٢٠\١٠\٢٠١٧
شەوکەت ئەمین
کورکی
ئەندامی لێژنەی
دادوەری کاندیدەکانی خەڵاتی ئاسیا پەسیفیکە.
مەنسوور جیهانی
"شەوکەت
ئەمین کورکی" ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیدەکانی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا
پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"یە.
سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" بە نوێنەرایەتی لە ھەرێمی
کوردستان ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیدەکانی یازدیەمین خولی
خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"ی لە
ئەستۆدایە و بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ "ھۆنگ " مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەریی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی "پۆچۆن" لە وڵاتی کۆریای باشوو و ھەروەھا "میناکشی
شیدە" راوێژکاریی کۆمەڵێک لە فیستیڤاڵە گرینگە جیھانییەکان لەوانە:
بەڕڵینالە، دوبەی، تۆرێنتۆ، بووسان، ئەمستردام و ... لە وڵاتی ھیندستان،
"گۆڵنارا ئەبیکێیاوا" ڕخنەگری فیلم و سەرپەرەستی پێشووی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بریزبین لە وڵاتی قەزاقستان، "کیکی فۆنگ" ڕخنەگر،
نووسەر و لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ و "جوولیا ریگ" رۆژنامەنووس، بڵاوکەرەوەی
فیلم و ڕخنەگر لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا کاندیدەکانی قۆناغی کۆتایی "ئاسیا
پەسیفیک" ھەڵدەسەنگێنن.
"شەوکەت ئەمین کورکی" کە ساڵی ٢٠١٤ بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد" لە ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا
پەسیفیک" توانی خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا
پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی ئەم ڕێوڕەسمە بەدەستبێنێت، بە نوێنەرایەتی
لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی بەشی فیلمی دیکۆمێنتاریی،
فیلمی گەنجان و فیلمی ئەنیمەیشنی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا
پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"ی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا لە
ئەستۆدابوو.
"شەوکەت ئەمین کورکی" ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار"
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی لە خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"
بەدەستھێنابوو و وەکوو ئەندام لە ئاکادیمیای "ئاسیا پەسیفیک"
وەرگیرابوو.
ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی
ھاوبەشی "شەوکەت ئەمین" و "مەممەد ئەکتاش" پێش لە دەسپێکردن بە قۆناغی
وێنەگرتن، توانی خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە ئاکادیمیای خەڵاتەکانی
ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" لە ھەمان ساڵدا بەدەستبێنێت. خەڵاتەکانی
ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە پشتیوانی
یۆنسکۆ و ھەروەھا فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرھەمھێنەرەکانی فیلم
(فیاپف) ھەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای "ئاسیا پەسیفیک" دەبەخشێت.
مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێانە لە دەستکەوتە
سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی "ئاسیا پەسیفیک" و ھەروەھا دروستکردنیی
بازاڕێکی جیھانی فیلمە.
ڕێوڕەسمی کۆتایی یازدەیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"
ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" شەوی ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ لە شاری بریسبان لە
ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا
سینەماکارانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم،
باشترین دەرھێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی
منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن،
باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و
ھەروەھا باشترین ئەکتەری ئافرەت لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە
دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت.
بۆ زانیاریی پتر:
www.asiapacificscreenawards.com/2017/09/apsa-names-11th-apsa-international-nominations-council/?_ga=2.144046646.2098734954.1506867386-1871388564.1506867386
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|