په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٠

شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە: زامێکى هەمیشەیی.
 

 


لە ساڵی 2008 دا، حکومەتى هەرێمى کوردستان، توندوتیژیی دژى ژنانى کرد بە پرسێکى سەرەکى خۆى، چەند هەنگاوێکى سوپاسکراوى نا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژى خێزانى، بەڵام بەداخەوە هەمان بایەخی بە پرسى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە، یان خەتەنە " وەک لەناوخۆدا واى پێدەڵێن" پیشان نەدا، کە بەشێوەیەکى بەربڵاو وەک شێوەیەکى توندوتیژیی دژى کچانء ژنان ناسراوە.


ئێمە قسەمان لەگەلڕ زۆرێک لە ژنانى هەرێمى کوردستان کردووەو ئەوانیش چیرۆکى ترس ء ئازارو شۆک و گیروگرفتى تەندروستى درێژخایەنى خۆیانیان بۆ باسکردووین کە بەهۆى ئەو کردەوەیەوە گیرۆدەى بوون. زۆرێکیان وتیان کە هیچ ئیختیارێکیان لەبەردەمدا نەبووە، هیچیشیان لەوبارەیەوە پێنەوتراوە.


رێکخراوى تەندروستى جیهانى پێناسەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێینە FGM دەکات بە "کردەوەیەکى نەریتییانەى زیانبەخش" ژمارەى ئەوانەش کە لەسەرانسەرى جیهاندا بڕراون، بە 100 بۆ 140 ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت.


لە کوردستان، بەربڵاویی تەواوى کردەوەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە زانراو نیە، چونکە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامار دەربارەى کردەوەکە کۆناکاتەوە ، بەڵام رووماڵێک کە لەم نزیکانەدا لە لایەن رێکخراوێکى ناحکومییەوە (وادی) لەگەلڕ 1.408 کچ ء ژن لە کوردستان، ئەنجامدراوە، دەریخستوە کە 57 لە سەدى کچانى تەمەن نێوان 14 و 19 ساڵ، کە دیمانەیان لەگەڵ کردوون، وتوویانە کە کردەوەکەیان لەگەڵ کراوە. لێکۆڵینەوەیەکى بچووکتریش کە لە ساڵی 2009 دا لە لایەن وەزارەتى پێشووى مافەکانى مرۆڤەوە کراوە، دەریخستووە کە 40.7 لەسەدى کچان و ژنانى تەمەن نێوان 11 و 24 ساڵان کردەوەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینەیان بۆ ئەنجامدراوە. ئەم لێکۆڵینەوانە، گەرچى بچووکن و لە چەند ناوچەیەکى دیاریکراوى هەرێمە ئۆتۆنۆمەکەدا ئەنجامدراون، بەڵام ئاماژە دەکەن بۆ ئەوەى رەنگە شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە کردەوەیەکى بەربڵاوبێت.


ئەم کردەوەیە چەندین دەرەنجامى دوور مەوداو نزیکى هەیە. لەوانەیە کچەکان بەخراپى خوێنیان بەرببێت یان نەخۆشى خراپیان بۆ بگوێزرێتەوە، بە تایبەتى کاتێک گوێزانێکى پاکژنەکراو بەکاردەهێنرێت، کە بە زۆرییش هەروا دەکرێت. زۆرێکیان دووچارى ئازاو شۆکى سەخت دەبن و واهەستدەکەن فریودراون، چونکە ئەو خەڵکانەى خۆشیاندەوێن " دایکان، خوشکان، پوورەکان " دەیانبەن بۆ ئەوەى بیانبڕن. پسپۆڕێکى نەخۆشییەکانى ژنان لە کوردستان، جەختی بۆ کردین کە زۆرێک لەو ژنانەى کە ئەندامى زاوزێیان شێوێنراوە، هەر لەژێر کاریگەریی یادەوەریی ئەو دەستدرێژییە جەستەییەى منداڵییاندا ماون.


راپۆرتێکى نوێی هیومان رایتس ۆچ، "بردیانم و هیچیان پآ نەوتم: شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە لە کوردستانى عیراق" ئەو فاکتەرە کۆمەڵایەتى، کەلتورى، ئاینییانە دەستنیشان دەکات کە لە پشتى کردەوەکەوەن. راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتە روو کە کچان و ژنان نامەى تەمومژاوییان دەربارەى پێویستى ئەنجامدانى کردەوەى شێواندنى ئەندامى زاوزێیان و دەرەنجامە تەندروستییەکانی، پێدەگات.


هۆیەکى تاقانە کە رونیبکاتەوە بۆچى خەڵکى کوردستان کچەکانى خۆیان دووچارى ئەم کردەوەیە دەکەن، لەئارادا نیە. کاتێک بۆ لێکۆڵینەوەکەى هیومان رایتس ۆچ پرسیارمان لێکردن، هەندێکیان وتیان ئەوە کردەوەیەکى کەلتورییە و نەوە دواى نەوە بۆیان ماوەتەوە. زۆرینەى ئەو ژنانەى لە پڵینگان، سەرکەپکان، سمود، هەڵەبجە، دیمانەیان کرا، وتیان کە خەتەنە سوننەتە، کردەوەیەکە ئیمان بەهێزدەکات، بەڵام فەرز نیە. ئەو سەرکردە ئاینییانەى لە کەلار بینیمانن، پشتیوانییان لەم گۆشەنیگایە کرد.


هەرچۆنێک بێت، دانایانى دەرکەوتووى ئیسلام، وەک محەمەد سەید تەنتاوى، شێخى گەورەى زانکۆى ئەزهەر لە قاهیرە، بە توندى دژى کردەوەکە قسەى کردووە، دەڵێت کە ئەوە لە ئیسلامدا داواکراو نیە. لە کۆنفرانسێکدا دەربارەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە لە ساڵی 2006 دا، شێخ تەنتاوى راشکاوانە وتى کە ئەوە لە "شەریعەت، قورئان، سوننەتى پەیامبەر"دا ئاماژەى بۆ نەکراوە. لە 2007 دا، ئەنجومەنى باڵاى لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان لە ئەزهەرى میسر، وتەیەکى دەربارەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێینە بڵاوکردەوەو رایگەیاند کە "هیچ بناغەیەکى لە یاساى ئیسلامى و رێءشوێنەکانیدا نیە." وێڕاى ئەم حوکمە ئاینییە راشکاوانە، زۆربەى ژنان لە کوردستانى عیراق، هێشتا هەڵوێستێکى یەکگرتوویان دەربارەى ئەم پرسە نیە، یان هێشتا نامەیەکى روون و بەشێوەیەکى بەرین بڵاوکراوەیان دەربارەى کۆتاییهێنان بە شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە پێنەگەیشتووە. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستانیش زانیارییە هەڵەکانى دەربارەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە راست نەکردۆتەوە.


کاتێک دەربارەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە قسەمان لەگەلڕ بەرپرسانى حکومى کرد، وتیان ئەوە "دیاردەیەکى کەلتوریی خراپە"و ئێستا بەشێوەیەکى بەربآو پیادە ناکرێت. بێشک تۆژینەوەکەى خۆیان پیشانى دەدات کە ئەوە راست نیە، بەڵام لێرەدا ژمارەکە گرنگ نیە: پرسى راستەقینە ئەوەیە کە هەموو رۆژێک، کچانى لاوى کوردستان دەشێوێنرێن و ژنانى نەرزەش لەگەلڕ دەرەنجامە خراپەکانى ئەو کردەوەیەدا دەژین.


حکومەتى هەرێم دەتوانێت بەگژ ئەم کردەوەیەدا بچێتەوە، هەڵمەتەکەشى بۆ نەهێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان، تەواو نابێت هەتا ئەمەش نەکات. دەتوانێت بە دانانى یاسایەک بۆ قەدەغەکردنى کردەوەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێینە دەستپێبکات، تا بە روونى رایبگەیەنێت کە چیتر لێخۆشبوونى بۆ نیە. بەڵام یاسا تەنها هەنگاوى یەکەمە و پێویستە پلانێکى درێژخایەن دابڕێژێت بۆ کۆتاییهێنان بەو کردەوەیە، کە سەرکردە ئاینییەکان، پسپۆڕانى پزیشکى، کۆمەڵگاى مەدەنیش لەخۆبگرێت.


پێویستە حکومەت بەرنامەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى هوشیارى بۆ قوتابخانەکان پێشبخات و زانیارى بداتە ژنانى نەرزەى پۆلەکانى فێربوونى خوێندەوارى. پێویستە زانیارى دروست دەربارەى کاریگەرییە زیانبەخشەکانى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە لە رادیۆو تەلەفیزیۆنەوە بڵاوبکاتەوە بۆ زامنکردنى ئەوەى کە هەموو کەسێک لە کوردستان ئەم زانیارییە گرنگانەى پێدەگات.


گەلێک لە وڵاتانى جیهان بۆ ماوەى چەند دەیه‌یەک تێکۆشاون بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە، کارەکە ئاسان نیە و پێویستى بە هاریکاریی نێوان کۆمەڵەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان، پزیشکان، مامانەکان، هەروەها سەرکردە ئاینییەکانیش هەیە. بەڵام سەرکەوتن لەوێوە دەستپێدەکات کە حکومەت ئامادەیی خۆى بۆ سەرکردایەتیکردن دەرببڕێت و دان بەوەدا بنێت کە ئەم کردەوەیە هەیە، هەروەها بەرپرسیارێتى کۆتایی پێهێنانیشى وەئەستۆ بگرێت.
پێویستە حکومەت هەرێمى کوردستان کۆتاییهێنان بە کردەوەى شێواندنى ئەندامى زاوزێی مێیینە بکات بە یەکێک لە ئەولەوییەتە گرنگەکانى خۆى لە هەوڵەکانیدا بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی خێزانى.


نادیە خەلیفە: تۆژەرێکى مافەکانى مرۆڤە لە هیومان رایتس ۆچ HRW.
سوعاد ئاوڕه‌حمان: رێکخەرى پڕۆژەکانی ژنان لە رێکخراوى وادی ئەڵمانی WADI.