په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٥

شەوکەت ئەمین سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی خەڵاتی ئاسیا پەسیفیکی ئوستورالییە.

 

مەنسوور جیهانی


"شەوکەت ئەمین کورکی" سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"ی لە ئەستۆدایە.


سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە ساڵی پار بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" توانی خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی ئەم ڕێوڕەسمە بەدەستبێنێت، بە نوێنەرایەتی لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی بەشی فیلمی دیکۆمێنتاریی، فیلمی گەنجان و فیلمی ئەنیمەیشنی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"ی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا لە ئەستۆدایە و بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ خاتوو "یۆکا ساکانۆ" بەڕێوەبەریی ھونەریی و بەڕێوەبەریی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی نێوان فیستیڤاڵە گرینگەکانی سینەمای جیھان، لەوانە: کان، بەڕلین، ڤێنیز، لۆکاڕنۆ، بووسان، مۆنتڕاڵ و ... لە وڵاتی ژاپۆن و ھەروەھا "سام ھۆ" Sam Ho نووسەر، ڕەخنەگر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، ١٥ بەرھەمی کۆتایی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵدەسەنگێنن.


"شەوکەت ئەمین کورکی" ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" خەڵاتی باشترین دەرھێنانی لە خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" بەدەستھێنابوو و وەکوو ئەندام لە ئاکادیمیای "ئاسیا پەسیفیک" وەرگیرابوو.


ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت ئەمین" و "مەممەد ئەکتاش" پێش لە دەسپێکردن بە قۆناغی وێنەگرتن، توانی خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" لە ھەمان ساڵدا بەدەستبێنێت.


خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە پشتیوانی یۆنسکۆ و ھەروەھا فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرھەمھێنەرەکانی فیلم (فیاپف) ھەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای "ئاسیا پەسیفیک" دەبەخشێت. مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێانە لە دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی "ئاسیا پەسیفیک" و ھەروەھا دروستکردنیی بازاڕێکی جیھانی فیلمە.


ڕێوڕەسمی کۆتایی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" شەوی پێنجشەمە ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سینەماکارانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و ھەروەھا باشترین ئەکتەری ئافرەت لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.asiapacificscreenacademy.com/the-awards/judging-process/yad-international-jury
http://www.asiapacificscreenacademy.com/2015/09/asia-pacific-screen-awards-announces-2015-youth-animation-and-documentary-nominations-and-jury  


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک