راپه‌ڕینه و ئه‌مڕۆ لای خوێنه‌ری ئێمه گرنگیی خۆی هه‌یه. (شێرزاد حه‌سه‌ن) له دواین گفتوگۆی خۆیدا ئه‌مه‌ی گوتووه: "من هه‌ست ده‌که‌م 1400 ساڵه که‌لتووری عه‌ره‌ب _ ئیسلام داغانی که‌لتووری کورد ده‌کات. ئه‌وان که له بیابانه‌کانه‌وه دێن، به باوه‌ڕی من جگه له خۆڵ و لم هیچی تر له‌گه‌ڵ خۆیاندا ناهێنن. پێم وایه یه‌کێکه له ده‌رده‌کانی ئێمه ئه‌وه‌یه، که‌س نه‌وێراوه دراسه و لێکۆڵینه‌وه‌ی قووڵ له‌باره‌ی کاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌کانی که‌لتووری عه‌ره‌ب _ ئیسلام ئه‌نجام بدات، به‌لآم من به خۆم له زۆر شوێنه‌کانمدا باسم له کاریگه‌ری زۆر خراپی ئه‌و که‌لتووره‌ی عه‌ره‌ب _ ئیسلامه کردووه".
ئه‌گه‌رچی کاتێک باس له دواین گفتوگۆی ئه‌و نووسه‌ره بکه‌ین، رووبه‌ڕووی کێشه‌یه‌ک دێینه‌وه، به‌وه‌ی ئه‌و به‌رده‌وام و بێپسانه‌وه له ڕۆژنامه و گۆڤار و ڕادیۆ و تیڤییه‌کاندا گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، به‌لآم من مه‌به‌ستم ئه‌و گفتوگۆیه‌یه، که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له سایتی ده‌نگه‌کاندا بلآو کرایه‌وه. ئه‌مه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) ئایدۆلۆژیایه، چونکه به‌هه‌مان زمان و شێوازی ئایدۆلۆژیا ده‌ربڕاوه.. که‌م که‌سی سیاسیی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان هه‌یه له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ژیانی سیاسیی‌دا ئه‌م شتانه‌ی ده‌قاوده‌ق نه‌گوتبێت. ئه‌گه‌ر ئایدۆلۆژیا هۆشیارییه‌کی ساخته بێت وه‌کو (مارکس) ده‌ڵێت، ئه‌وه ئه‌و زانییاریانه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن)، ئایدۆلۆژیان، چونکه له‌ناو ئه‌و ساده‌ییه‌یدا چاوبه‌ستکردن هه‌یه. پێمان ده‌ڵێت عه‌ره‌ب هه‌موویان بیاباننیشینن و له لم و خۆڵ زیاتریان نییه، که ئه‌مه راست نییه. ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێت، ئه‌وه ئه‌م زمانه هی نووسه‌رێک نییه، که خوێنه‌رێکی زۆر چاوه‌ڕێی ده‌که‌ن شتی گرینگ و جیاوازی لێوه ببیستن. ئه‌گه‌رچی ئێمه لێره مه‌به‌ستمانه نیشانه‌کانی زمانی ئایدۆلۆژیا لای (شێرزاد حه‌سه‌ن) دیاریبکه‌ین، نه‌وه‌ک خۆشمان به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕۆبچینه ناو ئه‌و زمانه‌وه، به‌لآم ناکرێت کاتێک ئه‌م زانیارییانه ڕاست ده‌که‌ینه‌وه، له‌ناو ئه‌و ساده‌ییه‌دا ده‌ربچین. خۆ ئێمه ئه‌گه‌ر لێره له به‌رامبه‌ر نووسه‌رێکدا نه‌بووینایه، که ڕابردووێکی گه‌وره‌ی له بواری چیرۆکدا هه‌یه، ئاماده نه‌بووین ده‌ست بۆ کارێکی ئاوا به‌رین. ئه‌مه زمانی ستانداردی چه‌ندین ساڵی ئێمه بووه. ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ئایدۆلۆژیا ئاسانکردنه‌وه و روونکردنه‌وه‌ی شته‌کانه. وه‌کو (پۆل ڕیکۆر) ده‌ڵێت: "هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌ک ساده‌که‌ره‌وه‌یه. ئامانجی ئه‌وه‌یه دیدگایه‌کی گشتگیر نه‌ک هه‌ر بۆ کۆمه‌ڵ، به‌ڵکو بۆ مێژوو و بگره بۆ هه‌موو دنیاش به‌ده‌سته‌وه بدات".
هه‌ر که‌سێک جیاوازی له‌نێوان شوێنه‌کاندا بکات و پێی وابێت شوێنێک له شوێنێک خراپتره، یان باشتره، چیرۆک‌نووس ناتوانێت بیکات، چونکه لای هه‌ر چیرۆکنووسێک ئه‌وه ئه‌لفوبێیه، که تێڕوانینی ئێمه‌یه جوانییه‌کان له شوێندا ده‌دۆزێته‌وه، بگره چیرۆک‌نووس هه‌میشه له‌و شوێنانه ده‌گه‌ڕێت، که لای خه‌ڵکانی دیکه جێگای بایه‌خ نیین. (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ) له (مێژووی ئیستاتیکا)دا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، که جوانی له‌ناو تێڕوانین و خه‌یاڵی که‌سه‌کان دایه، نه‌وه‌ک له‌ناو شته‌کان خۆیاندا. ئه‌و شتانه له‌لایه‌ن تێڕوانینێکه‌وه جوانن و له‌لایه‌ن تێڕوانینێکی دیکه‌وه ناشیرینن. (ئیکۆ) ئه‌و چه‌مکه به گۆڕانه‌کانی زه‌مه‌ن و کولتوور‌ه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. مه‌گه‌ر (شێرزاد حه‌سه‌ن) خۆی نه‌بوو پێش ڕاپه‌ڕین له‌ناو زه‌لکاودا دنیایه‌ک جوانیی دۆزیه‌وه!
کاتێک ده‌ڵێین بیابان، خێرا شوێنێکی وشکوبرنگمان دێته به‌رچاو. له شوێنێکی ئاوا‌شدا بۆئه‌وه‌ی شت بدۆزینه‌وه، پێویستمان به‌وه‌یه گه‌ڕانی ورد بکه‌ین. ئه‌مه ئه‌و پرۆسێسه‌یه، که گه‌رانتیی داهێنان ده‌کات. هه‌تا گه‌ڕانه‌کان وردتر و قووڵتر بن، رووبه‌ره‌کانی داهێنانیش گه‌وره‌تر ده‌بن. چیرۆک‌نووس لێره‌دا ڕێک ده‌بێت وه‌کو جیۆلۆجییه‌ک ئه‌و خاکه هه‌ڵکۆڵێت و نهێنییه‌کانی تێدا بدۆزێته‌وه. باشه له‌و بیابانه‌دا نه‌بوو نه‌وت دۆزرایه‌وه؟ ئایا بیابان نه‌بۆته ئیلهامی سه‌دان چیرۆک و داستان؟ تۆ هه‌قت به‌سه‌ر ئایدۆلۆژیاوه چییه، که پێت ده‌ڵێت ئه‌و نه‌وته دژی کورد به‌کارهات و هه‌موو ئه‌و چیرۆک و داستانانه‌ش فلسێکی قه‌ڵپ ناهێنن. پێمان له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتووه، که ده‌بێت ئه‌ده‌ب له زانست زیاتر شت له واقیع به‌رهه‌مبهێنێت. زۆر نووسه‌ر هه‌ن له‌پێش زانسته‌وه به ڕێگای خۆیان نهێنییان له واقیعدا دۆزیوه‌ته‌وه. (دۆیستۆیڤسکی) و (جه‌یمس جۆیس) له‌پێش سایکۆلۆجیسته‌کانه‌وه زۆر نهێنییان له ناخی کاره‌کته‌ر دۆزیه‌وه. (هێرمان میلفێل) له (مۆبی دیک)دا وه‌کو ڕه‌خنه‌گران ده‌ڵێن زۆر شتی له‌باره‌ی ده‌ریاوه گوتبوو، که هێشتا زانستی ڕووت پێی نه‌گه‌یشتبوون. ئه‌گه‌ر زانستی جیۆلۆجی نه‌وتی له بیابان دۆزیبێته‌وه، ئه‌وا (شێرزاد حه‌سه‌ن)ی چیرۆک‌نووس نه‌ک هه‌ر هیچی تێدا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵکو گاڵته‌شی پێده‌کات. ئه‌مڕۆ چ قسه‌که‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن)، که ده‌ڵێ عه‌ره‌ب هه‌ر لم و خۆڵه و چ قسه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن عه‌ره‌ب پیرۆزه، ڕه‌واجیان هه‌یه و خه‌ڵکانێکی زۆر گوێیان لێده‌گرن، چونکه له پشت هه‌ردووکیانه‌وه ئایدۆلۆژیا هه‌یه. ئایدۆلۆژیاش به‌رده‌وام له ڕێگای گوته و درووشمی وه‌کو ئه‌وه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن)ه‌وه ڕای گشتی ده‌ورووژێنیت.
(ئیبراهیم ئه‌لکه‌ونی)، که ساڵی 2005 خه‌لآتێکی گه‌وره‌ی سوێدیی وه‌رگرت، هه‌موو ئه‌ده‌بی خۆی له‌سه‌ر بیابان دامه‌زراندووه. (عه‌بدولره‌حمان مونیف)یش هه‌روه‌ها. له ئه‌ده‌بی جیهانییش نموونه زۆره. (پاولۆ کۆیلۆ) له ڕۆمانی (خیمیائی)دا دنیایه‌ک جوانیی له بیاباندا ده‌رخستووه.
ئه‌گه‌ر بیبان هه‌مووی لم و خۆڵ بوو و عه‌ره‌بیش ته‌نها بیابانی هه‌یه، ئه‌دی کێ ده‌وڵه‌تی حه‌زره‌مۆت و غه‌ساسینه و سه‌به‌ء و کینده‌ی دامه‌زراند؟ کێ ئه‌و هه‌موو شیعره‌ی نووسی؟ خۆ ئه‌و کاته یه‌ک بست زه‌ویی (شێرزاد حه‌سه‌ن)یان داگیر نه‌کردبوو. کێ بازاڕه‌کانی عوکاز و مه‌جه‌نه و ذی المجازی به‌ڕێوه ده‌برد؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه خاوه‌نی بازرگانی نه‌بوون، بازاڕیان بۆچی بوو؟ چۆن ده‌گه‌یشتنه شام و ئالوگۆڕی بازرگانییان ده‌کرد؟ من ڕاشکاوانه ده‌ڵێم له‌ناو هیچ چوارچێوه‌یه‌که‌وه سه‌یری مێژوو ناکه‌م، به‌لآم ده‌زانم کولتوورێک ئه‌گه‌ر چالاکیی فیکری و بیرکردنه‌وه‌ی تێدا نه‌بووبیت، ناتوانێت ئایین به‌رهه‌مبهێنێت. دیاره جیاوازیی زۆره له‌نێوان به‌رهه‌مهێنانی ئایین و لاساییکردنه‌وه‌یدا. میسرییه کۆنه‌کان عه‌ره‌ب نیین و له بیابان گه‌وره‌ترین شارستانییان دامه‌زراند. (شێرزاد حه‌سه‌ن) له ڕێگای ئه‌و گوته‌یه‌وه نامانگه‌ڕێنێته‌وه ناو بیرکردنه‌وه و تێڕامانه‌وه، وه‌کو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێمان ده‌کرد ئاوامان لێبکات، به‌ڵکو ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئاستێکی خوارتره‌وه، که ئاستی مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ زانیارییدا، چونکه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه (شێرزاد حه‌سه‌ن) ئه‌م سه‌ره‌نجامه‌ی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و تێڕامان دانه‌مه‌زراندووه. له ڕێگای ئه‌و گوته‌یه‌وه ناچارمان ده‌کات به‌و زمانه له‌گه‌ڵی بدوێین، که سووک و ئاسان ده‌ڵێت نه‌خێر، ئه‌وه‌ی تۆ گوتووته هه‌ڵه‌یه و راستییه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌یه، که ئه‌مه‌ش خراپترین ئاستی گفتوگۆیه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه هیچ په‌رۆشی ئه‌وه نییه وه‌کو ڕه‌خنه و فیکر بخوێندرێته‌وه، چونکه کۆنتاکت له‌گه‌ڵ زانیارییدا ده‌کات، نه‌وه‌ک فیکر. دیاره له‌سه‌ر ئاستی مێژوو و فیکر و فه‌لسه‌فه‌شدا عه‌ره‌ب و کولتووره‌که‌ی جێگای بایه‌خ بوون، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می ئیسلامییدا په‌لیان بۆ زۆر لا هاویشت. له‌و باره‌یه‌وه ڕاو بۆچوونی جیاواز جیاواز هه‌ن، که له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌وه به ئه‌نجام گه‌یشتوون. ئه‌وه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) دوور و نزیک ناچێته‌وه سه‌ر ئه‌مانه، چونکه بارگاوییه به ئایدۆلۆژیا. له‌ناو ئایدۆلۆژیادا گوته‌یه‌کی ئاوا به‌ئاسانی جێگای خۆی ده‌کاته‌وه. کاتێک بیرکردنه‌وه ناتوانێت ئاڕاسته‌یه‌کی دیکه‌ی جیاواز له مێژوو بدۆزێته‌وه، ئه‌وه ده‌بێته به‌شێک له گوتاری مێژووی فه‌رمی و ده‌بێته ئایدۆلۆژیا. (خه‌سرۆ)ی پاشای ساسانییه‌کان کۆمه‌ڵێک سیفه‌تی زۆر خراپی داوه‌ته پاڵ عه‌ره‌ب. ئه‌وه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) هه‌مان ئه‌مه‌یانه، که ده‌ڵێت: (عه‌ره‌ب چونکه له دۆڵی قاتوقڕدا ده‌ژین، که‌سانێکی بێنموود و بێتوانان). (ئیبن خه‌ڵدوون)یش رایه‌کی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر عه‌ره‌ب هه‌یه، که پێی وایه عه‌ره‌ب قه‌ومێکی دڕنده‌ن، بگه‌نه هه‌ر ولآتێک، وێران و تالآنی ده‌که‌ن، به‌لآم له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ورد و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌و مێژووه به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووه. هه‌ر ئه‌ویش له لایه‌کی دیکه پێی وایه خه‌ڵکی کۆچه‌ری زیاتر له کاری چاکه‌وه نزیکن هه‌تاوه‌کو خه‌ڵکی شارستانی، که پێم وایه ئه‌و گوته‌یه به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌گه‌ڵ بۆچوونی (مارکس) و (فرۆید)یشدا ناڕێک نییه. (ئیبن خه‌لدوون) ناڵێت بیابان له لم و خۆڵ زیاتری تێدا نییه، به‌ڵکو له کتێبی (المقدمه)دا ژیانی بیابان و کۆچه‌رییه‌کان پۆزه‌تیڤانه ده‌بینیت و ئه‌م قۆناغه ناو ده‌نێت (قۆناغی کۆچه‌ری) و پێی وایه ڕێکخستنی سه‌ربازی و ده‌مارگیری (عصبیه) له که‌سانی ناو هۆز پێکدێت به‌رامبه‌ر به سه‌رۆکهۆز. ئه‌و ده‌مارگیرییه‌ش له بیابان مه‌رجی بنه‌ڕه‌تیی دامه‌زراندنی سوپا و به‌دیهاتنی سه‌رکه‌وتنه. پێی وایه هێزی ئه‌و که‌سه ئازایانه‌یه، که ده‌وڵه‌ت پێکده‌هێنێت. ئه‌مه‌ش به باوه‌ڕی ئه‌و ڕێگایه‌که بۆ گواستنه‌وه له قۆناغی کۆچه‌رییه‌وه بۆ قۆناغی شارستانی. له‌م باره‌یه‌وه تیۆرییه‌که‌ی (ئارنۆلد توینبی)، که به (په‌لاوکردن و وه‌لآمدانه‌وه Challenge and response) ناسراوه، ڕێک پێچه‌وانه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) پێی وایه شارستانییه‌ت به‌رهه‌می ئه‌و شوێنانه‌ن، که سرووشتێکی خراپیان هه‌یه بۆ نموونه بیابانه‌کان. (توێنبی) پێی وایه ئه‌وه ژیانی سه‌خته له‌ناو سرووشتدا شارستانییه‌ت ده‌خوڵقێنێت، نه‌وه‌ک ژیانی ئاسان، بگره( ئاسانی) به دوژمنی شارستانییه‌ت ده‌زانێت. ئه‌و گرووپانه‌ی ده‌شتوانن شارستانییه‌ت دابمه‌زرێنن، ئه‌وانه‌ن، که ڕووبه‌ڕووی ناخۆشی ده‌بنه‌وه و لێره‌وه په‌لاو (تحدی)ی ئه‌و ناخۆشییانه ده‌که‌ن. (توێنبی) هه‌ردوو شارستانییه‌تی میسرییه کۆنه‌کان و سۆمه‌رییه‌کان به نموونه ده‌هێنێته‌وه، که له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی به‌بیابانبوونی زه‌وییه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا. هه‌ر بۆیه (توێنبی) ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌وانه‌ی له ژینگه‌ی خۆش ده‌ژین، بێهێزن، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی له ژینگه‌ی سه‌خت ده‌ژین، که به‌هێزن، چونکه ئه‌و سه‌ختییه وه‌لآمدانه‌وه (استجابه) لای که‌سه‌کان ده‌خوڵقێنێت. (توێنبی) له کتێبی (مێژووی مرۆڤایه‌تی)ی‌دا خه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه، که ئایینیش وه‌کو خاسیه‌تێکی تایبه‌ت له مرۆڤدا، وه‌لآمدانه‌وه‌یه‌کی حه‌تمییانه‌یه بۆ په‌لاوکردنی ناڕۆشنیی دیارده‌کانی سرووشت، به‌وه‌ی مرۆڤ خاوه‌نی هۆشیارییه. ده‌بێت هه‌ر له ئێستاشه‌وه ئه‌و ڕاستییه بخه‌مه ڕوو، که من له کاتێکدا باس له شارستانیه‌تی عه‌ره‌ب ده‌که‌م، ته‌نها مه‌به‌ستمه زانیارییه‌که‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) ڕاستبکه‌مه‌وه، ئه‌گینا نه‌ک مه‌به‌ستم نییه پاساو بۆ داگیرکردن بێنمه‌وه، به‌ڵکو هه‌ر خۆم له گفتوگۆیه‌کدا ئه‌و داگیرکردنه‌م به‌و شارستانییه‌ته‌وه به‌ستۆته‌وه. من قسه له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی زمانه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) ده‌که‌م و پێم وایه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نامانباته‌وه ناو فیکر و تێڕامانه‌وه. تێڕوانینی من بۆ شارستانییه‌ت له پیرۆزی و چاکییدا نییه، به‌ڵکو مه‌به‌ستم له بوونیه‌تی لای عه‌ره‌ب وه‌کو واقیعێک، که (شێرزاد حه‌سه‌ن) زۆر به‌ئاسانی و سه‌رپێییانه نکوڵیی لێده‌کات. من هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌مدا ئه‌وه‌م ده‌رخستووه، که ئه‌گه‌ر ئیسلامیش نه‌بووایه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو ئێمه له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه داگیر بکرێین، ئه‌ویش به خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌و واقیعه‌ی پێش هاتنی ئیسلام له دوورگه‌ی عه‌ره‌بدا دروست بووبوو. باوه‌ڕیشم وایه شارستانییه‌ت نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه له داگیرکردن بمانپارێزێت، به‌ڵکو هه‌موو داگیرکردنه‌کان چ له ڕۆژهه‌لآت و چ له ڕۆژئاوا ئه‌نجامی گه‌شه‌کردنی شارستانییه‌ت بوون. لای ئێمه، که شارستانییه‌ت تا راده‌یه‌کی زۆر به مانای کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ له عه‌داله‌ت لێکدراوه‌ته‌وه، ئه‌وه له ڕوانینێکی ساده به‌ولاوه، شتێکی دیکه‌مان به ده‌سته‌وه نادات. (تۆدۆرۆڤ) پێی وایه شارستانییه‌ت به‌بێ مۆڕاڵ، هیچ مانایه‌کی نییه. (فرۆید) له کتێبی (نیگه‌رانی له شارستانییه‌ت)دا پێی وایه شارستانییه‌ت نه‌ک دژی مێژووه، به‌ڵکو دژی خۆشیه‌تی. وا پێناسه‌ی ده‌کات، که شارستانییه‌ت بێ که‌م و زیاد ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر سرووشتدا. ته‌نانه‌ت په‌یمانی کۆمه‌لآیه‌تی لای (فرۆید) ئه‌نجامی هه‌ستکردنه به گوناه، سه‌رچاوه‌که‌شی گرێی باوکه. هه‌روه‌ها له کتێبی (ئاینده‌ی وه‌هم)یشدا جارێکی دیکه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ورووژێنێت و ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت به‌ناچاری له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌مه‌زرێت، که که‌مینه‌یه‌ک زاڵ بکات و زۆرینه‌ش ده‌بێت سه‌رکوت بکرێت، چونکه ئه‌وان هه‌ر به غه‌ریزه‌ی خۆیان ئاره‌زووی کار ناکه‌ن و ته‌مه‌ڵن، له کاتێکدا هه‌تا شارستانییه‌ت پێشبکه‌وێت، کاری زیاتریان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت. ئه‌نجام ده‌بێته هۆی چه‌پاندنی غه‌ریزه سێکسییه‌کانیان. به گشتی (فرۆید) به‌رامبه‌ر به ئاینده‌ی شارستانییه‌ت ڕه‌شبینه. با (شێرزاد حه‌سه‌ن) بچێت سه‌یری (له‌باره‌ی ئایینه‌وه)ی (مارکس) و (ئه‌نگلس) بکات، ئه‌وسا ده‌بینێت، (ئه‌نگلس) کاتێک له هۆیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام ده‌کۆڵێته‌وه، ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که عه‌ره‌ب له‌و سه‌رده‌مه‌دا له میسرییه‌کان و ئاشوورییه‌کان که‌متر شارستانیی نیین. ئه‌و باسی لم و خۆڵی نه‌کردووه. ئه‌گه‌رچی وه‌کو چیرۆکنووسێک دنیایه‌ک لم و خۆڵم به‌لاوه جوانه. (ماکسیم ڕۆدینسۆن)، که نووسه‌رێکی گه‌وره‌ی مارکسییه، کۆمه‌ڵێک کتێبی گرینگی له‌باره‌ی ژیانی په‌یامبه‌ری ئیسلام و ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌وه نووسیوه، چونکه هه‌موو گوتارێکی میژوویی ده‌که‌وێته ژێر ده‌سه‌لآتی لێکۆڵینه‌وه و پشکنینه‌وه، نه‌وه‌ک سڕینه‌وه. هاوکات له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی پرۆسێسی سڕینه‌وه‌دا، پرۆسێسێکی دیکه ده‌ستپێده‌کات، که پرۆسێسی دانانی ئێلته‌رناتیڤه. ئه‌وه‌ی بزوێنه‌ری ئه‌و دوو پرۆسێسه‌شه، ئایدۆلۆژیایه، نه‌ک فیکر.
عه‌ره‌ب هه‌موویان وه‌کو یه‌ک له‌و بیابانه نه‌ژیاون، که (شێرزاد حه‌سه‌ن) وایزانیوه هه‌ر لم و خۆڵه، به‌ڵکو مێژوونووسه‌کان عه‌ره‌بی پێش ئیسلام ده‌که‌ن به دوو به‌شه‌وه، یه‌که‌م عه‌ره‌بی عاریبه (العرب العاربه)، دووه‌م عه‌ره‌بی مه‌سته‌عره‌به (العرب المستعربه). عه‌ره‌بی عاریبه، که له خوارووی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی نیشته‌جێ بوون، خه‌ڵکێکی شارستان بوون. خوێنده‌وارییان هه‌بوو. ئایینی مه‌سیحیشی تێدا بلآوبووه‌وه. خاوه‌نی شارستانییه‌ت بوون. ئه‌وان بوون ده‌وڵه‌تی حه‌زره‌مۆت و سه‌به‌ئیان پێکهێنا و به‌نداوی مه‌ئره‌ب هه‌ر ئه‌وان دروستیان کرد. عه‌ره‌بی مه‌سته‌عره‌به، که له حیجاز و ته‌هامه به کۆچه‌ری ده‌ژیان، ئه‌وان نه‌خوێنده‌وار بوون، به‌لآم دوو شاری گرینگی وه‌کو مه‌ککه و مه‌دینه له‌و نێوه‌دا دیارن، که من پێم وایه به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و دوو شاره، ئاسان نییه له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی ئیسلام و ئه‌نفاله‌کانیه‌وه هیچ شتێک بڵێین.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) نه‌یزانیوه، که ڕاسته عه‌ره‌به‌کان له نیمچه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌به‌وه هاتن، ئه‌وێش به‌شێکی زۆری بیابانه، به‌لآم شارستانییه‌ته‌که‌یان تێکه‌ڵییه‌ک بووه له کۆمه‌ڵێک شارستانیی دیکه‌ی وه‌کو ئاشووری و یۆنانی و سریالی و فارسی. ئه‌وه‌تا (ئیبن خه‌لدوون) له (المقدمه)دا باس له‌وه ده‌کات چۆن عه‌ره‌به‌کان به‌هۆی ناسینی شارستانیی فارسی، توانیان له قۆناغی کۆچه‌رییه‌وه به‌ره‌و قۆناغی شارستانی هه‌نگاو بنێن.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) به نووسه‌ری ژن ناسراوه. ئه‌گه‌رچی هه‌موو به‌رگریکردنێکی ئه‌و له ژن له کۆنتێکستی ئایدۆلۆژیادا بووه. مه‌به‌ستم چیرۆکه‌کانی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێش ڕاپه‌رینی نییه. به‌هه‌ر حاڵ لای هه‌موومان (شێرزاد حه‌سه‌ن) به‌وه ناسراوه لایه‌نگری ژن و مافه‌کانی ژنه، بۆیه ئێمه‌ش نموونه‌ی سێ ژنی ئه‌و بیابانه‌ی پیشانده‌ده‌ین، هه‌تا بزانێت، که بێجگه له لم و خۆل، به‌رهه‌می دیکه‌شی هه‌بووه. ئه‌و بیابانه ڕێگای داوه ژنێکی وه‌کو (به‌لقیس) حوکمی ولآتێکی گرینگی وه‌کو (سه‌به‌ء) بکات. دیاره ده‌زانم، که یاساکانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته پیاوانه بوون، به‌لآم من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که کولتوورێک هه‌یه له ده‌رفه‌تێکدا باوه‌ڕ ده‌هێنێت ژنیش وه‌کو پیاو ده‌توانێت حوکمی ولآتێک بکات. مێژوونووسه‌کان نایشارنه‌وه، که ئه‌و ولآته له سه‌رده‌می (به‌لقیس)دا گه‌یشتۆته ئاستێکی زۆر به‌رزی شارستانییه‌ت. (فاتیمه ئه‌لمه‌رنیسی) پێی وایه (به‌لقیس) بۆیه شووی به (سلێمان) کرد، چونکو ده‌یزانی له‌شکره‌که‌ی (سلێمان) ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه، که ده‌توانێت به‌ئاسانی تێکیبشکێنێت. ئه‌گه‌ر سه‌رۆکه‌کان زۆر جار گه‌لێکیان کردۆته قوربانیی پاڵه‌وانبازێتیی خۆیان، به‌لآم ئه‌و ژنه گه‌له‌که‌ی له فه‌وتان رزگار کرد. جارێکی دیکه هه‌ر ئه‌و بیابانه ڕێگای ژنێک ده‌دات نه‌ک هه‌ر بازرگانیی بکات و له‌رووی ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵکو پیاوانیش لای ئیش بکه‌ن، که ئه‌ویش (خه‌دیجه‌ی کچی خوه‌یلید)ه. له‌ناو ئه‌و سیسته‌می فره‌ژنیه‌دا هیچ ژنێکی به‌سه‌ر نه‌هاتووه. ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئیسلامی‌یش له‌باره‌ی ئه‌و ژنه‌یان نووسیوه، نه‌یانتوانیوه کاریگه‌ریی ئه‌و له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌که‌ی فه‌رامۆش بکه‌ن. هه‌ر چۆنێک له‌و ژنه بڕوانی، نا‌توانیت به که‌سێکی جیاواز و گرینگی نه‌زانیت. ئه‌م جاره بیابان له‌ناو لم و خۆڵدا شاعیرێکی ژن ده‌خوڵقێنێت و ناوی لێده‌نێت (ئه‌لخه‌نساء). گه‌وره‌ترین سوارچاکی ئه‌و سه‌رده‌مه دێته داوای و ده‌ست به ڕوویه‌وه ده‌نێت، چونکو خۆی پێ له هیچ پیاوێک که‌متر نه‌بووه.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) ده‌ڵێت: (پێم وایه یه‌کێک له ده‌رده‌کانی ئێمه ئه‌وه‌یه، که‌س نه‌وێراوه دراسه و لێکۆڵینه‌وه‌ی قووڵ له‌باره‌ی کاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌کانی که‌لتووری عه‌ره‌ب _ ئیسلام ئه‌نجام بدات).. به‌لآم من پێم وایه ده‌ردی ئێمه ئه‌وه‌یه ڕۆشنبیره‌کانمان ئه‌وه‌نده ساکارانه بیر ده‌که‌نه‌وه و له‌م ئاسته‌ی زماندا ده‌نووسن، له‌کاتێکدا خوێنه‌ری ساویلکه پێی وایه ئه‌وانه شتی گرینگ‌یان گوتووه. گوناهی بیابان نییه، که (شێرزاد حه‌سه‌ن) دیدگای قووڵی بۆ شته‌کان نییه، به‌ڵکو به‌شێکی خه‌تای میدیاکانه، که له‌به‌ر گفتوگۆ بواری ناده‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه مه‌عریفییه‌کاندا بژی و به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی خه‌تای خۆیه‌تی. له‌ناو سرووشتی جوانی ئه‌ورووپادا بیرۆکه‌ی نازی و راسیزم سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. دیسان خه‌تای سرووشت نییه، چونکه هه‌ر ئه‌و سرووشته (دیکارت) و (کانت) و (ڕۆسۆ) و (هیگڵ) و (مارکس) و (کامۆ) و (فۆکۆ) و هه‌زاره‌های دیکه‌ی به‌خشیوه. (شێرزاد حه‌سه‌ن) هه‌ر خۆی وه‌کو نموونه‌ی مرۆڤێکی هه‌ستیار و ناسک ئه‌و ئه‌ورووپایه جێده‌هێڵێت و بۆ کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه، که له‌سه‌ر ئاستی سیمبۆلدا بیابانێکه وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆی وێنای بیابان ده‌کات، به‌تایبه‌تی ئه‌وسا، که (شێرزاد حه‌سه‌ن) بۆی گه‌ڕایه‌وه.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) ده‌ڵێت: (من به خۆم له زۆر شوێنه‌کانمدا باسم له کاریگه‌ری زۆر خراپی ئه‌و که‌لتووره‌ی عه‌ره‌ب _ ئیسلامه کردووه).
کامه‌یه دراسه و لێکۆڵینه‌وه‌ی قووڵی (شێرزاد حه‌سه‌ن)؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌و گفتوگۆیه‌یه، که (حه‌مه کاکه‌ڕه‌ش) له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه له‌گه‌ڵیدا کردووه، ئه‌وه له‌وێ شتی زۆر له‌مانه ساده‌تری گوتووه. دیاره هه‌مان نووسه‌ر له‌باره‌ی هه‌مان مه‌سه‌له‌وه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ منیش‌دا کردووه و له کتێبێک‌دا چاپده‌کرێت. له‌وێ هه‌وڵم داوه ڕه‌خنه له قسه‌کانی ئه‌و بگرم و زۆر زۆر به‌ئاسانی هه‌ڵه‌کانی بۆ راست بکه‌مه‌وه، بۆیه لێره نامه‌وێت شتێکی ئه‌وتۆی له‌باره‌یه‌وه بڵێم. دوو په‌ره‌گراف له‌و گفتوگۆیه ده‌خه‌مه به‌رچاوی خۆمان، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانین چ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قووڵی له‌باره‌ی ئیسلامه‌وه کردووه: په‌ره‌گرافی یه‌که‌م: (له‌و ڕۆژه‌وه عه‌ره‌به‌کان به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌وه، شـمشێر به‌ده‌سته‌وه هاتن و کوردستانیان داگیر کرد. ده‌قاو ده‌ق ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌یان له سووڕه‌تی ،،ئه‌نفال،، وه‌رگرتووه که هانی موجاهیده‌کان ده‌دات ڕوو له ولآتانی بکه‌ن و به زه‌بری شمشێر کافره‌کانی وه‌کو ئێمه بکه‌ن به ئیسلام به‌ناوی ،،غه‌زه‌وات و فتوحات،،ه‌وه).
په‌ره‌گرافی دووه‌م: (هه‌رگیز شه‌ڕی گه‌وره‌مان له‌سه‌ر کاره‌ساتی ئه‌نفال نه‌کرد، تا ئێستاکه‌ش هه‌مان دۆخ به‌رده‌وامه، دۆخی زه‌لیلی و کۆیله بوون و ئه‌و ترسه گه‌وره‌یه وای لێکردووین که جاروبار به‌شه‌رمه‌وه باس له ئه‌نفال بکه‌ین). هه‌موو کولتوورێک، نه‌ک هه‌ر هی عه‌ره‌بی _ ئیسلامی کاریگه‌ری خراپی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له به‌رامبه‌ریدا خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه نه‌بێت. وه‌کو گوتمان ئه‌وه‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) ڕه‌خنه نییه، به‌ڵکو سڕینه‌وه‌یه. ئایین له‌و کاته‌دا دێته ناو کۆمه‌ڵگا، که شته‌کان به خراپی و له شوێنی خۆیاندا به‌کارنایه‌ن، به‌و مه‌به‌سته‌ی له ڕێگای پێوه‌ره ڕه‌هاکانیه‌وه (چاکه)کانمان نیشان بدات. ڕۆشنبیری ئایدۆلۆژییش به ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆی ده‌زانێت، شته‌کان به‌سه‌ر پاک و پیس، چاک و خراپ‌دا دابه‌ش بکات. کاتێک ڕه‌خنه حه‌قیقه‌تێک پووچ ده‌کاته‌وه، بۆئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تێکی دیکه‌ی له شوێن دابنێت، ئه‌وه ده‌بێته ئایدۆلۆژیا. هه‌ر له‌وێدا (شێرزاد حه‌سه‌ن) جوێن به عه‌مامه‌به‌سه‌ر ده‌دات و پێی ده‌ڵێت گه‌لحۆ. ئه‌و زاراوانه که‌ی هی ئه‌وه‌ن خاوه‌نی کۆمه‌ڵه‌چیرۆکه‌کانی (ته‌نیایی) و (گوڵی ره‌ش) به‌کاریانبهێنێت!! ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی ئێمه به‌رده‌وام گوناهه‌کان ده‌خاته ئه‌ستۆی سرووشت و مادده خاوه‌کانه‌وه. خه‌تای ئه‌و قوماشه نییه، که ده‌کرێته عه‌مامه و جوانیکوژێک ده‌یکاته سه‌ری. هه‌ر ئه‌و قوماشه ده‌شێت بکه‌وێته ده‌ست هونه‌رمه‌ندێک و جوانترین تابلۆی له‌سه‌ر بکێشێت. (عه‌بدولآ ئه‌لغوزامی) خه‌ڵکی سعودیه‌یه و چه‌فیه و عه‌گالی له‌سه‌ره، که‌چی یه‌کێکه له بیرمه‌ند و ڕه‌خنه‌گره گه‌وره‌کانی ئه‌مڕۆ. به‌رده‌وام له‌لایه‌ن فه‌نده‌مه‌نتالیزمه‌وه هێرشی ده‌کرێته سه‌ر و به مارکسی و فرۆیدی گوناهبار ده‌کرێت. ئه‌و باوه‌ڕی به ڕه‌خنه‌ی کولتوورییه له‌جیاتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، چونکه نایه‌وێت ته‌نها جه‌خت له‌سه‌ر جوانی بکرێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌و کۆنتێکسته‌ش بخوێندرێته‌وه، که جوانیی له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت. لێره‌وه‌یه ئه‌و ره‌خنه‌گره فحولیه‌ت و کۆنه‌په‌رستی و چه‌وسانه‌وه له‌ناو تازه‌گه‌ریی عه‌ربییدا ده‌بینێت. ته‌نانه‌ت شاعیرانی وه‌کو (ئه‌بی ته‌مام)، (موته‌نه‌بی)، (نه‌زار قه‌بانی) و (ئه‌دۆنیس) لای ئه‌و به‌شێکن له‌و داموده‌زگا ڕۆشنبیرییه پیاوسالارییه‌ی عه‌ره‌بی. ئه‌و نووسه‌ره و زۆری دیکه‌ش، که له‌ناو ئه‌و بیابانه پێگه‌یشتوون، به‌رده‌وام سه‌رچاوه‌ی گرینگی (شێرزاد حه‌سه‌ن) و من و زۆری دیکه‌ش بوون.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌دا ده‌ڵێت وه‌کو چۆن جووله‌که هه‌موو مێژووی خۆی له‌سه‌ر هۆلۆ‌کۆست دامه‌زراند، ئه‌وه ده‌بێت ئێمه‌ش مێژووی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌نفال دابمه‌زرێنین. ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگامان لێبێت هه‌تا ئێستا ئایدۆلۆژیاش هه‌ر ئه‌وه‌ی کردووه، که (شێرزاد حه‌سه‌ن) تازه به‌تازه پێیگه‌یشتووه. هه‌رچی (به‌ختیار عه‌لی)ه، ئه‌وه له دوای راپه‌ڕینه‌وه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پێشنیاره‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) به‌رده‌وام هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی داوه، که کۆمه‌ڵگای پرسه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. (شێرزاد حه‌سه‌ن) به‌هه‌مان شێواز و زمانی ئایدۆلۆژیا سه‌ره‌تا بۆ مێژوو ده‌ستنیشانده‌کات و خه‌ریکه ڕۆژژمێرێکمان بۆ داده‌هێنێت، که یه‌که‌م ڕۆژی له ئه‌نفاله‌وه ده‌ستپێده‌کات. ئێستا ڕۆژژمێری ئێمه، که له نه‌ورۆزه‌وه ده‌ستپێده‌کات، واته له‌گه‌ڵ بووژانه‌وه‌ی سرووشت، به‌لآم له‌مه‌ودوا به‌پێی ڕۆژژمێره نوێیه‌که‌ی (شێرزاد حه‌سه‌ن) وێرانکاری و شیوه‌ن ده‌بنه سه‌ره‌تای ساڵی نوێمان. پارادۆکس ئه‌وه‌یه هه‌ر (شێرزاد حه‌سه‌ن) خۆی له‌و گفتوگۆیه‌دا ڕه‌خنه له کۆمه‌ڵگا ده‌گرێت، که تێیدا ئه‌نفال کراوه‌ته بۆنه‌یه‌ک بۆ شیوه‌ن و ڕۆڕۆ.
(شێرزاد حه‌سه‌ن) کاتێک ده‌ڵێت: (به‌لآم من به خۆم له زۆر شوێنه‌کانمدا باسم له کاریگه‌ری زۆر خراپی ئه‌و که‌لتووره‌ی عه‌ره‌ب - ئیسلامه کردووه"، ئه‌وه له پشت ئه‌و (به‌لآم)ه‌وه خۆی وه‌کو تاکه ئازایه‌ک نیشان ده‌دات، چونکه له دێڕی پێشتر گوتوویه‌تی: (که‌س نه‌وێراوه دراسه و لێکۆڵینه‌وه‌ی قووڵ له‌باره‌ی کاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌کانی که‌لتووری عه‌ره‌ب _ ئیسلام ئه‌نجام بدات). من خۆم هه‌تا ئێستا هیچ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفێکم نه‌بینیوه گله‌یی له که‌سانی دیکه کردبێت، که ئه‌وان وه‌کو خۆی ئازا نیین و ئه‌وه هه‌ر خۆیه‌تی ڕه‌خنه ده‌گرێت، به‌لآم له ئایدۆلۆژیادا ئه‌مه شتێکی زۆر ئاساییه. ئه‌گه‌ر هه‌موو نووسه‌رێک نایه‌وێت وه‌کو (شێرزاد حه‌سه‌ن) به‌و زمانه بنووسێت، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، جورئه‌ت ناکه‌ن ئه‌وه‌نده له ساده‌یی نغرۆ ببن. له حه‌فتاکان و هه‌شتاکان کاتێک نووسه‌رانی وه‌کو (فوئاد مه‌جید میسری)، (فوئاد قه‌ره‌داغی)، (شێرکۆ بێکه‌س)، (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)، (حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن)، (ره‌وف حه‌سه‌ن)، (ره‌وف بێگه‌رد)، (فه‌همی قه‌ره‌داغی)، (که‌مال میراوده‌لی)، (ناسر حه‌فید)، (نه‌جیبه ئه‌حمه‌د)، (شیرین ک)، (حسێن به‌فرین)، (ئه‌بوبه‌کر خۆشناو)، (عه‌بدولقادر سه‌رچناری) و هه‌ندێکی دیکه ڕه‌خنه‌یان له ڕژێمی به‌عس ده‌گرت و به‌ئاشکرا قسه‌یان به دیکتاتۆر ده‌گوت، (شێرزاد حه‌سه‌ن) له‌ناو خودی خۆیدا نغرۆ بووبوو. به‌شێکی ئه‌و نووسه‌رانه یان گیران یان ڕاونران یان خرانه ژێر چاودێرییه‌وه، که‌چی ئێمه دوای ڕاپه‌ڕین له‌پاڵ (شێرکۆ بێکه‌س)دا له هه‌موویان زیاتر بایه‌خمان به (شێرزاد حه‌سه‌ن) دا و ئه‌ویشمان به ڕێگایه‌کی دیکه به ئازا زانی. (شێرزاد حه‌سه‌ن)، که هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌دا ده‌ڵێت ئه‌و بایه‌خ به سایکۆلۆژیا ده‌دات، بۆیه ده‌بێت بزانێت که له سایکۆلۆژیادا که‌سێک نییه ئازا و ئه‌وی دیکه ترسنۆک، به‌ڵکو ئه‌وانه له‌ناو کۆمه‌ڵێک میکانیزمی به‌رگرییدا (Defense Mechanisms) به‌ڕێوه ده‌چن. یه‌کێک، که خۆی ئازا نیشان ده‌دات، ئه‌وه میکانیزمی په‌رچه‌کرداره (Reaction Formation) و له ناخیدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه هه‌یه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه چیرۆکی (شێرزاد حه‌سه‌ن) له سه‌ره‌تاوه جیاوازه له‌و شێوازه ستاندارده‌ی، که هه‌ر باس له ئازایه‌تی و پاڵه‌وانبازێتیی ده‌کات. ئه‌و له ناخماندا به‌دوای ترسنۆکی و دڵه‌ڕاوکێ و نیگه‌رانییدا گه‌ڕا و پێی گوتین ئه‌مانه ناخی ئێوه‌ن و هه‌ر ئه‌مانه‌شن دنیای ڕاسته‌قینه‌تان، به‌لآم ئێوه به‌شێوه‌یه‌کی دیکه خۆتان نیشان ده‌ده‌ن. من خۆم پێشتریش ئاماژه‌م به‌و خاڵه کردووه له چیرۆکه‌کانی (شێرزاد حه‌سه‌ن)دا. لێره‌وه ده‌ڵێم هه‌ر یه‌کێک له چیرۆکه‌کانی ئه‌و چیرۆکنووسه له هه‌موو ئه‌و شتانه گرنگتره، که له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌ناوی لێکۆڵینه‌وه‌ی فیکرییه‌وه ده‌یاننووسێت و ده‌یانڵێت. ده‌یاننووسێته‌وه و ده‌یانڵێته‌وه.
|