په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠١١

شه‌ش کورتە فیلم لە بەرهەمهێنانی شەهرام عەلیدی ئامادەی نمایشکردنن.


مه‌نسوور جیهانی


شه‌ش کورتە فیلم لە دەرهێنانی سینەماکارانی کورد و لە بەرهەمهێنانی "شەهرام عەلیدی" و بە پشتیوانی بەشی "جۆرێک روانین"ی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش لە وڵاتی ئێران ئامادەی نمایشکردنن.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "تاو فیلم"، 6 کورتە فیلمی "خەیام"، "رەنگدانەوە"، "دەست"، "دەهۆڵ"، "تا پیاوەکان سەما بکەن" و "هێما" کە ڕوانینێکی مۆدێڕنە لە سەرتاسەری وڵاتی ئێران بە گێڕانەوەی دیمەن لە لایەن سینەماکارانی لاوی کورد و ئێرانی و لە بەرهەمهێنانی سینەماکارانی کورد "شەهرام عەلیدی" ئامادەی نمایشکردنن. ئەم فیلمانە بە پشتیوانی بەشی "جۆرێک روانین" (فیلمە 262 چرکەییەکان)ی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش بەرهەمهاتوون.


کورتە فیلمی "خەیام" لە دەرهێنانی شەهرام عەلیدی، کورتە فیلمی "دەنگدانەوە" لە دەرهێنانی ئیرەج محەمەدی رەزینی، کورتە فیلمی "دەست" لە دەرهێنانی هاوبەشی ئێحسان رەزایی و ئیمان رەزایی، کورتە فیلمی "دەهۆڵ" لە دەرهێنانی جەمیل مەفاخری، کورتە فیلمی "تا پیاوەکانمان سەما بکەن" لە دەرهێنانی هیوا ئەمین نیژاد، و کورتە فیلمی "هێما" لە دەرهێنانی تۆفیق ئەمانی لە بەشی "جۆرێک روانین" (فیلمە 262 چرکەییەکان)ی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش و هەروەها کورتە فیلمی "دەهۆڵ" لە دەرهێنانی جەمیل مەفاخری و کورتە فیلمی "تا پیاوەکانمان سەما بکەن" لە دەرهێنانی هیوا ئەمین نیژاد لە نێوان 9 فیلمی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی "جۆرێک روانین"ی ئەم فیستیڤاڵە نمایش دەکرێن.


یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و لە چەندین بەشی جیاوازدا لە رۆژانی 24 تا 28ی ئەپریلی 2011 لە دوورگەی کیش لە باشووری ئێران بەڕێوەدەچێت.


کورتە فیلمی "خەیام" لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی شەهرام عەلیدی، لە وێنەگرتنی ئەمیر عەلی وەیسی، لە دەنگهەڵگری ئەرەستوو مەفاخری، بە دەنگدانانی حوسێن قوورچیان ئامادەی نمایش بووە و عەلیرەزا برووسان وەکوو راوێژکاری دەرهێنەر لەم فیلمەدا هاوکاری کردووە.


کورتە فیلمی "دەنگدانەوە" لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی ئیرەج محەمەدی رەزینی، لە وێنەگرتن و دەنگدانانی حوسێن قوورچیان چیرۆکی پیاوێک بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە ساڵەهای ساڵە لە ئەشکەوت و کێوەکاندا ژیان بەسەر دەبات، ئەم پیاوە لە یەکێک لە رۆژانی ژیانیدا کڵاوێک دەبینێتەوە و لەگەڵ ئەو کڵاوە هەندێک رووداوی بۆ دێتە پێشێ. ئەم فیلمەی روانینێکی جیاوازی هەیە بە کاریگەری جەنگ لەسەر مرۆڤەکان و سروشت.


کورتە فیلمی "دەست" لە دەرهێنانی هاوبەشی ئێحسان رەزایی و ئیمان رەزایی، لە وێنەگرتنی حوسێن بەرداڵ و ئیمان رەزایی و هەروەها مونتاژ و دەنگدانانی ئیمان رەزایی، روانینێکی نوێ هەیە بە دەست و کارە دەستییەکان.


کورتە فیلمی "دەهۆڵ" لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی جەمیل مەفاخری، لە وێنەگرتنی محەمەد نووری و لوقمان مەفاخری، لە دەنگهەڵگری ئەرەستوو مەفاخری و لە دەنگدانانی فەرهاد مەسکووک، چیرۆکی ئافرەتێک بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە هاوسەرەکەی لە دەریا خنکاوە و ئەو ئافرەتە لە پیاوەکانی گوندەکەیان داوادەکات کە دەهۆڵ و زوڕنا لێبدەن، چونکە لەو بڕوایەدایە کە ئەگەر دەهۆڵ و زوڕنا لێبدرێت، هاوسەرکەی دەدۆزرێتەوە.


کورتە فیلمی "تا پیاوەکانمان سەما بکەن" لە دەرهێنانی سینەماکاری بانەیی هیوا ئەمین نیژاد، لە وێنەگرتنی سەرکێو مسگەری، لە دەنگهەڵگری هادی ئەحمەدی و لە دەنگدانانی رەزا عەلایی، لەم فیلمەدا دەرهێنەر دیمەنی جۆراوجۆری لە چنین و سازکردنی جلووبەرگی تایبەتی پیاوانی کورد وێنەگرتووە.


کورتە فیلمی "هێما" لە دەرهێنانی سینەماکاری مەریوانی تۆفیق ئەمانی، لە وێنەگرتنی محەمەد نووری، لە دەنگهەڵگری بورهان ئەحمەدی و لە دەنگدانانی تۆفیق ئەمانی، ئەم فیلمە دوو ئێپیزۆدی ژیان و هێمای لە خۆ گرتووە.


ئێپیزۆدی یەکەم چیرۆکی کچێکی کوردە کە سێوێکی مێخەک رێژ کردووە، ئەم کارە لە کوردستان دابوونەریتێکی کۆن و لە مێژینەیە کە عاشق ئەم سێوەی پێشکەش بە ئەویندارەکەی خۆی دەکرد.


ئێپیزۆدی دووەم سەیارەیەک دەبینێن کە لە پشت جامەکەیدا هەر ئەو سێوە مێخەک رێژە هەڵواسراوە، کە باوەگەورەی ئەم کەسایەتییە، ئەم سێوەی پێشکەش بە دایەگەورەی کردووە.


بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانە لە ئەستۆی شەهرام عەلیدی بووە، ئەم سینەماکارە کوردە بە نوێترین بەرهەمی 100 چرکەیی خۆی بە ناوی "کوچ ابرها" واتە "کۆچی هەورەکان" کە نووسین، بەرهەمهێنان و دەرهێنەری فیلمەکە لە ئەستۆی خۆی بوو، لە بەشی "چاکسازی و جۆری دۆستایەتی" لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی 100 چرکەیی لە شاری تاران بەشداری کرد.


ئەم فیلمە بەرهەمی حەوزەی هونەری پارێزگای تارانە و هونەرمەندی سنەیی ئەمیر عەلی وەیسی وێنەگر، ئەرەستوو مەفاخری دەنگهەڵگر و حوسێن قوورچیان لە دەنگدانانی ئەم فیلمە 100 چرکەییەدا لەگەڵ عەلیدی هاوکاریان کردووە.


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای "تاو فیلم".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک