٩\١٢\٢٠١١
شەوکەت ئەمین
کورکی خەڵاتی ئاکادیمیای ئاسیا پەسیفیکی بەدەستهێنا.
مهنسوور جیهانی
سیناریوی
پروژەی فیلمی نوێی (شەوکەت ئەمین کورکی) خەڵاتی 25 هەزار دوڵاری
سندووقی فیلمی ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک APSA و
ئەنجوومەنی فیلمی ئەمەریکای لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەدەستهێنا.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories on Stone ناوی فیلمە تازەکەی (شەوکەت
ئەمین کورکی)یە کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکارییە، سیناریوی ئەم پروژەیە
لە نووسینی هاوبەشی (شەوکەت ئەمین کورکی) و (مەممەد ئەکتاش)ە و بڕیارە
لە ساڵی داهاتوودا کاری وێنەگرتنی ئەنجام بدرێت. ئەمە دووەمین خەڵاتی
فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"ە کە پێش وێنەگرتن وەریدەگرێت.
سندووقی فیلمی ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین ئاسیا ـ پەسیفیک
ASIA-PACIFIC و ئەنجوومەنی فیلمی ئەمەریکا، ساڵی 2010 دەستی بەکار
کردووە و ئەم خەڵاتە لە لایەن APSA وەکوو یارمەتییەکی ئابووری ساڵانە،
پێشکەش بە هونەرمەندانی براوە دەکرێت.
ئەمساڵ خەڵاتی سندووقی فیلمی ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین ئاسیا ـ
پەسیفیک و ئەنجوومەنی فیلمی ئەمەریکا بە 4 سینەماکار لە وڵاتانی جیهان
پێشکەشکرا.
دەرهێنەری کورد شەوکەت ئەمین کورکی ساڵی 2008 وەکوو ئەندامی ئاکادیمیای
خەڵاتی سینەمایی ئیسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک APSA وەرگیرابوو، ئەم
فیستیڤاڵە هەموو ساڵێک لە شاری گۆلدکۆئێستی وڵاتی ئوستوراڵیا
بەڕێوەدەچێت.
ئاکادیمیای خەڵاتی سینەمایی ئسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک لە ساڵی 2006 لە
ئوستراڵیا بو مەبەستی دیاریکردنی باشترین بەرهەمەکانی سینەمایی ئاسیا
دامەزراوە و هەموو ساڵیک بو هەموو بوارێک وەکوو خەڵاتی ئوسکار، باشترین
5 کاندید هەڵدەبژێرێت و بانگهێشتیان دەکات و خەڵاتی رێزلێنانیان پێی
دەبەخشێت و یەکێکیان وەکوو باشترین دەستنیشان دەکات. ساڵی 2007 شەوکەت
ئەمین کورکی بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" Crossing The Dust
لە فیستیڤاڵی ئاسیا پەسیفیک بەشداری کرد و یەکێک لە 5 باشترین
دەرهینەری فیستیڤاڵ هەڵبژێردرا.
خەڵاتی ئیسکرینی "ئاسیا ـ پەسیفیک" لە لایەن دەوڵەتی کوینزلەندی
ئوستوڕاڵیا و بە پشتیوانی یۆنسکۆ و فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی
بەرهەمهێنەرەکانی فیلم (فیاپف) بە باشترینەکانی سینەمای ئاسیا ـ
پەسیفیک پێشکەش دەکرێت.
شەوکەت ئەمین کورکی ماوەیەک پێش ئێستا بە سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر
بەرد" لە بەشی "پروژەکانی ئاسیا" لە شازدەیەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی پوسان لە کۆریای باشوور بەشداری کرد و توانی خەڵاتی باشترین
سیناریوی فیستیڤاڵی گوتێبێرگ بەدەستبهێنێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.asiapacificscreenacademy.com/2011/11/apsa-announces-140000-in-development-grants-to-six-new-asia-pacific-films
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|