په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٠
  
 شەوێکی پاییز.

بەندی عەلی

شار بەقژی پەخشانی شەو
خۆی داپۆشی
درەختەکان ڕووت و قووتن
ھەناسەیان ئەبێ بەتەم
گەڵا زەردە وەریوەکان
ڕەدووی ڕەشەبا ئەکەون
ھەور یەخەی خۆی دائەدڕێ و
بەخوڕ ئەگری .. ھاوسێکانم
لەکەنار دەریاچەی خەوا
ڕاوی ماسیەسوورەکانی خەون ئەکەن
ژوورەکەم ، کپ و خامۆشە
شەقام لەودیو پەنجەرەوە
ھەڵدەلەرزێ و
قژی شەو قەترانی خەمی لێ ئەچۆڕێ
پشیلەی ماڵە ھاوسێکەی بەرامبەرمان
ئەویش لەپشت پەنجەرەوە
تێم ئەڕوانێ و
بەبزەی سەر لێوی زەردی گڵۆپەکان
چاوەکانی بریسکەیان دێ
من لەدەفتەرەکەی روحا
شیعرێک بۆ غوربەت ئەنووسم
ئەویش پەڕەی تەنیایم ئەخوێنێتەوە
ئای .. خودایە
ئەگریجە ڕەشماریەکانی شەوی غوربەت
چەند درێژن.

٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی به‌‌ندی عه‌لی