په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠١٥

    شەوێک پڕ لە شنەی ئازار.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
ئەمشەو بێ تۆم، لەتەنیایی تەنیا ترم
گوڵی رازەکانی ژیانت
پڕە لە تێشووی سەفەرو
دەنگێک نیە گوێ لە ئازارەکانم بگرێ
سەردەمانێک بەدەم شنەی ئازارەوە
تۆ گۆرانیت بۆدەووتم
تاکوو خونچەی باخچەکانی رۆحم
ھەڵ نەوەرێ.


٢

ئەمشەو تەنھام
دەستە لەملانی شەپۆلە زیوینەکانم
مانگیش تریفە دەبەخشێ
چاوشارکێ لەگەڵ ئەستێرە دەکات
تاکوو نەشئە بە پەلکەزێڕینەی
ژیان بدات .


٣

ئەمشەو بێ تۆم
نیوەشەوەو کەس بەنھێنی
دڵی بەژانم نازانێ
ھەربەتەنھا کاتژمێرەکەی
سەررەفەی دڵم نەبێ
ئەویش واخەریکە دەنوێء بێزار دەبێ.


٤
ئەمشەو بێ تۆم
یادەکانت تەزوویەکن
لە خەیاڵما دێن و دەچن
پڕلە ھەگبەی بیرەوەریء
ووشەی پەمەیی رووحتء
خونچەی کراوەی دەمتء
ئاوێنەی روونی رووخسارو
دووتاڵ لەقژی تۆێ تیایە
یادگاری تۆم تیا ھەڵگرتوون .


٥

ئە مشەو بێ تۆم
ووشەکانتم نایە سەر ئاسمانی سەرم
خونچە یەکە بۆ ھیوا دەڕوانێ
ئاوێنەکە بە رووحمەوە
تاڵە جوانەکانی قژتم تیا کۆکردۆتەوە
سێبەری برژانگەکانی رۆحت و
خەیاڵە بەرینەکەی دڵت و
دەرگای بەھەشتی خەیاڵە بەرینەکەتم
تیا شاردۆتەوە.


٦

ئەمشەو بێ تۆم
ھەنگاوەکانت
کاروانی بەھارێکی وەنەوشەییەو
بەکۆچی شەوە سامناکەکان دەڕەوێتەوە
چاوەکانت دەبینم
پڕە لەنمەی باران و
بەناکامی سەرخەو دەشکێنن
ووشەکانت
دەنگێکن لەبەردەم ئەو گوڵانەی
ھەوری خامۆشء لورەی رەشەبا
دەیانوویست ھەڵیان وەرێنن.


٧
ئەمشەو بێ تۆم
دەبیتەوە کۆترێکی سپی
ھێدی ھێدی سەردەردێنی
دڵت پڕە لەدەریای خەمم و
باڵی سپیت بۆتە روبارێکی تینوو
بۆ باخچەیەکی گەش پێدەکەنی .

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک