١٩\٧\٢٠١٥
شه‌وبه‌کێو.

کەبیر شەمسەدینی
ماڵمان له دێی شه‌ره‌فکه‌ند؛ نیزیک خانه‌قای
شێخی بورهان بوو . ته‌مه‌نم زۆر نه‌بوو . هێشتا خوێندنی سه‌ره‌تاییم ته‌واو
نه‌کردبوو . هاوینان که وه‌رزی پشووی قوتابخانه داده‌هات ؛ له
شوانیی به‌رغه‌ل و مه‌ڕه شه‌له و ورده‌کاری ئه‌وتۆ زیاتر ، چی دیکه‌مان
له ده‌ست نه‌ده‌هات بۆ ماڵێی بکه‌ین . بۆیه ته‌واوی منداڵه هاوپۆله‌کانی
قوتابخانه‌م ، له مانگی جۆزه‌ردانه‌وه هه‌تا ئاخروئۆخری خه‌رمانان ،
هه‌ر که‌سه‌و دوو سێ وڵاغ ، ده پازده به‌رخ و مه‌ڕه شه‌له‌یان ده‌به‌ر
ده‌کرد ، بیانله‌وه‌ڕێنێ . به‌و جۆره ، بۆ ئێمه‌ی بزۆز و نه‌سره‌وتوو
هه‌م پیشه‌یه‌ک بوو ، هه‌م سه‌رقاڵی . هه‌ر باش بوو که‌لێنێکی کاری
ماڵێیان پێ پڕ ده‌کردینه‌وه . هه‌تا هێلانه چۆله‌که‌ی نێو که‌لێنه
دیواران ، په‌ڕه‌سێرکه‌ی حه‌وزی مزگه‌وتێ و داره سێوه‌کانی باغی مزگه‌وتێ
، بۆ چه‌ند مانگێک له چنگمان بحه‌سێنه‌وه و بتوانن به یاسای سروشتی
خۆیان بژین . سه‌ر لق و پۆپی داره‌کانی نێو دێ ، ببنه مه‌کۆی پاساری و
جریوه‌یان ببێته مۆسیقای بلاوێنی به‌یانیانی به‌ر له وه‌ده‌رکه‌وتنی
گاوان و سه‌پان و وه‌رزێر و جووتێر . ببن به هاوڕێی ته‌نیایی دایه
پیره‌که‌ی دانیشتووی به‌ربه‌ڕؤچکه‌ی به‌ر ده‌رکه‌ی حه‌سارێ.
هه‌موو ڕۆژێ له تاریک و ڕوونی به‌یانی ڕا هه‌تا نانخورانی شه‌وێ ، له‌به‌ر
به‌رخان ده‌بووین . نیوه‌ڕۆیان ده‌چووینه بن سێبه‌ری داران ؛ به‌رغه‌لمان
ده‌نواند و که‌مێک دوورتر مانگاکانمان مۆڵ ده‌دا و هه‌تا هه‌وا فێنکی
نه‌کردبوایه ، هه‌ڵمان نه‌ده‌ستاندن . ئه‌وه‌ش هه‌لی چاکی بۆ ئێمه ده‌ڕه‌خساند
هه‌تا له‌و ماوه‌ی سێ کاتژومێره‌دا ، چای به مه‌تاره وه‌سه‌ر نێین ،
نانی گوڵ کێشراو و کولێره چه‌وره‌ی په‌نجه‌کێش به پیاڵه‌ماستی
پالوێنه پێچ بۆ فراوێن بخۆین . له گۆلاواندا مه‌لێ بکه‌ین ، شانه ژه‌نگه‌سووره
و زه‌رگه‌ته بهارووژێنین ، هه‌لووکێن و گۆیێن بکه‌ین و له خیزه‌ڵانی
پانتاوی جۆگه ئاواندا ، تێر و پڕ گۆل گۆلووکێنێ بکه‌ین . له‌بیرمه هه‌تا
وه‌رزی پاییز داده‌هات ، هێنده تاوسووتوو ده‌بووین وه‌ک مار توێژمان
ده‌هاویشت . ئه‌وه‌نده ڕه‌ش ده‌بووین پێستی دم و چاومان هه‌ر تروسکه‌ی
ده‌هات و پشته‌ملمان ، له دووره‌وه شین دیاری ده‌دا . هه‌ر خۆزگه‌م
به‌و ده‌می..
ڕۆژێک له‌و ڕۆژه خۆشانه‌ی بن سێبه‌ری داران ، دوای ئه‌و هه‌مووه هاره‌به‌دایی
و گاڵته و کایه‌ی که کردمان ، دانیشتینه سه‌ر سفره و نان و چایی
خواردن . باسی شوان و شه‌و و مانه‌وه‌ی له مه‌زرا داهات . ئه‌وه
بریسکه‌یه‌ک بوو له‌مێشکم دا لێیدا . به هاوڕێکانم گوت : " کێ دێ ئه‌وشۆ
به‌رغه‌ل شه‌وبه‌کێو که‌ین ؟ " یه‌کیان کوتی : " وه‌ڵڵا ئه‌من ناوێرم
شه‌وێ له مه‌زرایه بم ؛ گورگ ده‌مانخوا .!! " یه‌کی دیکه‌یان گوتی :
" جا ئه‌من به خۆم و دوو سێ مانگا پیره‌وه ، چۆن ده‌بێ ؟ کێ دیتوویه‌تی
مانگا شه‌وبه‌کێو کرێ ؟ بزانه ئابڕومان نابه‌ی .!! " ته‌نیا یه‌کێک له
ئاواڵه‌کانم ده‌گه‌ڵم مایه‌وه و ڕازی بوو به‌رغه‌ل شه‌وبه‌کێو که‌ین .
کوتی : " ئه‌وه نانه پێمانه ، دارده‌ستی چاکه به‌ده‌سته‌وه‌یه ،
گوێدرێژ و قاپووتمان ناوێ . توربێنه‌کان له کۆڵمان ده‌ده‌ین و به‌و
هاوینه‌ی کێ شه‌وانه سه‌رمای ده‌بێ ؟ ئه‌و کوڕه‌ش هه‌ر مانگاکانی برده‌وه
ماڵێ به ماڵه ئێمه‌ش ده‌ڵێ ئه‌وشۆ شه‌وبه‌کێومان کردووه . " باسه‌که‌مان
کۆتایی هات و ماینه‌وه.
به‌ره‌به‌ره وڵات تاریک داهات . بێده‌نگی وڵاتی داگرت . ته‌نیا خشپه‌ی
به‌ڕیگادا ڕۆیشتنی به‌رغه‌ل ، زیکه‌ی سریله ، مه‌شکه‌دڕه و قیڕه‌ی
بۆقی نێو گۆلاوه‌که‌ی قه‌راغ ڕێگه‌مان ده‌بیست . به‌ره‌و تیره‌گی کێوێک
تێهه‌ڵبووین . یاڵی ئه‌ودیوی تیره‌گه‌که ، ده‌گه‌یشته جاڕێک . بڕیار
وابوو ئه‌وشه‌وه له‌وێ بمێنینه‌وه . هه‌م له‌وه‌ڕی هه‌بوو،هه‌م له
ئاو نیزیک بووین . هه‌ستێکی زۆر نامۆ هه‌ردووکمانی داگرتبوو . هیچمان
قسه‌مان نه‌ده‌کرد . ئه‌وه‌ش به ئاشکرا واتای ترسانی ئێمه‌ی ده‌نواند
. به‌ڵام نه‌مانده‌گوت ده‌ترسێین . به‌رغه‌ل به‌نێو پنجه گوێنی و
جاتره وه‌ربوون . وه‌رده‌ورده بڵاو ده‌بوونه‌وه . نه‌مانده‌وێرا له
یه‌کتر هه‌ڵبڕێین یا به ته‌نیا بیانگێڕینه‌وه . ئه‌گه‌ر یه‌کێکمان
پێشی به‌رغه‌لی گێڕاباوه ئه‌وه‌ی دیکه‌مان به خێرایی ده‌گه‌ڵی ده‌ڕۆیشتین.
وامان لێهات به ئاشکرا له لای یه‌کتر درکاندمان که ده‌ترسێین . چاره‌سه‌ری
ترسه‌که‌مان له ئاور کردنه‌وه‌دا دیت . هه‌تا شه‌و زرینگاوه هه‌ر له
ده‌وری ئاوره‌که دانیشتین و به‌رغه‌لیش له ده‌وره‌مان کۆ ببۆوه . نه‌مانده‌وێرا
نانیش بخۆین ، ته‌نیا هه‌وڵمان ده‌دا ئاوره‌که نه‌کووژێته‌وه . ته‌واوی
پنجه گوێنی و پووشووی ده‌وروبه‌ری خۆمان به ئاوره‌وه‌نا و سووتاندمان
. له پڕ ده‌نگی سه‌وه‌ڕ هات . ئه‌وه بۆ ئێمه وه‌ک له دارستانێکی
دوور و ته‌ریک نه‌جاتمان بووبێ وابوو . هێنده‌ی پێ گه‌شامه‌وه له
خۆشیان به‌و ده‌نگه له‌رزۆکه‌ی خۆم ، وه ویره‌ویر که‌وتم و گۆرانیم
ده‌کوت . شوانه مێگه‌لی هێنا جاڕه‌که‌ی ته‌نیشتمان . ئێمه‌ی له ده‌وری
ئاوره‌که دیتبوو . هه‌رای کردین : " ماندوو نه‌بن..ئه‌وه بۆ نه‌چوونه‌وه
ماڵێ ؟ " کوتمان : " شه‌و به‌کێومان کردووه . " زۆرمان پێ پێکه‌نی .
هه‌ر له قاقای پێکه‌نینی دا زۆر به خۆمدا شکامه‌وه . هه‌ستم کرد
کارێکی زۆر ناحه‌زمان کردووه . هه‌ر بۆیه‌ش هه‌رچی هه‌وڵی ده‌گه‌ڵ
داین چ پێداویستییه‌کمان هه‌یه ده‌مانداتێ ، لێمان قوبووڵ نه‌کرد .
دواتر پێی گوتین هه‌ر له‌و نیزیکانه‌یه و چاوی به سه‌رمانه‌وه ده‌بێ
. به ئه‌رخه‌یانی بخه‌وین.
ترسمان به سه‌ر چووبوو . به‌ڵام هه‌ستمان به برسێتی ده‌کرد . تێر و
پڕمان نان و ماست خوارد . ئه‌ستێره‌که‌ی ڕؤژێ هاتبوو . ئه‌وجار له سه‌رمان
خه‌ومان لێ نه‌ده‌که‌وت . هه‌تا تاوی به‌یانی هه‌ڵات ، وه‌ک مریشک چۆن
جیقنه سپیلکه‌ی ده‌گرێ و باڵ و ملی داده‌که‌وێ ؛ له‌ته‌نیشت پۆلووی
ئاوره‌که خه‌و به‌لای داهێناین . چوار مه‌شقی دانیشتبووین و هه‌ردوو
ده‌ستمان ده‌نێو ڕانمان گرتبوو و به‌ر له‌وه‌ی لووتمان ده‌عه‌رزی چه‌قێ
خۆمان ڕاست ده‌کرده‌وه . ئه‌و شه‌وه‌مان به‌و جۆره تێپه‌ڕ کرد . برسی
و ماندوو و شه‌که‌ت ، ده‌گه‌ڵ مه‌ڕهاتنی نیوه‌ڕۆیه ، قوڵه‌پێچمان کرد
و به‌ره‌وماڵ بووینه‌وه . هێنده‌مان خه‌و ده‌هات هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو
به دوای به‌رغه‌لدا ده‌ڕۆیشتین . هێزمان ده‌به‌ردا نه‌مابوو . له‌به‌ر
ماڵان بابم دیت به‌پیرمانه‌وه دێ . له‌ترسان خه‌و و ماندوویی و
برسێتیم له‌بیر چۆوه . له قه‌راغ باغه سێوه‌که‌ی به‌ر دێی گه‌یشته
پێش به‌رغه‌ل . له‌و مه‌ودایه‌ی دا ئه‌من خۆم وه‌دوا دابوو . ته‌نانه‌ت
وه‌دوای به‌رخه هه‌ره لاوازه‌که‌ش که‌وتبووم که وه‌ک مێرووله به‌ڕێگادا
ده‌ڕۆیشت.
له دووره‌وه بابم هه‌رای کرد : " کاکی شوان .. ماندوو نه‌بن . ئه‌وه
بوونه‌ته پیاو ؟ " هاوکات به هه‌ردوو ده‌ستی پێچه‌که‌ی له سه‌ری
تووند ده‌کرد . ئه‌وه نیشانه‌یه‌کی ناخۆش بوو . خۆم بۆ هه‌ڵاتن ته‌یار
کرد . هێندێکی دیکه‌ش لێم نیزیک بۆوه و کوتی : " یێستا دایکه‌که‌ت...
ئه‌وه شه‌و به‌کێوت کردووه ؟ " ئه‌من ده‌گه‌ڵ جنێوه‌که‌ی بابم ده‌رپه‌ڕێم
. خۆم ده‌باغی هاویشت و بابم دم له‌سه‌ر پشت به دوومدا . به بن
دارسێواندا به ته‌واوی هێزم هه‌ڵده‌هاتم ، که‌چی له به‌ری ده‌رنه‌ده‌چووم
. هێنده‌ی نه‌مابوو هه‌ردووک چۆکم بنووشتێنه‌وه . خشپه‌ی نێو گیا وگژی
بنداران له هه‌ڵاتنی بابم لێم دوورتر ده‌که‌وته‌وه .هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ستم
کرد بابم وه‌دوا که‌وتووه . گورگه‌ئاوڕێکم داوه ؛ دیتم خه‌ریکی پێچه‌که‌یه‌تی
له لقی دارسێوێکی ده‌کرده‌وه . بۆی ده‌رچووم و وه‌لاپاڵی کێوی که‌وتم
. هه‌تا ئێوارێ نه‌موێرا بێمه‌وه ماڵێ . ئێوارێ دوور‌و نیزیکی ماڵه
خۆمان بوومه‌وه . بابم له مزگه‌وتێ ڕا بۆ ماڵێ ده‌چۆوه . زانی
ناوێرم ڕوو ده‌ماڵێ که‌مه‌وه گوتی : " هه‌تیوه سه‌گه هه‌ڵێ یاڵڵا بۆ
ماڵێ بزانم . " کوتم : " ده‌زانم لێم ده‌ده‌ی . " کوتی : " نا ..لێت
ناده‌م . ئه‌و جاره نۆبه‌خشت بێ . جارێکی دیکه کاری وا نه‌که‌ی . هه‌ڵێ
بۆ ماڵێ..ده‌ی . " هه‌تا سوێندم نه‌دا ، نه‌موێرا بچمه‌وه ژوورێ.
زیاتر له مانگێک گاڵته‌ی ماڵه خۆمان و ئاوماڵه‌که‌م ، له سه‌ر شه‌وبه‌کێو
کردنی به‌رغه‌لی ئێمه ده‌گه‌ڕا.
uloush@gmail.com
|