١\٣\٢٠١٥
شەش پرسیارەکە بێ
(''را'' و ''هەڵوێست'') رۆژنامەنووسیی نییە!

دارا خونچە
ئەگەر هەر وەک ئەوەی ئەو دەزگە و نێوەندانەی
وە ئەکادیمیا ناودێر دەکرێن پێناسەی رۆژنامەنووسیی بکەین و تەنێ لە شەش
پرسیارەکە (کەنگێ، کێندەر، کێ، چ، لۆ، کوو) چڕی بکەینەوە؛ ئەوە
رۆژنامەنووسیی هەر وەک ئەوەی ئێستا هەیە نادروست و کەموکورت دەبی و لە
(نووچەگەهانیی) پتر بترازێ هیچ واتایەکی دیکە ناگەیەنی.
ئەوە راستە نووچەگەهانیی یەک پشکی گرنگ و کاریگەرە لە نێو کایەی
رۆژنامەنووسیی و هەروا دەشێ و دەشکرێ خولیا و کۆششەکی مرۆڤەکانیش بی لە
کرداری (گەیاندن) و وەدیهینانی هێندەک ئامانج کە پێداویستی ژیانن.. لێ
هەر نووچەگاهانییە و لە زۆربەی هەرە زۆری کاتەکاندا رێک وەک شەیپووری
کەمینەیەکی کەمی نێو کەسانی رامیاریی کە رامیاربازە دەسەڵاتدارەکانن
وەکاردەبردرێ، بەڵگەی ئەوەش؛ ئێستا ئەگەر هەر وڵاتەک وەربگرین دەبینین
تەنێ ئەو دەزگە رۆژنامەگەرییانە هەژموونیان لەسەر وەرگر (خوونەر و
بیسەر و بینەر) هەیە کە توانستی مادییان لە لایەن رامیاربازە
سەرمایەدار و بازرگانە گەورەکانی نێو دەسەڵات دەخرێتە بەردەست.. واتە
راگەیاندن وە شێوە گشتییەکەی دەسەڵاتی چارەمە لە پێناو جوانکردنی هەر
سێ دەسەڵاتە زۆردار و ستەگەرەکەی دیکە و هیچی دیکە.
قورتاربوون لەو بارەی رۆژنامەنووسیی تەنێ بەو رۆژنامەنووسانە دەکرێ کە
لە خەمی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤەکان و پێشڤەبردنی ژیان دان، ئەویش -
ئەمن وەهای دەبینم - پێویستە وە لایەنی کەم دەست بەو خاڵانەوە بگیردرێ:
● واز لە رۆژنامەنووسیی بهێندرێ
وەک پیشە، واتە نووچەگەهانیی رادەستی ئەو کەس و نێوەندانە بکرێ کە
شەیپوورژەن و دەرباری دەسەڵاتدارانن.. چونکە ئەوان هەرگیز دەرفەت نادەن
نووچەی کەسەک کە لە کاتی دروستکردنی دیوارەک بەردەبیتەوە و گیان لەدەست
دەدا لە سەرەوەی ئەو نووچەیە بڵاوبکرێتەوە کە پاشا - یان هەر یەک لە
بەردەستەکانی - لەوپەڕی ئاسوودەیی خۆیدا لە نێو باغ و باغستانە
دڵفڕێنەکەیدا دوو جار دەپژمی و جاری سێیەم پڕ زانستترین پزیشک دەمودەست
لە بەرپێی کڕنووش دەبا!
● لە نێو هەر کار و بەرهەمەکدا
پەیکەری رۆژنامەنووسیی وە دروستیی بکێشرێ، واتە شەش پرسیارەکە ((کەنگێ،
کێندەر، کێ، چ، لۆ، کوو) لەو گۆڕەی بەجێنەهێلدرێ و وە شێوەیەکی
بابەتییانە لە (''را'' و ''هەڵوێست'') بپێچرێنەوە تا رۆشنایی بدەنەوە و
وەک بلقی سەرئاویان وەسەر نەیێ. ئەوە تەنێ شەیپوورژەنە پێویستی وە
(''را'' و ''هەڵوێست'') نییە چونکە ئەو تەنێ کرێی گەرەکە (کرێی بژێوی
ژیان و کرێی چاککردنەوە و تازەکردنەوەی شەیپوورەکەی)!
● خۆداتەکاندن لەو گومانەی کە
وەهای دەبینی دەکرێ لە نێو دەزگە و نێوەندە رۆژنامەنووسییە دەربارەکان
- کە خۆیان وە راگەیاندنی ''ئازاد و خانەیی'' ناودێر دەکەن! - کار بکەی
و لە ماف و ئازادییش بدوێی یان هێندە وە هەڵەدا رۆبچی کە
ئەتوو لە کاتەکدا وە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان سەر بە وان نەبی و
لە دەرێی وان ئازادانە کار بکەی کەچی وەهای ببینی دەتوانی وە بەرهەمی
جوان و نایاب ناچاریان بکەی دەرفەتت بدەن تا جێپەنجەت لەسەر ئاریشە و
دۆزەکان دیار بی!
● کاتەک کە ئەو دەزگە
راگەیاندنانەی وە ماندییبوون و شەونخوونییەکی زۆرەوە و لەوپەڕی بێ
توانستیی مادیی خۆیان کار دەکەن و زۆر زۆر دوورن لە (دەسەڵات و
حیزبەکان و تەنانەت ئەوانەش کە پێیاندەگۆترێ رێکخراوە قازانج نەویستە
نادەسەڵاتیی و راژەکارەکان) و ئازادانە کاروبارەکانیان رادەپەڕێنن..
دێن و دەرفەتی باش دەخەنە بەردەستی رۆژنامەنووسە بەرهەڵستکارە
ئازادییخوازەکان کە (را و هەڵوێست)یان هەیە یان دەستی رۆژنامەنووسە
تازەکارەکان دەگرن.. پێویستە پاش ئەوەی بەرهەمەکانیشیان دەبنە جێی
سەرنج و ناوبانگەک پەیدا دەکەن خۆیان نەدۆڕێننە راگەیاندنی
نووچەگەهانیی بەڵکە وە پێچەوانەوە پتر گرنگیی بدەن بەو دەزگە
راگەیاندنە ئازادانە و خاوەندارییان لێ بکەن تا بتانن لەسەر پێی خۆیان
بوەستن و وە واتای وشە رۆژنامەنووسیی بخەنە سەر هێڵە راستەکەی خۆی و
نووچەگەهانیی کۆتایی پێ بهینن و رۆڵی پێوستی خۆیان بنوێنن.
● زۆر کار و رێکار و بەرکاری
دیکە هەن زەمینە دەڕەخسێنن تا ''شەش پرسیارەکە'' بێجگە لە بەرسڤی
ناواخنیی خۆیان وەک روودان و هەڵکەوت بەرسڤی پێویستی خۆیان لە چارچیوەی
(را)دەربڕین و (هەڵوێست)وەرگرتن وەربگرن و چیدی دامودەزگە مشەخۆرە
دەربارەکان نەتانن ناوی رۆژنامەنووسیی لە خۆیان بنێن.. هەروا
رامیاربازان کاتەک کە تەنگاو دەکرێن نەتانن بەو شێوە بەدڕەوشتییەیان
ببێژن: ''ئەوە هەڵبەستە و بانگەشەی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانە.. هیچ
بایەخ و گرنگییەکی نییە لە کنە من''!!!
٢٧\٢\٢٠١٥
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|