په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٤

    شەش شیعر.

فه‌رهاد مازێ

    ئاو.
شەوێکیان لە خەو هەڵسام
بۆنی مردوو لە کەللەی دام
پاچ و خاکەناسم هەڵگرت
بەرەو گۆڕستان کەوتمەڕێ
کە مردووانم دەرەهێنا
بە حەسرەت بووم یەکێ لەوان
بۆنی رۆژی لێنەهاتبا،
هەر لەو شەوە گەڕامەوە
دیم هەموو دەرگاکان واڵا بوون
لەگەڵ خۆما کەوتمە پرسیار
دەبێ ئەوانە چاوەڕێی ئاو نەبن؟

 

    غوربەت و با و بەفر.
با گۆرانی دەڵی
دار رووت بن و یا رووت نەبن
وەکو کچە سەماکارێک
بە دەم بادا هەڵدەپەڕن،
بەفر پێدەکەنی
چیاش ئامێزی بۆ واڵایە
نە بەفر لە چیا تێر دەبێ
نە چیاش لە بەفر،
منیش لێرە لە غەریبیی
لەگەڵ هەڵکردنی هەر بایێ بێ
لەگەڵ داگرتنی هەر بەفرێ بێ
دار و چیام،
ئەگەر بۆنی نیشتمانەکەمی لێبێ.

 

    فەرهەنگی ئاوێنە.
پەنجەرەیێ هاواری کرد
ئاوێنە سۆزانییەکەم دەرزی برد
نامۆیە گەر پێتان بڵێم
هاوار لە غەریبیی سەرم مرد،
وشەیێ لە ناو فەرهەنگی مێژوودا رایکرد
لە نزیکترین خاڵی ئاوێنەدا
بڵق
بڵق
خنکا
مرد،
سبەی فەرهەنگێک تەواو دەبی
تەنها دەسمالەکەی دایکمی تێدا نییە
شیوەن بۆ دوێنێ و
ئەمڕۆ بگێڕێ
رۆژباش ئەی فەرهەنگی گوناح و
ئاوێنەی هەرەسهێناو سپڵە
.

 

    شقارتە.
پەنجەرەی تەنیاییم کردەوە
وەک رۆژێکی قەپاو
لە ئاوە سەرشێتەکان پەلەقاژێم دەکرد
هێندە بە بەرد و کەنارا کەوتم
وردوخاش بووم،
پەنجەرەی تەنیاییم خستە سەر پشت
لە پێی شەقامێکی هەڕمێنا بووم
هێندە ساتمەم لە پێیە بێ سەرەکان کرد
لە زبڵخانەی بێنەواکان
خۆم بەدیکرد،
ئا ئێستاکەش،
چاوەرێی تەلە شقارتەیەکم
سەری رێزی بۆ دانوێنم.

 

    قەدەر.
ساڵانێکە
لە ناو جوغزی بۆشاییدا
پەیدان، هەنگاوەکانم قوتدەدا
کەوتن، لەدایکبوونمە و
لووتکەش مەرگە،
ساڵانێکە
بای قەدەر هەنگاومە و لە رێ دام
من دەزانم و نازانم
یا لە نیوەی رێ لەدایک دەبم
یا لە ترۆپکدا دەمرم.


    ئاوێنە.
دەروێش شاعیر
دەف و شیعر
تێکەڵاوکە،
خوای جوان، خوای پاک
خوای تاک و میهرەبان دەبینی
بەختەوەرە و پێدەکەنی،
چەوسێنەر و چەوساوە
قامچی و شەلوارێکی زیوار زیوار
تێکەڵاوکە،
کۆترێکی بریندار دەبینی
بەرەو ئاسۆ هەڵکوڕماوە،
برسی و تێر
دەفرێکی بەتاڵ و دەفرێکی پڕ
تێکەڵاوکە،
لاوازێکی وەک نەمام
هەنگاو دەنێ و دێ بۆ لات
گەر لە نیوەی رێدا نەکەوێ و
نەمرێ و نەبێ بە خەڵات،
جەنگ و ئاشتی
کۆتر و گوللە
تێکەڵاوکە،
جەڵادێکی شڵەژاو دەبینی
لەگەڵ نیشانەی پرسیار.

 

١٩٩٢ - تورکیا

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک