په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٢٥

شەوی یەلدا لەبەر ڕۆشنایی مێژوودا.

هۆمەر          

پەیڤی دەستپێک:
بەشێکی ئەم بابەتەی دەخرێتە بەردیدەی تۆی خوێنەر، بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی نووسراوە کە ساڵانێک پێش ئێستا لە شەوی یەلدادا لە ڕادیۆ"سنە"و بەرنامەی"تریفە"وە پێشکەش بە گوێگری کورد زمان کراوە. دیوی دەرەوەی بابەتەکە پتر لە گردکردنەوە و ئامادەکردنەوە نزیکە بەڵام لە ڕاستیدا بۆ بەرهەڤکردن و نووسینەوەی، لە دەرکەی زۆر پەڕتووک، ماڵپەڕ و وێبلاگی کوردیی –فارسیم داوە و بە دەیان دیوانە شیعری کوردییدا داگەڕاوم و دەکرێت بڵێم، بابەتەکە دەچێتە خانەی توێژینەوەیەکی کورت و پوخت لەسەر یەلدا. لەم ڕێگەیەوە زێتر ویستوومە زانیارییەک بە بیسەر و گوێگر و خوێنەری کورد سەبارەت بە مێژووی ئەم شەوە و یەلدا لە نێو کورد و وێژەی کوردییدا ببەخشم. دەقی بەرنامەکە بە پێداچوونەوەی نوێ و قووڵترکردنەوەی بابەتەکە، بە هەمان شێوەی ڕادیۆیی دەخەمە بەرچاوی تۆی خوێنەر، هیواخوازم بەکەڵک و سوودبەخش بێت. لە بەشی کۆتاییی بابەتەکەدا دەیان چەپکە شیعری کوردییشتان دەخرێتە بەرچاو کە بۆ دەستخستن و دیتنەوەی ئەم شیعرانەیش، گەلێک خۆم ماندوو کردووە، ئومێدە ئەم هەوڵە،‌سەرەتا و دەستپێکێک بێت بۆ دنەدانی کەسانی دی، بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر و قووڵتر و هەروەها بەرفرەوانکردنی گوڵجاڕی شیعری یەلدایی.


یەلدا، فەلسەفە و مێژووەکەی:


"شەوی یەلدا"کە بە یەک لە شەوە پیرۆزەکان لە جوگرافیای ئێرانی کۆندا دانراوە، بە شێوەی فەرمی لە ساڵی ٥٠٢ی پێش زایینەوە لە سەردەمی داریۆشی یەکەمدا ڕێی کەوتۆتە نێو ڕۆژژمێری فەرمیی ئێرانییەکانەوە.


لە سەردەمی کۆنی فەرهەنگی ئاڤێستاییدا، ساڵ، بە وەرزی سەرما دەستی پێ دەکرد و لە ئاڤێستایشدا وشەی"سەرێدە"کە بە مانای هەمان"ساڵ"دێت، بۆ خۆی بە واتای سەرکەوتنی ئەهوورامەزاد بەسەر ئەهریمەن و ڕۆشنایی بەسەر تاریکیدا دێت.


شەوی یەلدا بە شەوی لەدایکبوونی خودای خۆر، دادگەری، پەیمان و شەڕیش ناودێر دەکەن. لەسەر ئەم پرسەیش، دوو بۆچوون هەیە. یەکەمیان دەڵێت کە لەم شەوەدا، میترا یان ئەوەی لە ئاڤێستا و نووسراوەکانی پاشایانی هەخامەنشیدا هاتووە، مەیژە (Mithra) دەگەڕێتەوە سەر زەوی. ئەو کە بە خودای کۆنی هیند و ئێرانی دادەنرێت، ماوەی ڕۆژ درێژ دەکاتەوە و لە ئەنجامدا خۆر سەر دەکەوێت.


دینی خۆرپەرستی یان هەمان ئایینی میهر لەسەر بنەمای پەرستنی میترا لە سەردەمی پێش دینی زەردەشت سەری هەڵداوە و دروست بووە و لە ئەورووپادا بە ئایینی میترایزم ناوی دەرکردووە.


هەندێک لە توێژەران لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە شەوی یەلدادا، پێغەمبەرێک لە دایک دەبێت کە لە نێو دوو دۆلفیندا دەری دەهێنن. هەر بۆیە لە ئایینی میهردا،"ئاو"بایەخێکی تایبەتی هەیە. بە گوێرەی هەر دوو بۆچوونەکە، شەوی یەلدا، شەوی لەدایکبوونی میترا یان میهرە. لە ڕاستیدا یەلدا، جەژنێکی زاگرۆسنشین و ئاریی ڕەگەزەکانە و هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕێڕەوانی ئایینی میترایی لە ئێراندا بەڕێوەیان بردووە.


دوکتۆر "میهرداد بەهار"(١٩٩٤-١٩٢٩) لە کتێبی"لە ئوستوورەوە تا مێژوو" دەنووسێت: "شەوی یەلدا، شەوی لەدایکبوونی میهر یان میترا نییە، بەڵکوو لەدایکبوونی خۆرە. میهر و خۆر پێکەوە چەند جیاوازییەکیان هەیە".


بە گوێرەی ڕۆژژمێری خەڵکانی ئێرانی کۆن، شەوی یەلدا، شەوی دەرکەوتنی ڕووناکایییە. بەڵام ئەوەی ڕاستیی بێت ئەم شەوە پێوەندییەکی فرەی بە ئایینی میهرپەرستییەوە هەیە کە زێترین زانیاریی لەسەر ئەم دینە پێمان دەڵێت کە لە سەدەی دووەمی پێش زایین تا سەدەی چوارەمی زایینی بوونی هەبووە. هەر بۆیە لای میهرپەرستان، شەوی یەلدا، هەمان شەوی لەدایکبوونی میترایە.


"وەک زستان بەڕێوەیە، ئایا بەهاریش دەگەڕێتەوە"‌؟ ئەم ڕستە و پەیڤە، ئەم چەمک و واتایەی لە نێوئاخن و کرۆکدایە هەتا ورد ببینەوە لە مژار و پرسێک کە گەرەکمانە پەی بە سەرچاوە و ناوەڕۆکەکەی ببەین و بزانین چییە؟‌واتە شەوی یەلدا یان شەوی چلە گەورە یاخۆ هەمان شەو زستان. لەلایەکەوە دەستپێک و سەرەتای زستان و دەرکەوتنی سەرما و سۆڵە و بەسەرچوونی وەرزی خەزان و وەرین و ماتەمی سرووشتە، لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕێبوون بە دیار بەهارەوە، کە ئایا بەهار و گوڵ و بۆنوبەرامەی گوڵزار و سەر لە نوێ ژیانەوەی سرووشت، دەگەڕێتەوە؟!


لە کاتێکدا مرۆڤ بەدەست تووڕەیی و سازی ناساز و میزاجی سرووشتەوە گیرۆدەیە و وێڵی دوای قۆناخی گەشەکردن و دیتنەوە و دۆزینەوەی نهێنییەکانی سرووشتە، لەهەمان کاتیشدا مرۆ پێوەندی خۆی لەگەڵ ئەم هێزە یاخییەدا لە ڕێی ملکەچبوونەوە بەردەوام کردووە.


وشەی یەلدا، وشەیەکی سریانییە کە یەکێک لە زمانە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. یەلدا، هەروەها یەکێک لەو جێژنانەیە کە ڕەچەڵەکی لە ئایینی میهردایە، بە چەشنێک کە زۆر لێکۆڵەر و ڕۆژهەڵاتناس، بە شەوی لە دایکبوونی"میترا"ی ناو دەبەن.


شەوی یەلدا یان شەوی چلە درێژترین شەوی ساڵ لە نیوچە گۆی باکووری زەوییە. بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاییەوە،‌ئەمشەوە هەر لە خۆراوابوونی ٣٠ی سەرماوەزەوە تا دەگاتە هەڵاتنی خۆر لە ١ی بەفرانباردا درێژەی هەیە و هاوکاتە لەگەڵ "شۆڕشی زستانە یان گۆڕانی"و هەر لەبەر ئەمەیشە کە ڕۆژ، درێژتر و تەمەنی شەو، کورتتر دەبێتەوە. ئەم دیاردە سرووشتییە لەسەر خەڵکانی کەونار و کۆن، کاریگەرییەکی قووڵی فەلسەفی داناوە و ئەو شەوەیان بە واتای زاڵبوونی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا ناودێر کردووە. خەڵک، پیرۆزیی و سەرکەوتنی خۆر و ڕووناکییان بەسەر تارمایی شەو و تاریکیدا جێژن دەگرت، هەتا سەرکەوتنی میهر و تێکشکاندنی ئەهریمەن ببینن. ئەم جەژنە لای زۆر نەتەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای بچووک و تەنانەت یۆنان و... بەڕێوە دەچێت، بەڵام هەرکام بە شێوەیەکی جیاواز و لە ژێر ناوێکی دیکەدا.


یەلدا و کورد:


ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە مێژووی شەوی یەلدا لە نێو کورد و لە کوردەوارییدا بدەینەوە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم جێژنە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی کۆنتر و دابونەریتی کوردەواری لە سەردەمی کەوندا. هەر لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤی کورد و تێکەڵاوبوون بە سرووشت و دیاردەکانی و ڕەنگدانەوەی ژیانی مرۆی کوردەوە لەم سەرزەوینەدا، ئایینیش وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی مانای بە ‌ژیانی خەڵکانی ئەم ناوچەیە بەخشیوە. ژیان، حەقیقەتێکە کە بە بێ دۆزینەوەی، واتا و مانای نییە. مرۆی سەردەمی کۆنیش بۆ دۆزینەوەی ئەم حەقیقەتە هەوڵ و تەقەلای خۆی داوە. هەروەها دەرکەوتووە کە دانیشتووانی ڕەسەن و کۆنی ناوچەی زاگرۆس، پێش هاتنی کۆچبەرە ئارییەکان، هێز و دیاردە سرووشتییەکانیان بەلاوە جێی بایەخ و گرینگ بووە و "خۆر، ئاو و ئاگر و با"یان لا گەلێک بایەخدار بووە کە هەتا هەنووکەیش، ئەم چوار توخمە لای ئێزدییەکان هەمان نرخی خۆیان هەیە. شەوی چلە یان یەلداش، ئێستا یەکێکە لە جەژنە گەورەکانی ئێزدییەکان و هەموو ساڵێک بەڕێوەی دەبەن.


لە هەزارەی دووهەمی پێش زاییندا، هاتن و نیشتەجێبوونی هۆزە کۆچەرە هیند و ئەورووپاییەکان، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئایین و زمانی دانیشتووانی زاگرۆس پێک دەهێنێت. دین، وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی هەمیشە تاقە ڕێگا بووە بۆ دۆزینەوەی ماناکانی ژیان و لە پەنایدا زانست بۆ دۆزینەوەی‌حەقیقەت، هەوڵی خۆی داوە. بۆیە دەتوانین بڵێن کە مانای ژیان، لە خودی ژیانی مرۆڤ و دەوروبەریدایە. مرۆڤ، بوونەوەرێکی زیندووە و هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی ماناکانی سرووشتەوەیە. بە پێی سەرچاوە مێژوویییەکان لە کوردەوارییدا، بۆمان دەردەکەوێت کە"شەوی یەلدا"وەک جێژنێکی ئایینی لە سەردەمی کۆندا چاو لێ کراوە و مینا نەریتێکی دێرینیش پارێزراوە و تا ئێستایش هەر ماوەتەوە. بەڵام، مێژووی شەوی یەلدا و ئاهەنگی ئەمشەوە لە جوگرافیای ئێراندا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ. لە هەر ناوچە و دەڤەرێکی ئێراندا ئەم شەوە بەوپەڕی شکۆوە یاد دەکرێتەوە و تێیدا ئاهەنگێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت و لە هەموو شوێنێکیش هەتا ڕادەیەکی زۆر وەک یەکە، چونکە سەرچاوەکە، یەکە.


بەڵام با بزانین شەوی یەلدا لە کوردەواریدا چۆن بەڕێوە دەچێت؟


لەم شەوەدا بنەماڵە بۆ گلێرکردنەوەی خێزانەکەی لە دەوری یەکتر و شەوچەرەی نێو دیوەخانیان و بەسەربردنی چلە گەورەی ساڵ واتە چلەی زستان، پێکەوە دانیشتوون و تا دەمەوبەیان یەکتریان دواندووە و ئەو شەوەیان بە گێڕانەوەی سەربردە و حەکایەت و خوێندنەوەی شیعر و حەیران، لاوک و هۆرە بەسەر بردووە. حەکایەتێک کە باس لە قارەمانەتی و لەخۆبوردوویی یان هەندێک جار دڵشکان و نامورادی و بویەری تراژیک دەکات کە ئەوەیش لە میتۆلۆژی و ئوستوورەناسیی کورددا دەتوانێت ڕاڤە بکرێت. کەسایەتی ئەو چیرۆک و حەکایەتانە، کچانی شۆخ و شەنگ و کوڕانی جوامێر و مێرخاس و درکاندنی ڕازی دەیان چیرۆک و سەربردە و حەکایەتی ون بووە. خەج و سیامەند، مەمی ئالان، قەڵای دمدم، دوانزەسوارەی مەریوان، شیرین و فەرهاد و....


خواردنی شێوی زۆربەی ئەم جێژنە، یاپراخ و دۆڵمەی گەڵامێو و کەلەم بووە و لە پاڵیدا شەوچەرەی دیوەخان، سفرەیەکی ڕەنگین بە "هەنار، سێو، شووتی، پستە و بادام و توو و گوڵەبەڕۆژە و برێشکە، گەنمی برژاو، مێوژ، هەنجیرە وشکە... کە بە گشتیی هەر کام مانایەکی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین کە شووتی و هەنار بە هۆی زۆربوونی دەنکەکانیانەوە، نیشانەی بەرەکەت بوونە.


شەوی یەلدا هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی خەزان، وەرزی ماڵاوایی دوایین سەفەری سرووشت بەرەو هەرێمی بەفر و با و بۆران، سەرما و کڕێوە، وەشت و زریان و، بەستەڵەک و سەهۆڵبەندان. بە هزر و بیری زستانە و پشوودرێژییەوە و بە وردبوونەوە و تێڕامان لەو وتەیەی کە بەهار هەر لە ڕێدایە و دێتەوە!! هیوا بە ‌داهاتوو، بەردەوامیی و نەدۆڕاندنی ئیرادە، ژیاندۆستیی و مرۆڤدۆستی، لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی وەرزی زستانن. بۆیە پێویستە بە چاوکراوەیی و بەرچاوڕوونییەوە لە ئاسۆ بڕوانین هەتا زانست و ماریفەت بکەینە هەگبەی داهاتوومان و ئاگردانی زستانی کوردەواریی پێ گەرم و بەتین ڕابگرین. وەک پێشتریش ئیشارەتی پێدرا، شەوی یەلدا کە دەکەوێتە دوا شەوی وەرزی خەزان و سەرەتای وەرزی زستان واتە ٣٠ی سەرماوەز یان ٢١/١٢ ی ساڵ (هەندێک جار ئەملا و لای دەبێت)، درێژترین شەوی ساڵە کە تاریکی ئەو شەوە لە چواردە کاژێر تێپەڕ دەبێت. لە ئایینی زەردەشتدا بە شەوێکی پیرۆز داندراوە؛ پیرۆزیی ئەمشەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە مرۆڤ هیچ پەناگەیەکی نەبووە، ئەشکەوت و کەورگ نەبێت و هۆکارێکی خۆ گەرمکردنەوەیشی دەبێت تا خۆی لە سەرما و سۆڵەی زستان بپارێزێت.


جەژنی زایین یان شەوی زایین کە بە یەڵدا (هەمان یەلدا) ناسراوە، جەژنی لەدایکبوونی"مەهاباد"ی باپیری کوردانە. مەهاباد، یەکەم پەیامهێنەری سەر ڕووی زەمینە و دامەزرێنەری ئایینی میتراییە کە بە میهر یان ڤارونەش ناسراوە. میترایی (میترایزم)، یەکەم ئایینە کە بە هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕێگای ژیانی مرۆڤایەتی ڕۆشن کردۆتەوە، بەڵگە نوێیەکانی پەرستگەی گیرێ ناڤۆکێ (گۆپکلی تەپە) لە ڕۆژهەڵاتی شاری "ڕۆها" کە بە شاری پێغەمبەران ناسراوە (ئۆرفای ئێستا) لە باکووری کوردستان، لە ڕاستیی و نهێنیی سەرەتای سەرهەڵدانی ئایین، نزیکمان دەخاتەوە. لە ڕاستیدا ئایینی میترا کە زۆربەی جیهان بە خودی کوردیشەوە بە چەوتی، بە ڕۆژپەرستی ناسیویەتی، واتە خودای ئەڤین و پەیمان، خودای ڕۆژ و ڕووناکی و خوای پارێزەری گەردوون و چارەنووس. جەژنی زایین، پیرۆزکردنی درێژبوونەوەی ڕۆژ و ڕووناکییە کە پێغەمبەر،"مەهاباد"ی مەزن بۆ یەکەم جار بۆ مرۆڤایەتی ڕوون کردۆتەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەندا، ئەم بۆنەیە بووە بە جەژنێکی نەریتیی و بەشێکی گرنگی فەرهەنگی کوردی کە بە داگیرساندنی ڕووناکی و ڕازاندنەوەی درەختی سنۆبەر و سینیی خواردنی تایبەت، یاد دەکرێتەوە، پیاوێکی بە ڕوخسار پیریش بە کڵاوێکی قووچەوە و کەوای سووری میترایی و پشتێنێکەوە، تورەیەک بەشانەوە، خواردن کۆ دەکاتەوە و پاشان بەسەر هەژاران یان هەموواندا دابەشی دەکات. کاتێک کە بەدکاران خەریکن ئایینەکە ناشیرین بکەن، زەردەشتی مەزن چاکسازی تێدا دەکات و ئایینی مەزدایی، زەردەشتی (مەزدایزم) جێی میترا دەگرێتەوە. میترایی و مەزدایی لە ڕێی گریک و ڕۆمەوە بە ڕۆژاوا و، لە ڕێی هیندستانیشەوە بە ڕۆژهەڵاتی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە، واتە نەریتی جەژنی زایین بە جیهان دەگات. لەگەڵ لە دایکبوونی هیندویی و بۆدیی (هیندویزم و بۆدیزم) لە میترایی، ئەم جەژن و یادکردنەوەیە تا ئەمڕۆیش هەر بە گەشەکراوی دەمێنێتەوە و پاش لەدایکبوونی عیسای مەزن کە بە پێی بۆچوونی نووسەرانی گریک و جوو بەر ڕۆژانی جەژنی زایین کەوتووە، لە ڕێی ڕۆمەوە کە لە پێشدا میترایی دەبن، دوای بوونیان بە کریستیان (مەسیحی) یش، هەموو نەریتەکە بۆ ئەورووپا و پاشانیش زۆربەی جیهان دەگوێزنەوە. جێی پرسیاریشە کە بۆچی سێ پیری مۆگان (موغان) کە لە ئینجیلدا بە سێ پیاوە زاناکە ناسراون، لە خاکی مادەوە بۆ پێشوازی لەدایکبوونی عیسای مەزن ئامادە دەبن.


یەڵدا لە بنەڕەتدا بە کوردی واتە زایین، ئارامییەکان وشەی زایین دەگۆڕن بە یەڵدا، یادکردنەوەی ئەم کاتە کە لە ٢٠ی مانگی دوانزەوە دەست پێ دەکات و بەپێی ناوچەی جوگرافی تا چەند ڕۆژێکی بەدواوە درێژەی هەیە، بۆیە لە کوردستان و ڕۆژاواوە تا ڕووسیا و چین، لە ڕۆژهەڵات جەژنی زایین یان لە هەندێک شوێن جەژنی سەری ساڵ بە چەند ڕۆژێک جیاواز یاد دەکرێتەوە.


یەلدا و ئەدەبی کوردی:


شەوی یەلدا وەک جێژنەکانی دیکەی زاگرۆسنشینان و ئاریی ڕەگەزەکان کە کوردیش سەرچڵیانە، نەورۆز، چوارشەممەسووری و... نەریتێکی کۆنە و لە ناو کولتوور و ئەدەبی کوردییشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە هەمیشە شەوی یەلدا لە ئەدەبی گەلانی دراوسێ و تەنانەت کوردیش بە"زوڵفی یار"شوبهێندراوە و بە واتای ئەوەی کە زوڵفی یار وەک شەوی یەلدا، ڕەش و قەترانیی و درێژە."عەبباس حەقیقی"لە شیعری "ئافەتی دین"دا دەڵێت:
چاوت ئەر نێرگسی شەهلا نییە،‌بۆ هێندە خومار
پەرچەمت گەر شەوی یەلدا نییە،‌بۆ هێندە ڕەشە؟


یەلدا، لە شیعری کلاسیک و هاوچەرخی کوردییدا ئامادەبوونێکی تایبەتی هەیە و هەر هۆزان و شاعیرێک، لە گۆشە نیگایەکەوە سەیری دەکات. کەم نین ژماری ئەو هۆزان و شاعیرانەی یادی یەلدایان کردووەتەوە و دەیان چەپکە هەڵبەستی یەلدایییان بە تۆرەی کوردی بەخشیوە. دیارە ڕۆچوونی ورد و قووڵتر بە ناخی ئەم پرسەدا بۆ خۆی تەوەری توێژینەوەیەکە و ئەرک و ماندووبوونی تایبەتی دەوێت؛ بۆیە پتر لەسەری ناچم. من لێرەدا بە گوێرەی بەرهەم و سەرچاوەی وەردەست، ژمارەیەک شیعری یەلدایی دەخەمە بەر دیدەی خوێنەری کورد و هیواخوازم کەسانی دی ئەم پرسە بکەنە مژاری نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕتر لەم پێوەندییەدا.


شەوی یەلدا
نالی
شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ، بێ نوورە ئەمشەو؟!
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە، قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە، ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە
لە من وەحشیی و ڕەمیدە و دوورە، ئەمشەو
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان
چ باکم قەیسەر و فەغفوورە، ئەمشەو؟!
لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟
(لە دوورییت؛ من وەکوو بولبول دەناڵم
بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو
سوپای موژگان، بە تیغی ئەبروانت
شکستەی فیرقە و تابوورە ئەمشەو)
سرووشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
جێگەم، سەر دارەکەی مەنسوورە، ئەمشەو
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی
(ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی)
لە کونجی بێکەسیی مەهجوورە،‌ئەمشەو
تێبینی: بەگوێرەی لێکۆڵینەوە نوێیەکان، خاوەنە ڕاستینەکەی ئەم شیعرە"مستەفا بەگی کوردی"یە و توێژەران شیعرەکە لە شێوازی "کوردی"یەوە بە نزیکتر دادەنین تا نالی و کۆتایی شیعرەکە چەند بەیتێکی تری دەگەڵە.
***
برا، فکری چرا! کیبریتی فرسەت تا لە دەستایە
شەوی یەلدا لە پێشە، ڕۆژی عومرت وەختە ئاوا بێ
مەحوی
***
کە دەگریم بۆ جەمالی تۆ، دیارە ئەشک و ئاهی من
لە خورشیدی دەداتن دەم ستارەی شامی یەلداکەم
وەفایی
***
موغی بێ ئاگری شەوی یەلدام
چاوەڕێی چارەنووسی نەپەیدام
هێمن
***
بە یادی شەمعی ڕوخسارێکی، دڵ ئیحیا نەکەم، چبکەم؟
بە شەوقێکی وەها چاری شەوی یەڵدا نەکەم، چبکەم؟
سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)
(شیعری "چبکەم؟")
***
شەوی یەڵدا
ڕەفیق سابیر
شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ، بێ نوورە ئەمشەو
نالی
**
شەوی یەڵدا، شەوی ئەشق و چاوەڕوانی،
شەوی شیعر،
شەوی ڕامان،
شەوی سەردارەکەی ڕۆح و
شەوی دەرکەوتنی جوانی.
ئەگەر ئێستا لەم شەوەدا
گوڵەباخەکەی شار لێرە بووایە،‌
من دەبوومەوە بە منداڵ،
شەڕەئاو و چاوشارکێم لەگەڵ دەکرد،
دەمەو ئێواران لە پێچی کۆڵاندا
هەتا "ئاوی پێم دادەهات"بۆی دەوەستام
بە نیازی ئێوارەباشێک،
بە هیوای ماچێک دەوەستام و دەوەستام،
بە ‌دەم ترس و دڵەخورپێ و لەرزینەوە
لەبەردەمیدا لاڵ دەبووم،
دەشڵەژام و
بێدەنگانە دادەگیرسام.
ئەگەر ئێستا،
سەرداری دڵە شەیداکەم لێرە بووایە،‌
من ئەمشەو خۆم بە میری ئاشقان دەزانی،
ژیانی خۆم وەک چەپکەگوڵ،
دەخستە ناو دەستەکانی،
تا بەیانی ماچباران و
شیعربارانم دەکرد و
سەد جار دەبووم بە قوربانی.
ئەگەر ئەمشەو،
چاوجوانی شار لێرە بووایە،
من زۆربای کوردستانی بووم،
ئاشقێکی هەمیشەیی و
ڕێبواری ڕێگای جوانی بووم.
ئەگەر ئێستا،
شاجوانەکەی شەوی یەڵدا لێرە بووایە،
من دەمتوانی بەرگە بگرم؛
بەرگەی تەنیایی و نامۆبوون،
تەنانەت بەرگەی مردنیش بگرم،
هەتا ماوم،
دڵ پڕ هیوا گۆرانی ئاشقانە بچڕم.
من دەمتوانی لە شەوێکدا،
ژیان، گوڵئاسا بچێنم،
بێباک، بێخەم،
دیدە پڕ نوور،
لە تاریکیدا ببینم.
ئەگەر ئێستا،
لە شەوی شیعر و ڕامان و جوانیدا
سەرداری ڕۆحە تەنیاکەم لێرە بووایە،‌
ترسی شێتبوون،
ترسی ونبوون و ئاوابوون،
هەراسانیان نەدەکردم؛
ونبوون چییە!
سەرداری دڵە شەیداکەم ونبوون چییە!
من لە ناو تۆدا ون دەبم،
شێتبوون یان ئاوابوون چییە!
من لە خۆشیی تۆ شێت دەبم،
ئاوێتەی ئەشقی تۆ دەبم.
خۆزگە ئێستا،
سەرداری دڵە شەیداکەم،
سەرداری ڕۆحە تەنیاکەم لێرە بووایە،
خۆزگە ئێستا لێرە بووایە...
***
"پێنجخشتەکی، تەواوی قەسیدە مەزنەکەی نالی... تەنیا گەمەیەکە و کردم.. ناچێتە ناو ئەرشیڤەوە.. ئیشێکی ساتە وەختییە و زوو بەسەر دەچێت.."
یەڵدا
قوبادی جەلیزادە
کە دەستی تۆ بە خوێنم سوورە ئەمشەو
کە کۆشکی دڵ تەواو خاپوورە ئەمشەو
کە فرمێسکم خوڕەی"خابوورە"ئەمشەو
"شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو
کە دیدەم دوور لە تۆ، بێ نوورە ئەمشەو؟!"
لە لای خەڵکی هەموو مەجهوولە قوربان
کە ڕۆحمی من لە ئاگر فوولە قوربان
لە شێوەی چۆلەکەی مەفتوولە قوربان
"دڵم وەک حاکمی مەعزوولە،‌قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە، ئەمشەو"
وەکوو ئەییووب دەمی زامم بەسۆیە
لە سینەمدا سەدای هاوار و ڕۆیە
هەڵۆی عەشقم زەلیلی دەستی تۆیە
"دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە
لە من وەحشیی و ڕەمیدە و دوورە، ئەمشەو"
فیراقت هاتووە، ڕۆحم بکێشێ
پەلی گرتووم وەکوو شێت ڕامدەکێشێ
وەرە فریادڕەسم بە، بێرە پێشێ
"سرووشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
جێگەم، سەردارەکەی مەنسوورە، ئەمشەو"
لە ئاستی ڕووت دەوەستم دەستەوەستان
دەوا و دەرمانی دەرد و زەخمی خەستان
وەرە با بتخەمە سەرچاو و دەستان
"کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان
چ باکم قەیسەر و فەغفوورە، ئەمشەو؟!"
ئەسیرم من لە تاڵی بسکی خاوت
دەنۆشم بادەیی ژەهر و زووخات
لەسەر زارم ئەبەد گوم نابێ ناوت
"لەخەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە، چاوت
هەمیشە وایە،‌یا مەخموورە، ئەمشەو"
بەسەر چوو گشت، هەموو عومرم بە تاڵی
بە ڕاکردن بەشوێن دوو چاوی کاڵی
لە خوێن سوور بوو دڵم وەک لێوی ئاڵی
"موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی
لە کونجی بێکەسیی مەهجوورە، ئەمشەو"
**
خابوور: ڕووباری خابوور
***
شەوی یەلدا
شەیدا
ئەمشەو شەوی یەلدایە سەبا فرسەتە ئەمشەو
ماڵی دڵەکەم پڕ خەم و بێتاقەتە، ئەمشەو
ئەییامی گوڵ و غونچە ئەوا ڕۆیی، بەسەر چوو
گوڵزاری چەمەن پاکی تەم و ئافەتە،‌ئەمشەو
شەوقی شەمی سەر تاقی حەرەمخانەیی یارم
خامۆشە، بە بێ جۆشە، دەمی میحنەتە، ئەمشەو
هەر جۆش و خرۆشێ کە لە نێو ماڵ و دڵا بوو
مات و کپ و بێدەنگە، چ پڕ حیرەتە، ئەمشەو
قوربانە سەبا دەستی من و دامەنی چاکت
دڵ، مونتەزیری لوتفی گوڵ و ئولفەتە، ئەمشەو
زوو هەستە، بڕۆ وەختی سەحەر بۆ حەرەمی گوڵ
چون، وادەیی میهر و کەرەم و غیرەتە، ئەمشەو
عەرزی کە، بڵێ، بولبولی دڵ زار و حەزینە
موشتاقی ویساڵی چەمەن و شێوەتە، ئەمشەو
هەر بۆیە لە دووریی مەهی ڕووت، ڕەنگی نەماوە
جەرگی بە سەری تیری موژەت لەت لەتە، ئەمشەو
پەژموردەیە حاڵی دڵی وێرانە بە تەنها
هەمڕەنگی خەیاڵی خەفەت و عیبرەتە، ئەمشەو
بۆ داخی دڵی ئەهلی غەم و میحنەتی، ساقی
سەد داخی گرانم کە چ بێمروەتە، ئەمشەو
دڵخۆشە ڕەقیب، چون ئەوە بۆ داخی دڵی من
خاوەن عەلەم و شان و شکۆ و شەوکەتە، ئەمشەو
هەر عاشقی"شەیدا"یە بەشی گریە و شینە
***
شەوی یەلدا
جەمال شارباژێڕی
شەوی یەلدایە،
هەر خۆم دەزانم جێم
لە ناخی هەست و دڵدایە،‌
شەوی یەلدایە،‌
بەختەکەم، ئەمشەو
وەکوو دوێشەو لە کل دایە،
شەوی یەلدایە،
تەنیاییم بە خامۆشی لەگەڵدایە،
چی دەبوو ئەمشەو
لەگەڵ ڕوخساری جوانێکدا،
شەرابی ئەلەم هەڵدایە،‌
شەوی یەلدایە،
چی دەبوو ئێستا،
شەق و سیخورمەیەکم لەو
خەم و ئازارە هەڵدایە.
***
یەلدای شاعیر
محەممەدفاتیح محەممەدی (ف. نامۆ)
کە دێت و دەردەخا ئەو زولف و پەرچەم
شەوی یەلدا ئەدا ئاڵا لە دیدەم
بزەی مزری هەناری لێوی ئاڵی
ئەزێتە نێو دەم و لێوم، دەمادەم
دەکا چاوی گەشی هەستێرەباران
هەموو سووچ و کەلێنی ڕۆحی خەستەم
ئەدا پێی پاڵەپەستوو، شەوق و شادی
بەجێدێڵێ هەرێمی دڵ، کزەی غەم
چ خۆشە ئەو شەوی یەلدایە هەر شەو
بە دیداری دەکا بۆ من فەراهەم
چ ئاتاجم بە یەلدای ساڵەکاتی
کە یەلدای بسکی ئەو، ڕوو کاتە هۆدەم
هەناری لێوی ئاڵ و چاوی مەستی
بگۆڕن دەمبەدەم، حاڵ و هەواکەم
بکەن یەلدایەکی شاهانە بەرپا
بدەن بۆنوبەرامەی ئەو، لە ئێخەم
لە خۆڕایی نییە بەو یارە"فاتیح"
ئەمەکدار و وەفادارم، هەتا هەم
***
یەلدا
محەممەدفاتیح محەممەدی (ف. نامۆ)
شەوی یەلدا کە زولفانت وەکوو تاف
بەسەر شانی سپیتا هاتە خوارێ،
ئەوەندە مەحوی تۆ بوو، دیدە ئەنگووت،
شەوی یەلدا لە چاوم دا، دەبارێ.
***
ناسر حیسامی
شەوی یەلدا، لە ماڵی من خزاوە،
کە تاریکی و هەنار و گڕ لە ناوە،‌
گڕ و کڵپەی ستەم بەربووەتە ماڵم
لەسەر خاکم هەناری دڵ پژاوە.
***
ببوورە
سەعدوڵڵا پەرۆش
ڕوانینێک قووڵتر لە دەریا..
خەونێک شینتر لە ئاسمان
شیعرێک جوانتر لە عیشق؛
دیدارێک پیرۆزتر لە نوێژ
بۆ تۆ؛
خەمێک قووڵتر لە دەریا
خەونێک دوورتر لە ئاسمان؛
شیعرێک تاریکتر لە دەیجوور
دابڕانێک درێژتر لە شەوی یەڵدا
بۆ من؛؛
***
ڕەحیم لوقمانی
شەوی یەڵدایە،‌ڕۆژی کورد دەبێ چاوانی هەڵبێنێ
تەمی دێرینی خۆخۆریی، لەسەر خاکم بتارێنێ
نەبینم چاوی ئاسۆمان، نمەی بارانی سوور بگرێ
هەتاوی عیشق و ئازادیی، دەبێ ئاڵام بڕەنگێنێ
***
شەوی یەڵدا، چراخانی دڵانە
شەوی عەشق و گزنگی بەربەیانە
وەکوو ئاواتی دڵمان خۆ دەکێشێ
سەمای بەفر و چریکەی سەرچڵانە
شەماڵ ئیسماعیل پوور
***
یەڵدا
محەممەد پاکژ
خەڵکی دەڵێن...
شەوی یەڵدا زۆر درێژە..
وەکوو تەمەنی ساڵ وایە، نابڕێتەوە.
بەڵام لای من...
شەوی یەڵدا، وەکوو ئەستێرەی گەلاوێژ،
چرای ئەفسوونی شەوانی بێدارییمە و..
دڵم پێی گەش دەبێتەوە.
شەوی یەڵدا...
چەنێ تاریک و نوتەک بێ،
ئەستێرەیەک ڕێبەرمانە..
ناومان ناوە چرای ئەوین.
بۆیە ئیدی...
من و هەناسەکەی سینەم،
هەتا مردن قەرزداری..
شەوی یەڵدا و چرای ئەوین.
***
دەردی تەنیایی بە شەودا دەس لە دڵ ناکاتەوە
کەی بەیانی دێ، دڵم، دەستی لە خەم بشواتەوە
شەو ئەگەر یەڵدا نییە، ئەی بۆچی وا توولانییە؟
تۆ بڵێی کەنگێ سەما سەفحەی ڕەشی هەڵداتەوە؟
ئەمین گەردیگلانی
***
"یەلدا "
حەسەن شافیعی
لە تەک تۆمە، سیاخاڵی سیاچەم
سیا ئەگریجەیی یەلدایی پەرچەم
هەناوم بۆتە کوورەی ناری دیدار
لە یەلدای دیدەنت دەدوێ دەمادەم
لە سینە و کوڵم و لێو و زار و دیدە
هەنار و سێو و پستە و نوقڵ و بادەم
هەموو نەخشی جوانیی و سیحری یەلدا
لە خوانی شەوچەرەی تۆدا فەراهەم
منی دەروێشی دڵدۆڕاوی دڵدار
لە دەرگانەی کەرەمتا چاوەڕێ هەم،
کە بێم و وەک گەدای ئاتاجی دەرگات
لە عەتری ماچی دەم، پڕ کەی هەناسەم
بکەی ئاواڵە دەرگاهی دڵ و کۆش
لە ڕووی ئەمنی سەراپا حوزن و ماتەم
لە باخی پرچ و کوڵم و لێو و گەردن
بئاڵێم و بتارێنم کوڵ و خەم
سەری سەوداسەرم دانێم لە سینەت
هەناسەم باوەشێن کا باخەڵ و مەم
دڵەی پڕ حەسرەتم تێر بێ لە ماچی
دوو لێوی ئاڵ و شیلەی نوقڵی ناو دەم
بسووتێم و بسووتێم و بسووتێم
لە گردی ڕوومەتت چەشنی گوڵ و شەم
لە ئامێزی گرم بەژنی زراوت
شەوی یەلدا، بە دیی بێخەون و تاسەم
***
شەوی یەڵدا
ساڵح بێچار
وتت گیانە:
شەوی یەڵدا چەند تاریک بێت،
کەی دەگاتە پەرچەمی من؟
وتم ڕاستە؛
شەوی یەڵدا چەند درێژ بێت
ناگاتە باڵای خەمی من!
***
یەڵدا
پشکۆ نەجمەدین
شەوی یەڵدایە،
بوو، دەبێ.
شەو هەرچی بێ،
بێ نیگای تۆ،
عیشق نابینا و
نەزۆک و
نە تۆ، نە من،
نە هیچ شتێک، لەدایک دەبێ!
***
شەوی یەلدا
عەزیز میرزاقادری
ئەمشەو شەوی یەلدایە، خەمی تۆش لە دڵم بار
شاری دڵەکەم شەوقی نەما، بوو بە شەوی تار
ئاخر شەوی پاییزە، هەموو پێکەوە شادن
ئەمشەو من و بادە و غەزەل و حەسرەتی دیدار
تاسەی خەمی بی تۆیی، پەپوولەی حەزی کوشتم
هەر بۆیە گەرووی شیعری منیش پڕ بوو لە هاوار
وەرزی گوڵ و گوڵزاری تەمەن ڕۆیی، بەسەر چوو
ئاوات و ئەوینم، دەمی لاوی چووە پای دار
ئەمشەوی مەی و هۆنراوە بە جووت، تێکەڵی یەک بوون
سەرخۆشم و مەدهۆشی دوو چاوی ڕەشی دڵدار
چەن ساڵە لە بەستێنی ئەوین، بێکەس و تەنیا
دەخولێمەوە بەو کۆنە برینەش، بە تەمای یار
بەینێکە لە پڕشنگی نیگات دوورم و بێبەش
زامی دڵەکەم هەر بە دەسی تۆیە دەبێ، چار
ئەمشەو وەک پەروانە لە دەوری شەمی باڵات
هاتووم کە بسووتێم و بڵێم شۆخی وەفادار:
بەینی من و تۆ تاقە کەسێ زانی، ئەویش خۆی
ڕازدارە، دڵی پاکە، وەکوو مەحرەمی ئەسرار
ئیلهامی هەموو شیعری"عەزیز"، تۆی گوڵی بێناز
تا ماوە ژیان، بۆ تۆ دەنووسێ بە دڵی زار
***
بەشێکی شیعری: شەوی عیشقە؛ شەوی یەڵدا!
ساڵح بێچار
شەوی یەڵدا خەڵوەتی دڵ لە سەد جێ مۆم پێ دەبێ
لەو شەوگارەی ئەویندا هێلانەی عیشق چێ دەبێ!
دڵ هەنارە،‌شەوی یەڵدا دڵ پڕ لە دەنکە مرواریی
وەک ملوانکە بۆ گەردنی ئەوینێکی یەکجاریی!
***
شەوە، چلەیە و میوانێکی باڵابەرز
قژی درێژ، لەسەر شانی، هەتا عەرز
چاوەکانی شیعرم، زوڵفی پەخشانە
ئەم کیژۆڵە، یەکەم شەوی زستانە
عەبدولڕەحمان فەهیمی (دەروێش)
***
چەند بەیتێک لە شیعری "تەک و تەنیا"
خاڵە قازی
لە دونیادا تەک و تەنیا بەجێ مام
دەڵێی تۆزم لە ناو سەحرا، بەجێ مام
وەکوو مەجنوون کە بێزار بوو لە عالەم
لە دوای کاروانەکەی لەیلا، بەجێ مام
ئەگەرچی پێکەنینم وا لە لێوە
دەبینی سەیلی ئەشکم هەر بە ڕێوە
ئیتر نەتپرسی بۆ ڕیسوا بەجێ مام
لەبەرچی عاشق و شەیدا، بەجێ مام
هەناسەی ساردی پاییزیم کە ناکام
لە ناو بوغزی شەوی یەلدا، بە جێ مام
***
یەڵدا
محەممەد پاکژ
لەگەڵ یەڵدا بەراوردی مەکە خەمی من
لەگەڵ دەیجوور بەراوردی مەکە بەختی من
هەتا لەگەڵ ژیان ڕادێم، ڕاوم دەکات مردن
وەکوو پەروانە سووتاوە لە دەوری شەم، دڵی من
لە ئەستێرەی شەوم پرسی کە ئەو نازدارە بۆ چوو؟
وتی، بەم شەوی یەڵدایە لە چاوەڕوانی تۆ چوو
لەگەڵ مانگی خەیاڵا چاوی چاوەڕوانیم ڕۆیی
لەسەر کڵی چاوەڕوانی سووتاوم و دڵ لەخۆ چوو
وتم، بێباکە لە سووتانم دڵی ئەو نازدارە ئێستا
وتی، یەڵدایە درێژە شەوی سووتانت ئەمێستا
لە نێوانی دڵی بەردی یار و سووتانی من، خۆ
ئەوەی گیانی منە، دەرچوو لە دەستی بیر و هەستا.
***
شەوی یەڵدایە هەر من دوور لە تۆ مام
لەگەڵ ئازار، تەواو باڵا بە باڵام
لەسەر سینەت هەنار و کۆخ و سێون
وەرە جێژنە و ببینە لام ئەلف لام!
پشکۆ یاسینی
***
شەوی یەلدا
شەوی یەلدا، شەوی پیرۆزی ژینە
شەوی هێمای ئەوینی ڕاستەقینە
وەرن یاران لە دەوری یەک وەکۆ بین
کە خۆشیی ژین، بە تەنیا هەر ئەوینە
وەرە هیوای شەوی یەلدای خەیاڵم
سەمای بەفر و حەز و شادی ببینە
گوڵم، زستان بە ئەشقی تۆوە خۆشە
بەهار هەر تۆی، بەهەشتیش لێم یەقینە
شەوی یەلدا، شەوی بەفر و هەنارە
بزەی گەرم و تریقەی پێکەنینە
نیگای گەرمت لە نێو ئاسمانی ژینم
وریشەی دوو هەسێرەی چاوی شینە
هەتاوە تاس کڵاوی بووکی جستان
وڵات ئێستا بەهەشتی سەرزەمینە
بە"پشکۆ"ی حەز، ڕنووی بەفریش دەتاوێ
وەرە تاوێ بەرەو ئامێز و سینە
پشکۆ یاسینی
***
ئەمشەو لە هیچ شەوێ ناکا،
کازیوە قەت بە ڕۆژ ناگا،
کەس میوانی "یەلدا"م نییە
هیچ دەستێ لە دەرکە نادا.
سیمین چایچی
(بەشێک لە شیعری "یەلدا")
***
سۆران حوسێنی
یەلدا،
بۆ سوور و ساتی خۆی
هەناری کردە قوربانی،
ئەو،
بە هەزار و یەک دەنک
شەو دەخافتێنێ بە خۆی و
ڕێ خۆش ئەکا بۆ بەیانی!.
***
یەڵدا
حەسەن نازدار
١
شەوی کورد
درێژترین یەڵدای
دونیایە.......
کە هەرگیز خۆری
لێ هەڵنایە.
٢
یەڵدا
خەمی بێکۆتایی کوردە
لەو ڕۆژەوەی کە لێرە
چادری بێکەسی هەڵدا.
٣
یەڵدا
چاوەڕوانیی ئەنفال و
بێبەختیی کورد و
تەنیایی خودایە
کە هەرگیز کۆتاییان نایە.
***
یەڵدا
کەریم حیکمەتی
لە مانگێک دەگەڕا ناخم،
تریفەی کە زەوی تەڕ کا و
بژاکێنێ بێتاقەتیم،
لە ڕووبارێک،
خوڕەی کە تەنیاییم تووڕ دا و
لیپاولیپی شەپۆلم کا،
لە تۆیەک دەگەڕا دڵم،
کە هێمای مانگ و ڕووباری و
دەسپێکی وەرزێکی سپی....
***
یەلدا
ئازاد سەیید ئیبراهیمی (هۆگر)
چلەیە و بێژە چلۆن ئەو شەوە تەی بێ، گوڵەکەم؟
مەگەر ئەم بێکەسییەم چارە بە مەی بێ، گوڵەکەم
لە منا تاری ژیان، تان و تەلی تازە چڕا
خەفەتم چاری بە نۆتی گڕی نەی بێ، گوڵەکەم
بە هەنیی لێو و دەمت، شەوچەرە شیرینە، وەلێ
لە پەنا سێو و هەڵووچە و بەری بەی بێ، گوڵەکەم
نە بەرەو تەشقی شەوەق من دەچم، ئەر بێت دەسم
نەگرێ پرچی شەوت، مەیکە بە عەیبێ، گوڵەکەم
لە شەوی بێفەڕی ئەم ژینە کە یەلدایە هەموو
سەحەری ئەو گەلە چەوساوەیە کەی بێ، گوڵەکەم؟
***
هەتاوم گەرچی شەو ساتی چلە و یەلدایە،‌ئەمشەو
لە لێواری دڵم چی بوو سەری هەڵدایە، ئەمشەو
کە دێ با، وەرزی پاشایی سەهۆڵ و بەستەڵەک بێ
وەکوو نەورۆزە ئاواتم لە باخەڵدایە، ئەمشەو
ئازاد سەید ئیبراهیمی (هۆگر)
***
شەوی یەڵدا
ستار ئەحمەد
بە عومری وەک شەوی یەڵدا،
بە تاریکیی قەدەر کوێرم،
بە بادەی عەدەم سەرمەستم،
دێوانەی لووتکە و هەڵدێرم،
چوون ڕزاوم لەگەڵ شیعرا،
شەو گیانی خۆم لە ‌کۆش دەنێ،
لەگەڵ چوونی ساتی عەشقا،
خەم، گۆڕم بۆ هەڵدەکەنێ
لە هۆرەی ڕۆژگاری تاڵ و
لە بەدبەختیی عومری ڕەهام
ڕۆحم لە جەستەما دەمرێت،
کاسەی مەرگی شەوی یەڵدام.
***
خۆرێک لە پاڵ شەوی یەڵدا
چنوور نامیق
بە دیار کوانووی شەوی یەڵداوە دانیشتووم،
مێژوویەک شەوگاری تەنیا ئەسووتێنم،
هەناسەی ئۆغرێکی دوور لە دەروونما دێت و دەچێ،
نەزەر ناکەم و تەماشات ئەخۆمەوە،‌
وا لێوم شەکرە خەم ئەگرێ،
ئیرەیی بە نۆتەکانی خەیاڵبوونم،
ئەوەندەی تر نامۆت ئەکا...
ئەی ئادەم،
من کچی خۆرم،
وریا بە
نەبا تەماشات لە خەمی چاوما داگیرسێ،
ناڵەم ئاوەدانی قەقنەس ئەسووتێنێ،
ئاگەدار بە پەنجەت بە پرچم گڕ نەگرێ،
دڵنیا بە
بە ماچێکی زەوتکراوم،
خەیاڵ نابی،
ئیرەیی بە نووری چاوم،
بینینت ڕۆشنتر ناکا،
ئێستاکە من زۆر ئازادم،
وریا بە ئاشنای ئازیزم،
چرپەکانت وەک نزای مۆمێکی لەرۆزک،
لە ناخمدا لە بیر نەچێ!
ئێستا من دڵم ئازادە،‌
خاڵییە لە خەونەکانت،
وریا بە ئاشنای ئازیزم،
وڵاتێکم، ئاڵام ناوێ
ئاگردانی یەڵدایەکی بێ حیکایەتی پیاوانم....
ئێستا، تاراوگەم لە مەنفا
ئێستا، مەنفام لە تاراوگە،
حەزەر ناکەم و ڕێ ئەبڕم،
نەزەر ناکەم و تەماشات ئەمخواتەوە،
ئێستا خاڵیتر دەبێژم،
نا، هیچ ئاڵایەکم ناوێ،
ڕێ نادەمە هیچ ئیمپراتۆرێکی تینوو،
بۆ ساتێ بمکاتە پەنا!
ئاشنای هەناسە و دیدەنیم،
من ئێستاکە کچی خۆرم،
وریا بە، وریا بە
پەنجەت بە تاڵەکانی پرچمەوە دانەگیرسێ!!
***
... شەوی یەڵدا...
ساڵەح هەلاج
ئەمشەو ئاسمان
تارای سپی داوە بەسەر بووکی زەوی.
بوون پڕ دەکات،
لە شەوچەرەی هەنارەکان.
گوێی مەست دەکات
لە ئاوازی ترپەی باران.
ئەمشەو یەڵدا،
میوانێکی باڵابەرزە
بۆی هاڵاوی ئاگردانە و
سۆز و بەزەی خواوەندە.
شەونشینی نوێژی عەشقە
لە تام و بۆی ڕەزازەکان...
***
بۆ شەوچلە
ئەسعەد کەوکەبیان (ساڕێژ)
شەوە و شووشەی شەراب و شیعری شاکار
شەوم شەق کرد بە شەوقی وەسڵت، ئەی یار
شەوە و شەوقی ویساڵت شەهد و شەکرە
شەوە و شێوەی شیرینت، مانگی شەوگا
***
زستان،
ئاخری ڕۆژێک باز دەدەم بەسەرتدا
یەلدای چاوەڕوانی
ماندووم ناکات.
مستەفا هوشیار
***
شەوی یەڵدایە؛ (لاڤا) م لا مەکە
بۆتان لەتیف ماویلی
ئەم شەو،
پاییز دەستی ئەخاتە ناو دەستی زستان
ئەوە یەکەمین شەوی دیدارە وا درێژە!؟..
ئەوە یەکەم پشکوتنی گوڵی زارە وا درێژە!..
ئەوە یەکەم تێکەڵبوونە وا درێژە؟!..
پاییز:
ئەوە لەدایکبوونی تۆ و مەرگی منە!
ئا لەو شەوە،
من چاوی مانگیم لێک ئەنێم!..
ئاسمان بە فیستانێکی ڕەش
دڵی بۆ خاک ئەکاتەوە و ڕۆندک ئەڕێژێ!..
ئەم شەو تاریکی لێک دەکشێت،
هەموو ڕەنگێک ئەخواتەوە و
شەوی دەیجووری گەردوونە وا درێژە!..
ئەمە شەوی هەڵوەرینی تریفەی چاوی هەیڤیمە!..
ئەمە شەوی زانی تۆیە
ئەمە شەوی دامانی هەموو ڕەنگێکە!..
ئەمە شەوێکی هێدمایی زایەڵەی زار و پەیڤیمە!..
وەرە ئەی گوڵ،
بە چاوی ئاڵۆز ببینە
ئەڕژێ سۆزم، ئەڕژێ چێژم!..
ئەمە شەوی ژانی گەردوون
ژانی هاواری وجوودە کە ئەڵێ چرا ئەنێژم!..
زستان:
ئەمە شەوی گریانی تۆ و بزەی منە!..
ئەمە شەوی یەکەمین تەوقەی ژوانە!..
ئەمە شەوی ئامێزی بەیەک سپاردن
ڕەنگی ڕەشی چاوی منە ئەی پاییزێ!..
لە دڵی تۆ هەڵی دێنم ئەی گەشکەی پەروانە!..
پاییز:
نابێ یار بە بێ تۆ نابێ!..
شەوی یەڵدا بێ چرا بێ!؟..
ئاشقی تۆم خودایە دڵم سارد، نابێ!..
نابێ گوڵ، نابێ
بە بێ تۆ شەو شکاوی واگاهاتنە
هەر چی دەبێژم دڵم سارد، نابێ!..
شەوی یەڵدایە ئەی یار،
وەک نالی دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە!..
دڵم مەعزوول، مایل بە دیدەی تۆیە
لە غوربەتدا تێنی و مەهجوورە!..
نابێ مانگ، نابێ
شەو بێزارە لە دەیجووری
شەوی یەڵدایە
نابێ گوڵێ ڕژدی نابێ!..
لە (لاڤا) م لا مەکە
گێنگڵە بەسە گوڵم دڵساردی نابێ!..
خودایە..
شەوە درێژ ڕاکشاوە لە بێدەنگی!..
چەمانەوە و کڕنۆش
حاملاندنی گوڵ و دادانەوەی ڕۆشنایی!..
فەرهەنگۆک:
لاڤا: ڕجا
گێنگڵە: هاتوچۆی بێسوود.
حاملاندن: تەربیەتدان.
دادانەوە: دابارین
***
بۆیە من لە شەو بێزارم
چونکە تۆم تێدا لە دەست دا،
جا چی لە بەختی شوومم کەم
شەوگارەکان
درێژن وەک شەوی یەڵدا.
هەردی محەممەد
***
یەلدا
هۆمەر نۆریاوی
ئەگەر هاتی"یەلدا"وەرە
چیرۆکی دڵ درێژ درێژ
ناخیش پڕپڕی کەسەرە.
ئەگەر هاتی تەنیا وەرە،
ئەچینەوە سەر گردەکەی پەنا ماڵتان،
زەمەن بە دڵ ئەسپێرین و
ئەچینەوە ئەو دەمانەی
عالەم چۆڵ و ئێمەش دوور دوور،
لەم هەموو هات و خەبەرە.
کەچی لەپڕێک،
دەنگێ دێت و ڕۆشنایی
شەودرەنگان ئەشڵەقێنێ:
کچێ لە کوێی؟
دە وەرەوە، شەو ڕاشکا،
زوو بە زوو، دەی
وا سەحەرە.


دەرەنجام:


هەر چۆنێک بێت شەوی چلە (یەڵدا، یەلدا) بە درێژاییی مێژووی کورد خاوەنی سەنگ و بەهای خۆ بووە و تا بەمڕۆ هاتووە بەڵام مخابن لەو هەموو تایبەتمەندیی و خەسڵەتە جوانانەی نێو ئەم شەوە، نها، تەنێ یادکردنەوەکەی بە شێوەی چاولێگەری بۆ ئێمە ماوەتەوە و دابونەریت و ڕۆح و سۆز و خۆشەویستییەکەی جارانی لەبەر داکەندراوە. ڕەنگە لێرە و لەوێ هەبێت دەڤەرێک، گوندێک یان خێزانێک، هێشتا لێوانلێو لەو پرسە جەوهەرییانەی نێو شەوی چلە بێت بەڵام بە دڵنیاییەوە بەشی فرەی ئەوەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و... دەخرێتە بەر دیدە، زێتر وێنە و دیمەنی بێڕۆحی ئەو شەوەیە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە دەروونییەکانی ئینسانی ئەم سەردەمە کە ئومێدە تا دێت مرۆ فرەتر ئاوڕ لەو پرسانە بداتەوە کە گەشە و نەشە بە گیان و ڕۆحی دەبەخشن.
 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک