په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢٦

   شەترەنجی بێ پاشا.

ئەرسەلان مەحمود

مێژوو،
  بووە بە ژوورێک لە ئاوێنەی شکاو،
     سێبەرەکان بڕیار لەسەر قەبارەی ڕووناکی دەدەن.
        جوگرافیا، ئەو درۆ گەورەیەی بە خوێن هێڵەکانی کێشراون،
           هەموو بەیانییەک لەسەر مێزی دانوستانەکان
        پێوانەکانی دەگۆڕێن.

           لە شوێنێکدا
        ئەقڵ دەبێتە پەیکەرێکی بێدەنگ،
     هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی پرسیارەکان نامێنێتەوە.
  من لێرە تەنها پاسەوانی گومانەکانمم، نەک قوربانیی
     ناو گەمە تاریکە پێشوەختیەکانی
        چارەنووس.

        پەنجەکانم،
     پڕن لە مەرەکەبی ڕەشپۆشی ئەو پەیماننامانەی،
  پێش واژۆکردنیان، لەدایکبوونی مەرگی خۆیان ڕاگەیاندبوو.
     ئێمە لە ناو دوکەڵی دێڕە ڕەشەکانی کاغەزێکی سووتاودا دەژین،
        لەناو فەنتازیای سیاسەتدا، بەدوای مانا ونبووەکانی وەهمدا
           دەگەڕێین.

        ڕاستییەکان، وەک سەربازی ناو شەترەنجێکی بێ پاشا،
     لە چوارچێوەیەکی داخراودا، بێ ئامانج یەکتری دەخۆن.
  ئێمەش لەم شانۆگەرییە ئەبسوردییەدا، چەپڵە بۆ ئەو
     دەمامکانە لێدەدەین لە پشت هەر زەردەخەنەیەکیانەوە،
        بۆشاییەکی قووڵی ترسناک خۆی حەشارداوە و هیچ
           فریادڕەسێک لە دەرەوەی ئەم گەمەیە بوونی نییە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک