په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١٦

''شەوی جیھان''

لە ''دیاردەگەرایی خود''ی ''محەمەد تەھا حوسێن''دا.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


بێگومان تێزی زمان وەک قەوارەیەکی ئاراستەکراوی مەتریال، کە "من" ئاراستەکانی دیاری دەکات و زمان وەک شتێکی رووت و ئازاد، کە خۆی قسان دەکات... زمان وەک مانا و زمان وەک دەلالەت، وەک جێگیربوون و گۆڕان، تێگەیشتن و راڤەکردن... قابیلی قسەی جۆراوجۆرە، زمان ئەو کاتە دەتوانێ ھەنگاو بھاوێژێ، کە ستراکتۆرەکانی خۆی بەیان کردبێ، ئەو کاتە دەبزوێ، کە بتوانێ بنەماکانی پێشووی خۆی ھەڵوەشێنێتەوە، کە دروشم و کلێشەکانی دنیای کۆنی تەجاوز کردبێت، زمان لە ئاستەکانی داھێناندا دەبزوێ، زمان لە داھێناندا رابردووی خۆی دەوڵەمەند دەکات، زمانی داھێنان ھەرگیز بۆ رابردوو ناگەڕێتەوە، بەڵکو رابردوو بە جۆرێکی دیکەی جیاواز بەرھەم دەھێنێتەوە...


"کریشنا مۆرتی" لە کتێبی "رزگاری" وەرگێڕانی "سەعید سەیدی" پێیوایە خود بریتییە لە خەیاڵ و بیرەوەری و ئاکام و ئەزموون و بڕیاری جۆراوجۆر کە دەکرێت ناویان بەرین و کە ناکرێ ناویان بەرین. ئەو پێناسە بەنێویەکداچووە، وەک تاریک و روونی خود لای "محەمەد تەھا حوسێن" کە پێکھاتووی مێژووییەکی بەرخوردی تاکە لەگەڵ ژینگە جۆراوجۆرەکانی دەوروبەر و تێکەڵاوە لەگەڵ وەڵام و جولانەوە و مامەڵە و ئینجا سیستماتیک کردنی پاڵنەر و غەریزە ناوەکییەکان، لە زۆر شوێن بە یەک دەگەنەوە... بێگومان ھیچ یەکێک لە پێناسەکان، ئاڵۆزی خود و بیروڕا جیاوازەکان ناشارنەوە، خود بەپێی تێگەیشتنی بۆ چەمکی ئازادی وەک زمان قسان دەکات و بەپێی یاسا و رێساکانی (کۆ) وەک زمان قسەی پێدەکرێت؟! چەمکی خود و چەمکەکانی دیکە لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە لە کتێبی "دیاردەگەرایی خود، چەند خوێندنەوەیەکی سایکۆفەلسەفی بۆ خودی کوردی، چ ٢٠١٥" قسەی لێکراوە و قسەی پێکراوە، ئەوەش بەو مانایە نییە، کە ھیچ چەمکێک لەو چەمکە فیکری و فەلسەفی و سایکۆلۆجیانەی لەو کتێبەدا قسە و باسی لێکراوە و پێکراوە، ھەڵگری یەک پێناسە و یەک تێگەیشتن و یەک راڤەکردنی دیاریکراو بن! مرۆڤ لە پرۆسەیەکی بەردەوامی چنینی خود و بونیادنانی خود دایە... ژیان بەردەوامی دەینەخشێنێت، فیکر و مەعریفە و خەیاڵی مرۆڤایەتیش لە فرە رەھەندی و جیاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت!


نوسەر ئازادە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێ کارە رەخنەییەکانی بەرەوپێشەوە بەرێت و ژیان لە جولەی بەردەوام و گۆڕانکاری بەردەوامەوە بنوسێتەوە، پێویستە خاوەنی مەعریفەیەکی بەرفرەوان بێت، بۆ ئەوەی بە سەر گیروگرفتەکانی ناوکۆییدا زاڵ بێت، پێویستە لە ئاستێکی بەرزی ئیستێتیکیدا بێت. ھەموو نوسەرێک بە پێی بەرھەمھێنانی زمان و مەعریفە و داھێنانە فیکرییەکانی خۆی کار دەکات! دەمەوێ بڵێم پێویستە نوسەر خاوەنی مەعریفەیەکی بەرز و کراوە بێت و خەیاڵی زمان ئازاد بکات، چونکە جیھان لە ئێستا پێکھاتوءە، مەعریفە کاریگەری خۆی بە سەر پەیوەندییەکان بەجآ دەھێڵآ، بەشێکی زۆری ساتەوەختی نوسین ئێستای فیکر، ئێستای واقیع بەڕێوەی دەبات!


دیاردەگەرایی خود خودە یونیڤێرساڵ و واقیعیەکەی خۆمان وەک خۆی وێنە دەکێشێ و بە ئەمەکەوە ئەوەی ھەیە دەیخاتە روو بێ کەش و فشە مێژوویی و ناونانە شۆڕشگێرییە بێ ناوەرۆکەکان. بوێری ئەو کتێبە لەوەدایە ناتوانێ چیدی لە سەیرکردنی سێبەرەکانی سەر دیوار بڕیار لەسەر بوونی خۆمان بدەین، ئەو کتێبە پێیوایە ئەگەر پەرۆشی خۆمان بێت دەبێ لەمەلا چۆن بین و چی بین و چەندمان لەبار دابێت ئەوەندە خۆمان دەرخەین، با چیتر خورافیانە وەک ریمۆن ئارۆن دەڵێ شۆڕشگێر نەبین. ئەوە قسەی نوسەرە لە بارەی کتێبەکەی خۆیەوە، بەڵام من دەڵێم مەحاڵە لە رێگای فۆرمەکانی زانینەوە خۆمان لە نەزانین رزگار بکەین، لە رێگای فۆرمەکانی رۆناکییەوە "تاریکی جیھان" رزگار بکەین... لەو بارەوە من نامەوێ قسە لە کتێبی دیاردەگەرایی خود بکەم، چونکە قسان زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵکو ھەوڵدەدەم ستایلی نوسەر لە نێوان رستەی درێژ و سوود وەرگرتن لە پڕشنگەکانی مەعریفەی سەردەم دیاری بکەم، نەک بەو مانایەی کە بڕوام بە ستایل ھەیە، بەڵکو بەو مانایەی کە زمانی نوسین دەکەوێتە نێوان مانا و و مانا بەخشین، تێگەیشتن و راڤەکردن، جێگیربوون و گۆڕان... لێرەوە دەتوانم بڵێم زمانی ئەو کتێبە لە "قسەی خۆم" و بابەتی "قسەیەک لە بارەی دیاردەناسییەوە" تووندی پێوە دیارە (تووندوتیژی شەڕ و وێرانکارانە نا، بەڵکو تووندوتیژی زمان) لەو دوو بابەتەدا منی نوسەر وەک سێنتەر و منی زمان وەک مانا قسان دەکات، من نامەوێ بڵێم تووندوتیژی لە کۆمەڵگای کوردی دەربھێنی کۆمەڵگای کوردی ھەرەس دێنێ، بەڵکو دەمەوێ بە مانا فرۆیدییەکەی بڵێم نوسەر لە قسەکردندا چەمکی (نەست) رابەرایەتی دەکات... بەڵام لە بابەتی "ئۆنتۆلۆژیای خود و خودی کوردی"یەوە ئەو تووندتیژییە، ئەو منە، کەم کەم دەڕەوێتەوە و نوسەر لە نەستەوە دەکەویتە (ناوکۆیی) فرۆیدییەوە (مەبەستم لە ناوکۆیی فرۆیدی ھێزی گێڕانەوەی فرۆیدییە) زمان دەکەوێتە مانا بەخشینەوە، خوێنەر لە میانی مانا بەخشینی زمان و ناوکۆیی فرۆیدییەوە بە شێنەیی بە پڕشنگی زانینەوە تێدەپەڕێت، دەتوانێ لە رێگای راڤەکردنەوە، رەھەندی دیکەی جیاواز بدۆزێتەوە و چێژ لەو راڤەکردن و بە یادھێنانەوە وەرگرێت...


تێزی تووندوتیژی (جان جاک لۆسێرکل) لە کتێبی (تووندوتیژی زمان) ئاماژەی پێداوە و یەکێک لە بنەماکانی ئەو تێزە عەقڵی ناوەکی "عەقڵی باتینی"یە، کە سیگمۆند فرۆید پێیوایە ھەرێمێکی تاریکە لە نێو دەروونی مرۆڤ و ناکەوێتە ژێر رێکخستنی ھیچ سیستمێکەوە و غەریزەکانی تێدا بەرەڵڵان... (محەمەد تەھا حوسێن) وەک نوسەر لە نێو تاریکی واقیعی کوردی زۆر جاران زمانی نوسین بەرەڵڵا دەکات، بۆ ئەوەی بەشێک لە مەعریفە و رۆناکی زمان وەدەست بھێنێ، بۆ ئەوەی بەشێکی خودی کوردی رۆناک بکاتەوە! بەڵام ماڵی زمان دڵنیایی ناس ناکات، ھەمیشە مرۆڤ لە خواستی دۆزینەوەی مانایەکی دیکە و بەکارھێنانێکی دیکە و تێڕوانێنیکی دیکەدا دەژی، ژیان ھەرگیز چارەسەری نەزانینمان ناکات، بەڵکو ھەمیشە وەک شێوازێکی دیکەی ئەزموونە جیاوازەکان دەکەوێتەوە... زمانی نوسەر لە بەشی "خود وەک چێژبەر" لەبەر مۆمەکەی باشلار بە نەرمی دەسووتێ و مانا دەبەخشێ لەگەڵ چاوی پشیلەکەی شاعیر رۆشنایی بە ھەموو لایەکدا بڵاو دەکاتەوە.


نوسین تێگەیشتن و راڤەکردنە، نوسین کرانەوەیە، نەک بەو مانایەی کە پەیوەندی بە نوسەرەوە ھەیە، بەڵکو بەو مانایەش کە پەیوەندی بە خوێنەرەوە دەکات... کتێبی "دیاردەگەرایی خود" لە منی نوسەرەوە تێگەیشتن و لەوێوە بەرەو راڤەکردنی منی خوێنەر دەبێتەوە! ئەگەر تووندوتیژی کۆمەڵگای کوردی، ئەگەر تووندی زمانی نوسەر، ئەگەر منی نوسەر وەک سێنتەر پەنجەرەی بەدواداچوون و دۆزینەوە و خەیاڵ دابخات، ئەوە فەزا کراوەکانی کۆمەڵگا و راڤەکردنی منی خوێنەر دەرگا لەسەر رەھەندەکانی مانا و خەیاڵ و چێژ دەکاتەوە! کێشەی نێوان نوسەر و خوێنەر کێشەی نێوان مرۆڤی ئاراستەکراو و مرۆڤی یاخییە، مرۆڤی دڵنیا و مرۆڤی بە گومان، کێشەی زمان کێشەی نێوان تێگەیشتنی منی نوسەر و راڤەکردنی منی خوێنەرە، کێشەی نێوان عەقڵ و خەیاڵە... دەشێ بەشێکی زۆری تووندوتیژی زمانی نوسین لەو کتێبەدا بە واقیعی کلتوری کوردییەوە ببەستێتەوە، وەک چۆن بەشێکی زۆری راڤەکردنی خوێنەر بە پڕشنگە جیاواز و کراوەکانی سەردەمەوە بەند بکەین... یەکەمیان لە تێگەیشتنی زمانی کوردی و ئاراستەکردنی زمانەوە خۆی دەنوێنێ، دووەمیان لە رووتی زمان و ئازادی راڤەکردنەوەیە، لە نێوان ئازادی نوسین و ئاراستەکردنی نوسین، کتێبی "دیاردەگەرایی خود" وێنەی خودی کوردی و مەعریفەی سەردەم بە دوو زمان دەکێشێت...


سوکرات لە پێناسەکردنی مرۆڤدا دەڵێت بە دوو قاچ دەڕوات و بێ باڵ و پەڕە. ئەگەر مرۆڤ ئەو گیانەوەرە بێ پەڕ و باڵە بێت، کە بە دوو قاچ دەڕوات، ئەو رووتە بێت، کە سوکرات وێنەی دەکات، ئەوە مرۆڤی کوردی و خودی کوردی بەو ھەموو پەڕ و باڵەوە، بەو ھەموو تاریکییەوە وەک ئەو کتێبە دەینەخشێنێ، لە مریشک دەچێ، مریشکێکی دەستەمۆ... دەشێ ئەوە ھەر قسەی من بێ، بۆ زمانی ئاراستەکراو و زمانی ئازاد، بۆ جێگیربوون و گۆڕان، بۆ عەقڵ و خەیاڵ... دەشێ تێگەیشتن بۆ زمانی رووت (ئەبستراک) ئەوە بێ، کە زمان وەک شتێکی رووت، لە دەرەوەی جەستەی کلتوردا خۆشی لە ئازاد بوونی خۆی وەردەگرێ، بەوەی کە پاشای ھەموو کۆیە لە رابردوو و ئێستا و داھاتوودا.. بەڵام "چۆمسکی" دەڵێت: من قسە بە رستیەک دەکەم، کە بەر لە من کەس قسەی پێنەکردووە، چونکە من رێزمان بە رێگای تایبەتی خۆم بە کار دەھێنم! ئەوە کێشەی جیاوازی نێوان گوتنەکانە، نێوان منەکان، نێوان مریشک و مرۆڤ... ئەوە مرۆڤە ئازادی بونیاد دەنێت، ئەوە مرۆڤە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی چنینی خود و بونیادنانەوەی خود دایە... ئەوە مریشکە بێ باڵ و پەڕ ناژی! بەڵام ئەو قسانە نە خودی کوردی لەکەدار دەکات، نە مەعریفەی مرۆڤایەتی، نە مریشک بۆ چێژ رووت دەکاتەوە و نە مرۆڤ دەباتەوە سەر سروشتی گیانەوەر... من دەمەوێ بڵێم ژیان بێ مرۆڤ بوونی نییە، مرۆڤیش بێ جیاوازی بوونی نییە... دەمەوێ بڵێم ژیان بێ پەیوەندی بوونی نییە، ٍپەیوەندی مرۆڤ لە ئەزموونەوە سەرچاوە دەگرێت، بە دیوەکەی دیکەش ئەزموون لە پەیوەندی دروست دەبێت، پەیوەندی ئەو ئاوێنەیە کە مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە، مرۆڤ بێ پەیوەندی بوونی نییە، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە خۆی بگات، دەبێ لە پەیوەندی بگات...ٍ مریشکیش بێ پەڕو باڵ دەخورێت؟! بەڵام دەبێ بزانین ژیان ھەرگیز چارەسەری نەزانینمان ناکات، ئەوە زمانە قسان دەکات، بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵی زمانەوە... بەڵام ئایا کەسی قسەکەر چۆن ئەوە دەڵێ، کە دەیەوێت، ئەوە جیاوازییە، واتە چۆن بە شێوازی خۆی دەدوێت؟!


لە نێوان تاریکی و رۆناکی، ئەزموون و خود... پەیوەندییەکی مێژوویی ھەیە، دیدی ھەست بۆ نەست رۆناکە، بەڵام دیدی نەست بۆ ھەست تاریکە. بە مانایەکی دیکە بەشێکی گەورەی خودی کوردی لە تاریکی دەژی، بەشێکی گەورەی زمانی کوردی تێر مانا نەبووە، زمانی کوردی وەک مانا خۆی بەیان نەکردووە، بەشێکی گەورەی فیکر و مەعریفە رۆناکی رابەرایەتی دەکات، زمانی فیکر و مەعریفە لە رێگای ماناوە دێتەوە، زمانی کوردی بە فیکر و مەعریفە ٍنامۆیە... ئەگەرچی ھەرگیز " مرۆڤ -شەوی جیھان بە مانا ھیگلییەکەی" تەواو رۆناک نابێتەوە، ھەرگیز زمان لە پارێزگاریکردن و پیسکردن تێر نابێت... بەڵام ئەو کتێبە دەیەوێت لە نێوان پارێزگاریکردن و پیسکردن، لە رێگای بەشێک لە رۆناکییە جیاوازەکانی سەردەمەوە، بەشێک لە تاریکی خودی کوردی بڕەوێنێتەوە.


منی خوێنەر لە کتێبی "دیاردەگەرایی خود" فیکر و مەعریفە دەچنێ، بە دوای بوارەکانی دەروونشیکاری فرۆید و فرۆم و ئەدلەر و رۆجەرز و سیکنەر...دا دەڕوات و لەوێوە تێگەیشتن یارمەتی بە بیرھێنانەوە و بەدواداچوون و راڤەکردنی دەدات، منی خوێنەر لە تێگەیشتنەوە چێژ لە بەیادھێنانەوەکان وەردەگرێت... دەشێ بۆ رستە درێژەکانی ئەو تێگەیشتنە دوو بنەما دەستنیشان بکەم، یەکەمیان لە جێگای پارێزگاریکردن، سفتییە و نوسەر بە زمانێکی سفت دەدوێ! دووەمیان لە جێگای پیسکردن، شەھوەت... سفتی بە درێژبوونەوەی رستەکانەوەمان دەبەستێتەوە و شەھوەت بە ھەڵڕژانی مەعریفەوە. بنەمای سفتی زمان بۆ تێگەیشتن لە واقیع و ئەنتی واقیع و من و ئەنتی منی کوردی دەگەڕێتەوە و بنەمای شەھوەتیش لەسەر رەخنەگرتن و راڤەکردن و بەدواداچوون خۆی بونیاد دەنێت، لە نێوان تێگەیشتن و راڤەکردن، لە نێوان پارێزگاریکردن و پیسکردن، شەھوەتی رستە درێژەکان چێژی نوسین دەخاتەوە، ئەو چێژە لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە ئازاری واقیع دروست بووە! سفتی تێگەیشتن لەسەر وەستان وەستاوە و راڤەکردن لەسەر ھەنگاونان، لە نێوان وەستان و رۆیشتن، لە نێوان درێژی رستەکان و ھەڵڕژانی مەعریفە، لە نێوان سفتی و شەھوەت... ئازار و چێژ دوو رووی "دیاردەگەرایی خود" دەنەخشێنن...

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک