٢٣\١٢\٢٠١١
شەوکەت
ئەمین کورکی خەڵاتی فەخری یۆڵماز گونەی پێبەخشرا.
مهنسوور جیهانی
خاتوو
فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماکاری ناودار و گەورەی کورد یۆڵماز گونەی،
دوای بینینی فیلمی سینەمایی "شوێنێک بۆ یاری" خەڵاتی فەخری "یۆڵماز
گونای"یی پێشکەش بە شەوکەت ئەمین کرد.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی کۆمپانیای "نارین فیلم"، فیلمی
سینەمایی "شوێنێک بۆ یاری" (کیک ئاف) KICK OFF لە دەرهێنانی سینەماکاری
کورد شەوکەت ئەمین کورکی کە تاکوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری
نێونەتەوەیی لە ئاستی دنیادا نمایشکراوە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی بۆ
هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە، لە دوایین بەشداری خۆیدا لە شەشەمین
خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دهۆک ـ بەرلین لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری
دهۆک نمایشکرا و خاتوو فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماکاری کورد یۆڵماز
گونەی دوای بینینی ئەم فیلمە، خەڵاتی فەخری "یۆڵماز گونای"یی پێشکەش بە
شەوکەت ئەمین کورکی کرد.
فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماکاری هەڵگری خەڵاتی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی کان، لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "شوێنێک بۆ یاری"
لە وتەیەکدا گوتی: زۆر زۆر سەرفەراز و بەختەوەر بووم کە ئەم فیلمەم
بینی و بەڕاستی ئەوەندە جوان و رێکووپێک بوو، کە بۆ من شوکێک بوو کە
دەرهێنەرێکی کورد لە هەرێمی کوردستان فیلمێکی لەو ئاستەدا سازکردووە.
گوتیشی: پڕ بە دڵ حەزم لەم فیلمە کرد و لە لایەن خۆمەوە خەڵاتی یۆڵماز
گونای کە خەڵاتێکی فەخرییە پێشکەش بە شەوکەت ئەمین کوردی دەکەم.
هەر لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵەدا فاتۆش گونەی لە دیدارێکی تایبەتدا کە
سترانبێژی ناوداری کورد گولیستان پەروەر تیایدا ئامادەبوو، چاوی بە
شەوکەت ئەمین کەوت و هەست و سۆزی خۆی سەبارەت بە دوایین فیلمی ئەم
سینەماکارە کوردە پێی راگەیاند.
فیلمی "شوێنیێک بۆ یاری" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی
پێشبڕکێی سەرەکی 15مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەڕەبی لە شاری
سانفرانسیسکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و توانی خەڵاتی سەرەکی ئەم
فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی سەرتاسەری
جیهان لە رۆژانی 13 تا 23ی ئۆکتۆبری 2011 لە شاری سانفرانسیسکۆ
بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی کۆمپانیای "نارین
فیلم"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|